هەردی عومەر

https://www.facebook.com/hardi.omer.92


عیسا پژمان، پیاوی تێکدەر و هەڵگیرسێنەری شۆڕش

Wednesday, 26/10/2022, 0:50

4280 بینراوە


شۆڕشی ١٤ی تەموزی١٩٥٨لە عێراق سەری گرت و سیستمی پاشای ڕوخا و کۆماری جێگەی گرتەوە. بەڕەزامەندی عبدولکەریم قاسم ڕێکاری گەڕانەوەی مەلامستەفا لە سۆڤیەتەوە بۆ عێراق دەستپێکرد. دوای گەشتنەوەی بە عێراق لە شاری بەغداد نیشتەجێ بوو.
لەم کاتەدا دەبێت دەسەڵاتی ئێرانی بۆ تێکدانی ئارامییەکەی عێراق دەکەونەکار.
عیسا پژمان، کوردێکی خەڵکی سنەیە و لە دەزگای(سازمانی ئاسایشی پاشایەتی ئێران ـ ساواک)وەک ئەفسەر دەستبەکار دەبێت. ئەو بە هۆی لێهاتوویەکەیەوە لەلایەن ساواک و خودی محمد ڕەزا شای ئێرانەوە ڕادەسپێردرێت بۆ نزیکبوونەوە لە کوردانی باشووری کوردستان و هاندانیان دژی عبدولکەریم قاسم و تێکدانی ئارامی عێراق. عیسا پژمان پێشنیازی خۆی بۆ پەسەندکردنی بیرۆکەکەی دەنووسێت: "بە زووترین کات و بەر لەوەی هەل و دەرەتان لە دەست بچێت، لەگەڵ ڕابەران و گەورە پیاوانی کوردی حیزبی عێراقی وتوێژ دەست پێبکرێت، ئەوانە دنە بدرێن لە بەغدا بڕۆنەدەرێ و بچنە مەڵبەندەکانی باکوور و لە ناوچەیەکی شیاودا دەست بکەن بە کۆکردنەوەی لایەنگرانی خۆیان."
سەرەتا ڕاپۆرتی خۆی بەناوی (گەڵاڵەی پیرۆز)ئامادە دەکات و بە محمد ڕەزاشای دەدات هەتا واژۆی پەسەندی خۆی لەسەربکات. پژمان بە محمد ڕەزا شا ڕادەگەیەنێت، کە : "ئەگەر ڕێبەرانی پارتی دیموکرات پێشنیازی ئێمە وەربگرن بە سودی ئێمە و دەتوانین زۆریان کەڵک لێوەرگرین. لەسەرەتاوە هەندێکیان کۆمەک دەکەین، ئەگەر باش جوڵانەوە یارمەتییان دەدەین، دەنا لێیان دەبڕین. تازە ئەگەر چەند دانە تفەنگی بڕنەو، کە هەزاران لەوانە لە عەمبارەکانماندا بێ کەڵک کەوتوون، یان چەند ملیۆن فیشەک و کەمێکیش پارە، ئەوەندە بۆ ئێمە گرنگ نیە لەو بابەتەوە یارمەتیان بدەین، ئەمە تاقیکردنەوەیەکە تا بزانین چەندەیان کەڵک لێوەردەگرین."
دوای گفتوگۆی شا و پژمان لەسەر پرۆژەکە و کارکردن لەسەری، عیسا پژمان ڕێگای باشووری کوردستان دەگرێتەبەر.
ئەو سەرتا بۆ سەرگرتنی کارەکەی بەڕێگەی قاچاخ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە دێتە شاری کەرکوک و لەوێ چاوی بە عومەر دەبابە دەکەوێت و ڕاسپارەی خۆی بۆ ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی و سیاسی پارتی و خودی مەلامستەفاش دەنێرێت و چاوەڕێی ڕەزامەندی ئەوان دەکات، عومەر دەبابە بۆ بەغدا و عیسا پژمانیش بۆ تاران دەگەڕێتەوە.
ئامانجەکەی پژمان هاتەدی و سەرانی کوردی  لەبەغدا بە پێشنیازەکەی ڕازی دەبن، وەک پژمان دەنووسێت: "دوای چەند ڕۆژ ئاگاداربووم، کە مەلامستەفا بەبیانووی جەژنی قوربانەوە چووەتە مەڵبەندی بارزان و هەروەها بەرپرسانی دیکەش بەبیانووی جۆراوجۆر گەڕابوونەوە بۆ باکوور، یان لە بەغدا خۆیان حەشاردابوو."
سەرەتای هاوکارییەکانی ساواک بۆ جوڵانەوە کوردییەکە،  دەنووسێت: "بە ناردنی چەک و پارە دەستی پێکرد، لەگەڵ دابینکردنی دەرمان و پزیشک بۆ چارەسەرکردنی برینداران و نەخۆشەکانی ناو پێشمەرگە. دواتریش دەزگایەکی گەورەی بێسیم بۆ پەیوەندی نێوان سەرانی پارتی و تاران دامەزرا و کەوتەکار. ئەم بێسیمە لەگەڵ بەرپرس و یاریدەدەری و لەگەڵ کەلوپەلی پێویست ئامادەکرا و بەڕێکرا بۆ ناوچەکەیان. "
بۆ دڵنیایی محمد ڕەزاشا و گەرەنتی هاوکارییەکانیان بۆ دەسەڵاتی ئێرانی لەبەرامبەر هاوکارییەکانی ئەمان بۆ شۆڕشەکەیان، عیسا پژمان دەچێتە دیداری مەلامستەفا لە بەرزاییەکانی شیرین، کە جێگای مانەوەی بووە و نووسیویەتی: "لە مەلامستەفام ویست بۆ دڵنیایی شا و بەرپرسانی سەرەوەی ئێران پشتی قورئانم بۆ مۆربکات و سوێندی وەفاداریم سەبارەت بە شا و دەوڵەتی ئێران بۆ بخوات. مەلامستەفا وتی: من مەردم، بەڵێنێ کەداومە سەد قات پتر لە بەڵگە و سەنەد جێگایی دڵنیاییە، هەرچەند ئەگەر پێتوایە باشە ئەوەش دەکەم. منیش بێ یەک و دوو قورئانێکم پێ بوو لە کیفەکەم دەرمهێنا و شتێکم لەم بوارەدا نووسی کە باسم کرد، پێمدا هەتا واژۆی بکات. لە گەڕانەوەمدا بۆ تاران ناردم بۆ شا."
کتێبی/نهێنییەکانی بەستنی پەیمانی ١٩٧٥ی ئەلجەزائیر، عیسی پژمان، وەرگێڕانی/ناسر ئیبراهیمی، سوید١٩٩٧،لاپەڕەکانی ٥٦ـ ٦٠ـ ٦١ـ ٦٢ـ ٦٧ـ ٦٨ـ ٧٠

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە