نەوت یان فرۆشیاری علوج؟

Monday, 07/03/2022, 20:20

5567 بینراوە


وشەی علوج ئەگەر چی ڕەگ و ڕیشەی لە زمانی عەرەبیدا، هێندەی کۆنی زمانی عەرەبی کۆنە، بەڵام ئەوەی کە وای کرد ببێ بە وێردی سەر زمانی دەزگا ڕۆژنامەوانییە جیهانییەکان، محەمەد سەعید سەحافی وەزیری ڕاگەیاندنی سەردەمی سەدام بوو. 
ئەمەش کاتێک بە سەربازە ئەمریکییەکانی دەووت علوج. واتا هەم غەریب وبێگانە و هەم گوێدرێژی خەت خەت، ئەمەشیان وەکو گاڵتەپێکردن بوو بەوان.
ئەمانەش بە گشتی لە مانا ڕیشەییەکەی زمانی عەرەبییەوە وەرگیراون. چونکە مانای علوج کە کۆی (علج)ە، بە کەسی غەیرە عەرەب، واتا عەجەم ئەوترێ. هەر وەها بە کەسی توند و تیژ و بە خۆ ئەوترێ. هەروەکو چۆن لە زمانی عەرەبیدا بە گوێدرێژی وەحشی یان زێبراکانیش دەوترێ علوج. 
دوای کەوتنی ڕژێم لە ٢٠٠٣دا، ئیتر هەرچ کاڵا و شتێک کە بێ بنەما و بێ دۆکومێنت و سەرچاوە و بێ دایک و باوک بووایە پێیان ئەوت علوج.
یەکەم شتێکیش کە بە علوج ناوی دەرکرد لە لای عێراق و کوردستانییەکان، ئەو ئۆتومبیلە نیسان پاترۆڵە کیلۆمەتر سفرە سپییە بەرزانە بوون کە لە بەغداوە هەزارانی لێ کرا بە کوردستاندا. هەر بۆیەش ناونرا علوج چونکە بێ پێشینە بوون لە فەرمانگەکانی هاتوچۆی عێراق و هەرێمدا. هەر لە بەر ئەوە بوو کە هەموو کەس نەیدەکڕین. بۆیە خاوەنی ئەم  جۆرە کاڵا و ئۆتومبیلانە بە مافی خۆی نەدەزانین. هەمیشە هەوڵی فڕۆشتنی دەدان بە نرخێکی کەم، تا لە کۆڵی خۆی بکاتەوە و گیرفنیشی لە پارەی علوج پێ پڕ بکات. 
بەم پێشەکییە ویستم لە نەوتەی هەرێم بکۆڵمەوە کە ئاخۆ ئەویش وەکو نیسان پاتڕۆڵەکان علوجە؟ 
کوردستان خاکێکە هی کوردە بە سامانی سەر و ژێری زەوییەکەشییەوە. ئەم ڕاستییە تەنانەت سەددام حسێنی دیکتاتۆری لە ناوچووش دانی پێدا دەنان. تەنانەت لە چەندین لێکتێگەیشن لە گەڵ کورددا و لە چەندین قۆناغدا بە نەوتی کەرکووکیشەوە، ئەمەی بۆ کورد سەلماندبوو. بەڵام هەمیشە ئەیووت ئێمە ئەو نەوتە نادەینە دەستی کورد. دوای ڕوخانی ڕژێمی سەددم، حکومەت و سوپا و هێزی عەرب بە گشتی و سەددام بە تایبەتی لە ناوچوون. سەروەت و سامانی عێراق و سامانی خاکی کوردستانیش بێ خاوەن بوون تا چەندین ساڵ. لەم کاتەدا ئەم دەسەڵاتی کوردییە بوون بە خاوەنی نەوتی هەرێم تا دەستیان گەیشتە نەوتەکەی کەرکووکیش. نەوتێک تا ئێستاشی لە گەڵ بێت بە هەرزانترین نرخ لە جیهاندا ئەفرۆشرێ. لە ڕێگەی خراپترین و سەرسەخترین دوژمنی کوردەوە. بووە بە مایەی برسێتی خەلکی نەک خۆشگوزەرانی. ئەگەرچی ناوی ئاڵتونی ڕەشە، بەڵام بە نرخی تەنەکە و بە ڕێگەی قاچاخ و بە تەنکەری ڕەشیش ئەفڕۆشرێ. ئەوەیش کە بە بۆریدا ئەڕوات تەنها فرۆشیارەکان و داگیرکەرێک و کڕیارە چاوچنۆکەکانی خەنی کردووە و خاوەنە ڕاستییەکەشی خستۆتە سەر ساجی عەلی و بگرە چەند نەوەیەکیشی قەرزار کردووە، پێش لەدایک بوونیان. جا لێرەوە جێگەی خۆیەتی بزانین نەوتەکە علوجە یان فرۆشیارەکەی؟ 
ئەگەر چی زۆرینەی کورد لە گەڵ بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی بوون سەبارەت بە مامەڵەکردنی حکومەتی هەرێم بە نەوتەوە. بەڵام باوەڕ ناکەم تاکە هۆکارێکی بۆ ئەوە بگەڕێتەوه کە خەڵکی کوردستان خۆی بە خاوەنی خاکی کوردستان و سامانەکەی نەزانێ و لێی زیاد بێ و حەز بکات ئاسان ڕادەستی بەغدای بکات. خەڵکی کوردستان ئەم نەوتە بە هی خۆی ئەزانی و حەزیش ئەکات بە نرخی ئاڵتون بفرۆشرێ نەک تەنەکە و بخرێتە خزمەتی ڕۆڵەکانی. ئەم خەڵکە وەکو خوێنی خۆی بۆن و ڕەنگی نەوتی خۆی ئەناسێتەوە. هەر بۆیە گوومانی لەوشدا نیە کە نەوتەی گران بەهاترینە و کونیە و بنەچەی دیارە و علوج نیە. 
خۆ ئەگەر خەڵکی کوردستان دەبینین کە چەپڵە بۆ بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی لێ دەدەن و حەز ئەکەن نەوت لە ژێر دەستی دەسەڵات دەربهێنن. وەکو ئەوەیە کە جامی ژەهری ناچاری هەڵبدەن و کزە لە جەرگیانەوە دێت. هۆکارەکەشی ئەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە دسەڵاتدارانی هەرێم و نەوت فرۆشەکانی بە علوج دەبینن. چونکە  ئەوان خۆیان بە خاوەنی نەوتەکە نازانن و دڵیان بۆی ناسووتێ، وەها تاڵاا و هەڕاج فرۆشی ئەکەن. ئەوان کڕیارەکان و تورکیایان خەنی کردووە و خەڵکی خۆشیان برسی. تەنها لە پێناو ئەوەی بەر باخەڵی خۆیان پڕ بکەن. چونکە هەمیشە بوخچەی هەڵاتنیان ئامادەیە و خۆیان بە اتی ئەزانن لێره. بۆیە خەڵکی نەوتەکەی خۆی نا بەڵکو فرۆشیارەکانی حکومەت بە غەیرە و علوج ئەزانن.
 دەنا نەکراوە و ناکرێت، دسداشە لە بەری کەنداو بە ٣ ساڵ دوای فرۆشتنی نەوت بەهەشتێک لە سەر لم دروست بکات بۆ خەڵکەکەی خۆی. سور و سپییەکی نەرویجیش دوای ٣ ساڵ لە فرۆشتنی نەوت ژیان لە سەر بەستەڵەک دروست بکات بۆ گەلەکەی. بەڵام ئەم کوردە نەدیتکەیەش خاکی کوردستانی وەکو گەوهەر بە نەوتەوە ڕادەست بکەی، لە دوای ٣٠ ساڵ، بڵێ ها ئەوە دۆزەخ. 
لێرەوە دەرئەکەوێ کە ئەم دەرئەنجامە خراپە، خەتای ئەوە نیە کە نەوتەکەی هەرێم نەوتێکی علوجە بەڵکو ئەوە فڕۆشیارەکەیەتی کە علوجە چونکە خۆی نە بە خاوەنی نەوت و نە به خاوەنی خەڵکی کوردستان ئەزانێت. 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە