رۆژانەی فەیسبوک و ناسر رەزازی!

Sunday, 06/02/2022, 23:23

4208 بینراوە


کاتیک کەسێک نەخۆش دەکەوێ پێویستە بچێتە لای دوکتورتا چارەسەریی پێویستی بۆ بدۆزێتەوە. جاری وا هەیە مرۆڤ لە رووی لاساریەوە سەرنج ناداتە نەخۆشێەکەی خۆی ودەرمانی پێ ناگات، بۆیە گرفتی بۆ دروست دەبێ و رەنگیشە گیانی لە دەست بدا.
مرۆڤەکان بە درێژایی مێژوو تووشی سەدان نەخۆشیی بوون. زۆربەیان لە سای پێشکەوتنی سیستمی دەرمانیی و پزیشکی بەرەو چاک بوونە رۆیشتوون و درێژەیان بە ژیانی رۆژانەی خۆیان داوە. ئەوە جێگای خۆشحاڵیە.
لە نەخۆشی جەستەیی مەترسیدار لە ناو کۆمەڵگادا، کە روودەدا، نەخۆشیی دەرونی و روحیی مرۆڤەکانە، کە جەستەی کۆمەڵگای تەنیوە، رەنگە زۆر جار کەسێک بەرواڵەت و بە جەستە ساغ بێ، بەڵام خاوەنی دەرونێكی نەخۆش  وپەرێشان بێ. زۆر جاریش ئیـمە بۆ خۆمان نازانین ریشەی کام نەخۆشیی دەرونی روح و رەوانی داگرتوین.
من بە وردیی نازانم میکڕۆبی کڕۆنا چۆن بە تەواویی جیهاندا بڵاو بۆتەوە، بەڵام ئاگام لەو خەسارانە هەیە، کە ئەو ڤایرۆسە چی بەسەرهێناوین وا پێدەچێ بەو زووانەش بەرۆکمان بەرنادا، لە وێنای تاقمێک حیزب وسەرۆک و بەرۆکی کوردستان دەچێ، کە کۆمەڵگایان بەرەو هەڵدێری نەشیاو پاڵ پێوەناوە و لێمان نابنەوە!
چەند رۆژێکە،  ناسر رەزازی لە سەر گووتنی: من مسڵمـان نیم، یارسانیم، دەرکە و دیواری فەیسبوکی سواغ داوە و بە سەدان کەس و کۆنە حیزبی وکەسایەتی وهۆگرانی دەنگی رەزازی پێڵاو بەدەست و جنێو لەسەر زاران  بە رەخنەگرانی رەزازی وەک شێرە بەفرینە خەریکی ددانتیژکردنەوەن  لەو کەسانەی کە بە چاوی رەخنە دەنواڕنە ناسری گۆرانیبیژ. مەلایەکیش ویستوویە قسەی خۆی بکات و دەڵێ: رەزازی خەڵكی فێڕی خۆبادان و قوون بادان کردووە. لە راستیدا قسەکەی بەراست نابینم، چۆن ئەگەر رەزازی ئەو کارەی کردبێ سەدان گۆرانیبێژی دیکەش هەر وایان کردوە، بۆیە سەدان قسەی ناشیرین دەرحەق بە مالا کراوە، وەک ئەوەیە، کە کفری کردبێ.
رەزازی بە گۆرانی (ئای چەندەم خۆش دەوێ ) دەستی بە گۆرانی گووتن کرد. ئەگەر هەڵە نەبم پاشان پەرەی بەکارەکانی خۆی دا. کاتێك ( شای ئێران)یان بۆ دەرکردین، بووبە چەکداری کۆمەڵە و خاوەن لە ئیدۆلۆژیای مائۆ دەرکەوت. چەندە لەو ئیدۆلۆژیایە و رێبازیی مائۆ تێگەیشت و باوەڕی پێی هەبوو، با لەخۆی پرسیار بکەین، بەڵام من دەڵێم، سەهەلە بۆ خۆی کۆمەڵەش کە بە فیتی تاڵەبانی دامەزرابوو، نەیدەزانی مائۆییزم چییە وچەندە بەکاری کورد دێ. چون ئێستێ کۆمەڵەکان لە زڕگوێز، وەک سەهۆڵی بەر خۆرە تاویان بەسەرهاتووە، کە خەریکن بە یەک جاری دەتوێنەوە.
کاتێک رەزازی رووی لە دونیای ئازاد کرد و بیری لە رابوردووی خۆی کردوە، ئەوجا زانی کۆمەڵە بەکاری ئەو نایە. من نازانم بۆخۆی لێی هاتەدەرێ، یان دەریان کرد. دیوارێک، کە بە خواری دانرا، تا سەر بە خواریی دەچێتە سەرێ. بنەمای کۆمەڵە و کۆمەڵەکان لەرزۆک بوو، بۆیە وایان لێ هات. رەزازیش کاتێک سرودی شۆڕشگێڕانەی بۆ هاندانی گەنجی ساویلکە دەچڕی سەدان گەنجی خێر نەدیتوو فریوی ئەو سرودانەیان خوارد، کە دەگووترانەوە. ئیستاش کەسانێک هەن لە رابوردوودا دەژین ودڵیان بەو سرودانە خۆشە. رەزازی بە کردەوە لە سیاسەتەکان و رابوردووی خۆی پاشگەز بۆتەوە ، خەڵكانێک هەن لێی نابنەوە.
رەزازی زۆر زیرەکانە بۆ ئەوەی هێدی هێدی ناوی بەرەو توانەوە نەڕوا رووی لە ڕێبازێکی دیکە کرد و هەمیسان خۆ هەستاندەوە. بێگومان ئەوەش مافی خۆیەتی، بەڵام ئەو بابەتەی کە کۆمەڵگا ئازار دەدا و بەرەوهەڵدێری دەبا، بەشێک لە کۆمەڵگایە، کە بە بێ بیرکردنەوە وبە بێ گەڕانەوە بۆ رابوردوو وەها (قارەمان) سەرکردەت بۆ دروست دەکات، کە دەبێتە هۆی گێژاوەیەکی مەترسیدار و ماف بە کەس نادا بە چاوی رەخنە لە نووسەرو هونەر و گۆرانیبێژ و حیزب و سەرکردە تەنیا رستەیەکیش بنووسرێ!
لە سەر وتووێژێک کە دەگەڵ دەنگ و رەنگیی (بی،بی،سی) کردوویە دەڵێ: من گلەییم لە رووناکبیری کورد هەیە، کە دەبێ باوەڕیان هەبێ، کوردەکانی تورکیە وعێڕاق و سووریەش دەبێ سەر بەئیڕان بن و ئێرانین!.
من کارم بەو قسانە نییە کە بێ مایەن، بەڵام نازانم بەرپرسیی ئەو پڕۆگڕامە چۆن لە رەزازی تیگەیشتبوو؟ چوون ئەو مژارە بابەتیکی گران وشارەزای خۆی گەرەکە و کاری هەر کەس نییە.
لەو بوارەد، ا منیش بە چەند رستەیەک نەزەری خۆم لە سەر فەیسبوک لە بابەت رۆژڤی فەیسبوک لە سەر رەزازی نووسیبوو،  کە بە تۆمەت و قسەی ناشیرین جوابم وەرگرتەوە. ئەوە گرینگ نییە چون کۆمەڵگاکەمان جارێ دەڵەمەیە و نەگەیشتووە. هەرکەس تووشی هەڵە دەبێ. رەزازیش مرۆڤە و هەڵەی کردوە، ئەوەی کە سرنجڕاکێشە کەسانێکی ناو فەیسبوک وەهایان بردۆتە ئاسمان کە ئەگەر خودی رەزازی ئەو رستانەش بە چآوی خۆی ببێنێ باوەڕی پێناکا و رەنگە تۆزێکیش شەرم دایبگرێ و بلێ:
خەڵکینە بۆ وام لێدەکەن ئەوەی کە ئێوە ئاوا بە منی هەڵا دەڵێن، من ئەو کەسە نیم.
بۆ ئەوەی زیاتر لە مەبەستەکەم تیبگەن تەنیا دووبەش لە کۆمێنت و جوابی کەسێکتان کە بۆ منی ناردۆتەوە لێڕەدا دەنووسمەوە. دەقی قسەکانی ئەو بەرێزە لە ئاست رەخنەکانی من ئەوانە بوون.

کۆمێنتی یەکەم نووسیبووی:

- رەزازی سەت هیندە لە چیای قەندیل بەرزترە!

کۆمێنتی دووهەم بە من دەڵێت:

- ..تۆ گیرت داوە بەوەی کە رەزازی لە قەندیل بەرزترنییە. من ئێستا نازانم تۆ لە کام بەرەی. من دەڵێم: هەموو چیاکانی کوردستان لە سەر یەک دابنێی ناگا بە باڵای کاک ناسر.

کۆتایی:

من رەزازی وهەزارانی دیکەش کە لە هەندەران دەژین، ئەگەر دوومانگ پارەی خانەنشێنی یان بێکاری وەرنەگرین، هەناسبڕ دەبین. نازانم بۆچی رەزازی لە تەواوی چیاکانی کوردستان بەرزترە؟ کاتی خۆشی مریدەکان بە شێخەکانیان دەگووت: بە چاوی خۆمان دیتوومانە، کە فیشەک نایبرێ! ئەو شیوە پێداهەڵاگووتنانە، بەکەسایەتی ئاینیی وهونەرمەندان و سیاسییەکاندا جگە لە دواکەتوویی بەشێک لە کۆمەڵگا هیچی دیکەی تێدا نابینم.
بەراستی تەواوی چیاکانی کوردستان لە سەریەک دابنرێن، ناگەنە باڵای رەزازی؟ ئاخر لەوانەیە قەدوباڵای رەزازی هەرمیترێک و حەفتا و دوو سانتیمیتربێ.
دەردی رەچەکێش نییشتووە وەپای دڵ…
زامی کۆن دەوران تاتای کرد مەنزڵ.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە