پارتی و پاراستن هەڕەشە لە خۆم و لە خێزان و منداڵەکانم دەکەن

Thursday, 03/03/2022, 1:54

19953 بینراوە


دوای ئەوەی دەزگای پاراستنی پارتی لە بەرواری ٢٠٢٠/٨/٨ لە شاری سلێمانی بە شێوەیەکی ترسنۆکانە هێرشیان کردە سەرم کە ئامانج لەو کارە ترسنۆکانە دیار بوو دەیانویست بێدەنگ بین و چیتر ڕەخنە نەگرین لەپارتی و لە بنەماڵەی بەرزانی باسی هەڵەو کەموکوڕی و خیانەتەکانی مەلا مستەفا نەکەین بەڵام دەرکەوت کە هەڕەشە و هێرش و پەلاماردان نامانترسێنێت ناوەستین ،  ئەوەی دەیڵێی  پێویستە بیڵێین و پێویستیمان بە ئۆکەی هیچ هیزو لایەنێک نییە کوردانە وڕاستگۆیانە دەنوسین دەپەیڤین و بەردەوام دەبین لە چالاکییەکانمان . 
ئەوانەی پەلاماری ئێمەیان دا لە لێپرسینەوە و سزای یاسایی دەرباز بوون کە بەداخەوە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی دەزگا ئەمنیەکانی یەکێتی دەرگای بۆ دەربازبوونی تاوانبارەکانی دەزگای پاراستن کردەوەو هاڵهاتن بۆ شاری هەولێر ، دوای حەوت مانگ ئەم تاوانبارانەی دەزگای پاراستن بە پلانێکی تۆکمەتر دەگەرینەوە شاری سلێمانی و ئەم جارە پلان دادەنێن کە لە ڕووداوێکی هاتوچۆدا ئێمە بکەنە ئامانج و تیرۆرمان بکەن ، بەڵام سوپاس بۆ خودا هەر زوو ئاگادار کرامەوە لە پلانەکە ڕێکاری خۆپاراستنم گرتە بەرو  کە دواجار ئەم هێزە ترسنۆکە دەمامکدارەی پاراستن پەلاماری دکتۆر غالب محەمەد پەرلەمانتاری عێراق دەدەن و لەلایەن دەزگا ئەمنیەکانی سلێمانی دەستگیر دەکرێن لە لێکۆڵینەوەکاندا دان بە تاوانەکانیاندا دەنێن  . 
دوای هیرشەکەی دەزگای پاراستنی پارتی ژیانم لە کوردستان کەوتە مەترسی لەلایەک پارتی دڵی ئاوی نەخواردبویەوە لە هیرشەکەدا و بە دوای تۆڵەی زیاترەوە بوو ، لەلایەکی تر فشاری سیاسی یەکێتیم لەسەر بوو کە بۆ ئەوەی ژیانم پارێزراو بێت دەبێ بچینە نێو ڕیزەکانی یەکێتی  و یەکێتیش لە ڕێگەی چەند کەسایەتیەکەوە پەیوەندیان پێوە کردم کە ببینە یەکێتی ، من ئەو کاتە وەڵامی یەکێتیم دایەوە کە هەرگیز جاریکی تر ناچمە ڕیزی هیچ لایەنێکی سیاسییەوە وەبە تایبەتیش نابم بە یەکێتی چونکە یەکێتی پاشکۆ و کۆیلەی پارتییە ! 
مانگی ٢٠٢١/٣ بە یەکجاری ماڵئاوایم لە کوردستان کرد و لە پێناو پاراستنی ژیانم دا هاتمە دەرەوەو لە یەکێک لە وڵاتە ئەوروپییەکاندا نیشتەجێ بووم ، بە درێژایی ئەم ماوەیە بەردەوام بووم لە کارو چالاکی لە ساڵیادی خیانەتی ٣١ـی ئابی ٢٠٢١ بەشداری یەکەم خۆپیشاندانم کرد لە بەردەم نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە وڵاتی بەریتانیا ،  دواتریش رۆژی ١٧ـی ٩ـی ٢٠٢١ دژ بە سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ لەندەن خۆپیشاندانێکمان ڕێکخست لە بەردەم نوسینگەی بۆریس جۆنسن سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا بەیاننامەی کوردانی ئازادیخوازانی بەریتانیا دژ بە سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانیم خوێندەوە . 
لەم ماوەیەدا پارتی و دەزگای پاراستنی پارتی چەندین جار هەڕەشەیان لە خۆم و لە خێزان و منداڵەکانم کردووە ،چوار ڕۆژ دوای خۆپیشاندانەکە کەسێک بە ناوی (ڕەمەزان هەرکی) کە پلەکەی عەمیدەو نزیکە لە وەیسی بەرزانی لە ڕێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتی فیسبووک پەیوەندی پێوە کردم و هەڕەشەی لێکردم کە هەرکاتێک گەڕامەوە کوردستان باجی ئەو نوسینانەو خۆپیشاندانەکان دەدات ، دوو ڕۆژ دواتر لە لایەن دوو هەژماری تری فیسبووک بە ناوەکانی ( لایەنگرانی برا گەورەو دڵسۆزانی پارتی ) نامەی هەڕەشە ئامێزم پێگەیشتووە کە تێدا دەڵێن ؛ ڕەخنە گرتن لە ماڵی بارزان باجی هەیە و باجەکەیشی دەدەیت  ئیستا تۆ لە دەرەوەیت ماڵ و منداڵت لە کوردستانن و باجەکەی دەدەن . 
ئەمڕۆ لە ساڵیادی وەفاتی مەلا مستەفادا وتارێکم بڵاو کردەوە لەژێر ناونیشانی ( پارتی لە نوسینەوەی مێژوودا درۆی گەورەی بۆ مەلا مستەفا هۆنیوەتەوە ) دوای بڵاو بونەوەی وتارەکە لە ماڵپەرەکان جارێکی تر (رەمەزان هەرکی ) پەیوەندی پێوە کردمەوە و دەستی کرد بە هەڕەشە کردن و جنێودان و دەڵێ ؛ بنەماڵەی بەرزانی هێڵی سورە هیچ کەسێک بۆی نییە رەخنەیان لێ بگرێت هەتا ماوی هەر دەبێ لە ئەوروپا بیت هەر کاتێکیش گەرایتەوە باجەکەی دەدەیت . 
بە پێی ئەو زانیاریانەی کە بەدەستم گەیشتوون  ئەمڕۆ  ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی لە سلێمانی تاوتوێی وتارەکەی ئێمەیان کردووە و وەک کاردانەوەیەک لە دژی وتارەکەم کەسێک بەناوی (کاوە شێخ سەلام ) کە لە ناوەندی بڕیاری سەرکردایەتیدایە بابەتێک لە هەژمارەکەی خۆی لە ژێر ناونیشانی ( بووەستە دانا مەنمی ) بڵاو دەکاتەوە . 
هەلبەت من سەرەنجی خۆمم بۆ نوسینەکەی کاوەی شێخ سەلام خستووەتە ڕوو لە هەژمارەکەی خۆی وەڵامم داوەتەوە . 

هاوپێچ 

لینکی هەژماری فیسبوکی ڕەمەزان هەرکی. 
لینکی وتارەکەی کاوە شێخ سەلام .

وەڵامی سەرەنجەکەی من بۆ کاوە شێخ سەلام

کاک شێخ کاوەی ئازیز جارێ دەمەوێت لە کوردایەتیەکەی پارتییەوە بچمە ناو وتارەکەی بەریزتان ،ئەم کوردایەتییە موزەیەفەو خەمخۆرییەی پارتی بۆ پرسە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکان لەسەر پایەی تێکشکاندنی کەسایەتی مرۆڤ و گەوجاندنی میللەت و فەرهودکردنی سەروەت و سامانی ئەو میللەتە ڕاوەستاوە ، کوردایەتی لای پارتی و نەوەکانی مەلا مستەفا ئەوەیە ژینگەیەکی پڕ لەترس و تۆقاندن و تیرۆری سیاسی و بێکاری بۆ کۆمەلگا دروست بکەیت و بۆ خۆشیان وڵاتفەرهود بکەن و موچە نەدەن، بازاڕ و ژیان پەک بخەن لە پشتی هەموو ئەمانەوە ببنە چاوساغی تورک !  
‎من پێم خۆشە وەڵامی نوسین بە نوسین و ووشە بە ووشە بدرێتەوە گرنگیشە لە کاردانەوەکانمان هەڵچوونی تیدا نەبێت و نەچێتە خانەی ئیتهامکردن و تۆمەت دانە پاڵ یەکتر بەرگریکردن لە بیروباوەڕ کارێکی ڕەوایە ئەگەر ئەوە بیر بێت باوەڕت پێی هەبێت ، مەلا مستەفا کاریزما بێت یان ئەفسانەی مێژووی یانیش سیمبول و ڕەمز نەیتوانیوە سنوری خێڵ تێپەڕێنێت هەتا ٣/٢ ی پارتییەکان و مەکتەبی سیاسی پارتیش لەو سەردەمەدا هاوڕایی مەلا مستەفا نەبوون  سەرباری ئەوەی شۆڕش لەناو دەبات و دەچێت شانی شای ئیران ماچ دەکات ! سەرباری ئەوەی لە سۆڤیەت دەگەرێتەوە و خۆی پێ سەربازێکی کەریم قاسمە ! سەرباری ئەو مێژووە ڕەشەی کەرەج کە جاسوس بوون بۆ شای ئێران و دواتریش بۆ خومەینی بەسەر کوردانی ڕۆژهەلاتەوە !!. 
‎من سوپاسێکی تۆ قەرزارم کە بە خیانەتکار و جاش لە نوسینەکەتدا لەقەڵەمت نەداوین و مێژوو ڕابردوی ئێمەت نەشیواند و تفەنگت بە تاریکییەوە نەناوە ، ئێمە حەوسەڵە گەورەین و سنگمان فراوان و دڵیشمان لە بەفر سپیترە بەڵام ئازادی و کەرامەتی ئینسانم بەلاوە گرنگە و سازش لە سەر هەقبێژی ناکەم ، نوسین دۆخێكی قووڵ و سیسته‌ماتیككراوتری فۆرمه‌كانی قسه‌كردنه‌ و بیركردنه‌وه‌ی مرۆڤە به‌شێوه‌یه‌كی وردتر و عەقڵانیتر ، نەک ژاوە ژاو و جوێنەوەی تۆمەت !  بەڵام خۆزیا نەتنوسیبا بێئینساف و تۆمەتبارت نەکردینایە بەوانەی ڕابردوو کە بە حسابی ئێوەی پارتییەکان فەشەلیان هیناوە و کڕنوشیان بۆ مەلا مستەفا بردووە !! 
پێشم خۆش بوو دوور لەڕق و هەڵچوون و پەڕگیری و تەرەفگیری بتنوسیبایە بەڵام دیارە باری دەرونیت ناجێگیر بووە و پەلەت بووە لە بلاوکردنەوەی بابەتەکەت وەک ئەوەی سبەینێ نەیەت و فریا نەکەویت وەڵامی من بدەیەتەوە ! ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە پارتی و نەوەکانی مەلا مستەفا بوێری ئەوەیان نییە ڕاستییەکانی مێژوو وەکو خۆی بنوسنەوە بیرەوەرییەکانیش بە عەقڵی حیزب بە چاویلکەی خێڵەوە نانوسرێنەوە بەڵکو  پێویستی بە توێژەرو لێکۆڵەرو پسپۆڕی بواری مێژووییە کە خۆیان بە دوور بگرن له‌ هه‌ست و سۆز بۆ یار و رق له‌ نه‌یار! بە سەلیقەوە پشتی ڕووداوه‌كان بخوێنێته‌وه‌، به‌راوردی پێش و پاشی ڕووداو شکستەکان بکەن  ، ئەو مێژووەی کە پارتی و بنەماڵەی بەرزانی وەکو چیرۆک بۆ خۆیانیان نوسیووەتەوە ناچێتە خانەی زانست و فەلسەفەی مێژووەوە ئەو چیرۆکەی پارتی و بنەماڵەی بەرزانی  ئەگەر پسپۆرێكی مێژووی یان توێژەرو لێكۆڵەرێكی ژیر بینوسیبایەوەو مەلا مستەفای نەدەکردە کاریزما و ئەفسانەو پاڵەوان و ئەگەریش لایەنی جوان و ناشیرین و شکست و هەڵە و کەموکوڕییەکانی مەلا مستەفای بۆ دەرخستینایە ئێستا من و تۆ پێویستیمان بە وەڵام و وەڵامدانەوە نەبوو ، ئەو مێژووەی کە پارتی و نەوەکانی مەلا مستەفا نوسیویانەتەوە پێویستە پاڵفتە بکرێت و تێکستەکان ڕاست بکرێنەوە ، نەک راستیەکانی ناو مێژوو بشێوێندرێت بۆ مەرامی حیزبی و خێزانی کە دواتر جیاکردنەوەی راستی و ناراستی کارێکی قورس دەبێت. 
زۆر بە کورتی ئەوەی لە بارەی مەلا مستەفا و خەبات و بیری نەتەوەیی و مرۆڤەوە نوسیوتە ڕیزی لێدەگرم و دەزانم وەکو پارتیەک ئاو لە ئاشی کێ دەکەیت !  بەڵام زۆرینەی سەرچاوە مێژووییەکان ئاشنامان دەکەن بە روانینێکی پێچەوانە لەم ڕوانینەی بەریزتان کە بە چاویلکەی پارتی نوسراوە بەڵگەشم بۆ قسەکانم  بیروەرییەکانی بەهادین نوری و زرار سڵێمان بەگی دەرگەڵەیی کتێبەکەی دکتۆر مەحمود عوسمانە بە ناوی ( تقیم مسیرة الثورة الکردیة وانهیارها ١٩٧٥) و کتێبی خەباتی پێشمەرگایەتی یان کارەسات و مالویرانی نوسینی ئەردەلان عەبدوڵا ئەمانە هیچیان یەکێتی نین و سەر بە برایم ئەحمەدو مام جلال و نەوشیروان نین کە ئەمانیش هەمان نەریتی دزێو و کەسایەتی لاوازی مەلا مستەفایان پێ ناساندوین . سوپاس

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە