هەردی عومەر

https://www.facebook.com/hardi.omer.92


ڕوویدا، بەڵام ڕووداو نەیبینی!!

Monday, 15/09/2014, 12:00

1677 بینراوە





یەكێك لەدروشمەكانی تەلەڤزیۆنی ڕووداو دەڵێت: لەهەر جێگەیەك ڕوویداتۆ دەیبینی. واتە مەبەستی ئەوەیە كە هەر ڕوداوێك ڕووبدات ئەو خۆی پێ دەگەیەنێت و دەیخاتە بەردەم بینەر. هەروەها تۆڕی میدیای ڕووداو هەمیشە باس لە بێ لایەنی و سەربەخۆیی خۆی دەكات. دیارە ئەم دروشمانە ئەگەر وەكو خۆیان جێبەجێ بكرێن گرنگن و بەواتان. گومانیش لەوەدا نیە كە هەموو تاكێكی دڵسۆزی كورد دەخوازێت رگەیاندنی پرۆفیشناڵمان هەبێت و خزمەتی هەموو گەل و ئامانجەكانی بكات و تەنیا خزمەتی پارتێك نەكات. دیارە زۆربەی تاكەكانیشمان ئەوە بەئاسایی دەبینن كەپارتەكان رگەیاندنی خۆیان هەبێت و زمانحاڵیان بێت، بەڵام بە راشكاوی ببنە زمانحاڵی پارتەكانیان. بەڵام هەموو تاكێكی كورد لەوە نیگەرانن كە بەپارەو توانای گەل و حكومەت راگەیاندن دروست بكرێت، بەڵام بە ڕاستەخۆ یان ناڕاستەوخۆ خزمەتی لایەنێك بكات و خۆشی بەسەر بەخۆ بناسێنێت. هەر ئەمەهۆكارە كە بەشێكی زۆری جەماوەری كوردستان نیگەرانن لە تۆڕی میدیای ڕووداو.
لێرەدا دەمەوێت لەڕوانگەی دروشمەكانی ڕووداو، هەواڵ و بەرنامەكانیەوە ئەم تۆڕە میدیاییە بخەمە ژێر پرسیارەوە. دیارە ئەو فاكتەرانەی كە سەربەخۆیی دەزگایەكی راگەیاندن یان ناسەربەخۆیی دیاری دەكەن سەرچاوەی ئابووریی. پەیام و هەواڵ و بەرنامەكانێتی. پێویستە سەرچاوەی ئابووریەكەی دیار بێت و شەفاف بێت. پێویستە لەهەواڵ، بەرنامەو پەیامەكانیدا لایەنگری لە پارتێكی سیاسی یان هێزیك نەكات. دیارە تۆڕی میدیای ڕووداو خۆی بەسەربەخۆ دادەنێت! بەڵام هەتا ئێستا سەرچاوەی ئابووریەكەی دیار نیە! كەهەر كەس دەزانێت توانایەكی لەڕادەبەدەری ئابووری لەبەردەستدایە. ئەگەر ئەو توانایە هی حكومەت بێت ئەوا دەبێت ئاشكرا بێت، خۆ ئەگەر هی حكومەتیش نەبێت و هی كەسێك یان لایەنێك یان كۆمپانیایەك بێت هەر دەبێت ئاشكرا بكرێت. ئەگەر ئەوە ئاشكرا نەكرێت، ئەوا ڕووداو بۆخۆی لەگەڵ دروشم و پەیامەكانیداراستگۆ نابێت. بێگومان ڕووداو لەم بوارەدا لەبەردەم پرسیارێكی جدیدایە، ئایا كێ دەزانێتسەرچاوەی ئابووری ڕووداو چەندە؟چیەوە؟ لەكوێوە دێت؟ كێ دەیدات؟ چاودێری كێی لەسەرە؟ هەر كەسێك دەزانێت كە توانایەكی ئابووری و سیاسی گەورەی لەپشتەوەیە. ئەگەر ناتوانێت كەناڵی ئاسایی و ئێچ دی لەسەر پێنج مانگی دەستكرد پەخش بكات. ناتوانێت مانگانە چەند قاتی تەلەڤزیۆنەكانی تر بداتە كارمەندەكانی! هەروەها ناتوانێت پەیامنێرەكانی بخاتە ناو هەر دامودەزگایەكی حكومیەوە، بەتایبەتی لە زۆنی زەرددا.
ئەگەر هەواڵ، بەرنامەو پەیمامەكانی هەڵسەنگێنین، دەبینین ئەوەی كە سەرۆكی پارتی و جێگرەكەی و كۆی پارتی دیموكرات بخاتە ژێر پرسیارو بەرپرسیارییەوە ئەوان باسی ناكەن. ئەگەر بتوانن هەوڵدەدەن پەردەپۆشی بكەن. بۆ نمونە پارتی دیموكرات سەرەڕای ئەوەی كە بانگەشەی سازان و حكومەتی بنكە فراوان دەكات، لەسەر ئاستی كەركوك و ئێراق باس لەپێویستی یەك هەڵوێستی كورد دەكات، كەچی لەدهۆك و هەولێر بەبێ گەڕانەوە بۆ لایەنەكانی تر بەتەنیا ئیدارەی دروست كردو پۆستی نەدا بەكەس! لەموسڵ بەتەنیا لەگەڵ لایەنە عەرەبیەكاندا رێككەوت! كەچی ڕووداو قەت ئەم بابەتانە ناكاتە مژاری بەرنامەو هەواڵ و بەدواداچوون! كەچی هەموو رۆژێك رێكنەكەوتنی یەكێتی و گۆڕان لەسلێمانی و پێكنەهاتنیان لەسەر دروستكردنی ئیدارە سلێمانی و باس كردنی كەموكورتیەكانی ئیدارەی كەركوك مژاری هەواڵ و بەرنامەكانی ئەم تەلەڤزیۆنەیە. ئەگەر سەیرێكی هەواڵەكانی رۆژئاوای كوردستانبكەین، دەبینین ئەو لایەنانەی كە لایەنگری پارتی دیموكراتن چەندە هەڵوێستی نابەجێ و هەڵە نیشان بدەن یان باسی ناكات، یان هەوڵی پینە كردنی دەدات. بەپێچەوانەی ئەو هەڵوێستەوە هەوڵدەدات هەنگاوە باشەكانی ئیدارەی كانتۆنەكانی رۆژئاواش وەكو كەموكورتی نیشانی جەماوەر بدات. دیارە كاتێك ئەمانە باس دەكەین مەبەستمان ئەوە نیە كەكەموكورتی ئیدارەو لایەنەكان نەەكاتە هەواڵ و رۆژەڤی بەرنامەكانی، بەڵكو دەڵێین ئەو شێوازە بێ لایەنی نیە، بەڵكو بەتەواوی لایەنگریەو خزمەتكردنە بەلایەنێك، ئەمەش پێوەرێكی تری سەربەخۆیی ئەو دەزگایە دەخاتە ژێر پرسیارەوە.
لەكۆتایشدا دەخوازم دوو نمونە بێنمەوە كەئەو دەزگایە ڕووبەڕووی پرسیاری جددی دەكاتەوە، ئەوانیش سەردانی شاندی باڵای باكوری كوردستان بوو بۆ باشوورو دیداریان لەگەڵ بەرپرسانی كەجەكە، یەكێتی و نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی، هەروەها ئۆپەراسیۆنەكانی هێزی پێشمەرگەو گەریلا لەهەفتەی رابردوودا لەقەراج و شەهیدبوونی سێ گەریلای هەپەگە هیچ نەبوونە بابەتی تەلەڤزیۆنی ڕووداو، واتە ئەو ڕووداوانە ڕویاندا بەڵام ڕووداو نەیبینین و بڵاوی نەكردنەوە! ئەمەش ئەو پرسیارە دروست دەكات كەئایا بڵاو نەكردنەوەی ئەو هەواڵانە بۆچی؟ خزمەت بەكێ دەكات؟ لەكۆتاییدا ماوەتەوە ئەوە بڵێم كەئەو سیاسەتەی ڕووداو پەتی كورتەو زۆر درێژە ناكێشێت و یان ئەبێت بیگۆڕێت یان ئەپچڕێت!.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە