تیرێژێکی زمان لە میانەی بۆچوونێکەوە.

Thursday, 02.17.2022, 0:59

1380 بینراوە


هەڤاڵێک، ئەوەی بەختیار عەلی نووسیویەتی/ دەینووسێ، بە یاخیبوون لە زمان و دەستووری زمان دەزانێ
وەڵامەکەی منیش ئەمەی لێ بەرهەم هات کە هیوادارم سوودی هەبێت:
بەڵێ یاخیبوون زۆر جار لە داب و نەرێتێکی سەپێنراو، لە یاسایەکی کە مرۆڤ بە ئاستەنگ دێنێ، لە خوارییەکی ئاشکرا کە جێی بە ڕاستییەکی ئاشکراتر سەغڵەت کردبێت و بووبێتە ڕێنیشاندەر و خەڵکی  ملیان لێ نابێ، دەشێ و زۆر جاران ئەرکە و دەبێت لێی یاخی بین، بەڵام یاخیبوون لە زماندا داهێنانە بەرەو گەشەپێدانی زمانەکە و گەیشتن بەو قاڵب و فۆڕمانەی کە ڕەنگە، لەو کات و ساتەدا قۆناغەکە و واقیعی زمانەکە خوازیاری بووبن، دەشێ و ڕێگە پێدراوە، وەک لە شیعردا ئەم کارە دەکرێت، کە قافیە و سەروا ڕێگا لە دەربڕینێک دەگرن بە شکاندنی قافیە و سەرواکە نەبێت، سۆز و حاڵی دەروونی شاعیرەکە دادەمرکێتەوە و دەیکوژێت واتە شیعرەکە دەمرێت. هەرچەندە لە شیعری بێ سەرواو قافییەدا، ڕایەڵێکی تر ئەم نەمانە هاوتا دەکاتەوە، کە مۆسیقای دەروونیی وشەکانە، کە ئەمەش بەستراوەتەوە بە توانا و زاڵبوونی هونەریی شاعیر و قوڵایی سۆزەکەیەوە.
 خۆ ئێمە هەر لە ئەدەبی خۆماندا و ئەدەبی ئەو نەتەوانەی، هەزاران ساڵە دەورەیان داوین و هەناسەیان لێ بڕیوین، بەتایبەت ئەو بەشەی پەیوەندی بە وتراوە سۆفیگەریەکانەوە هەیە، شیعری یاخی بە سەروا و قافیەی وا دەبینین، کە دەیان جار دەیخوێنیەوە و هەر دەڵێیت ئەوە یەکەم جارە  دەیبیستی، بە ئاوازەوە گوێی بۆ ڕادەدێری، مەستت دەکا جا لە دەفتەری بەرباخەڵتدا دەینووسییەوە و وەک گەوهەرێکت لە گیرفانت نابێ، زوو زوو بۆی دەگەرێیتەوە تا لە مانی دڵنیا بیت. 
شکور تۆ لە فکرم ناچی، ئەگەر چی من لە فکرت چووم
لە من غایب نەبی تۆ، بەسمە، با من بم لە تۆ غایب                               
مەحوی
چە دانستم کە این سودا مرا زین سان کند مجنون         
دلم را دوزخی سازد، دو چشمم را کند جیحون                                             
مەولانای بەلخی
چم دەزانی کە ئەم عیشقە من دەکا وا شێت و شەیدا               
دڵم دەکا بە دۆزەخ و دوو چاوانیشم بە زەریا                  
جیحون : بە مانای ڕووبار، ڕۆخانە دێت، بەڵام بەو ناچارییەی لە سەرەوە باسم کرد، من کردم بە زەریا، کە زەریایش لە کۆبوونەوەی ڕووبارەکانەوە پێک دێت.
ئەوە ئەو ‌هێزە نادیارەی وشەکانە و هارمۆنیای مۆسیقای دەروونیان، کە خوێنەر لە بارێکی سەقامگیرییەوە دەباتە حاڵەتێکی مەستی و مەدهۆشیی ڕۆحییەوە، کە دەڵێی هەر ئەو مرۆڤە نییە کە بەر لە چەند ساتێک بە دەست گرفتارییە خۆییەکان و نالەبارییەکانی دەرەوەی خۆیەوە دەیناڵاند. ئەمە جادووی زمانە، ئەو گەوهەرەیە کە دەبێ پارێزگاریی لێ بکرێت، بۆ پاراستنی سامانی مەعنەویی فەرهەنگە جوداکان، کە بێ گومان جوانترین بەرهەمی مرۆڤایەتی و سامانی هاوبەشی مرۆڤایەتیشن و گەر ئەم سامانە کلتورییە هاوبەشانە نەبانایە، زەوی زۆر لەوە وێرانتر دەبوو کە ئێستا هەیە.
ئەگەر نووسەرێکی ئەڵمانی یا ئینگلیزی زمان، لە زمانەکەی یاخی بێ و نووسینەکەی پێچەوانەی دەستووری زمانەکەی خۆی دابڕیژێ، باکی چییە؟ بەیانی کە خوێنەری ڕۆمانەکەی لە خەو هەڵدەستێت، لە دەیان کەناڵی تەلەڤزیۆنییەوە، بە زمانێکی پاراوی ئەڵمانی و ئینگلیزی گوێی لە هەواڵەکانی ڕۆژ و باری ئابووریی وڵاتەکەی و کەش و هەوا دەبێت، کە دیسانەوە وشەکانی بۆ دەخاتەوە جێی خۆی و ڕەنگە نووسینی ئەو نووسەرەشی لە یاد بەرێتەوە.
 دەچێتە سەر کارەکەی، گۆڤاری دێر شپیگڵ و ڕۆژنامەی ئیندیپێندێنت، سەرلەنوێ دەیخەنەوە سەر ڕاستە شەقامی زمانەکە. ئەو زمانانە رۆژانە بە ئارامی هەناسە دەدەن لەگەڵ خەڵکەکەیاندا، بە هەزاران سەعات لە سەدان زانستگە و قوتابخانەدا دەوترێنەوە، کارخانەگەلی زەبەلاحی وەک مێرسدیس بێنز و بە دەیان بۆرسەی ئاڵۆگۆڕی پشکی وەک بۆرسەی لەندەن و کۆمپانیای میدیایی سی ئێن ئێن و تەنانەت توانای سەربازیی فرە قەبە و تاقیگای سەرسوڕهێنەری داهێنان،  قسەی پێ دەکەن و پشتیوانیی لێ دەکەن و بەو زمانانە بەرهەمەکانیان دەناسێنن.
چما قسەکردنی سیاسیی سەرۆکی ئەمەریکا، وەک قسەکردنی سیاسیی سەرۆکێکی عەرەبییە؟! با هەردووکیشیان سەبارەت بە هەمان بابەت قسان بکەن. هەر ئەو هێزەی وا لە پشت قسە سیاسییەکانی سەرۆکی ئەمریکاوە، هەمان هێز وا لە پشت زمانەکەیەوە. بۆیە تۆ دەتوانی وەک چاودێرێکی سیاسی لێکدانەوە بۆ وشەکانیان بکەیت و لە لێکدانەوەی چاودێرێکی فەرەنسایی نەچێت، خۆ ئەوە ئەو لێکدانەوانەن بۆ مانا جوداکانی دەربڕینێک ( وشەکان)، کە لێکدانەوەی سیاسیی جودا دروست دەکەن.
هیچ شاعێرێک چەند دەسەڵاتداریش بێت، بەسەر حاڵ و ئەحواڵی ئەو دوو شاعیرەی سەرەوەدا، لە توانایدا نابێت، ئەو مۆسیقا شاراوە و بارە دەروونییەی وشەکان بۆ سەر زمانێکی وەک ئینگلیزی یا سوێدی، وەرگێڕێ. چونکە زمان زیاتر لەوەی کە ماددەیەکە دەکرێ فێری ببین و ببێتە پەیڤی ڕۆژانەمان و زمانی خوێندنەوە و نووسینمان. وەلێ کە دێتە حاڵەتی دەربڕینی هونەرییەوە و چێژ وەرگرتن و ناسینەوەی ( دەنگەکان)، بەشێکی مەزنی هێنانی لێتێگەیشتن و لەزەت وەرگرتنەکە هەڵدەگەڕێتەوە بۆ ئەسڵی زمانەکە کە زمانی یەکەمی دەربڕینەکە بووە، کە ئەوەش پەیوەندی بە جەنەتیکەوە هەیە، دایک لە باوانی زۆر دوورییەوە، بەو نۆ مانگە ئەو ئاواز و حاڵەتانە بۆ بیستنی وشەکان بە کۆرپەکەی دەدا وئەویش لە ساڵانی دوایی لەناو ئەو کۆمەڵگایەدا کە بەو زمانە قسان دەکەن، دەیخەمڵێنێ و لە هەموو باری وتنەکانی (وشە) ڕادێ چوون زمانی دایکێتی.
بە نموونە کە کوردێک دەڵێ ( کێو)، هەردوو پیتی ( کاف ) و (ێ) لە وتنیاندا دەنگێک دروست دەکەن، کە دەبێ کورد بیت، تا زمانت بتوانێ ئەو دەنگە ئەدا بکات، ئەمەش بۆ منداڵێکی کورد گرفت نییە، چوون لە منداڵدانی دایکیدا کە ئەمینترین جێگای ژیانی بووە لە وێدا دەبیستێ، دایکی چەندین جار سەبارەت بە ( کێوەکانی) نیشتمانەکەی قسەی کردووە و ئەو فەرهەنگی زمانەشی کە زمانی خۆیەتی (دایکی)، لەگەڵ تانوپۆی دەروونیدا چنیوە، ئەمەش کارێکی یەزدانییە، کە ئێمەمانان بە چاوی ئاسایی  بۆی بڕوانین بە حاڵەتێکی ئۆتۆماتیکی باسی دەکەین، بەڵام لە ڕاستیدا هەزاران کۆد و قفڵی نەزانراو و نەکراوەی لە خۆ گرتووە و زانستی کامڵیش هەر لای یەزدانە. 
 ڕوونکردنەوە بۆ زۆر حاڵەت دەکەین و پێی گەیشتووین. بەڵام ڕەنگە ئەوەی ئەمڕۆ زانست و هاوکێشەی بە یەقین بووە، سبەی ڕەت بکرێتەوە و زانیارییەکی نوێ جێگای بگرێتەوە، سەرەڕای هەموو دەربڕین و لێکدانەوەکان بۆ زمان، زمان جوانترین داهێنانەکانی پێ دەکرێت و وەک لوتکەیەکی فەتح نەکراو دەمێنێتەوە، کە هەمیشە، پێویستی بە ئاودێرییە، باخەوانی ئەم گوڵستانەش، هونەرمەندانن، بۆیە ئەرکی ئەوانە، لەهەر بارێکی کلتوریدا کار بکەن، دەبێ بە زمانێک دەری ببڕن کە ناسنامەی خۆی ون نەکات و ئەم دیارییە یەزدانییە، بخەمڵێنن، چون پەیامە ئینسانییە مەزنەکە، بۆ وەیە بە یەک ئاشنا بین و لەهەموو چاکییەکانمان لەزەت وەرگرین.  
براکەی من! زمانە ڕاونراو و زیندانیکراو و بە قاچاخ نووسراوەکەی تۆ و من ، کوا لە حاڵ و بارێکدایە، لێی یاخی بین!! خۆ ئەو جارێ وا لە بێشکەی مەلۆتکەییدا، پێویستی بە سۆزی دایکی و خەمخۆری باوکی و لاوانەوەی خوشکەکەیەتی، ئەگەر نەنکی، خۆی بەسەربێشکەکەیدا شۆڕ نەکردباوە و نەیپاراستبا،  شەوەی چواردەوری لە مێژبوو هەر لە لانکەکەیدا تاساندبوویان و ئێستا هەر ئەسەری نەمابوو، وەک چۆن زمانەکانی کلدان و ئاشووریان تاساند وقووت دا.
بە تایبەتی ڕۆمان، وەک سنگی داپیرەیەکی بە ئەزموون، وێنە و باوگەل و ئەزموونی نەوەیەک و چەند نەوە، دەنووسێتەوە و لەگەڵ ئیستادا، گرێیان دەداتەوە یا بەرانبەر بە یەک دایاندەنێ و سەرنجیان لێ دەگرێ و دەستوورگەل و بنەماگەلێکی لێ هەڵدەهێنجێ، کە لەوە و بەر نووسەرانی دی پەییان پێ نەبردووە، ئا لەم کاتەدا کە باسی فکر دەکات بە قووڵی، ڕەنگە وشەگەلێک دابهێنێ یا ئاوەژووبکاتەوە بۆ سەلماندنی پێچەوانەی مانا ڕوکەشەکانیان، ئەمە داهێنانە لە زماندا، کە پاشان، خەڵکانێک دێن کاتێ لەسەر ڕۆمانەکە لێکۆڵینەوە دەکەن، ئەو داهێنانە ناو دەنێن [یاخیبوون] لە زماندا یا لە دەستووری زماندا، کە ڕەنگە واش بێت، نووسەرێک ئەوەی زمان فەرمانی پێ دەکات ئەم سەرپێچی بکات، وەک ئەزموونێکی دەروونیی خۆی، کە لە نووسینەوەی ئەو ئەزمونەدا دیسان پێویستی بە هەمان زمان دەبێت، بۆ دەربڕینەوەی خۆی، کە لە بنەڕەتدا پێچەوانەکردنەوەی ماناکان بوون. 
سەرەڕای ئەوەیش کە لە سەرەوە باسم کرد، وەک شاعیر فەرهاد شاکەلی دەڵێت:
"دیسانیش (موغامەرە) و یاخیبوون لە زماندا دەکرێ ڕوو بدات، بەڵام ئەوە تەنیا بە کەسێک دەکرێ کە بە تەواوی بە زمان و فەرهەنگ و ئەدەبی نەتەوەکەی خۆیدا ڕۆچووبێت و کون و قوژبنەکانی شارەزا بێت، هەروەهایش دەبێ هونەرمەندێکی باڵادەست و لێهاتوو بێت و فکرێکی هێندە بەرزی پێ بێت کە پێویستی بە زمانێکی بەرزیش بێت." *
بیرمەندی گەورەی کورد مامۆستا مەسعوود محەمەد کاتێ ( فکر) و ( ڕامان لە مرۆڤ) و (حاڵی نەتەوەکەی) زۆری بۆ دێنن و دەبێت دەریانببڕێت و بیاننووسێتەوە، ئەو دەریای زمانە،  بەم وشە کوردییانە کە زمانی باوە و نەنەی بوو، ئاوا باسی خۆی دەکات: 
" بۆ دەربڕینی خۆم پێم وایە دەبێت زمانێکی نوێ دابهێنم".
ئاوایە، کە فکر دەگاتە قووڵایی دروستبوون و خوڵقاندنەکە، زمان و وشەکان دەستەوسان دەبن، بەڵام مامۆستا دەیزانی، بە پێچەوانە کردنەوەی وشەکان و یاخیبوون لە دەستووری زمانەکەی، دەربڕینەکەی نادات بە دەستەوە، بۆیە بەو زمانە کوردییە بەرز و ڕاقییە، بە دەیان بەرهەمی تاقانەی بۆ مرۆڤایەتی و نەتەوەکەی جێ هێشت.
 ئیستا ئێمە پەی بەوە دەبەین کە زمانەکەی مامۆستا هەرچەندە کە  کوردییەکی پاراوە بەڵام کۆدی تایبەتی هەیە، تا لەو کۆدانەی شارەزا نەبیت، لە دەربڕینەکانی تێناگەیت، پەڕەگرافێک لە نووسینەکانی، چەندین جار دەخوێنیتەوە، هەست دەکەیت لە سەرەتادایت، دیسان دەیخوێنییەوە، تا کۆدی زمانی نووسینەکانی دەدۆزییەوە، جا حاڵی دەبی، چ سۆزێک و چ مۆسیقا و هاژەی چەمێکی بەخوڕ وان لە زمانەکەیدا و ئەگەر نەگەیتە حاڵەتی شاگەشکەبوون بە داهێنانە فکری و زمانییەکەی، ئەوا بە دڵنیاییەوە دەگەیتە پلەی مەستی، وەک خۆی دەفەرموێ: " لەسەر لێکدانەوەی دێڕە شیعرێکی نالی مانگێک لێی ڕامام، کە لێی تێگەیشتم، نووشتامەوە و دێڕە شیعرەکەم ماچ کرد". 
ئێمەش لەو حاڵەتی مەستییەی تێگەیشتن لە نووسینەکانی مامۆستادا هەر دەبێت وا بکەین و بە ئەدەبەوە بنووشتێینەوە و نووسینەکانی ماچ بکەین. 

سەرنج:
*شاعیر و زمانناس فەرهاد شاکەلی
زۆر سپاسیان دەکەم کە هەمیشە و لە میانەی گفتوگۆماندا سەبارەت بە زمان و ئەدەبی نەتەوەکەمان، خەمخۆرانە و زانستیانە سەرنجە هونەری و زمانەوانییەکانی،  ڕێنوێنیی بەنرخن. هەروەها بۆ راستکردنەوە و ئاماژەدانەکانی بەو هەڵە ڕێنووسیانەی بە بەرچاومەوە و لە ژێر پەنجەی منەوە تێپەریبوون. 

سەرنجێکی گرنگ سەبارەت بە پاشاگەردانی زمان لە باشووری نیشتماندا: ئێمە دەزانین کە بەهۆی ئاسانبوونی بڵاوکردنەوە لە دنیای ئینتێرنێتدا، ئەو ئازادییە ساختەیەی باشوور زەمینەی سازاند بۆ زۆر بوونی بڵاوکراوەی ساختە و ئاست نزم لە هەموو بوارەکاندا.
من لەو بڕوایەدام هیچ یەک لەو کەسانەی کاری پێشکەشکاریی دەکەن، چ لە کەناڵە حیزبی و چ لە کەناڵەکانی سەر بە تاقم و دەستە و و لایەنەکان بن، تاقی کردنەوەی زمانی ( کوردی، زمانی دایك) کرابیتن ئەوەی بایەخی نەبووبێت لای ئەو دەستەو تاقمانە زمانی کوردی بووە. لەبەر ئەوەش کە حکومەتی باشوور، حوکومەتی خێل و بنەماڵە و سەرکردەیە، ئاستی فکری و کوردبوون و تەنانەت ئینسان بوونیان بەو ڕادەیە نەگەیشتووە، کە بیریان لەوە بکردبایەتەوە بنەمایەکی پتەو بۆ ژیانی ئەو بەشە بندەستە لە باشوور بخەمڵێنن، خۆیان سەرگەرمی دزی و ڕاووڕووت کرد و خەڵکیشیان سەرگەرمی قەیرانە دروستکراوەکانی خۆیان. 
ئەوەی جێی سەرنجە لەم کاولکاریەدا تەنیا فەرمانڕان و خێزانەکانیان هاوبەش نەبوون، بەڵکە نزیکەی سەرلەبەری هەڵسوڕاوانی بوارە ( شارستانەتەکەی!!) باشووری گرتەوە، لە ناویاندا دەزگاکانی ڕاگەیاندن، پەروەردە، زانکۆکان، ناوەندە هونەری و بەناو ڕۆشنبیرییەکانیش....هتد کە دەکاتە کەناڵە تەلەفزیۆنییەکان، ڕۆژنامە و ڕۆژنامەنووسان، بوارەکانی مافی مرۆڤ، ناوەندەکانی ژنان و پیاوان و...هتد. سەراپا بوونە ناوەندی چەواشەکاری، دەزگای بازرگانی لە زۆر زۆر و لەکەم کەم، قۆڵیان لێ هەڵماڵی و ویژدانی کوردبوونیان خستە ژێر پێیان و بوونە چەرخێکی سوڕاوەی چالاک لە مەکینە گەورەکەی ستەمی بنەماڵە و سەرۆکدا.
هەندێ نموونە لەو وێرانکارییانەی سەبارەت بە زمانەکەمان ئەنجام دراوە: ئەم وشانە هەموو شەوێک لە کەناڵە نەخوێندەوارەکانەوە، دەبیستن: 
گوێ بیست، لە جیاتی بیستن: کە کرداری گوێ لێبوونی دەنگێکی بیستراوە و دەزگای بیستنی مرۆڤ کە گوێیە، بە وەرگرتن و گواستنەوەی بۆ مێشک بەم کارە هەڵدەستێ. کامتان ئەم وشە ناقۆلایەتیان لە نەنک و باپیرەتان بیستووە؟!! کام منداڵەی کورد ئەم وشەیە بەکار دێنێ؟!! جگە لە پێشکەشکارە نەخوێندەوارکان، دکتۆرە نەخوێندەوارەکانی زانکۆکان، سەرۆک و فەرمانڕانە نەخوێندەوارەکانی هەرێم نەبێت؟!!. ئیستا ئەم دەردە ڕووی لە ڕۆژهەڵاتیش کردووە.
پارساڵ: ساڵی ڕابووردوو لە زمانی کوردیدا پێی دەڵیین: پار، ساڵ بەساڵ خۆزگەم بە پار، هەزار ساڵە ئەم پەندە دەوترێتەوە. بەڵام نەخوێندەواریی و بیدەربەستی کەناڵ و زانکۆ و حوکومەتی نەخوێندەوار، وەک چۆن لەهەموو ئاه، حەسرەت و خواستە ئینسانییەکانی نەتەوەکە بێئاگابوون / بیئاگان، هەرواش لە کلتووری نەتەوەکەش بێگا بوون و خۆیان گێل کرد و زمانەکەیان وێران کرد.
پێویستمان بە بزووتنەوەیەکی گەلیی وشیاربوونەوە هەیە و دەبێت، دەیان ساڵی داهاتوو خەریکی پاکردنەوەی پیساییەکانی، حوکومەتی هەرێمەکەیان بین و دیسان کوردی باشوور بگەڕێنینەوە سەر بارە دروستەکەی خۆی. خۆتان بەراوردێک بکەن لە نێوان ئەو زمانە بەرز و ڕەسەنەی شێرکۆ بێکەس، فەرهاد شاکەلی، هێمن، حسەین عارف، عەزیزگەردی و سەر قافڵەشیان بیرمەندی مەزنمان مامۆستا مەسعوود محەمەد، پێیان دەنووسی و تەماشای زمانی ئەو کتێبانە بکەن کە لە قوتابخانەکانی ساڵەکانی حەفتاکان و هەشتاکاندا دەخوێندران، جا تاوانە گەورەکەی فەرمانڕانی سەرکردەیەتی بنەماڵەتان بۆ ڕووندەبێتەوە، کە نەک بەشێک لە نیشتمانی کوردیان هەرزان فرۆش و هەڕاج کرد و بوونە کەواسووریی بەرلەشکر و دوژمنی دێرینەی کورد، بەڵکە کۆمەڵگا و زمان و کلتووری نەتەوەکەشیان ئەتکرد، بەڕاستی مرۆڤی کورد نازانێ ئەمانە کێن و چۆن تا ئێستا گەل لەکۆڵ خۆی نەکردوونەتەوە، بەڵام دیارە، کورد پشتی چەماندۆتەوە و ئەوان سوار پشتی بوون و تا کورد پشتی ڕاست نەکاتەوە، ئەم بارە ناقۆڵا و نامۆیە لەسەر پشتییەوە، فەرمانی کوشتن و بڕینی هەرچی زمانی کوردییە دەردەکات.