سلێمانی بەئەمەكە و چاكەی مەلا بەختیار دەداتەوە

Wednesday, 17/11/2021, 8:14

1772 بینراوە


من نەمویست وەكو خانەقینیەك قسە لەسەر ژەهرخواردنی مەلا بەختیار بكەم. بەڵام لە روانگەی شارچێتیەوە نەبێت، لێرەدا قسەمان لەسەر چاكە و چاكەدانەو بە ئەمەكی و بێ ئەمەكی و دلسۆزی و كەمتەرخەمیەوەیە، قسەمان لەسەر قوربانیدانە لە پێناو ئەو بنەمایانەی باوەڕت پێیە، قسەمان لەسەر خۆشەویستیە بۆ مرۆڤ وەك هاوڕێ و هاوشار و هاونیشتمان و بۆ شوێن وەكو نیشتمان و شار و لادێ یان هەر بنتێك كە ماوەیەك تیێدا ژیابیت.
لێرەدا قسەمان لەسەر شاری خانەقین نیە، كە لەبەر كۆمەڵێك فاكتەری سیاسی و ئابووری لەم چەند دەیەی پێش راپەڕین بە ئاگر و ئاسن مامەڵەی لەگەڵدا كراوە. ئەو شارەی كە لە هەرجموجوڵێك هەزار ویەك حسابی بۆ دەكرا. ئەوەی بارودۆخی سیاسی و جوگرافی خانەقین وەكوخۆی بناسێت، دەزانێت كە هەر كارێك دوور لە خواستی دەسەڵاتی عیراق كرابێت چەند قورستر بووە لەسەری بەبەراورد لەگەڵ شارەكانی دیكەدا، شوێنەكەی لە سنوری ئێران و بوونی نەوت و پێگەیەكی ستراتیجی وای لە دەسەڵاتدارانی عیراق كردووە كە بەردەوام‌ حسابی جیاوازی بۆ بكەن و هەمیشە زاڵبون و بنبركردنی هەر جموجوڵێكی سیاسی بە توندوتیژی و گرتن و زیندان و لەسێدارەدان تاكە رەفتاری سەرەكیان بێت، بۆیە بە چەندین جۆری جیاواز دەزگای داپڵۆسینەری لەم شارە بڵاوكردبووە و كونوقوشبنی ئەم شارەیان داگیركردبوو، تەنانەت ئاگایان لە رەفتار و گوفتاری وردی سەرجەم خەڵكەكەی دەبوو، بۆ ئەو مەبەستەش زۆر جار جیاوازیە نەتەوەیی و ئیتنیەكانیان بەكار دەهێنا. ئەوەی روونە دەسەڵاتی بەعس ئەوەی بەسەر ئەم شارەی هێنا زۆر زیاتر بوو لەوەی زانراوە و ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە كەم كەس لەم ناوچەیە و تەنانەت لە كوردستانیش لە وردەكای زەرەر و زیانی خەڵكی خانەقین بەدەست بەعسەوە ئاگادارن، واتە بە بێ دەنگی و دوور لە راگەیاندن و شاردنەوەی كردەوەكانی خوێن خەڵكەكەی دەمژی و مێژوو و كەلتور و كەلەپوری تیكدەدا و كەسیش ئاگای ڵینەبوو و بە بێدەنگی تێیدەپەڕاند. زەرەر و زیان و دەرهاویشتەكانی تەسفیر و تەرحیلی ناوەكی و دەرەكیی بە زۆرەملێی خەڵكەكەی لە لایەك و دەرچوونی زۆرێك لە خەڵكەكە لە ترسی بەركەوتنی زیانەكانی شەڕی عیراق ئێران لە لایەكی ترەوە، تا ئێستا كەس وەكو خۆی لەقەرەی نەداوە و بە وردی باسی نەكردووە و حەقی خۆی نەداوەتێ.
ئالەم شارە ژیان ئاڵۆزەدا، گەنجێكی بزێوی پڕ بەهرە و خۆشەویستی نیشمانەكەی دەركەوت و هەر لە سەرەتای لاوێتیەوە بە جموجوڵی سیاسی و كردەوەكانیەوە وانەی شۆرشگێری و رۆشنبیری و فەلسەفی و مەدەنیەت بە سەرجەم خەڵكەكەی‌ پێشكەشكرد. بەڵێ لە شارێكی بەم شێوە روخسار و گەوهەرەدا گەنجێك بەو فكر و هەڵكەوتوییەوە پەنجەمۆری فكری و فەلسەفی و مەدەنیەت و قوربانیدانی خۆی لە مێژووی ئەم شارە و سەرجەم كوردستانیش نەخشاند.
لیرەدا قسەمان لەسەر خانەقین نیە كە خەڵكەكەی تا بتوانن بۆ هەركەسێك چاكەی بۆیان هەبێت بەچاكە وەڵامی دەدەنەوە، گردبونەوەی خۆڕسكانەی خەڵكی خانەقین بۆ سەركۆنەكردنی ژەهرخواردنی مەلا بەختیار باشترین گەواهیە بۆ بەئەمەكی و دڵسۆزی خەڵكی ئەم شارە خنجیلانە. 
بەڵام مێژووی خەبات و تێكۆشانی مەلا بەختیار تەنها لە خانەقین نەبووە و ئەگەر خۆشەویستی بۆ سەرجەم كوردستان هەبووە بەڵام جموجوڵ و سیاسەت و تێكەڵبوون و تێكۆشانی و قوربانیدانی لە سلێمانی چەندین جار زیاتر بووە لەوەی خانەقین. هەوڵی تۆڵەكردنەوەی ئەو ناحەقیانەی بەرامبەر خەڵكی شاری سلێمانی كرا، لە كاتێكدا بەعس ئاسنی بە ساردی دەتواندەوە، لەلایەن تێكۆشەرێكی خانەقینیەوە بەو تەمەنەوە لە دژی پارێزگاری سلێمانی باشترین رووداوە بۆ ئەوەی ئەم شارە لەیادی نەكەن و بەئەمەكی خۆیان بنوێنن. 
بۆیە دەكرێت بڵێین، ئەگەر مەلا بەختیار مافی ئەوەی هەیە كە خەڵكی خانەقین بەئەمەكی بۆ بنوێنن ئەوا سەد جار حەقە خەڵكی سلێمانی هەڵوێستی خۆیان دەربڕن و بەئەمەكی و دلسۆزی پیشان بدەن و مێژوویەكی جوان بۆ شارەكەش تۆمار بكەن و ئەو توانجەش لەسەر خۆیان بسڕنەوە كە خەڵكی ئەم شارە تەنها بە سلێمانچێتی تۆمەتبار دەكرێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە