ڕامانێک لە ھەستی پاکی ھاوبیرێکی نەتەوەییم

Sunday, 01.02.2022, 18:14

424 بینراوە


لە چاوی نەتەوەکە و ھیوا و ئاواتەکانییەوە، بۆ بەئاکام گەیشتنی ئەو خوێنەی سەدان ساڵە لەبەری دەڕوا، ھەستەکانت پاک و بێ خەوشن.

*  بەڵام، ئەم بەشە لەنەتەوەکە بە چاوێک دەبینێ و حیزبەکانی بە چاوێکی تر.
*  نەتەوەکە ھەستێک  دەکات و حیزبەکانی ھەستێکی تر.
*  زۆر لە مێژە، نەتەوەکە، ھەر بەو ئومێدەوە، هیوا بە ئازاد بوون، لەگەڵیان چۆتە شاخ و لەپاش ئەوان شاخی چۆڵ  
   کردووە.

 من دەزانم تۆ لەکام سەرچاوەی ھەستێکی پاکەوە، دەردە دڵ دەکەیت.
 ڕەوانشاد کاک ئازاد مستەفا، لە وتاری: 
( ئێمە کەری سوغرەکێشی عوزێر پێغەمبەری کەس نین).
کەمنیش، ئەو ناونیشانەم وەرگرت و وەک بەردەوامییەک بۆ نووسینەکەی ئەو، درێژەم پێدا و بڵاو بوویەوە.

لەو نووسینەیدا دەڵێت: 
"ھەر دەرگایەکی بچووک کە دەکرێتەوە لێمان، دەبێت بمانباتە سەر دەرگایەکی گەورەتر،ھەر ئەوەندە، خۆ بە پەیوەندییە
 ناوچەییەکانەوە خەریک بکەین، تا دەمانباتە، سەر پەیوەندییە، نێودەوڵەتییەکان".

-  لای کاک ئازاد، نابێت کورد بکەینە، کەری سوغرەکێشی عوزێر پیاغەمبەری کەس، بەڵام، حیزبەکانی باشوور،بەتایبەتی
   سەرکردەیەتی پارتی و یەکێتی، کوردیان وا لێکرد.
-  لای کاک ئازاد، ئەوەی بۆ کورد گرنگە، دروستکردنی پەیوەندییەکی وایە بە زلھێزەکانەوە، کە بوار نەھێڵیتەوە بۆیان لە
  خۆیانت داماڵن. نەک بۆ پاراستنی ھەولێر یا سلێمانی، لە قاسم سلێمانی بپاڕێیتەوە!!.
-  واتە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکە، ئەسڵە و پەیوەندییە ناوچەییەکە، لقە.

ئێمە دەبێت، کام شەقە بەھێزە، لە سۆزی ھەڵبدەین، ئیشی ئێمە سۆزکاریی نییە: 
-  یەک چرکە وشیاریمان غافڵ بێت، شتێکمان دەدۆڕێنین، جا لە بواری لەدەستدانی ئازایخوازێکی کوردا بێت، تا دەگاتە
  دزینی ئاوازی گۆرانییەکمان!!.

-  پلەی بارۆمەتری پاڵە پەستۆکەی سەرمان ئەوە دەخوێنێتەوە، ئەگەر ھەر بەم بارۆمەترەیش، سیاسەتی حیزبەکان لە
  دروست بوونیانەوە تا ئەمڕۆ ٠١/ ٠١/٢٠٢٢بپێوین، لە بازنەی یاریکردن بەسۆزی نەتەوەکە تێنەپەڕیوون، ئیتردەفتەری
  خیانەت و کڵۆڵییەکانی کە بەسەر کوردیاندا ھێنا، بۆ واڵا ناکەم.

-  ئەگەر ئەوان نەتەوەیی بانایە، چ پێویستی دەکرد، پارتێکی نەتەوەیی وەک (پاسۆک) دروست ببێت؟! کەواتە  یان
    بانگەشەی نەتەوەیی بوونی لایەکیان ھەڵەیە، یان یەکێکیان گەمەی بە سۆزیی نەتەوەیی کوردکردووە، خۆت بیانخەرە
   بەر زەینی وردبینی شیکردنەوەت.

بۆ سەلماندنی قسەکەم، لە مامۆستای گەورەمان مامۆستا مەسعوودت بۆ دێنمەوە، بیرمەندی گەورەمان دەڵێت: 
-  بەکاک مەسعوود و مام جەلالم وت: قسەتان لەگەڵ ئەمریکا کردووە؟!
 - وتیان:  ئەمریکا مسۆگەرە، دەڵێت: پێم گوتن کەواتە دەست بخەنە ژێرسەرتان
-  جا دەڵێت: بەڵام کاتێک ڕوانیم، ئەویان لەگەڵ (ئەفسەرێکی جەندرەمە) و ئەمیان لەگەڵ (ئەفسەرێکی پاسداران) قسەیان
  کردووە!!.

لەپاش ئەم ڕوانینانەی، مامۆستا دەستورێکمان بۆ دادەنێت، ئەگەر نەیکەینە ڕێنمای تێکۆشانمان، نەک ناتوانین بانگەشەی نەتەوەیی بوون ھەڵدەین، بەڵکو بە دڵنییاییەوە، ڕەنج بەخەسار و بە خۆڕایی خۆمان ماندوو دەکەین.


دەستوورەکەی مامۆستا ئەمەیە: 

" ئەگەر کەوتمەسەر دووڕیانێک، نەمزانی کام ڕێگایە ھەڵبژێرم، ئەوا پرسێک بەم حیزبە شێت و وێتانەی کوردستاندەکەم، ئەوان کام ڕێگایەیان پیشاندام، من ملی ڕێگاکەی تر دەگرم و دڵنیام کە ڕاستم ھەڵبژاردوە".

وەک وتم ئەمە دەستوورە، قسەی مامۆستا، خوێندنەوەی ڕووداوێکی تایبەت و کەسێکی تایبەت نییە، بەڵکو وەک خۆی دەڵێ: 
-  خوێندنەوەی دەفتەری ھەزارساڵەی کوردە.

ئێمە لە مێژوودا، بەلایەنی کەمەوە، یازدە دەوڵەتمان ھەبووە، سنووری دەسەڵاتیان دە ئەوەندەی سنووری دەسەڵاتی زەرد و سەوز بووە، بڕوانە : کە پیرەمێرد والی ئەدەنە بوو سنووری فەرمانڕانیی لە خوار ئەستەنبووڵەوە درێژ دەبووەوە تا سنووری بەغدا، کە چەند بارتەقای دەسەڵاتەکی مەلایی و جەلالیی دەگرتەوە بە سێ شار و لەتێکیانەوە، کە ئەوەش بەو بەشە لە نەتەوەکەمان ڕەوا نابینین و کردوویانەتە مەیدانی تەراتێنی میت و ئیتلاعات!!. ئەوەی نەوتی تێدا بوو فرۆشرا، ئەوەیشی نەفرۆشراوە داگیرکراوە!!
ئێ خۆ لەو سەردەمانەدا، چەپیش پەیدا نەببوو، کورد ھەر کورد بوو، بۆ کوردی دەکرد، بەڵام نەمانەوە و تێداچوون. جگە لە پیرەمێردی بیرمەند، کە خۆی شەقی لە پلە و کۆشک هەڵدا و ڕێبازی وشیارکردنەوەی گەلەکەی گرتەبەر، دەیزانی ئازادیی نیشتمان، کوردی وشیاری گەرەکە.

چوونکە، ئەو کەمایەسیانەیان ھەبوون، کە مامۆستا زۆر بەر لە نەوشیروان باسی کردوون.

ئەلف: پێکنەھێنانی ئابوورییەکی کوردیی ھەمەگیر*.
بێ: دروست نەکردنی سپایەکی نیشتمانی کوردستانی.

ئەگەر نەوشیروان مستەفا باسی کردبێتنەوە، وەبیرھێنانەوەیەکی ژیرانەیە، بەڵام ئاماژەی بە سەرچاوەی بیرەکە نەکردووە.

-  سەرکردەیەتی ئەو دوو حیزبە، چواردە ساڵ، گەمە و جەفەنگی سەوز و زەردیان بەو بەشە لە نەتەوەکە کرد، بارەکە وا
  لار ببۆوە بەھیچ یارییەک، جا ھەر ڕەنگێکی ھەبایە و ناوی ھەرچی بایە، ڕاست نەدەبۆوە، بۆیە دوای ڕۆژێک ھەر
  خۆیان شکستیان بە ڕیفراندەمەکەیان ھێنا و وتیان بۆ سەربەخۆیی نەبوو!!.

  ئەمەی کردیان گەمەیەکی قێزەوونی دەزگا سیخووڕییەکان نەبوو بە هەستی پاکی کوردستانپەروەریی ئەو بەشە لە نەتەوەکە
  و تەنانەت هەموو نەتەوەکە؟! بەبەکارهێنانی ئامێری جلخوارەکانی باشوور!! دڵنیابە پارێزەرانی بوونی نەتەوەکەمان لە
  قەندیل نەبانایە، خواعالم ڕەوی دوای ڕیفراندەمی سەرۆکەکەیان، لاشەی منداڵی کوردی دەدا بەدەم کام شەپۆلەی
  زەریاکانەوە!!.
  
من ئەگەر باوەڕی تەواوم بە مەسەلەیەکی خۆم ھەبێت، سەرم دەدەم، قسەم نادەم، ئەمە کەللەڕەقییە، وایە؟! 
ئەگەر وام نەکرد لەبەر ئەوەیە، کە بنچینەکەم دانەمەزراندووە، دارەکەم وێڵ کردووە و سەرگەرمی جوانکردنی لقەکانیم و.....ھتد.

ئاماژەیەکی گرنگ:

-  ئەگەر دوژمنی دێرینەی نەتەوەکەت، بە شان و باڵی، سەرکردەیەکی دیاریکراوتدا ھەڵبڵێ، یا گەرەکی بێت بەوەی کە
  گوایە تەنیا ئەو باسی دەوڵەتی کوردی و ئاڵای کوردستان دەکات، دەبێت ھەڵوێستەیەک بکەیت و وردبیتەوە لە مەبەستی ئەم
  پیا ھەڵدانە.
-  ئەوەی دوژمنت دەیڵێت، لە چواچێوەی، ئەو جەنگە دەروونییەدایە، کە زۆر زۆر مەترسیدارترە لە ھێرشەسەربازییەکانی و
  کاریگەریی گومڕاکردن و چەواشەکردنی زەینی نەتەوەکەتی بەئامانج گرتووە.
-  بە دڵنیاییەوە، دەیەوێت، ئەو ڕەوت و ئەولایەنە و ئەو کەسە، بەرجەستە بکات، کە کارەکانی بە سوودی مەبەستەکانی
  خۆی، تەواو دەبن.

ئەمەی گوتم دڵۆپێکە لە زەریایەک کە دەبێ، ورد، ھێمن بەڵام زۆر وشیارانە لێی بکۆڵینەوە و دەستوورەکان، فەرامۆش نەکەین.


ماوە پێت بڵێم، دوو دڵنیاییم ھەیە:

١-   دڵنیام ھەموو تاکێکی دڵسۆزی نەتەوەکە ئاواتی ھەرە لە پێشینە و گەورەی، سەربەخۆیی کورد و ڕزگاریی کوردستانە. 
     بەڵام ھەرگیز لە مەرامی سەرکردەیی حیزبەکان (بەتایبەتی جەلالی و مەلایی)  دڵنیا نیم.

٢-  من ئێستا بەسەرەتایەکی  دروستی وشیاربوونەوە نەتەوەییەکە دەبینم بۆ گەلەکەمان، ئەمەش بۆ هەموو ئازادیخوازێکی
     کورد، قەڵەمێکی شەرافەتمەند و هونەرکارێکی بەئابڕوو، مایەی ستایش وشایانی ھاوکاری و پشتیوانی لێ کردنە.

سەرنجەکان:
              ئابووری هەمەگیر: مامۆستا مەسعوود، ئابووری هەمگیر بە دروست دەزانێ، نەک ئابووری گشتی.
              هونەرکار: مامۆستا ئەم وشەیە بە دروست دەزانێ، نەک هونەرمەند، دەڵێت: هونەرکار هەموو پیشە
                          هونەرییەکانیش دەگرێتەوە.