پرسی هەڵەبجە

Wednesday, 08/12/2021, 1:52

2689 بینراوە


کەی توانیمان خۆمان وەک مرۆڤ بەهەند وەربگرین، ئەوجا لە تەوەنی ستەمکار و ناڕاستگۆی بەناو کوردایەتی چووینە دەرەوە، ئیدی دەتوانین دیدمان ڕۆشنتر ڕووەو هەر کارەساتێکی، بەڵێ هەر ڕووداوێکی نێو ژیانی جڤاکیمان ئاڕاستە بکەین و لەبریی ڕەوانبێژیی "زام" بیکەین بە "پرس". لێ گەرەکە هاوکات بوێرین دانوستانی ئەو کارەساتە بەربخەین تا هیچ نەبێت ئامادەباشی تێماندا بۆ ڕێگریی لە کارەساتی ئەوها سەرهەڵبدات.
بێگومان ئەم کێشەیە زۆر بڤەیە. سەرەڕای ئەوە بە کرانەوەی بەری چاومان یەکسەر دەکەوینە بەردەم پرسیاری ڕاستی و شیمانەکانی بێژتنی. ئاشکرایە لێرەدا ناچار دەبین ڕووبکەینە تاوانبار و ئەو شەڕکەرانە کە بەرەنگاری تاوانبار بوونەتەوە، تاکو ئیدی لە دیاردەکانی وەک "عەمالەت" و نقورچی سەربازی، بزواندنی "پتری" ئەنجامدانی تاوان (خوێنەر بەهەڵە لێمان تێنەگات: نەک بزواندنی تاوان، بەڵکو بزواندنی "پتر"ی ئەنجامدانی تاوان) وردبینەوە، بەو ڕێیەشەوە بۆمان ساغبێتەوە کە داخۆ تا چەند بەناو کوردایەتیچییانی نێو شاخەکان رۆڵیان لە لاوازکردنی کەسێتیی کورددا هەبووە و هۆکار بوون بۆ ئەوە کە گورزی تاوانباران لە کوردان پتر پەرەبسێنێت.
لێ گەرەکە بۆ ڕێگری لە تۆمەتی سەرزارەکییانەی وەک "خۆفرۆشی"، "خیانەت" یان "پاساو بۆ دوژمنان" کە دەشێت لەدژی هەڵوێستی بەم چەشنە ڕابگەیەنرێت، پتر ڕۆبچینە نێو پرسی خەباتەوە - خەبات کە هەردەم لەدژی ستەمکاری ڕەوایە، بەڵێ هەموو کەسێکی ژیر، خاوەن ویژدان، هەڵوێستوەرگرتوو بەرانبەر هەر شێوە پرسێکی جڤاکی و سیاسی، دەبێژێت و گەرەکە ببێژێت کە خەبات لەدژی دەسەڵاتدارییەکی وەک بەعس ئەرکێکی ئەخلاقییە.
سەرەتا گەرەکە بە شێوەی بەرجەستە لایەنێک یەکلا بکەینەوە: تاوانی هەڵەبجە ڕژێمی بەعس ئەنجامی دا و شیاوی لێبوردن نییە، بەم تاوانە کە کۆمەڵکوژییە لە چەند خولەکێکی کەمدا بە چەکی کیمیایی، "ڕادە"ی چییەتیی تاوانکارییانەی ئەنجامدەرەکەی ئاشکرا دەبێت.
لێ ئێمە بەڕاستی لێرەدا لای کارەساتێکی ئاڵۆز گیرساوینەتەوە سەرباری ئاشکرایی تاوانبارەکەی. بۆ نزیککەوتنەوە لەم کێشەیە گەرەکە سەرەتا بپرسین کە ئایا چۆن دەشێت لەدژی دەسەڵاتدارییەکی ستەمکاری وەک بەعس خەبات بکرێت؟ ئاشکرایە ئێمە لەم ڕەوشەدا پەیوەندین بە دەوڵەتێکەوە کە سوپایەکی بەهێزی لە ڕووی چەندێتیی مرۆڤ و چەکەوە هەیە، هەروەها چۆنێتییانە لە ڕووی سەربازییەوە پتر پێگەیەنراوە، دەوڵەتیش هەردوو لایەنیان بە دەستوێژی پێترۆدۆلار بەردەوام پتر مۆدێرنیزە دەکات: بەردەوام چەکی مۆدێرنتر دەکڕێت، تەنانەت خۆی تا ڕادەیەک گۆڕانی بە ئیندوستریی چەکەمەنی داوە، ئەوجا بە یاریدەی پتر لە بیست هەزار پسپۆری سۆڤێتی بەردەوام ڕاهێنانی پسپۆرییانە بە سوپاکەی دەکات، ئەفسەران و فڕۆکەوانانی پێگەیەنراو دەنێرێت بۆ وڵاتانی وەک ئەڵمانیا و فەڕەنسا تا دەورەی تایبەت ببینن و گەلێکی دی. هەروەها دەزگای بەهێزی پۆلیسی و ئەمنی و موخابەراتیی هەیە.
لەدژی ئەم دەسەڵاتە دوو ڕێگەی خەبات هەن. یەکەم: خەباتی ژێرزەمینی و تێکۆشان بەڕێی کولتوور و زمانەوە بۆ پاراستنی دەستکەوتە مێژووییەکان لە گشت بوارێکدا، هەروەها هەڵسەنگاندنی ڕەخنەییانەی یاخیبوونەکانی باب و باپیران، ئەوجا چاوەڕوانکردنی هەڵکەوتنی هەلی لەبار بۆ دەستوەشاندن لەو دوژمنە؛ یان، ڕێگەی دووەم: خەباتی چەکداری کە ئاشکرایە ڕێگەی زەبرە.
خەباتی چەکداری کە ئێمە وەک ڕێگەیەک وەسفی دەکەین، گەر شیاو بێت، چەند پێشمەرجێکی هەیە. ئاشکرایە دەبێت ئەو شەڕە چەکدارییە پەیوەند بە جیۆپۆلیتیکی کوردستانەوە سەربەخۆ بێت لە هەر دەوڵەتێکی دراوسێ، دەبێت سوپایەکی سەردەمیانەی فرەلایەنی بۆ دامەزرێنرابێت جا گەر تەنیا شەڕی پارتیزانی بکات، ئەوجا لەو شەڕەدا هەر شێوەیەکی چەک لە قۆچەقانی و مۆلۆتۆڤەوە تا چەکی مۆدێرن بەگەڕبخرێن، هەروەها گرووپی ئینتیحاری بۆ لێدان لە دوژمن لەنێو پایتەختەکەیدا، یان بۆ تۆڵەسەندنەوەی هەر تاوانێک کە ئەو لەدژی منداڵێک یان کیژێکی کورد ئەنجامی بدات، پێبگەیەنرێت. پاشان گەر کەسانی شەللاتی و سەرەڕۆ ڕوویان لە چیاکان کرد و ناوی ئەم یان ئەو پارتیان لە خۆیان نا، یەکسەر لەناوببرێن. بەکورتی، ئەوە کرۆک و پێناسەی شەڕە و کێ بڕیاری بۆ بدات، دەبێت بیگرێتە بەر. ئاخر ئێستا لەم ڕێگە هەڵبژێرراوە چەکدارییەی خەباتدا تەنیا یاسای زەبر دەخوات و هەموو پرسێکی ئەخلاقی، هەموو شێوەیەکی سەرفی نەزەر، لەکاردەخرێت. کەواتە کێ بڕیار بۆ خەباتی زەبرمەند بدات، دەبێت لە کرۆکەوە زەبرمەندی سەردەمی بێت و توانای لەناوبردنی هەبێت. دەبێت بە واتای وشە سڵ لە جەریمە نەکاتەوە. ئەمە سروشتی جەنگە و شەڕکەرانی چەکداریش دەبێت بەو سروشتە بگونجێن، ئەوان دەبێت ناخەکییانە جەنگاوەر بن.
بێگومان ئەو پێشمەرجە دیاریکراوانەی ڕێگەی دووەم هێشتا هەر لاوەکین. پرسیاری کرۆکیتر ئەوەیە کە داخۆ توانای بەرهەڵستیی بڕیاردەران بۆ شەڕی چەکداری ئەوەندە بڕ بکات کە ئیدی بەو ڕێیەوە زیان بە خەڵکی مەدەنی نەگات، یان هیچ نەبێت کەمترین زیانی پێبگات؟! ئاخر ئاشکرایە گەل و ئایندەی ئەو مەبەستن نەک شەڕی چەکداری کە دەستوێژە. لەم ڕوانگەیەوە گەر چالاکبووانی سیاسی بزانن توانای ڕێگرییان لە ڕاگوێزان و کوشتار نییە، بەڵکو بە پێچەوانەوە خەڵک بەهۆی شەڕی ئەوانەوە زیاتر زیانی پێدەگات، ئەوا لە سەرەتاوە شەڕ ناکەن یان لەکاتی خۆیدا دەیوەستێنن - بەتایبەتی لە هەشتاکاندا کاتی جەنگی ئێراق-ئێران.
کەواتە کاتێک ئێمە لە شەڕ دەدوێین، مەبەستمان لە شەڕی خێڵەکییانی گوندی و عەسابانی خولەچەخماخەیی نییە. گەر کاتەکییانە بڕوانین، دەبینین کە ئەوان هیچ توانایەکیان نەبوو ڕێ لە تەعریب و بەبەعسیکردن بگرن، کەواتە ڕاست نییە کە گۆیا دەستپێکردنی شەڕی چەکدارییان (بەتایبەتی دوای ئاشبەتاڵی 1975) بۆ مەبەستی ڕێگری بووە لە ڕاگوێزان، لە تەشەنەی تەعریب و بەبەعسیکردن، بەڵکو ئەوە ڕاستە، کە بەو نائامادەییە بۆ شەڕی چەکداری نەک نەیانتوانی ڕێیان لێبگرن، بەڵکو گوڕ و پەرەیان پێدان، سەرئەنجامیش نزیکەی پێنج هەزار گوند وێرانکران و دانیشتوانیان فڕێدرانە نێو شار و شارۆچکەکانەوە. ئایا ناتوانین گریمانە بکەین کە گەرچی ڕژێمی بەعس دەستی بە ڕاگوێزان کرد و سەرەتا ڕاگوێزراوانی بۆ زیانە ئابوورییەکانیان "تەعویز" دەکردەوە، ئەوجا لەبەر هۆکاری ئابووری ڕاگوێزانی لە سنوورێکدا ڕاگرت، لەو سنوورەدا دەمایەوە؟ (بەتایبەتی مێژووناسان گەرەکە وەڵامی ئەم پرسیارە بدەنەوە، چونکە ئەرکێکی توێژینەوەیە و دەکەوێتە ئەستۆی ئەوان).
بەڵێ، تێڕوانینی جەنگاوەرێتیی مۆدێرن خێڵەکییانی گوندی و شەقاوەی خولەچەخماخەیی ناگرێتەوە کە نازانن شەڕ چییە، چۆن و کەی دەکرێت، تەنانەت نازانن و ناتوانن گەنجەکان فێر بکەن کە چۆن چەک هەڵبگرن و بیتەقێنن! ئەوەندە ئەقڵسووکن! ئەمانە هەروا ئاسان دەچنە نێو چیاکانەوە، بێگومان نەک بۆ نێو شوێنی ئامادەکراوی خەبات، کەواتە نەک دوای بنیاتنانی ئینفراستروکتور، بەڵکو تەواو بێچاووڕوو دەچنە سەر ماڵی جوتیاری داماو و نانی منداڵەکانی قوزەڵقورت دەکەن (بە ناوی خەباتی بەرگرییەوە لە هەژاران!)، ئەوجا وەک جرپن و شڵەژاو، کەواتە بەبێ ئۆتۆرێتی و دیسپلینی جەنگاوەری، وەک نەزان و نەشارەزای شەر، گەنجانی فریودراو دەدەنە دەست خودی خۆیان تا لە ئەزموونی خەباتی چەکدارییەوە بڕێک فێری شەڕکردن ببن، هاوکات خۆیان لەنێو ناکۆکیی خولەچەخماخەییدا قاڵدەبن و لەسەر سفرەی نانخواردن، بەدەم خواردنی چێشتی چەورەوە (!) گفتوگۆ لەبارەی کێشە "کەسییەکانیان" دەکەن.
ئێمە لەم شەڕەی خێڵەکییانی گوندی و شەقاوەی خولەچەخماخەیی شەڕنەزان و سیاسەتنەزاندا کەوتووینەتە بەردەم ڕەوشێکی زۆر ترسناک: ڕژێمی بەعس لە ڕەوتی جەنگدا بەردەوام پتر بە چەکی کیمایی تای تەرازووی شەڕەکان ڕادەگرێت، هاوکات نەزیفی خودی جەنگ بەربووە، بۆیە ئێستا ئاسانتر، زۆر ئاسانتر، قەراری سیاسی و سەربازی دەدرێن. ئێستا شەڕی خۆهێشتنەوە پێشتریی وەرگرتووە. ئێمە گەرەکە لەم پەیوەندییەدا بپرسین: ئایا ئەوە ئاوەزمەندانەیە کە لەو ڕەوشەدا نقورچ لە ڕژێمێکی دیکتاتۆریی وەک بەعس بگیرێت؟
با بەرجەستەتر بپرسین: ئایا عەسابە خولەچەخماخەییەکان بە چە ئەقڵێکەوە سوپای ئێرانی دوژمنی ڕژێمی بەلەسەبووی بەعس دەهێننە نێو خاکەکەیەوە؟ ئاخر ئەو ناوچانە لە ڕووی جیۆگرافیای سیاسییەوە خاکی ئەون! هەروەها لە ڕووی مافی هاوڵاتێتییەوە عەسابەکان هاوڵاتیی ئەو دەوڵەتەن و خۆیشیان بە دروشمی "دێمۆکراتی بۆ ئێراق و ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان" جەختیان لە ئێراقیبوونی خۆیان کردووە، کەواتە ئەوان گۆیا وەک ئۆپۆزیسیۆنی ئێراقی یاخی بوون!!
لەم ڕوانگەیەوە پێویستە چەند پرسیارێک بهێنینە نێوانەوە و گەرەکە توێژەران، بەتایبەتی مێژووناسان وەڵامیان بدەنەوە: ئایا عەسابە خولەچەخماخەییەکان تاوانبارن دەرهەق بە هەڵەبجە؟ ئایا دەبێت پرسی دادگاییکردنی ئەوانیش بوروژێنرێت؟ هاوکات دەبێت پرسیارێکی دیکەی زۆر بڤە بکەین تاکو هەر تابوویەک بشکێنین: ئایا ئەوان سەبەبکاری کارەساتی هەڵەبجەن؟ ئەم پرسیارانە پێویستە بکرێن، چونکە پێویستمان بە ڕۆشنایی هەیە لەبارەی هەر ڕووداوێکی چارەنوسساز و بەتایبەتیش لەبارەی کارەساتەکانی ڕابوردوومان. جگە لەوە ئێمە لە ئەزموونەوە دەزانین کە لەبەر ئەوەی خێڵەکییانی گوندی و عەسابانی خولەچەخماخەیی لە کرۆکیانەوە درێژەپێدەری تێڕوانینی ئیسلامییانەی سوننەتی بوون کە جەخت لە دایک و باوک، کوڕ و کچ دەکات، ئەوا دوژمنی مرۆڤێتیی کوردەکان و هەر مافێکی مرۆڤ بوون، بۆیە (ئەمە سەردەمانی زوو گەلێک نائاشکرا، لێ ئەمڕۆ بەئاشکرا بۆ هەمووان خویا بووە) هەرگیز ژیانێکی پڕکەرامەت بۆ مرۆڤانی کورد ئامانجی ئەوان نەبووە، بەڵکو ئەوان بەلایانەوە ئاسایی بووە کوردان بەکوشتبدرێن، ماڵ و گوند و زەویی کشتیارییان وێران بکرێن، کیژانیان ئەتک بکرێن و زارۆکانیان لە ژەهردا بخنکێنرێن – بۆ ئەوان تەنیا خۆیان و گەیشتن بە بڕێک دەسەڵات مەبەست بوون. لە بنەڕەتدا نەک تەنیا سیاسەتبازێکی شێتۆکە (ئەمە پاکانە نییە بۆ ئەو شێتۆکەیە)، بەڵکو دەیان عەسابەی خولەچەخماخەیی ئاواتەخواز بوون کە چەند هەڵەبجەیەکی دیکە ڕووبدەنەوە تا (بە زمانی درۆزنانەی ئەوان ببێژین) "مەسەلە ڕەواکەی گەلی کوردی بەشەرەفی قارەمان بە گەلان بناسرێت!" و خۆیشیان لایەکیان لێبکرێتەوە – هەروەک دەوڵەتان هیچ ئاگایەکیان لەو مەسەلەیە نەبووبێت!
لە بنەڕەتدا بەپرسکردنی هەڵەبجە (و ئەنفال) و دانوستاندنی تەنیا بەهای مێژوویی ساغکەرەوەی نییە، بەڵکو واتایەکی هەنووکەییشی پەیوەند بە دۆخی ئەمڕۆی کوردانەوە هەیە. ئێمە دەبێژین: بەگشتی ساویلکەیەتییەکی کوردیی سیاسەتنەزان هەیە، کە بەتایبەتی بەڕێی شەڕی چەکدارییەوە ناسیومانە و بەردەوام ئەزموونی دەکەینەوە: لە ڕابوردوودا یاخیبوونی خێڵەکی-گوندییانە خولەچەخماخەیی بەبێ هیچ ستراتیژییەک، کە وەک سەرئەنجام تەنیا بەکوشتدانی گەنجان و خەڵکی سیڤیلی لێکەوتۆتەوە، ئەمڕۆش وروژاو لەنێو پرسیاری دەسەڵاتی کەسەکیدا، یان بۆ نموونە دروستکردنی پوول بە نەخشەی هەموو کوردستانەوە کە هەموو کەسێکی ئاگامەند دەزانێت کرداری بەو چەشنە نقورچگرتنە. لێ ئەوەی ڕاستی بێت بە کرداری بەم چەشنە نەک تەنیا ساویلکەیی، بەڵکو هەروەها سووکوسەلیمیی دەروونەکە ئاشکرا دەبێت، ئەوەش بەوەدا کە نقورچگران لەو نقورچەدا وێنەیەکی پاپای فاتیکانیان لەسەر پوولەکە داناوە!! ئاخر ئەوە سووکوسەلیمییە کە نقورچگرێک وێنەی پاپای فاتیکان بخاتە سەر پوولێکی کوردی. ئەوجا گەر نقورچگران بوێرییان بۆ بەرگری لە کردارەکەیان نییە، ئیدی ئایا بۆ نقورچ دەگرن؟ هار بوون؟ بەدەم قاقای پێکەنینەوە خەریکی گەمەکردنن؟ جگە لەوە تەنانەت کەسانی سادەی جڤاکیش بەڕوونی دەزانن کە چوار کوردستانی جوودا لە یەک هەن و گەر هەموو دوژمنانی کوردیش نەمێنن، نەشیاوە لەبەر جوودایی مێژوویانەی کوردەکان یەکبخرێن، چونکە هەر یەکەیان مۆرکی کولتووریی خۆی وەرگرتووە، بۆیە مەگەر تەنیا بە ئیدیۆلۆژییەکی مرۆڤدۆست بتوانرێت لەنێو مرۆڤەوە نزیکی لە نێوانیاندا بهێنرێتەگۆڕێ، بێگومان سەرەتا بە پێشاندانی سەرجەم جیاوازییەکانی نێوانیان.
کەواتە ئاشکرایە، کاتێک ئێمە ئەوها ڕەخنەییانە "هەڵەبجە بەپرس دەکەین"، لەوێدا مەسەلەکە ئەوە نییە کە هاوشێوەی زۆر کەس ئاخ بۆ سەدام هەڵبکێشین و دەسەڵاتدارییەکەی وەک چاک دابنێین، بەڵکو مەسەلەکە لە کرۆکەوە ئەوەیە کە ئێمە گەرەکە هەڵوێستی ڕەخنەیی ڕووەو هەر ڕووداو و کارەساتێکی نێو ژیانی ڕابوردوومان وەربگرین، بوێرانە دەستنیشانیان بکەین تا هیچ نەبێت ڕێ لە دووبارەبوونەوەیان بگرین، ئەوجا بەو ڕێیەوە هیچ دەرفەتێک بۆ خێڵەکییانی گوندی و عەسابانی خولەچەخماخەیی تێهەڵدراو نەهێڵینەوە کە سەرەڕۆییەکانی ڕابوردووی خۆیانمان بەشانازییەوە بۆ بکەن بە حیکایەت، بۆ نموونە بێشەرمانە ڤیدیۆ و وێنەی شەڕەکانیان پێشانی خەڵک بدەن و پێیان ببێژن: "لەو ڕۆژانە بڕوانن کە ئەمڕۆیان هێنا!". ئەوان دەبێت بیدرکێنن کە ڕژێمی بەعس بەهۆی شەڕی ساویلکانەی ئەوانەوە تەپتەپێنی بە خۆیان و سەرجەم کوردان کرد، بەڵێ ئەوان دوای ڕاپەڕین وەک دۆڕاوی شەڕ لەودیو و سەر سنوورەکانی ئێراقەوە گەڕانەوە بۆ نێو شارەکان.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە