هزرین لە نێو جیهانی دیاردەییەوە

Monday, 12.20.2021, 20:55

368 بینراوە


لە خۆرهەڵاتی ئیسلامی هەردەم زانیارییەکانی موبەقی دیعایە، "وتی وتی"، کردنی بەهارات بە ڕووداوی یان هەواڵی گێڕراوە و "وتی-وتییەکان"ەوە، وەک کەتوارێک (واقعێک) وەردەگیرێن، مرۆڤ خۆی پێوەیان ڕادەگرێت و بەرهەمیاندەهێنێتەوە. ئەوجا تەنگژەی قووڵی سەرجەم بوارەکانی ژیانی جڤاکی و ئابووری و سیاسی دێتە پاڵ ئەم هەقیقەتە ئیسلامی-خۆرهەڵاتییە، ئەمەش هۆکارێکی سەرەکییە کە بۆچی ئێمە هەنووکە نەک تەنیا لە پرسە چارەنوسسازەکاندا، بەڵکو لەبارەی زۆر ڕووداوی ژیانی ڕۆژانەشمان هیچ یان نزیکەی هیچ نازانین، بەڵکو لەنێو تەوەنی دیاردەیی تەنییەوەدا گیرمانخواردووە، ئەوجا کاتێک ئەو تەوەنە وەک کەتوار دادەنێین، ئیدی دەوروژێین بۆ خۆخاڵیکردنەوە لەنێو کۆڕی هەڤاڵان و سەرمێزی نادییەکان و سۆشیالمیدیادا، بەڵێ تەنانەت بۆ نووسین دەمان وروژێنێت. تەنانەت میدیاکارانی سەرقاڵبووی نێو ڕووداوە سیاسییەکان، بێگومان هەروەها تا ڕادەیەکی زۆر جڤاکییەکانیش، ئاگایان لە زۆرینەی پاشخانی ڕووداوەکان نییە، لەم بێئاگاییەشەوە "ئینفۆرماسیۆن"ەکانی خۆیان دەئاخننە نێو دەروون و هۆشمانەوە. بەڵی دەتوانین ببێژین، لەو دەڤەرە کولتوورییەدا تەنانەت ئستۆپی زار بچڕاوە و ئەو خەڵکە بەردەوام بە هەر شێوەیەک دەبێژن و هەر دەبێژن. ئایا "تاریق ڕەمەزان" کێ بوو و بۆ بەردرا، یان تایبەتیتر بپرسین: بۆچی کەسێکی دیاریکراو بەری دا؟ ئایا ئەم یان ئەو پارت چۆن هێندە دەنگی لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەماندا هێناوە؟ نایزانین، جا گەرچی ئەمڕۆ بژاردنی دەنگ ئاسانترین کارە و کۆمپیوتەر ئەنجامی دەدات. ئایا هەقیقەتی ڕێفەراندوم چی بوو؟ ئایا بۆچی لە ناوچەی مەخمور شەڕ لەدژی داعش چێبووە؟ بۆچی کوڕەکانی جەلال تالەبانی بەو شێوەیە گڕیان بۆ دەسەڵات گرتووە و ئایا هۆیەکیان هەیە شەڕ بە ئامۆزاکەیان بفرۆشن یان ئەمیان هۆکاری نوێترین تەنگژەی ئەو "بەناو" پارتەیە؟ ئایا چۆن بازرگانیی نەوت دەکرێت؟ ئایا بەڕاستی هۆی چییە کە بەغداد بودجەی هەرێمی بڕی و ئەمڕۆش بە نیوەناچڵ و لە کاتی دیارینەکراودا بڕێک پارە بە هەرێمی کوردەکان دەدات؟ بۆچی ئەو کیژەی دراوسێ خۆی سوتاند؟ ئایا سووتێنرا؟ باوکی کوشتی؟ ئایا فڵان میدیاکار و هاوسەرەکەی کوژران یان ئەو خۆیان و تاکە زارۆکەکەیانی لەناوبرد؟ ئایا کاتێک ئەو هەموو کەسە تووڕە و ئەخلاقییە لە سۆشیالمیدیاکاندا دەنگیان هەڵدەبڕن، لە کرۆکیشدا ئەوهان، ئەوجا گەر ئەوها بن، ئیدی لەبەر چە هۆیەک هیچیان لەدژی ئەم کێشە ئاڵۆز و چارەنوسسازانە پێناکرێت؟ ئایا خودی هەرێمەکە هەڵقوڵاوێکی توخمیی کوردان خۆیانە یان تەنیا "زۆڵ"ێکی سیاسییە و هەر بەم هۆیەشەوە ئەوها بووە بە مەهزەلەیەکی ناوچەیی کە وەک تۆپی پێی دەوڵەتان گەمەی پێدەکرێت؟
بەڵێ، ئێمە لەنێو دیاردەگەلی ئاڵۆزکاودا گیرمانخواردووە و بەهۆیانەوە وڕ و کاس بووین، ئاخر بمانەوێت یان نەمانەوێت، ئەو دیاردانە دەمانهەنگێون، ئەوجا لەبەرئەوەی کوردین، کەواتە لەبەرئەوەی هەردەم بە ترس تەنراوین، ئەوا نەک تەنیا پێیان بارگاوی دەبین، بەڵکو ڕوودەدات کە خۆمانیان بۆ شل دەکەین تاکو بارگاویمان بکەن. ئێمە ئەوداڵی هەواڵی باشین، چاکسازی بێت یان ڕاپەڕین. هەروەها چەند تووڕە بین لەو هەرێمە، هێشتا هەر دەترسین کە نەمێنێت. دەمانەوێت نەمێنێت، هاوکات دەترسێین کە نەمێنێت. ئەوجا بۆ پاڵ ئەم ترسە سەرجەم کێشە جڤاکی و سیاسییەکانی نێو خودی ئێراق خڕدەبنەوە. لەوێش سوننە و شیعە، شیعە و شیعە، لە ناکۆکیی سەختدان، بوون بە تۆپی پێی دەوڵەتانی هەرێمی و دیکەی زلهێز.
لەپاڵ ئەو هەموو دیاردەیە و گەلێکی دیکەدا هاوکات شیرازەی هەموو ڕەوشەکان تێکچووە، نزیکەی هیچ شتێک ڕێگەیەکی ئاسایی ناگرێتە بەر، نە خوێندن گونجاو بە چییەتیی خوێندن بەڕێوەدەچێت، نە پیشەی دەستی، نە سیاسەت و ئابووریگەری. هەروەها هەقیقەتی بەناو پارتە سیاسییەکانیش بەتەواوی ئاشکرابووە. گەرچی دەزانین کە نە "پارتی" کوردستانی و دێمۆکراتییە، نە "یەکێتی" نیشتمانی و "یەکێتی"یە، نە "گۆڕان" گۆڕانخوازە، نە "نەوەی نوێ" نیۆلیبەرالە یان هیچ نەبێت لیبەرالە، نە کۆمونیستەکان کۆمونیستن و نە ئیسلامییەکان لە بنەڕەتی ئیمانیانەوە کەمترین کێشەی مرۆڤییان پێ چارەسەر دەکرێت، سەرەڕای ئەوە دیدێکی گشتگیرمان بۆ نێو هیچ ڕەوش و قەوارەیەکی سیاسی نییە. جیهانەکەمان وێرانەیە، جیهانێکی فراگمێنتارییە. ئێمە هیچ نازانین، چونکە لە هیچ کوێ (ئۆبژێکتە ئەدەبی و هونەرییەکان یان بەگشتی نوسراوە – باشە - کۆنکرێتەکانی لێدەربچن) ناوەرۆکمان لە بەردەمدا نییە. تەنانەت گەر ڕاستەوخۆ و بەبێ خەوش دەرکی کارەساتە سروشتییەکەی هەولێر بکەین، یەکسەر ڕەوشە دەرککراوەکانمان بە ئینفۆرماسیۆنی میدیایی و هەواڵی "موبەقی دیعایە"ی کوردی-خۆرهەڵاتی دەشێوێن.
بۆیە "ڕەنگە" تەنیا ئێسەییستییانە بتوانین پەی بە ئەم یان ئەو پرسی نێو ئەو وێرانەیە بەرین – کەواتە نەک بە شێوەی زانستییانەی سیستەماتیکی. ئاخر نەشیاوە هیچ "زانا"یەکی قەدیمی یان مۆدێرن بتوانێت بەتەنیا و تەواوەتی مێژووی کوردان لە 1961 بەدوواوە تا ساڵی 1975 بنووسێت. نەشیاوە هیچ سۆسیۆلۆژێک بتوانێت سۆسیۆلۆژییەکی قەوارە جڤاکییەکەی کوردانی ئێراق لە 1991 تا 2003 (جا نەخوازە تا ئەمڕۆ) گۆڕانپێبدات – "ڕەنگە" کاری بەو چەشنە ئەوپەڕی بە ئینتەردیسپلینێر (لە نێوان چەند بەشێکی زانستەگەییدا) و نێوزانایی، لە ماوەی درێژخایەنی چەند ساڵیدا، تا ڕادەیەک شیاوی ئەنجامدان بێت، وەلێ هێشتا هەر بەهۆی ئاڵۆزکاویی وێرانەکانی ئەو دەڤەرەوە تەواونەکراو و پڕکێماس دەخرێتە بەردەممان.