هاتنی نەورۆز و ساڵی نوێی کوردی لە نەتەوەی کورد پیرۆزبێ  

لێرەدا کرتە بکە بۆ گوێگرتن لە سرودی: (جەژنە جەژنی کوردستانە. جەژنی نەورۆزە)


هەرەسی ئەخلاق

Thursday, 17/03/2022, 13:03

8483 بینراوە


سەرەتا:

کوشتنی کچێکی بیست ساڵە بەناوی (ماریا)، کە بە پلانی باوک و مامی، برا تەمەن 17 ساڵەکەی بە تاوانەکە هەڵسا، ئەمە وای کردم خۆم بۆ نووسینی ئەم بابەتە ئامادەبکەم، هەرچەندە پێشتر پێشناری ئەوەیان بۆ کردبووم، لە بری ئەوە چاکترە لەسەر شەڕی روسیا و ئۆکراینیا بنووسم, منیش بەم نمونەیە وەڵامم دانەوە:
(یواکیم) ئەو رۆژنامەنووسە سویدییە بوو، کە کاتی خۆی سەردانی قەندیلی کردبوو، هەروەها لە رۆژئاڤا لەگەڵ شەڕڤاناندا چووبووە شەڕەکانەوە، دوایی داعش گرتیان، ناچار وەک بەرپرسیارێتییەکی ئەخلاقی شەڕڤانانی رۆژئاوا لەگەڵ یەک دوو زیندانی داعشدا ئاڵوگۆڕیان پێکردن و گیانی ئەو رۆژنامەنووسەیان لە مردن رزگار کرد. ئەم رۆژنامەنووسە لە هەفتەی یەکەمی شەڕەکەی نێوان روسیا و ئۆکراینیا خۆی گەیاندە ئۆکرانیا، نزیک لە رووداوەکان ئەرکی رۆژنامەگەریی خۆی بەجێی هێنا. کاری رۆژنامەنووسی وەک زۆربەی رۆژنامەنووسانی هەرێم لێی تێگەیشتوون تەنیا قسەکردن نییە، وەکو نووسینی رۆمانێک بە خەیاڵ لە دوورەوە نیشانە لە رووداوەکان بگریتەوە و وشە ریزبکەیت، بۆیە وەکو نووسەر، یان رۆژنامەنووس قسەکردن لەسەر ئۆکرانیا کاری ئەمڕۆی من نییە و هیچ زانیارییەکی نوێم پێ نییە، کە تا ئیستا نەوترابێت، بمەوێت بە نووسینێک قسەی لەسەر بکەم، باشترە رووناکبیر و رۆژنامەنووسەکانی کەناڵە کوردییەکانی باشوور ئەوان قسەی زلی لەسەر بکەن.
کەسێک بەر لە چەند ساڵ وتارێکی بۆ ناردم، لە پاڵ ناوەکەی خۆیدا نووسیبووی (رۆژنامەنووس: فڵانە کەس!) لێمپرسی:  بۆچی بەڕێزتان رۆژنامەنووسن؟ لە وەڵامدا وتی: من هەموو رۆژێک رۆژنامە دەخوێنمەوە و دەشنووسم. ئەو پێی وابوو رۆژنامەنووس واتا رۆژانە بخوێنێتەوە و بنووسێت.
-------------------------

ماندێلا دەڵێت: لەهەر شوێنێک تاوانبار نەدۆزرایەوە، ئیتر بزانە دەسەڵات لە پشتی ئەو تاوانەوەیە.

منیش ئەوەی بۆ زیاد دەکەم و دەڵێم: هەر تاوانبارێک، لە باشوور دەگیرێت و دەسەڵاتی دزەکان ئازادی بکات، بۆ ئەوەیە دوایی بیکات بە پیاوکوژی خۆی. لە ئیستاوە براکەی ماریا پیاوکوژی دەسەڵاتە، باوک و مامی (ماریا)ش ئەندامی بە وەفای حیزبەکەی عەلی باپیرن، چونکە عەلی باپیر بۆ خۆشی برای خۆی کوشتووە و ژنی یەکەمی سوتاندووە.
کاتێک گوێ لە دانپێدانانی براکەی ماریا دەگریت، بەتایبەتی ئەو گفتوگۆیەی، کچەکە پرسیارەکانی لێدەکات، دەزانیت ئەو کۆمەڵگاییەی باشوور چی لێبەسەر هاتووە، رووی راستی ئەو دەسەڵاتە تاوانبار و راگەیاندنە کوردییانەش دەردەکەوێت، کە چەند خەمسار و هاندەرن، لە ئاست ئەوەی رۆژانە روودەدەن، نیشتیمانیان کردۆتە قەسابخانە، شەرەفیان تێیدا بچوکردۆتەوە، خستویانەتە نێو لاقی ژنەوە، پیاوە سمێڵ بابڕە بێشەرەفەکانی نیشتیمان، کە بەبێ ژن و کچ و خوشکی خۆیان، ئیتر هەست بە بوونی شەرەف ناکەن، نازانن شەرەف کەوتۆتە کوێوە، بۆیە کاتێک سوپای داگیرکەر پێ بەسەر خاکیاندا دەنێت، یان بەرپرسە خائینەکان، کە زۆربەی نیشتیمانەکەیان رادەست دەکەن، نیشتیمان بە شەرەفی خۆیان نازانن، تەنیا لە پانتایی ئەو شەرەفە بچوکەی نێوناوگەڵی مێینەکانەوە دەڕواننە شەرەف بە بێ ئەوەی بزانن، خۆیان دەمێکە شەرەفی گەورەتریان نەماوە.
لە کاتی بینینی ئەو ڤیدیۆیەدا، برا بچکۆلەکەی (ماریا) قسە دەکات، ئەو هەستەم لا دروست بوو، کە ئەم کوڕە، هەرچەندە قوربانییە، وایان پەروەردە کرد، ببێتە پیاوکوژ، ئەگەر لە ژیاندا بمێنێت، پاش دە-دوانزە ساڵی دیکە، دەزانێت چ تاوانێکی گەورەی کردووە. ئەو میدیاکارەش کە گفتوگۆی لەگەڵدا کردووە، هەروەک برادەرێک قسەی لەسەر کرد، ژنێکی نەفامە، بەو مردوویەش ئیرەیی بە ماریا دەبات، کە وەکو ئەو وشیار و عاقڵ نییە، لە پەیامی راگەیاندن نەگەیشتووە، گەورەترین تاوانبارە، لە رێگای ئەو گفتوگۆیە و لە ناوشیاری پێشەی راگەیاندنی خۆی هەوڵ دەدات سۆز و لایەنگر بۆ ئەو خوشککوژە پەیدا بکات و رەوا بە هۆکاری کوشتنەکەی بدات، دەیەوێت بڵێت مادام تەمەنی لە خوار 18 ساڵە و لەسەر مەسەلەی شەرەف خوشکی خۆی کوشتووە، شایستەی ئەوەیە ئازاد بکرێت. لە هەر وڵاتێک کەسێکی تاوانبار کە دەگیرێت، ناهێڵن راگەیاندنەکان قسەی لەگەڵدا بکەن، وەکو قوربانییەک لێدوان بدات و، تا پرۆسەی دادگایی بەو ئاڕاستەیەدا نەڕوات و ئاسانکاری لە بڕیاری دادگادا بکرێت.

داوای لێبوردن لە خوێنەران دەکەم، کە لەم نووسینەدا وشەی بێشەرەفم زۆر بەکار هێناوە، چونکە باسەکە لەسەر بێشەرەفەکانی باشوورە

لە ماوەی ئەم 31 ساڵەدا دەسەڵاتی پارتەکانی باشوور بەتایبەتی بنەماڵەی بارزانی و تالەبانی، ئافرەتیان بێ نرخ و سووک کرد، کۆمەڵگایان بەو ئاڕاستەیەدا برد، ئەگەر ژن لە فەرمایشتی پیاو دەربچێت، وەکو ئاژەڵ سەرببڕێت، ژن دەبێت خۆی بخاتە ژێر پیاوەوە، نابێت سەربکەوێت، ئەگەر بە قسەی پیاوی نەکرد، زمانی ببڕێت، جوان و عاقڵ و بە توانا بوو، سەرپۆش و حیجابی پێ بپۆشن، لە تواناکانی بدرێت. ئەو دەسەڵاتە بە مەبەست ئیسلامی سیاسیی و سەلەفیان بەهێز کرد، تا بەردەوام قسە لەسەر ئافرەت بکەن، ئەگەر باسی ژن و کچ لە خیتاب و قسەی مەلا و ئیمامەکان دەربهێنرێت هیچی دیکەیان پێ نامێنێت قسەی لەسەر بکەن. هیچ مەلا و خەتیبێک بۆی نییە باسی شەرەفی گەورەتر بکات کە نیشتیمانە و بنەماڵەی بارزانی خستوویانەتە ژێر پۆستاڵی تورکەوە، ناچن باسی ئێران بکەن، کە وەکو دەوڵەتێکی ئیسلامی ساڵانە بەسەدان کوردی هاوزمانی یەکێتییەکەی تالەبانی لە ئێران لە سێدارە دەدات. ئەرکی ئەم ئیسلامییە سەلەفییە کوردانە، وەکو سیخوڕ و خائین بۆیان دیاریی کراوە، چی بکەن و چی بڵێن. ئەم ئیسلامە سەلەفیانە، دژی خاک و نەتەوە قسە دەکەن، ئەرکیان بە عەرەبکردن و تەعریبکردنی کوردستانە، کە بە ناوی ئاینەوە، کاری لەسەر دەکەن، بۆنە نەتەوەییەکان وەکو نەورۆز ناشرین و حەرام دەکەن.
کاتێک داگیرکرد دەچێتە نیشتیمانی گەلێکی ترەوە و داگیری دەکات، بەمە ناوەستێت، لەگەڵیدا هەوڵی داگیرکردنی خەڵکەکەی دەدات، داگیرکردنی کەسایەتیی مانای لێسەندنەوەی کەرامەتە، هەر کاتێک داگیرکەر توانی عەقڵ داگیربکات، دەتوانێت کۆنتڕۆڵی هەموو بەهاکانی نەتەوەی ژێردەستیش بکات و لەناو نیشتیمانەکەیدا بمێنێتەوە. ئەمەریکییەکان چووبنە هەر شووێنێک لە پێشدا کاریان لەسەر ئەمە کردووە، هەروەکو لە ڤێتنام کردیان.
تورکیا بۆ هەڵوەشاندنەوە و بەدڕەوشتکردنی خێزان و کۆمەڵگای کوردەواری بە پلان هەرچی زنجیرە درامای تورکییە، بۆ باشووری دەنێرێت و لە کەناڵە کوردییەکاندا نمایش دەکرێت. ئێران هەرچی لەشفرۆش و ئافرەتی سوکە (کە ناوی پەڕەسێلەکانیان) لێنراوە بۆ باشووری بەڕێدەکات. هێڵی ئینتەرنێت لە باشوور بە بێ سانسۆر کراوەیە. لە تورکیاوە زۆربەی کەناڵە رووت و پۆرنەکان داخراون و کار ناکەن، بەڵام هەر دەگەیتە برایم خەلیل بە بێ کێشە، منداڵ و گەورە دەتوانن سەیری کەناڵی فلیمە رووتەکان و سایتیی پۆرن بکەن، ئەم مەلا و پێشنوێژە سەلەفیانە باسی ناکەن و خۆیان لە قەرەی نادەن، هەرچیی بەرپرسی خوێڕی و سەرسەریی و چەورەی کورد هەیە، تورکیا و ئێران دەیاندۆزنەوە، وەکو کەسانی سیاسیی بەرپرسیارێتیی گەلی باشووریان پێدەسپێرن و پشتگیریان دەکەن، لە هەمووی مەترسیدارتر رەوتی ئیسلامی سیاسیی تێدا بەهێز دەکەن، لە پاڵ مەساج و قومارخانە و قاوەخانەی نێرگەلە و شوێنی رابواردن، مزگەوتێکی زۆریش دەکەنەوە، بۆیە لە نێوان ئەو هەموو دیاردانەدا، ئەخلاق هەرەس دەهێنێت، رێز و خۆشەویستی بۆ خێزان و ژن نامێنێت، بنەماڵەی بارزانی و تالەبانی بە پلانی دوژمن و داگیرکەران، ژیانی سادەی خەڵکیان تێکداوە، پێویستە سەرەتاییەکانیان لێ سەندوونەتەوە، پارەیان لێبڕیون، گیرفانیان بەتاڵ کردنەتەوە، تا ناچاریان بکەن بیر لە فرۆشتنی شەرەفیان بکەنەوە. ئەوانەی شەرەفیان دەفرۆشن، کچە مۆدێل و گۆرانیبێژ و زۆربەی پێشکەشکاری کەناڵەکانن، کە خاوەنی ماڵ و حاڵ و سەیارەی گرانبەهان، دایکوباوک و کەسوکاری ئەو کچانەش چاوپۆشیان لێدەکەن. ئەمڕۆ کەسێک نابینرێت رووی خۆش و زەردەخەنە لەسەر لێوی بێت. ئەوەی پارەی هەیە و رووی خۆشە، ئەوانەن کە بوونەتە کۆڵەکەی پتەوەی ئەو خائینانە و دەسەڵاتیان راگرتووە ناهێڵن بکەوێت.
لە باشوور کە دەسەلاتێکی کوردیی بوونی نییە، دەسەڵاتێکە وەکو خەڵکەکەی بە زمانی کوردی، بە جلی کوردی، لەناویاندایە، لە دەسەڵاتی دوژمن دوژمنتر و ترسناکترە. ئەمڕۆ خەڵکی کوردستان لەنێو گێژاوێکدا ژیان بەسەر دەبات، ئەوەی تێیدا دۆڕاوە رەوشتە، ئەوەی تێیدا فەوتانە خەڵکە بەشەرەفەکەیە. ئەم دەسەڵاتە شەرەف و کەرامەتی بە کوردەوە نەهێشتووە.

هەر کچ و ژنێک بکوژرێت، دەڵێن لەسەر بەدڕەوشتی کوژراوە. هیچ پیاوێک لەسەر بەدڕەوشتی ناکوژرێت، لە کاتێکدا زۆربەی بێشەرەفەکان تەنیا پیاوەکانن.

برادەرێک گێڕایەوە، رۆژێک ژنی بەرپرسێک، هانای بۆ هێنام، کە دەمێک بوو دەمناسین تێکەڵاوییم لەگەڵیاندا هەبوو، داوای لێکردم قسە لەگەڵ مێردەکەیدا بکەم، تا واز لە سەرەرۆیی و داوێنپیسی بهێنێت، وتی کاتێک سکاڵای ژنەکەییم پێڕاگەیاند، وەڵامی دامەوە وتی: خۆناچم لە ماڵەوە بەدیارییەوە دابنیشم؟ ئینجا کردی بە گاڵتە و فشقیات، وتی: دەزانیت دایک و باوکم شانسیان هەبوو، کە منیان وەکو کچ نەبوو، ئەگەر کچ بوومایە دەمێک بوو حەیا و ئابڕوویانم بردبوو!، بەدەست خۆم نییە، ئەگەر لە ژوورێکدا لەگەڵ خوشک و خزمی نزیکی خۆشم دامبنێن بیر دەکەمەوە لە نیوە شەودا دەستی بۆ بەرم.
ئیستا ئەو کەسە لە ژنەکەی جیابۆتەوە، پۆستێکی حیزبی و شوقەی هەیە. لە کاتی دەنگدانەکاندا چەند جارێک لە کەناڵەکانەوە دەرکەوتووە. زۆربەی بەرپرسەکان لە تەنگەژەی بەدڕەوشتییەکی زۆر ترسناکدا ژیان بەڕێدەکەن. ئەوان لە پێش هەموو کەسێکەوە تووشی پەتای بێڕەوشتی بوون، کەم بەرپرسی کورد هەیە، بە بەرییەوە مابێت، شەرەفی خۆی و ژن و کچی خۆی پاراستبێت. زۆربەی بەرپرسە بێشەرەفەکان بە بۆیاخکردنی سمێڵ و قژی سەریان دەیانەوێت بێشەرەفی خۆیان داپۆشن. پێیان وایە لە بەڵا و پەتای بێشەرەفی رزگاریان دەبێت. ژنە بەرپرس لەگەڵ مێردی، کچ و کوڕەکانیان لە چاو دایک و باوکیان چاوپۆشی لە کارە ناشرین و قێزەوەندەکانی یەکتر دەکەن، هەر ئەم بێشەرەفانەن، کە ئەمڕۆ ئەو نیشتیمانە بەڕیوە دەبەن و شەڕی پۆست و دەسەڵاتیش دەکەن.
لە سەرچاوەی باوەڕپێکراوەوە چەندین زانیارییم لە سەر بێ ئەخلاقی بنەماڵەی تالەبانی وەرگرتووە، بەهەمان شێوە لەسەر بنەماڵەی بارزانیی و بە دەنگی تۆمارکراو، کە کەسی نزیکی بنەماڵەی بارزانی بە بادینیی دەیگێڕێتەوە، ئەوانەشمان دەستکەوتووە، هەموو ئەمانە ئەوە دەسەلمێنن، کە سەرکردە و بەرپرسەکان خۆیان و کوڕ و کچیان نەک شەرەفی نەتەوەیی و خاک و نیشتیمانیان نییە، بەڵکو شەرەفی خێزان و ماڵی خۆشیان نەماوە و لەدەستیان داوە. لە کاتی نووسینی ئەم بابەتەدا، باسی فاروقی مەلا مستەفاشیان بۆ کردم، کە کەتنی لەو جۆرەی زۆرە، بە تایبەتی لە ناو خێزانەکەی خۆشی، رەنگە لە دەرفەتێکدا هەمووی ئاشکرا بکەین. بۆ ئەمەش زۆربەی کارمەندانی ئاسیا سێڵ، ئەگەر ئەم نووسینە بخوێننەوە دەزانن لە کوێوە دەمەوێت شادەماری فاروقی مەلا مستەفای پێ بگرم.
 دەسەڵاتی دوژمنی کورد کە بنەماڵەی بارزانیی و تالەبانییە، رێخۆشکەرن بۆ ئەوەی کۆمەڵگای کوردی بەرەو ئەو ئاراستەیە بەرن، کە بەهای رەوشت و موڕاڵ بە تاکی کوردەوە نەهێڵرێت. ئەوانەی موسوڵمان و نوێژکەریشن، رەنگە ئەوەیان بێ هەرس نەکرێت، ئەگەر بڵێم حیزبە ئیسلامە سەلەفییەکانیش یارمەتیدەرن بۆ بڵاوبوونەوەی فەسادیی و کاری بەدڕەوشتی و هەتککردنی ژنان، ئەوان کە بەناوی ئاینەوە، ژنی خەڵکی داگیر دەکەن، لە بری ژنێک چوار ژن دەهێنن، ژنی میسار و بەجاش حەلاڵ دەکەن، ئەو کارە هیچی کەمتر نییە لەوەی ئافرەتێک بە ناوی ئاینەوە بۆ کاری خراپ رابکێشرت، لەو لاشەوە قسە بۆ پیاوانی موسوڵمانی ساویلکە دەکەن، تا نەهێڵن کچەکانیان بە سەری  رووتەوە بچنە دەرەوە، بەڵام بۆ شوێنی رابورادن و مەساج و کچەمۆدێلەکان قسە ناکەن، چونکە دەزانن بەرپرسێک و حیزبێکی باڵایان لە پشتە. ئەم مەلا و خەتیبانە هۆکارن بۆ بڵاوبوونەوەی ژنکوژی لە کوردستان، کە عەلی باپیر وەک نمونە یەکێکە لەوانەی قسەی لەسەرە، گوایا هانی باوک و مامی (ماریا)ی داوە، فەتوای کوشتنی بۆ دەرکردووە.
زۆربەی ئەو کوردانەی کە دەمێکە لە تاڕاوگەن، بیرکردنەوەیان بەرامبەر بە ئافرەت نەگۆڕاوە. لە سوید کورد وەکو ژنکوژ پێناسە دەکرێت، لای پۆلیس مەلەفی هەڕەشەی ژنکوژیی پیاوانی کورد لە هەڵکشاندایە .
پەندێکی کوردی هەیە، دەڵێت، کورد پارەی بوو، یان ژن دێنێ، یان پیاو دەکوژێت. ئیستا زۆربەی کوردە دز و بازرگانەکان، هەروەها بەرپرسە خائین و نیشتیمانفرۆش و مەلا و خەتیبەکان، بە زیادەوە هەردووکیان دەکەن، ژن دەهێنن، لەگەڵ ژناندا رادەبوێرن. پیاو و ژنیش پێکەوە دەکوژن.
نووسەری ئینگلیزی (کۆلن ویسلن)، کە لە ساڵانی شەستەکانی سەدەی رابردوو ناوبانگی زۆری هەبوو، لە کتێبی (أصول الدافع - ص٤٩)دا دەڵێت ئەو پیاوانەی توانای ئەوەیان نابێت کەسایەتیی خۆیان لای پیاوانی دیکە دەربخەن، لای ژنان پیاوەتیی خۆیان پیشان دەدەن. هەروەها دەڵێت: کەسی خاوەن بەهرە و بە توانا وەک نمونە لە بواری هونەر و ئەدەب و سەربازییدا، کاتێک هەموو رێگاکانی لێبەربەست دەکرێت، ناتوانێت بەهەرەکانی خۆی دەربخات، ئیتر خوو دەداتە رابوردن. بۆیە ئەمڕۆ نە هونەر ماوە، نە ئەدەب رەواجی هەیە، ئەو پیاوە ئازایانەی کە جاران ئەرکی دادگاییکردنی خائینەکانی پێدەسپێردرا، ئەمڕۆ نەماون.
کۆتایی ئەم باسە بەوە دەهێنم، کە مرۆڤی وشیار و زیرەک ئەو کەسەیە دەتوانێت مانایەک بە ئازادی خۆی بدات، لەو پێناوەدا قوربانی دەدات. سارتەر کاتێک باس لە (بەرەڵایی ئازادیی) دەکات، کە کەسانی ناوشیار بە ناوی ئازادییەوە، هەموو هەڵسوکەوت و کارێک ناشرین دەکەن و بە ئازادیش لێکیدەدەنەوە، دەڵێت: (بەرەڵایی، گاڵتەکردنە بە مانای ئازادیی، راکردنیشە لە خودی ئازادییەکە).
سروشتیش کاتێک زیرەکی و وشیاری بە مرۆڤێک دەدات، هەروەک ئەلبێر کامۆ لە شانۆگەری (کالیفۆرا) باسی دەکات، دوو هەڵبژاردەی دێتە بەردەم: یەکەم کە دەبێت لە پێناو مانەوەی خۆیدا بێدەنگ بێت و دەستبەرداری عەقڵ و بەهرە و تواناکانی خۆی بێت، یان دووەم: واز لە عەقڵی و تواناکانی خۆی ناهێنێت و قوربانی بۆ دەدات. ماریاش وای کرد وازی لە عەقڵی خۆی نەهێنا و ژیانی خۆی لە پێناودا دانا.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە