خوێندنەوە و ناساندنی کتێب (بەشی ١ ـ ٢)

Tuesday, 01/03/2022, 22:48

7305 بینراوە


محەمەدی حاجی مەحمود
ڕۆژژمێری پێشمەرگەیەک بەرگی پێنجەم ١٩٩٧ـ٢٠٠٤
باسی ڕووداوەکانی خەبات و شۆڕشی میللەتەکەمان دەکات
چاپخانەی هەژار موکریانی/ ٢٠٢١ ١١٨٧ لاپەڕە

ھێشتا بۆم نەلواوە تەواوی بەرگەکانی "رۆژژمێری پێشمەرگەیەک"ی حەمەی حاجی مەحمود بخوێنمەوە. بۆ خۆم بەرگی٢ م ھەیە و بەرگی چواریشم بەر لەچەند ساڵێ بەقەرز وەرگرت بۆ خوێندەوە .ئەم ھۆکارە وا دەکات تەواوی باس و ڕووداوەکانم لەبەرچاو و دەست نەبێت و نەتوانم تەقەڵ لەباسەکان بدەم و پێکەوەتان بنووسێنمەوە.. بەواتایەکی تر وەک دەنکی تەزبیح بیانھۆنمەوە.. کەواتە هەر لە پێشڕا دەست کورتی خۆمان ڕادەگەیەنم.
بەڵام ئەو ڕاستییەم لا بەرجەستەیە کە رۆژژمێری پێشمەرگەیەک زیاتر لەزۆر بیرەوەریی و ژیاننامە و بەسەرھاتی تری نووسراو، ڕاستی لە خۆ گرتووە و ڕووداوەکانی تۆمار کردووە...
ئەم ڕاستییەش زۆرینەی ئەوانەی خوێنەری رۆژژمێرەکەی حەمەن جەخت لەسەر ئەم حەقیقەتە دەکەنەوە..بەڵێ لێرە ڕاستی گەر لە شوێنی تر دەست نەوێ، لێرە ھیچ پەردەیەکی سیاسی بەسەر ڕووداوەکان دراوە و ھیچ بەرگێکی لەبەر نەراوە، راستییەکان ڕووت و قووتن . ڕۆژمێرێک ڕۆژانە باسەکانی تێدا نووسراوە و گەلێک لەم ڕووداوانە سەرنج لێ گیراوە و بەپێی توانا تاوتوێیان بۆ کراوە..
مامۆستا مەسعوود وتەنی: ڕاستی شەرەفی نووسینە...
لەم کۆنتێکسەدا ڕاستی ئەوەیە: ھەرچی ڕوویداوە و تۆ تێیدا بەشدار بوویت باسی بکەیت، بە ئازایەتی و ترسنۆکی، سەرکەوتن و ژێرکەوتن، چاکی و خراپی یاخود جوانی و ناشیرینییەوە. هەروەها تووشی پەتای، ھەر من و من و من و منت نەبێ ، خۆی لە ھەقتقەت نەدزێتەوە و لایەنی نەرێنی لەملی کەس نەپێچیت و چیرۆک نەھۆنیتەوە و بەختان بۆ کەس دانەتاشی...
هۆکاری بینینەوەی بەشی زۆری ڕاستیەکان لێرەدا. پێشم وایە بەرھەمی خەسڵەت و کاراکتەریی پێگە کۆمەڵایەتییەکەی حەمەیە، کە کەموزۆر پابەندە پێوەیی و جیای دەکاتەوە لەوانی تر!... ھەر ئەم ھۆکارە ئاوێتەی ئەو بیروباوەڕەیە کە لەسەرەتاوە جۆشوخرۆشی بەخشیوەتە حەمە بێتە ڕیزی خەباتەوە و گیانبازی بکات بە ژیانیەوە، بەکورتی وەک ئەفەندی و بۆینباخ لەملەکانی نەکردووە و ناکات...
ئەم بەرھەمە ڕووداوەکانی ساڵانی نێوان 1997-2004 ی گرتۆتە خۆیی و بریتییە لە 1187 لاپەڕە.. لە سێ بەش پێک دێ 442 لاپەڕەی تۆمار و نووسین و شیکردنەوەیە و لە دوو بەشدا رێک خراوە،593 لاپەڕەی بریتییە لە بەڵگەنامەکان..کۆمەڵێ نامە و بەیاننامە و نووسینی مێژووییە و لە 148 لاپەڕەشدا چەندین وێنەی جۆراوجۆری کەسی و بەکۆمەڵی داناوە...
 حەمە.. وەک پێشمەرگە و سەرکردەیەک لەو ناوجەرگەی رووداوەکان بووە لە ١٩٧٦ بەدواوە ھەتاوەکو ئێستا و بە لێھاتوویی و تئکۆشانی خۆی بووە بەرۆگری بزووتنەوەی سۆسیالیستی کوردستان و لەتەواوی ھەوراز و نشێو و ڕۆژە سەختەکان دا شانی داوەتە ژێر ئەم ئەرکە سەختە.

١٩٩٧/١/١ یەکەم ڕۆژی ھەڵدانەوەی لاپەڕەکانی ڕۆژژمێرەکەی حەمەیە:
ھێشتا ژان و ئازارەکانی ٣١ ی ئابی١٩٩٦ بەسەر ڕۆژانی دواتریشەوە دیارە" شەڕی ناوخۆ گەیشتە لوتکە" ل ١٢... دوو ئیدارەیی دیمەنێکی زەق و واقعێکی تاڵە. ئاماژە بەوە دەدات یەکێتی بە ھاوکاری ئێران پلانی لێدانی پارتیان ئەنجام داوە و پارتیش سوپای عێراق دێنی و یەکێتی لە ھەولێر دەردەپەڕێنێ. ئەم دیمەنە بە برینە قوڵەکانییەوە مێژووی کوردەوە دەبنە دەست پێکێکی تری ترسناک و دڵتەزێن.
دوا ئەم سەرەتایە ئیدی باسی کۆمەڵێ جموجوڵ و دیدار دەکات لەگەڵ بەرپرسانی ئێرانی دا کە لایەنێکی ئامادە و چاودێر و زۆرجار ئەندازیاری شەڕ یاخود ئاگربەستن...ڕۆڵی سووریاش لەدوورەوە لەڕووداوەکاندا پاسیڤ نییە! ، بۆیەکا جارەوجار دەبێتە شوێنی سەردان و دیداری حەمە و زۆر کەسایەتی و لایەنی تری کوردی..
نووسەر دێتەوە ناو رۆژەکانی شەڕی نێوان یەکێتی و بزووتنەوەی ئیسلامی، باس لە ڕۆڵی ئاشتخوازانەی خۆی دەکات (جەلال تالەبانی ٩ جار و مەلاعەلی ٤ جار تلفونیان بۆ کردم) ل٢٥.. ھەموو داوایان لێ کردووە بێتە پێشەوە، بۆ ڕاگرتنی شەڕەکە. یەکێتی پەرێشان دەبێت بەدەست ئیسلامییەکانەوە، سۆشیالیشتیش دەگلێتە شەڕەوە ، ئێران گەرماوگەرم بروسکە بۆ سۆشیالیست دەنێرێ، کەبۆچی شەڕی بزووتنەوە دەکات؟.. نووسەر بەتوندی وەڵامی ئێرانییەکان دەداتەوە و بە گلەیەوە مام جەلالیش ئاگادار دەکاتەوە..دەرئەنجام سەرکەوتوو دەبێ و لەگوڵەخانە ھەردوو لایەن بۆ ئاشتی پێکەوە دادەنینشن. ڕاگرتنی شەڕی نێوان براکان،شەڕی ناوخۆ یاخود کوردکوژی!! کارێکی فرە سەختە، ئەوەی جێی دڵخۆشییە کەوا لەسەر دەستی کورد دا و لەبارەگای حیزبێکی کوردی کارەکە جێبەجێ کراوە..
دەگەینە لاپەڕە ٣٠ چاومان دەکەوێ بەم پەرەگرافە لەسەر جەلال تالەبانی :" جەلال تالەبانی پیاوێکی سیاسی تێکۆشەر و بەتوانا و لێھاتووە، بۆیە لە قیادەی کورد لەلای من لەگەڵ ھەندێ سەرنجم لەسەر ئیشکردنی بەڵام یەکێکە لە باشترین سەرکردەکانی کوردلەو سەردەمەدا بۆیە مان و ھەبوونی جەلال تالەبانی بۆ کورد زۆر باشە و پیاوێکی گەورە و ھەڵکەوتووی کوردە".
بەھەقەت بەدرێژایی و پانتایی ڕووداوەکانی ئەم ٨ ساڵەی لەم بەرگەدا بەسەر کراونەتەوە، لە گەلێ وێستگە و چرکەساتی ھەستیار و کاری سەخت و تەنگانەدا ھەردوو بە ھانای یەکترەوە دێن و ھاوکاری یەکتر دەکەن لە پێویست دا لە پەیوەندییە کەسی و حیزبی و کوردستانی و ھەرێمییەکان دا ..بەتایبەت مام زۆری کاری لەرێگای حەمەوە مەیسەر کردووە. لەبەرەوە ئاماژە بە چەند نموونەیەکی دەکەین.رووداو و بەسەرھاتیش ھەن حەمە بەتوندی گلەیی بەرانبەر ی ن ک دەردەبڕێ.
ھێشتا ئەم پەردەیە دانەدراوە باسی شەڕی نێوان پارتی و پ ک ک دێتە پێشەوە. لەم ڕووەوە دەنووسێ:" پەکەکە ھێزێکی کوردی کوردستانی تورکیایە، و بۆ ئازادی کورد لە کوردستانی تورکیا (...) بەڵام ئەم ھێزە باوەڕی بەھیچ ھێزێکی کورد نییە و (...) ھەموویانی تەسفیە کرد). ل ٣٢
دوای ئەوە ئەوجا شەڕی پارتی و یەکێتی و تورکیا دژ بە پ ک ک، نەوشیروان مستەفا سەرکردەی مەیدانی شەڕی کردووە. دواتر پ ک ک خۆی بەدەستەوە دەدا و لە ماڵی کریم خانی برادۆست، فوئاد مەعسوم و رۆژ نوری شاوەیس رێکەوتن لەگەڵ عوسمان ئۆجەلان دا ئیمزا دەکەن.. سەیر ئەوەیە تورکیا گەرماوگەرم ناڕەزایی دەردەبڕیوە، پرسیوێتی: چۆن رێکەوتن لەگەڵ ئۆجەلان دەکەن؟. بۆیە ڕاستەوخۆ داوای گۆڕینی مەعسوم و شاوەیس دەکات.. یەکێتی داواکەی تورکیا جێبەجێ دەکات...
نووسەر.. لەبابەتە گەرمەکانی شەڕەوە، باس لەوە دەکات لەگەڵ شاندێکی حیزبەکەیدا چۆتە بەغدا بۆ گفتوگۆکردن... بەعس پێی گووتوون: ئێوە لەگەڵ پارتی دا ڕێک بکەون! ئێمە یەکێتی دەردەپەڕێنین و کوردستان ڕادەستی ئێوە دەکەین! ... سۆشیالیست بەم داواکارییە ڕازی نابێت!. کاتێ قسەش بە جەلال تالەبانی دەڵێن،نووسەر بەرپەرچییان دەداتەوە. 
پرسیارەکە ئەوەیە وەک بڵێی ماراسۆنە: ھەر حیزبەی بەجیا بەرەو بەغدا بۆ دەستکەوتی تایبەتی بەدەستھێنان ھەڵپەیان بووە، لەوێش بەغدا ناکۆکی زیاتری خستۆتە نێوانیانەوە... 
لەو رۆژانەدا ئاوی بەنداوەکانی دوکان و دەربەندیخان گیراوەتەوە و بەغدا داوای بەردانەوەی دەکات! . سۆشیالیست قەناعەت بە یەکێتی دێنێ و ئاوەکە بەردەنەوە. لەگەڕانەوەدا دەمودەست جەلال تالەبانی لەم ھەنگاوە ئاگادار دەکەنەوە، بەشێوەیەک پێی دەڵێن: دە ئێوەش بچن بەشی خۆتان بپچڕن!.. یەکێتی ئاوەکە بێ مەرج بەردەداتەوە و شاندێک دەنێرێ بۆ بەغدا. 
 حەمە لێرەدا ددان بەوەدا دەنێ: "کە چوونی بۆ بەغدا لەسەر داخوازی جەلال تالەبانی بووە".ل ٣٨.. دواتر باس لە نزیکبوونەوە و ڕێکەوتنی نێوان پارتی و یەکێتی دەکات.. گەرماوگەرم لەبەرانبەردا ڕۆژی ١٩٩٧/٦/١٣ شاندێکی ئێران و شاندێکی پ ک ک / جەمیل بایک( ھەڤاڵ جومعە) لەماڵی حەمە کۆدەبنەوە بۆ خورتکردنی پەیوەندییەکان. ئێران ستراتیژی خۆی هەیە و ھەر ھێزێکی کوردی لێ دوور کەوتبێتەوە،بە میتۆد و شێوازی تایبەت بە خۆی ھەم سزای داوە و ھەمیش گورجوگۆڵانە ئەڵتەرناتیڤی خۆی هێناوەتە کایەوە و بایەخی دەدات بە حیزبێکی تری نەیاری حیزبی یاخی / تۆراو یاخود نەیار..
 حەمە دەچێتە سووریا و لەوێوە بەرەو ئەوروپا تا دەبێتە میوانی Med.TV .. ئەو ڕۆژانە تاکە تیڤی کورد بوو. دەڵێ: "لە برۆکسل بووم جەلال تالەبانی ئەو شەوە لە سەعاتێکدا ٣ جار تلفونی بۆ کردم و داوای ئەکرد قسە بکەم دژی پارتی و ڕابگەیەنم ئیمشەو یەکێتی سەلاحەدین دەگرێ. "ل٥٦ دەڵێ: قسەم دژی پارتی کرد و بڕگەی دووەمیش بەشێوازێکی تر دەربڕی.. ئەوەی جێی سەرنجە کاتی تەلەفونکردنەکە زوبێر ئایدار و رەمزی کارتالی لەتەنیشتەوە دەبن و گوێیان لە قسەکانی مام بووە و لای خۆیانەوە راستەوخۆ تۆماریان کردووە... بڕوانە حیزبی کوردی تا کوێ پۆلیسی کاریان بەرانبەر یەکتر کردووە!!..بەکورتی دەڵێ: یەکێتی ئێران رێکەوتبوون لەقۆڵی حاجی ھۆمەرانەوە پەلاماری پارتیان دەدا.. تورکیاش بەھانای پارتییەوە ھاتووە و فرۆکە مەرگچێنەکانی ڕۆڵێکی خراپیان گێرا..
 حەمە.. لە ئاکامدا بێ سێ و دوو دەنووسێ: "شەڕەکە لە ڕووی عەمەلیەوە شەڕی ئێران و تورکیا بوو بە چاودێری ئەمەریکا".. یەکێتی و پ ک ک و ئێران/ پارتی تورکیا ھەر کورد سووتەمەنی شەڕەکە بووە و بەھەزاران پێشمەرگەی کورد بوونە قوربانی ئەم شەڕە خوێناوییە ھەر لەم کۆنتێکسەدا دەنووسێ" ئەمڕۆ دوای تاقیکردنەوەی ھەموو ھەوڵەکان بۆ لەناوبردنی یەکتری لەنێوان یەکێتی و پارتیدا بە پەنابردن بۆ ئێران و عێراق و تورکیا و بۆ عەشایەر و بۆ حزبەکانی کەش ئەگەر کیمیاویشیان ھەبوایە لە یەکیان ئەدا، بەڵام کەسیان کەسیانی پێ لەناونەچوو یەکیان بۆ نەسڕایەوە "ل٧٨... نووسەر پێی وایە پارتی لە ئاکامی شەڕی لەگەڵ پ ک ک و یەکێتیدا دەبێتە خاوەنی ئەزموونێکی زۆری شەڕیی بەرەیی و لە شەڕی ١٩٩٤ـ١٩٩٥ دا ئێران پشتیوانی لە پارتی و ١٩٩٦ دا عێراق دیسان لە پارتی و ١٩٩٧ دا تورکیا لە پارتی .. کەچی یەکێتی جارێ نەیتوانیوە ھیچ دەوڵەتێ بھێنێتە شەڕی دژی پارتییەوە.. لەکاتێکدا چەندین جار ئاماژەی داوە بە ھاوکاری ئێران بۆ یەکێتی...
پارتی یەکێتی دوای گەڕێکی شەڕی خوێناوی ڕێگای ئاشتی دەگرنە بەر ..
بەدوورودرێژی باسی شەڕی پ ک ک دژی یەکێتی دەکات و وەک سۆسیالیت بەیاننامە دژی شەڕەکە دەردەکەن... جەلال تالەبانی پرس و ڕای زۆر بە حەمە دەکات و ئەرکی قورسی دەخاتە بەردەم.. ئەرکەکە مشورخواردنی ئەو گرووپە بوون.د. سلێمان و ھاوڕێکانی کە لە پ ک ک جیابوونە حەشار بدرێن تاوەکو یەکێتی تووشی کێشە نەبێت لەگەڵ تورکیا.
دواتر لە ٢٠٠٠/٩/١٩ شاندێکی ئێرانی دێنە گوڵەخانە و حەمە داوایان لێ دەکات گوشار بخەنە سەر پ ک ک شەڕەکە بوەستێن. وەک دەگێڕێتەوە ئێرانییەکان لە یەکێتی زۆر توڕە بوون دەیانویست بە پ ک ک تەمبێیان بکەن.ئەم چیرۆکە جارێکی تر ئەوە دەسەلمێنێتەوە شەڕی ناوخۆ/ کوردکوژی راستەوخۆ بە قوڕمیشکردنی داگیرکەران بووە و بۆ بەرژەوەندی ئەوان بووە..ئاخر ئەو ڕۆژانە یەکێتی ھەوڵی دروستکردنی پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ تورکیادا دەدا...
بڕگەیەکی تری ئەم شەڕەی ناو کوردستان دەستێوەردانی داگیرکەران، لەوەدا باس دەکات تورکیا ھەڕەشەی ھێرشکردنە سەر باشووری کوردستان دەکات. شایانی باسە لەشەڕی نێوان پ ک ک و یەکێتیدا ئەوە دەنووسێ کەوا کۆسرەت رەسوول ئامادە نەبووە شەڕی پ ک ک بکات، ئەگەرچی ھۆکارەکەی روون ناکاتەوە لێ ئەمەش گرنگی خۆی ھەیە.. ھاوکات جەخت لەوە دەکاتەوە، کە پ ک ک شەڕ فرۆشەکەیە و ھاوکات لەشەڕێکی دژواردا بووە لەگەڵ پارتیدا ، کەچی لە باری سەرنجی پ ک ک ەوە دەنووسێ: "پەکەکە ئەیووت یەکێتی لە پارتی خەتەرترە لەسەر کورد" ل١٦٥.
یەکێتی ھەمیشە ھاوکاری پ ک ک بووە لەشەڕی دژی پاتیدا، سوشیالیستیش ھەمیشە ھاوکاری یەکێتی بووە... حەمە و جەلال تالەبانی پەیوەندی توندوتۆڵیان پێکەوە ھەبووە و زۆر کاریان بۆ یەکتر ڕاپەندووە و مام لە ساتەوەختە تەنگەکاندا متمانەیەکی گەورەی بە حەمە ھەبووە. وەکو دیکە چەندین نموونە باس دەکات کە یەکێتی داویان بۆ ناوەتەوە و دژایەتییان کردووە. 

ئێران و عێراق و سووریا ھەمیشە ئەکتەری چالاک و ژمارەی گەورەی تەواوی شەڕ و ڕووداوەکانی نێوان حیزبە کوردییەکان بوون..ھەڵبەت تورکیان ھەرگیز تەماشاوان نەبووە...ھەروەک حەمەش ئاماژەی پێداوە:
١٩٩٢ تورکیا ھاوکاری پارتی و یەکێتی لەشەڕی دژی پ ک ک کردووە
١٩٩٥ تورکیا ھاوکاری پارتی لەشەڕی دژی پ ک ک دا کردووە
١٩٩٧ تورکیا ھاوکاری پارتی لەشەڕی دژی یەکێتی و ئێران دا کردووە و لەشەڕی ساڵی ٢٠٠٠ دا تورکیا ھاوکاری یەکێتی لەشەڕی دژی پ ک ک کرد بێت! بۆیەکا ئێران لایەنگری پ ک ک کردووە.
کاتێ دەگەینە لاپەڕە ١٦٨-١٧٤ پرۆتۆکۆلی ئەو دانیشتنە دەخوێنیتەوە کەوا لەنێوان مستەفا قەرەسووی نوێنەری پ ک ک و ئاقای پەناھی نوێنەری ئێران و نوێنەرانی سۆشیالیست و حزبی زەحمەتکێشانەوە. بەڕاستی ورد تێدەگەیت لەسەر شانۆی کوردستان چ دەگوزەرێ و شەرمە کەسی شۆڕشگێڕ و حیزبی بانگاشەکەری شۆڕشی ڕزگاری نەتەوەیی کلیلی ئەقڵیان بدەنە دەست دوژمنی خۆیان...
 حەمە.. چونکە خۆی سەرکردەیەکی پێشمەرگەییە راستەوخۆ بەشداری زۆری شەڕەکانی کردووە، ئاگاداری کەلێ کونوقوژبنی ڕووداوەکانە، ھەر بۆیە لەسەر دیاردەی شەڕەکانی ناوخۆ بە دوورودرێژی دەنووسێ و بیروڕاکانی لایەنی بەشەڕھاتووە، وەک خۆی دەخاتە بەرچاو و ھەڵسەنگاندنی بۆ دەکات.. گرووپێکی چەکدار بەناوی تەوحید دەچنە ناوچەی سورێن، دەیانەوێ لەوێ بارگەوبنە ھەڵدەن... ککەئەمە نوێنەرێک دەنێری بۆلای مام - کە لەو کاتەدا ئاقای پەناھی نوێنەری ئاسایشی ئێران میوانی دەبێت- داوا لە جەلال تالەبانی دەکات ھەڵوێست وەرگرێ، کەچی مام دەڵێ:" ئەوانەش ھەر ھەر ئەرزی خوایە و سورێن جێیگای دە ھەزار کەسی تێدا دەبێتەوە و وازیان لێ بھێنن (...) ئەوە ئێرابیش پێیان خۆشە لەو سنوورە بن و شەڕیان لەگەڵ ڕاگرن".ل١٨٢.
پەناھی ئاگای لە گفتوگۆکان دەبێ و بە پێچەوانەی مام دەڵێ: با سۆشیالیست شەڕی ئەوانە نەوەستێنێ و پێمان ناخۆشە ئەوانە بچنە سنووری سورێنەوە.بزوتنەوەی ئیسلامی و یەکێتی ئەم داوە بۆ سۆشیالیست دەنێنەوە.. کۆمەڵێ خەڵک دەبنە قوربانی ٢٠٠٠/١٢/٣ لە تاران شاندێکی کۆنگرەی نەتەوەیی بەسەرۆکایەتی عیسمەت وانلی و زوبێر ئایدەر و د. حەمەساڵح ئیبراھیمی دەبینێ کە بە نیازی ڕێککەوتنی یەکێتی و پ ک ک ھاتوون... بەداخەوە رێگە نادرێن بچن و دەستبەتاڵ دەگەرێنەوە، ئاخر بۆ ئەوەی چارەسەر لای خۆیان بێت و سەری گوریس ھەر بەدەست داگیرکەرەوە بێت و کورد خۆی نەتوانی کێشەکانی ناوماڵی خۆی چارسەر بکات.
بۆ یەکەم جارە بزانم حەمە ھەستی شاعیرانەی هەس و هێندە لەدنیای ئەدەبەوە نزیکە. لەم بەرگەدا چەندین کۆپلە شیعر و شیعری درێژ بەرچاو دەکەون.. 
من کوردێکی نیشتمانم، ھەڵگری ئاڵای سەرکەوتن یان نەمانم
لەو ڕێگایەشدا سەرفم کرد گەنجی و یاریکردن لەگەڵ مەرگدا بە ژیانم
ھەر بۆیە دەستم دایە ئەو پرۆژەیە
دروستکردنی ئەو پردە بۆ سەرکەوتن و پەڕینەوەی کوردە
من کوردێکی نیشتمان پەرستم
ئەیپارێزم بە بیر و ھەستم
ھەتاکو ماوم بۆ ئەو کورد ئەبێت نەوەستم

بۆ سلێمانیش دەڵێ
شاری سلێمانی بۆ بێدەنگ و ماتی
خۆ تۆ پاشماوەی سێ ئەمارەتی
وا مەزانە لە شارستانیەت دووری
ئەردەلان، بابان و شارەزووری
ھەرچیت بۆ بڵێین ھێشتا ھەر کەمە
پێشکەوتووترین شاری سەردەمە
بۆ میللەت ھەڵت گرتووە ئەو ھەموو خەمە

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە