هەڵدانەوەی لاپەڕەیەک لە مێژووی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران

Saturday, 14/01/2023, 15:57

7615 بینراوە


ھەڵوێستی کۆمەڵێک لە کادر و ئەندامانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە بابەت گەڕانەوەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان بۆ نێو کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ


ئەوەی لێرەدا و لە درێژەی ئەم نووسینە هاتووە هەڵوێست و هەڵسەنگاندنی ئێمەیە لە بابەت ئەو پرۆسەی بە ناوی یەکگرتنەوە هاتە ئاراوە، کە لە درێژەی هەوڵێکی تەواو نادێمۆکراتیک و ناڕوون بەو ئەنجامە گەیشت کە کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان پاش ١٦ ساڵ، بە بێ هیچ تێبینی و لێکدانەوەیەکی سیاسی تەشکیلاتی بۆ ئێستا و داهاتوو، خۆی هەڵبوەشێنێتەوەو بگەڕێتەوە نێو کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ. لە کاتێکدا لە ماوەی ١٦ ساڵی رابردوو لەم حیزبەدا هەم رێبازی سیاسی جیاواز گیرایە پێش و هاوکات گەلێک فیداکاری و لە خۆبردوویی لە هەموو مەیدانەکانی کاری تەشکیلاتی و رێکخراوەیی تا خەباتی پێشمەرگانەو رێکخستنی شارەکان و موقاومەتی نێو زیندانەکان لە لایەن ئەندامان و پێشمەرگەکانی ئەم حیزبەوە بەڕێوەچوو، کە زۆرێک لەوانە بوونە هێماو سونبولی موقاومەت و خۆڕاگری.
ئەمە تەنیا رەخنەیەکی گوزەراو دڵێشانێکی ساکار نیە بەڵکوو پێداگری لە مافێکی سیاسیە و وەستانەوەیە لە دژی پێشێلکردنی هەموو ئەو بەها سیاسی و دیمۆکراتیکانەی لە رەوتی مێژوویی کۆمەڵەدا بەرهەم هاتوون. لە هەمانکاتدا تووڕەییە لە دژی ئەو بێڕێزی و لەبەرچاونەگرتنی زەحمەت و ماندووبوون و فیداکاری ئەندامان و پێشمەرگەکانی ئەم رەوتە، لە داهاتووی بێ ئاسۆیی و نەبوونی پرۆژەیەکی دیاریکراوو ئیستراتژیەکی روون.
بۆیە هەڵوێستی ئێمە رێک لە بەرگری لەو بەها بنەڕەتیانەوە سەرچاوە دەگرێت کە بنەمای کاری گشتی و ریزدانان بۆ دەنگی گشتی دەکاتە سەنتەری رەخنەو هەڵوێستی خۆی وەک ئەوەی کۆمەڵەی پێی گەورە بووەو ناسراوە.  
پێویستە لە سەرەتادا چەند بڕگەیەک لە پێڕەوی ناوخۆی پەسەندکراوی کۆنگرەی سیانزەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بهێنینەوە بۆ ئەوەی نیشانی بدەین کە، ئەم نووسراوە رێک لەسەر بنەمای ئەو پەسەندکراوانە گەڵاڵە کراوە.
لە بەشی بنەما سەرەکیەکانی رێکخستن خاڵی حەوتەم هاتووە کە:
کارپێکردنی بنەمای رێبەرایەتی گشتی و مشتومڕو بڕیاردانی هاوبەش لە کۆمیتەکان و ناوەندەکانی بڕیاردانی حیزبی
بەڵام ئەوەی لەم پرۆسەدا تێپەڕی رێک پێچەوانەی ئەوەمان پێدەڵێ کە بڕیار لەسەر ئەم بابەتە نەک بە بڕیاری کۆمیتەکان و تەنانەت ناوەندەکانی بڕیاردانی حیزبی نەبوو، بەڵکوو رێک لە ئاڵقەیەکی دووکەسیدا بریار لەسەر ئەم بابەتە درا بە بێ ئەوەی ئەسڵی بەشداری گشتی تێیدا رەچاو بکرێت.
لە بەشی تایبەت بە کۆنگرە مادەی یەکەم هاتووە کە:
کۆنگرە باڵاترین ئۆرگانی کۆمەڵەیە کە هەر سێ ساڵ جارێک دەبەسترێت و بەڕێوەبردنی بڕیارو پەسەندکراوەکانی بۆ هەموو حیزب پێویستە.
واتە ریک بە پێی ئەم بەندە کۆنگرە لە کاتی خۆیدا نەک نەگیراوە بۆ بڕیاردان لەسەر چارەنووسی کۆمەڵە بەڵکوو لە مانگی ئۆکتۆبری ٢٠١٢ بەملاوە کە دەبوو کۆنگرە سێ ساڵ دواتر بگیردرێت، بەڕێوە نەچووەو حەوت ساڵ بەسەر ناڕەوابوونی ئەو کۆمیتە ناوەندیە تێپەڕیوە کە بتوانێ بڕیار لە چارەنووسی تەشکیلات بدات، بۆیە لەمبارەوە رێک پێچەوانەی بڕیارەکانی کۆنگرە بووە کە بە دەنگی زۆرینە پەسەندکراوە. کاتێک ئێمە دەڵێین ئەمە دژی بڕیاری گشتی بووە واتە لە ژێرپێنانی ئەسڵی بەشداریی ئەندامانی ئەو تەشکیلاتە بووە کە دەبوو لە کۆنگرەیەک یەکلا بکرێتەوە.
سیاسەت بە بێ بوونی جەماوەرو بەشداریان هیچ مانایەک پەیا ناکات و بە تاڵ دەبێتەوە لە هەموو بەهاو بایەخەکانی خۆی، واتە گرینگایەتی کاری سیاسی ئەوەیە کە رەنگدانەوەی لە هەموو بەستێنەکانی کۆی کۆمەڵگا هەیە، چونکە لە بنەڕەتتدا سیاسەت واتە جەماوەریکردنەوەی بەرنامەو پرۆژەو لە هەمانکاتتدا وەرگرتنی بیروڕای گشتی بۆ بە دەستهێنانی ئامانجێکی دیاریکراو.
لە پێڕەوی ناوخۆی پەسەندکراوی کۆنگرەی ١٣ی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان لە مادەی سێیەم بەشی سکرتێر هاتبوو کە، سکرتێر تەنیا دەتوانێ دوو دەورەی لەسەر یەک مەبەست دوو کۆنگرەی لەسەر یەک مافی خۆکاندیدکردنی بۆ پۆستی سکرتێر هەبێ. بۆیە سەرەتا لە روانگەی ئێمەوە کاکڵی سەرەکی ئەو یەکگرتنەوە وەک دەڵێن نەک لە نیازو خواستی بزووتنەوە، چوونکە ئەگەر وا بوایەت مەگەر لە کوێدا خواستی بزووتنەوە جیابوونەوە بوو کە چەندین لێکترازان لە ریزەکانی ئەم تەشکیلاتە روویدا، بەڵکوو بە پێچەوانە ئەم باسە لە دڵەڕاوکێی ئەوەی نەکا پۆستی سکرتیری لە کۆمەڵە لە پرۆسەیەکی دیمۆکراتیکدا دەستاودەست بکرێ و بەمشێوە ئەو ئاواتە کوێر بێتەوە کە کەسێکی دیکە هیچکات مەجالی تەنانەت بیرکردنەوە لەو پۆستەی هەبێ جیا لە یەک کەس یان لە نێوان دوو بنەماڵە.
یەک پرسیاری زۆر هاوڕێیانە لە هەموو ئەو کەسانە دەکەین کە ئەمڕۆ لەگەڵ ئەو پرۆسەیە کەوتن و دەنگیان پێدا، کە لە تەنیاییدا لە خۆتان بپرسن کە ئایا بەڕاستی هەوڵدان بۆ سڕینەوەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان و رادەستکردنەوەی، بە مەبەستی گەورەکردنەوەی کۆمەڵە بوو یا تەنیا ترس لە دەستاودەستکردنی دەسەڵاتی پۆستی سکرتێری؟
وەڵامەکەشی هەر بۆ خۆتان و بە ویژدانی سیاسی خۆتانی بدەنەوە.
کۆمەڵەی زەحمەتکێشان دەیتوانی ئەو سەهۆڵبەندانە لە کۆنگرەی داهاتووی خۆیدا بتوینێتەوە کە سکرتێربوون تەنیا مافی یەک کەسە، بەڵکوو هەر مرۆڤێکە خەبات و داهاتووی سیاسی خۆی بەم رەوتەوە گرێدابوو دەیتوانی مەجالی ئەوەی هەبێ رۆژێک لە رۆژان بە بێ هەڵاواردن بگاتە پۆستی باڵا. هیچکەس ناتوانێ ئەم باسە کورت بکاتەوە بۆ ئەوە خەڵکانێک حەز بە گەورەبوونەوەی کۆمەڵە ناکەن بەڵکوو ئەم بابەتە پێوەندیدارە بە ئەسڵی رێزگرتن لە بنەمای دیمۆکراسی و دەستاودەستکردنی دەسەڵات لە هەڵبژاردنێکی ئازادو دێمۆکراتیک وەک مافی بنچینەیی هەر تاکێک چ لە حیزب و چ لە کۆمەڵگا.
 لە ماوەی نزیک بە دوو ساڵی رابردوو کە سێهەمین قۆناغی پرۆسەی بەناو یەکگرتنەوە دەستیپێکردبوو دیارە چەندین کۆبوونەوە لەو بارەوە لە ئاستە جۆراوجۆرەکانی تەشکیلاتی بەڕێوەچوو، بەڵام هەموو کەس لە کۆمەڵەی زەحمەتکێشان ئەوە دەزانێ کە تەنانەت ئەو کۆبوونەوانەش کە بەڕێوەچوون لە راستیدا لە نەتیجەی گوشاری ئەندامان بوو، بۆ ئەوەی ئاگاداری چۆنیەتی ئەو پرۆسە بن. بەڵام هیچکات ئەندامانی ئەم تەشکیلاتە بە شێوەی نووسین کە بنەماییترین فۆرمە لە جیهانی سیاسەتی مۆدێرن ئاگادار نەکران لە چەندو چۆنی ئەو رێککەوتنانە و سەرەڕای پێداگری ئێمە لەسەر ئەوەی ئەو پرۆسەیە چۆن دەچێتە پێش، سیاسەتی داهاتوومان چۆن دەبێ چ ئامانجێک دەپێکین یان ئەوەی ساختاری کاری تەشکیلاتی چ میکانیزمێکی نوێی بۆ دەدۆزرێتەوە پەیڕەو نەکرا، بەڵکوو ئەوان تەنیا وەڵامی زارەکیان بەو پرسیارانە دەدایەوەو کاتێکیش نەیاندەتوانی وەڵامی گونجاو بە پرسیارەکان بدەنەوە، دەیانوت ئەوەی پێی خۆشە دەتوانێ لەگەڵ ئەو پرۆسەیە بێ و ئەوەی پێی ناخۆشە سەرچاوم بڕواتە دەرەوە. ئێمە نامانەوێ بەراوردی ئەو رستەیە لەگەڵ دەربڕینی هاوشێوەی لەو چەشنە لەگەڵ شوێنی دیکە بکەین کە چ دەربڕینێکی کارەساتبارە ئەو روانینە، بەڵام لە راستیدا ئەو وەڵامە نە سیاسیەو نە بەرپرسانەو نە زانستیانەیە.
بابەتێکی دیکە ئەوەیە ئەو پرۆسە دیارە هەیئەتی بۆ دیاریکرا کە کاری هەماهەنگی بکەن بەڵام بێبەشکردنی ٩٩ لە سەدی ئەندامانی ئەو حیزبە لە چۆنیەتی باسەکان و رێککەوتن یا هەر شتێکی دیکە بە بێ بەڵگەیەکی نووسین و بێ بەشداری پێکردنی زۆرینەی ئەو رێکخراوە لە دوایین بڕیار، لە راستیدا دژایەتیکردنی دێمۆکراسی و رەواییدانە بە سیستەمێکی دواکەوتووانەی ئۆلیگاریشی کە نەک لەگەڵ کلتووری رەوتی کۆمەڵە ناتەبایە بەڵکوو جیهانی پێشکەوتووی ئەمڕۆ و هاوکاتیش لەگەڵ ئیدەو ئاواتەکانی ئەوانەی هەر ئەم کاتە لەسەر شەقامەکان دژی دیکتاتۆری خەبات دەکەن ناتەبایە، لەبەر ئەوەی ئەوانەی ئەمڕۆ لەوێ و لە قووڵایی شەقامەکان رادەپەڕن، ئەوانەن دژی بڕیاری کۆتلەیەک وەستاونەتەوە کە زیاتر لە چل ساڵە بڕیارەکان لە ئاڵقەیەکی بەرتەسک دەردەکرێ، کەواتە ناکرێ لە ژێر ناوی یەکگرتوویی و پاراستنی یەکڕیزی هەمان فۆرمی ماوەبەسەرچوو رەچاو بکەیت مەگەر ئەوەی کاکڵی بیرکردنەوەکەت هەر ئەوە بێت. نابێ دۆستان و دڵسۆزانی ئەم رەوتە لە بەرانبەر یەک پرسیارو دوو وەڵام دابنرێن
لەگەڵ یەکڕیزی و یەکگرتنەوە هەیت؟
١ـ بەڵێ
٢ـ نەخێر
گەڵاڵەکردنی ئەو پرسیارە جیا لەوەی ناوەرۆکێکی نادێمۆکراتیکە بەڵکوو رێگە لەوە دەگرێت کە لەسەر بابەتەکان وردببینەوە و پەنجە لەسەر هەموو ئەو مەسەلە گرینگانە دابنێین کە بێگومان لە داهاتوودا کاریگەریی ئەرێنی و نەرێنیان لەسەر کۆی کۆمەڵگا دەبێت. چونکوو ئەساسەن حیزب کەرەسەی مۆدێرنی ئەم سەردەمەیە بۆ بەدەستەوە گرتنی دەسەلاتی سیاسی و هەر ئەو دەسەڵاتەش کاریگەریی لەسەر کۆی بابەتەکانی دیکەی ناو کۆمەڵگا هەیە لە پەروەردەو بارهێنان، کلتووری گشتی، سیاسی و ئابووری و ...
رەخنەو هەڵوێست لە دژی وەها پرۆسەیەک رێک وەستانەوەیە لە دژی فۆرمێک لە ئۆلیگارشی بنەماڵەیی کە ساڵانێکە باڵی بەسەر کۆمەڵەدا کێشاوەو رێگە نادات سیاسەت لە ئاستی جەماوەریدا خۆی وێنا بکات، بەڵکوو کورتکردنەوەی سیاسەتە بۆ ئاڵقەیەکی هەرە بچووک و لەوێشەوە بۆ کەسی یەکەم کە دەتوانێ هەر رۆژەو بڕیارێک بدات و دژی پەسەندکراوی سیاسی کۆنگرەکەشی لێدوان بدات بە بێ ئەوەی یەک کەس مەجالی لێپرسینەوەی هەبێت.
بۆیە کاتێک پەنجە لەسەر ئەو دیاردە کۆنە دادەنێین و رەخنەی لێدەگرین، مەبەستمانە رەنگدانەوەو کارتێکەریی ئەو کلتوورە ئۆلیگاریشیەی لەم پرۆسەدا بە روونی دەرکەوت بنەبڕ بکرێت، مەگەر کاک فۆئاد بە تەنیا لە ژوورێک دادەنیشت و بیری دەکردەوەو دواتر دەهات ئەوەی بەسەر کۆڕەکەدا زاڵ دەکرد، بێگومان وانەبوو کاک فۆئاد هەموو بڕیارەکانی بەرهەمی گفتوگۆکردن بوو لەگەڵ جەماوەر و لە حیزبەکەی خۆیشیدا رێزدانان بوو بۆ بڕیاری گشتی بەڵام هەر بۆ وەبیرهێنانەوەیەکی مێژووییش بێ،  لە جێگەیەک لە کتێبی باسەکانی کۆنگرەی یەکەمی کۆمەڵە کاک فوئاد رەخنەی توند لە یەکێک لە بەشداران کە ئێستا سکرتێرە دەگرێت  کە بەرانبەر رای گشتی کەمترخەمەو بڕیاری گشتی بەڕێوە نابات. چونکە ئێمە کاتێکە رەخنە لەو پرۆسە دەگرین زۆر بە روونی مەبەستمانە بڵێین ئایا کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان ئەم پرسە گرینگانەی کە لە سیاسەتی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕدا هەیە تاوتوێ کردووەو لە کۆتاییدا قبووڵی کردووە کە دەبێ ئەو رێچکە بگرێتە پێش، لە کاتێکدا بە دەیان و سەدان جار لە کۆڕو کۆبوونەوەکاندا ئەمە لە لایەن ریبەریی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان دووپاتکراوەتەوە کە ئەوان واتە کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ چیدی بەو سیاسەتانەی ئێستایان سەر بە رەوتی کۆمەڵە نین و وەک حیزبێکی ئێرانی پێناسە دەکرێن کە لە باری سیاسیەوە بە رێچکەی سەڵتەنەتخوازیدا دەڕۆن و لە ساختاری تەشکیلاتیشدا سیستەمێکی داخراوو تاکە بڕیاری یەک کەس پەیڕەو دەکەن، تەنانەت ئەم هەڵوێستە تا یەک مانگ و نیو پێش راگەیاندنی بەناو یەکگرتنەوە لە نێو کۆمیتەی ناوەندیدا هەبوو.
چەند سەرنجێک لە پەراوێزی ئەو وتەی جیابوونەوە لەسەر" هەندێ کێشەی وردەواڵە " بوو:
هەندێ لەمانە هەر ئەو رەخنانەن کە لە پلاتفۆرمی رەوتی چاکسازی لە ساڵی ٢٠٠٧ هاتبوو
یەکەم: ئایا سیاسەت دەبێ یەک کەس دایبڕێژێ و ئەوانی دیکە دەبێ بەڕێوەبەری بن ؟
دووهەم: ئەو ئیستراتژیە سیاسیە چیە کە حیزبی داهاتوو هەنگاوی بۆ هەڵدەگرێ؟
سێهەم: ئایا پرسی کورد وەک ئەوەی ئەوان بەردەوام لەگەڵ ئێرانیەکان باسی دەکەن پرسی کەمایەتیە قەومیەکانە یان پرسی نەتەوەیەکە؟ ( چونکە لە پێوەندی لەگەڵ ئێرانیەکان ئەوان قبووڵیانە کە کورد دەکرێ وەک نەتەوە باسی نەکرێ و ئەگەر کوردستانیش بە ناوچە کوردنشینەکان دەستنیشانکرا کێشە نیە )
چوارەم: پارادۆکسی نێو بەرنامەی سیاسی و دەربڕینی تەواو جیاوازیان بە دوو زمانی کوردی و فارسی چۆن چارەسەر دەکەن؟
پێنجەم: پرسی دێمۆکراسی ناو حیزب چۆن باس دەکرێ و کارکردی دیمۆکراسی لە تەشکیلاتدا لە کوێ خۆی نیشاندەدات؟ یان هێشتا پێداگریە لەسەر حیزبی پۆڵایین و وەدەرنانی هەر رەخنەگرێک؟
شەشەم: ئایا هاوڕێیانی ئێمە قبووڵیان کردووە کە ئابووریی حیزب بەردەوام لە دەستی یەک کەسدا بێ، ئەوەی کاتی خۆی رەخنەی لێگیرا؟
حەوتەم: ئایا لە بواری فیکریەوە مەنتقی سۆسیال دێمۆکراسیان وەک کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ قبووڵکردووەو چیدی مەسەلەی سۆسیالیزم بەردەوام وشەیەکی قەدەغەکراوی نێو دەربڕین و نووسینەکانەو هەر کەس باسی بکات وەک تاوانبار مامەڵەی لەگەڵ دەکرێ؟
گەڵاکردنی ئەم چەند پرسیارەو گەڵێک باسی دیکە ئەوانەن کە ئێمە چاوەڕێ بووین لە میانەی بەشداری و گفتوگۆکردن و قسەوباس ناوەرۆکی حیزبی داهاتوومان بۆ دەربکەوێ، بەڵام ئەو بابەتانە بە تەواوی لە نێو تەم و مژێکی گوماناویدا مایەوە. چونکە ئەگەر مەجالی ئەو باسانە بڕەخسایەت بێگومان دەردەکەوت کە نەک لەسەر هەندێ ( شتی وردەواڵە ) لە ساڵی ٢٠٠٧ جیا نەبووینەوە بەڵکوو سەرجەمی ئەو باسانە کۆمەڵێک دەرکەوتەی ئەو قەیرانانە بوون کە لانیکەم ئەو دەورە پەنجە لەسەر بەشێکی گرینگی ئەو کێشانە دانران. ئێمە مەبەستمان ئەوە نیە بڵێین کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بێ کێشە بووەو یەکەمی بێ رکابەر بوو بەڵکوو دەمانەوێ بڵێین لەم حیزبەدا لانیکەم لە بەرانبەر شۆڤینیستە ئێرانیەکاندا زۆر هەڵوێستی باشمان هەبوو وە هەر ئەوەش بووە هۆکارێک تا ئەو ئاستەی کە لایەنی بەرانبەر ئەو هەلە بقۆرێتەوەو زۆر هەوڵیدەدا لە کۆڕو کۆبوونەوەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی کە ئێمە بانگهێشت دەکراین، دژی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان بوەستێتەوەو بڵێ کە ئەگەر ئەوان بەشدار بن ئێمە بەشدار نابین و ئەڵبەتە لەو بارەوە سەرکەوتن هەرچەند هیچ گرینگ نەبوو، چونکە شۆڤینیستی ئێرانی بێگومان بە درێژایی مێژوو کوردێکی دەستەمۆیان دەوێ کە یەکپارچەیی ئێرانیان بۆ بپارێزێ و قبووڵی بکات کە کوردستان ناوچە کوردنشینەکانە، واتە خاوەنی ئەو جوگرافیا نیە بەڵکوو نیشتەجێیە. بەڵام کۆمەڵەی زەحمەتکێشان هەڵگری گوتارێک بوو لە بەرانبەر ئێرانیەکاندا کە بۆ ئەوان قبووڵ نەدەکرا واتە دەربڕینی جۆرێک سیاسەت کە زیان بە پاراستنی تەمامیەتی ئەرزی ئێران بگەیەنێت.
لە بواری ساختاری تەشکیلاتیشدا کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بە پەسەندکردنی مافی فراکسیۆن لە ماددەی سێ، کە تێیدا ئەگەر ١٠ لە سەدی ئەندامانی تەشکیلات لە دەوری بەرنامەیەکی سیاسی کۆببنەوە مافیان بە فەرمی دەناسرێ، دێمۆکراسی حیزبی بەرفراوانتر کردەوە کە ئەوە دەسکەوتێکی گرینگ بوو بۆ ئەوەی مافی تاک و کۆ لە تەشکیلاتدا پارێزراو بێت.
ئەڵبەتە دەکرێ کەسانێکیش خۆیان لەو بابەتە گێل بکەن و خۆی لێ بدزنەوە بەڵام بۆ هەر تاکێکی ئازادو خاوەن بیرو هەڵوێست کە قووڵایی ئازادی بیروڕای هەست پێکردووەو بڕوای وایە کە کاری سیاسی ئەرکێکی دەستە جەمعیەو کاری گشتیە نەک بڕیاری تاکەکەسێک، وردە وردە دەگاتە ئەو ئەنجامەی کە رۆژێک لە رۆژان بڕیارێکی هەڵەی داوە لەسەر پرسێکی گرینگ.  
کاتێکە لە رێکەوتی ٢٠ی نوامبری ٢٠٢٢ هەواڵی بەناو یەکگرتنەوەی دوولایەنی کۆمەڵە لە میانەی سیمینارێک لە ستۆکهۆڵم لە زاری کەسی یەکەمی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ راگەیەندرا، نەک ئەندامانی ئاسایی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بەڵکوو زۆرینەی کۆمیتەی ناوەندیەکەشی تووشی شوک کرد لەوەیکە ئاگاداری ئەوە نەبوون لەو کاتەدا. بۆیە کاتێک ئێمە رەخنە لەم پرۆسە دەگرین و دەڵێین کە ئەم بڕیارە نەک لە نەتیجەی قسەوباسێکی گشتگیرو هەمەلایەنە نەبوو بۆ تێگەیشتنمان لە رێبازی سیاسی و پێکهاتەی حیزبی، بەڵکوو جورێک سوڵحی عەشاییری بوو لە نێوان دوو کەسدا کە ئەویش لایەنێک بە تەواوی هەڵوەشایەوەو بە پێی ئەوەی لە راگەیاندنی بەناو یەکگرتنەوە بڵاوکرایەوە دەربڕینی پەشیمانی و داننان بە هەڵەیەکدا بوو کە چەند ساڵ لەوەپێش تووشی بوون و چیدی دووپاتی ناکەنەوە.
کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ لە کۆنگرەی ١٤ی خۆیدا گەڵاڵەیەکی پەسەندکرد کە تێیدا پرسی یەکگرتنەوە تاوتوێ بکات و هاوکات بە شێوەی یەکسان کار بۆ ئەو پرۆسەیە بکەن، بەڵام دواتر سەنەدێکیان بە ناوی "نەخشە رێگا" ئامادەکرد کە ئەوان یەک ناگرنەوە بەڵکوو ئەوە کۆمەڵەی زەحمەتکێشانە کە دەبێ بگەڕێتەوە ناو کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ، کە بە پێی نووسراوەی ٩ کەس لە ئەندامانی ئەو حیزبە کە زۆربەیان لە رێبەریەکەیدا بوون و دواتریش لە کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ وەدەریان نان، رێکەوتی ٢٣_٠٧_٢٠١٤ نووسراوەیەکی رەخنەگرانەیان بڵاوکردەوەو لە خاڵی چوارەمدا بە روونی رایەنگەیاندووە کە ئەو سەنەدە هەوڵێک نیە بۆ یەکگرتنەوە، بەڵکوو بە پێچەوانە سەنەدی تەسلیم بوونەوەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانە بە کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ، وە لە درێژەی ئەو نووسراوەدا هاتووە کێ هەیە ئەو هەموو سووکایەتیە قبووڵ بکات؟
لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠٠٧ و پاش چەند ساڵ ناکۆکی و ململانێی سیاسی تەشکیلاتی، رەوتی رێفۆرم و چاکسازی شکڵی گرتوو بەمشێوە ئێمە لە ژێر ناوی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان درێژەمان بە خەباتی سیاسیدا. لەو قۆناغەدا دوو کۆنگرەی ١٢و ١٣ لەم حیزبەدا بەڕێوەچوو کە هەر کامەیان و بە پێی پەسەندکراوەکانیان چ لە بەرنامەی سیاسی و چ پێڕەوی ناوخۆ لە جێگەی خۆیدا خاوەن بایەخ و تا رادەیەکیش کاریگەریی بوو. بەڵام مەبەست لەم نووسینە ئاوڕدانەوەو هەڵسەنگاندنی قۆناغێک لە هەوڵ و تێکۆشانی حیزبێک نیە بۆ دەستنیشانکردنی لایەنە ئەرێنی و نەرێنیەکان، بەڵکوو نیشاندانی چەند جیاوازیەکی بەرچاوە لە نێوان دوو رەوتی سیاسی، بە پێچەوانەی ئەوەی لە راگەیاندنی بەناو یەکگرتنەوە دەڵێن هیچ جیاوازیەکی سیاسیمان نەبووەو هەندێ کێشەی وردەواڵە بووە.
جیاوازیە سیاسەکان
لە پاش جیابوونەوەی ٢٠٠٧ کۆمەڵەی زەحمەتکێشان هەرچەند وەک ئەوان فیدرالیزمی وەک رێگەچارەی کێشەی نەتەوەکان رەچاو دەکرد بەڵام لە بواری تێڕوانینی بۆ پرسی کورد بێگومان کۆنکرێتترو فۆرموولەتر باسی ئەم مەسەلەی کردووەو بە ئاشکرا لە بەرنامەی سیاسیدا دەڵێ کە ئێمە مافی پێکهاتنی دەوڵەتی سەربەخۆ بۆ خەڵکی کوردستان بە مافی بێئەملاولای خۆمان دەزانین و لە زمانی دەربڕینیشدا ئەوەندەی دەرکەوتبێت دووپاتیکردۆتەوەو هاوکات بە فەرمی ناچینە هیچ بەرەیەکەوە کە مافی کورد وەک نەتەوە قبووڵ نەکات. بەڵام کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ لە پێوەندیە سیاسیەکانی خۆی لەگەڵ لایەنە ئێرانیەکان تەنیا بەرگری لە پرسی کوردی کردووە وەک کەمینەیەک کە هەوڵی پاراستنی تەمامیەتی ئەرزی ئێران دەدات، هەر وەک چۆن لە شوورای مودیریەتی گوزار نوێنەری دەرەوەی وڵاتیان بەرپرسی بەشی کەمینەکانە کە تێیدا هیچ باسێک لەسەر نەتەوە نیە، بەڵکوو تەنیا وەک بابەتی کەمینەکان پەسەندکراوەو لە لێدوانەکانیشیاندا بە زمانی فارسی بەردەوام کوردستان بە ناوچە کوردنشینەکان پێناسە دەکەن.
 دەرکەوتنی جیاوازی سیاسی ئێمەو ئەوان ئەوکاتە بە روونی دەرکەوت کە کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ بە تەواوی رۆیشتە باوەشی بزووتنەوەی سەوز و بە شێوەی پراکتیکی لە هەموو دەزگاو ئۆرگانەکانیدا رەنگیداوە. لە کاتێکدا کە کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان رەخنەی لە بزووتنەوەی سەوز و رێبەرانی ئەو رەوتە دەگرت کە ئەوانە لە لایەکەوە بەشێکی گرینگ بوون لە کوشتارو قەتڵ و عامی ئازادیخوازان لە ئێرانی دەهەی ٦٠ و هاوکات بزووتنەوەیەک نیە کە خواستەکانی خەڵکی کوردستانی تێدا بێ، رێبەریی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ بە وتەی خۆیان لەگەڵ رێبەرانی بزووتنەوەی سەوز لە لەندەن چاوپێکەوتنیان بووەو لە ئاستی سەرەوە دانیشتنیان ئەنجامداوە " بەڵگەش راپۆرتێکی کەناڵی رۆژهەڵات تی ڤی کە وتووێژێکی رێبەری ئەو حیزبەی لەگەڵ شەرقولئەوسەت بڵاوکردەوە " کە پێویست بوو بڵاوی دەکەینەوە.
ئێمە بزووتنەوەی سەوزمان نەک تەنیا لە باری سیاسیەوە بەڵکوو لە بواری فیکریشەوە رەت دەکردەوە چونکە ئەو بزووتنەوە لەگەڵ داخوازیە بنەڕەتیەکانی جەماوەری خەڵکی ئێران و کوردستان  یەکی نەدەگرتەوە، چونکوو تەنیا چینێکی کۆمەڵگای لەبەرچاو بوو کە کۆمەڵێک رێفۆرمیان لە چوارچێوەی هەمان رژیمدا دەویست. بەڵام کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ بەرەو رێفۆرمخوازی و هەڵبژاردنی ئازاد لە ئێران هەنگاوی ناو تەنانەت وردە وردە روانگەشی بەرانبەر بە هەڵبژاردنەکانی شوورای شارەکانیش گۆڕانکاری بەسەردا هات و بۆ وێنە هەڵبژاردنەکانی پێنجەمی شوورای شارەکانی بایکۆتی نەکردو هەڵوێستێکی پاسیڤی لەوبارە گرتە پێش.  
ئێمە کاتێک ئەو قسەیە رەت دەکەینەوە کە دەڵێین بەڵێ جیاوازی سیاسیمان بووە لەگەڵ ئەو حیزبە، بەڵگەکان دەهێنینەوە پێش چاو بۆ ئەوەی نیشانی بدەین ئەو وتانە نادرووست و پشتکردنە لە ١٦ ساڵ هەڵوێستی جیاواز لەگەڵ لایەنی بەرانبەر. کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان دەیتوانی بەشدار بێ لە کۆنفڕانسی پراگ لە مانگی نوامبری ٢٠١٢ کە کۆمەڵێک لایەن و کەسایەتی سیاسی ئێرانی تێدا بەشدار بوون، بەڵام بە تێگەیشتن لەوەی گوتاری ئەو کۆنفڕانسە پان ئیرانیستی ئێرانی بەسەریدا زاڵەو ئیرادەی سیاسی خۆیان زاڵ دەکەن بەشدار نەبوو، وە ئەگەر چاوێک لە راگەیاندنی کۆتایی کۆنفڕاسی پراگ رێکەوتی ١٩ی نوامبری ٢٠١٢ بکەن دەردەکەوێ کە  خەتی ئێرانچیەتی بە بەشداریی و تەئیدی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ چۆن زاڵبووە.
یەکێکی دیکە لەو باسانەی بێگومان جیاوازیمان لە بواری فیکریەوە نیشان دەدات ئەوەیە کە کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ پاش ئەوەی ئەڵبەتە لە پرۆسەیەکی مێژووییدا بە تەواوی بنەمای بیرۆکەی چەپ وەلا دەنێ و دەچێتە قۆناغێکەوە کە خۆی سەر بە بەرەی سۆسیالدێمۆکراسی پێناسە دەکات وە سۆسیال دێمۆکراسیش واتە رەتکردنەوەی ئەسڵی شۆڕش و پشت بەستن و بڕوابوون بە رێفۆرمخوازیی و گۆڕانی هەنگاو بە هەنگاو. ئێمەش لە کۆمەڵەی زەحمەتکێشان ئەڵبەتە ناتوانین ئیددعای ئەوە بکەین کە رەوتێکی سۆسیالیستی بووین بەڵام بە درێژایی ئەو ساڵانە باسێکی زۆر پڕ بایەخ هەر چەند بە نیوەچڵی لە نێو ئەو حیزبەدا هاتووچۆی دەکرد ئەوەیش مەسەلەی چەپی کوردستانی بوو. رەنگە رەخنەیەک کە هەر ئەمڕۆ لە ئاڵقەی کۆمەڵەدا بوونی هەبێ هەر ئەوەیە بۆچی کۆمەڵە لە لایەک باڵی کوردستانی رێکخراوێکی ئێرانی بێ و لەو لای دیکەش بە تەواوی کەوتبێتە باوەشی ئێرانچیەتیەوە. ئەوە جیاوازیەکی گەورە بوو لە نێوان ئێمەو ئەوان کە بە داخەوە ئەو باسە گەشەی نەکردوو نەگەیشتە ئاستی فۆرموولەکردنی بابەتێکی فیکری، بەڵام کۆمەڵەی زەحمەتکێشان قۆناغێکی دیالیکتیکی تێپەڕ دەکرد بۆ ساخبوونەوە لەسەر دوو بابەتی گرینگ کە بۆ کۆمەڵەو داهاتووی خەباتی سیاسی لە کوردستان خاوەن گرینگی بوو، واتە چۆن مەسەلەی چەپ و نەتەوەیی لە فۆرمێکی گشتیدا پێناسە دەکات و بە شێوەی سەربەخۆ دەیکاتە سیاسەتی داهاتووی خۆی، بەمشێوە هەوڵدان بۆ دەربازبوون لە زاڵبوونی چەپی نەتەوەی باڵادەست و گەیشتن بە سەربەخۆیی فیکری و هاوکات بڕوابوون بە خەتی کوردستانی، بە کورتی چەپی سەربەخۆی نەتەوەیەکی سەربەخۆ.
زۆرن ئەو کەسانەی ئەمڕۆ بەو روانگەوە چاو لە رێبازی کۆمەڵە دەکەن واتە رەخنەیان لەوە هەیە کە بۆچی کۆمەڵە ناتوانێ چەپێکی کوردستانی بێ و ئەو روانگەی ناوەندگەراییە چ لە سیاسەت و چ لە بیرۆکەدا بسڕێتەوەو سەرلەنوێ سیاسەتی چەپێکی سەربەخۆ لە کوردستان بونیات بنێت.
حیزب دەتوانێ لە قۆناغێک لە خەباتی خۆیدا وەک چۆن لە دایک دەبێ هاوکاتیش کۆتایی پێ بێت و بمرێت، بەڵام مەرگی حیزب بێگومان بە مانای مەرگی بزووتنەوە نیە، واتە حیزب دەتوانێ سەرلەنوێ لە فۆرمێکی دیکەدا لەدایک بێتەوەو بگەڕێتەوە نێو مەیدانی خەباتی سیاسی و تەنانەت دەتوانێ ببێتە حیزبی زۆرینەش بە مەرجێکە خاوەن سیاسەتێکی سەربەخۆیانەو درووست لە پێناو بەرژەوەندی جەماوەر بێ. ئەوەی ئێمەی پاڵ پێوەنا کە دەست بدەینە نووسینی ئەم بابەتە لە راستیدا دژایەتی هیچ لایەنێک نەبووە هەرچەند بە چاوی رەخنەوە هەندێ بابەتی باسکردووە، بەڵام دەزانین لێرەو لەوێ هەر حیزب و رەوتێکی سیاسی لە ئاستی خۆیدا خەباتی کردووەو جەماوەری هەیەو کاریگەریشی لەسەر بیروزەینی کۆمەڵگا بووەو دەبێ، بەڵام کادری ژیرو وریاو چاکراوە دەبێ ئاگای لەوە بێ سیاسەت کورت نەکرێتەوە بۆ بابەتێکی نۆستالێژی و بەستنەوەی رەوایی حیزبەکە بە گەڕانەوە بۆ گێڕانەوەی مێژوویی، بەڵکوو دەبێ لەو جێگەی حیزبەکەی تووشی هەڵە دەبێ رەخنەی لێ بگرێت و ئەگەر لە ئیستراتژیشدا بە هەڵە چوو رێگە نەدا ببێتە دەستەچیلەی سیاسەتی نادرووست، ئەگەرچی بە تاکیش بکەوێتەوە.
یەکگرتنەوەی کۆمەڵە لە روانگەی ئێمەوە
لە کۆمەڵەدا چەندین دابڕان روویداوەو هەرکامەیان لە جێگەی خۆیدا ئەڵبەتە لە ژێر تەئسیرو کاریگەریی ئەو گۆڕانکاریانەی لە جیهان و ئێران و کوردستان بوون هاتوەتە ئاراوە، وە هەر ئەو گۆڕانکاریە سیاسیانە بوون کە روانگەی تاکەکانیشی بەرانبەر رووداوەکان گۆڕیوە لەوەیکە چ رێبازێکی سیاسی بگرێتە پێش بۆ درێژەدان بە خەبات. ئێمە لە بارودۆخی ئێستادا بە چاوی رەخنە دەڕوانینە ئەو چەند لایەنەی کۆمەڵە و پێمانوایە یەکیان چەپی ئێرانیەو ئەوی دیکەش راستی ئێرانیی، واتە ئەو چەند لایەنە خاڵێکی هاوبەش لە نێوانیاندا بوونی هەیە ئەویش ئەڵبەتە نەک بە دەربڕینی روون و ئاشکرا بەڵکوو لە بەرنامەی سیاسیاندا و ئەو ئیستراتژیەی گرتوویانەتە پێش دەبینرێت کە نیهایەتەن ئاسۆی سیاسیان لە تارانە. بەڵام ئێمە پێمانوابوو هەڵگرتنی ئالای چەپی کوردستانی لە کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان رەنگە بتوانێ مەجالی دیالۆگێکی رەخنەگرانە لە نێوان هەموو ئاڵقەی کۆمەڵەدا بڕەخسێنێت بۆ ئەوەی بگەینە ئەو کۆمەڵە یەکگرتووە کە باسی دەکرێ. واتە هەموومان بە پێداچوونەوەیەکی رەخنەگرانە بە بەرنامەو سیاسەتمان دەکرا چەپی سەربەخۆی کوردستانی سەربەخۆ بین نەک چەپ و راستی نەتەوەی باڵادەست.
هەرچەند بۆ مێژووی کۆمەڵە جێگەی داخە بە تایبەتی لایەنێک کە هەڵگری ئەو ناوەیە هەر بە تەواوی بەتاڵ بکرێتەوە لەو بەهاو بایەخانەی ئەم رەوتەی لەسەر بونیات نرا کە نە پێوەندی بە کوردستانەوە بێ و نە لە بەرژەوەندی کرێکاران و زەحمەتکێشاندا بێت، بۆ گەیشتن بە ژیانێکی شیاو.
ئێمە پرۆسەی یەکگرتنەوەی کۆمەڵەمان بە تایبەتی لە دۆخی ئێستا کە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە لە کوردستان بە مانای واقیعی پێویستی بە رەوتێکی چەپی سەربەخۆی کوردستانی بوو، پێ پرۆسەیەک بوو کە لە نێوان ئاڵقەی کۆمەڵەو بۆ دیالۆگێکی راستەوخۆ لەسەر هەموو ئەو بابەتە گرینگە سیاسی و ئیستراتژیکانە دەیتوانی پێک بێت بە مەبەستی گەیشتن و سەر پێخستنەوەی کۆمەڵە لە ئاستێکی بەرینتر، نەک ئەوەی یەکگرتنەوە کورت بکرێتەوە بۆ دوولایەن کە کۆتاییەکەی ببێتە تراژیدی بەهێزکردنی بەرەی راستی ئێرانیی و بوون بە پاشکۆی سەڵتەنەتخوازی. بەڵکوو ئەو پرسە دەیتوانی لە نێوان هەموو ئاڵقەی کۆمەڵەدا شکڵ بگرێ بۆ دیالۆگێکی روون لەسەر کۆی روانگەمان بەرانبەر بە داهاتوو، بەڵام ئەم بەناو یەکگرتنەوە نەک یارمەتیدەر نەبوو بەو پرۆسە بەڵکوو کەلێنێکی گەورەتری پێکهێنا کە ئەو چەند لایەنەی کۆمەڵە لە بواری سیاسی و ئیستراتژیەوە زیاتر لە یەک دوور بکەونەوە .
بۆیە ئێمە کۆمەڵێک لە کادرو ئەندامانی پێشووی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان هەڵوێستی خۆمان لەوبارەوە بەمشێوە دەردەبڕین و هاوکات بە داخەوەین بۆ ئەوەی ئەو بەستێنە واتە کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بۆ گەشەی زیاترو گەیشتن بە ئەنجامێکی درووستتر لە بواری سیاسەت و ساختاری تەشکیلاتی بە ئەنجامێکی خەماوی و تراژیک کۆتایی پێهات.
ئەڵبەتە ئەوە بێگومان بۆ ئێمەش کە چەند ساڵێک لەو رەوتەدا خەباتمان کردووە کۆتایی کاری سیاسی نیەو خەبات بە ئەرکێکی گرینگی ژیانی خۆمان دەزانین تا ئەوکاتەی خەڵکی کوردستان بە ئاواتەکانی دەگات.
13/01/2023
١. شیرین بایاب
٢. گەلاوێژ عەبدیکانی
٣. دڵنیا مەزھەری
٤. عەبدوڵڵا مەزھەری
٥. تاھێر رەحیمی
٦. محەمەد قوربانی (حەمە سوور)
٧. کاوە کەریمی (تورجان)
٨. پەرویز رەحیمزادە
٩. سەیوان نووری
١٠. ئێدریس مورادی
١١. شۆڕش رەشیدی
١٢. ئارش زەکەریایی
١٣. سەلاح حوسەین پەناھی
١٤. دڵشاد دەشتی
١٥. سیاوەش قادری
١٦. ئەژدەر مەزھەری 
١٧. ئەحمەد بیجاد
١٨. ئاسۆ جەیرانی
١٩. موختار داوودی
٢٠. سادق سۆفی ئەحمەد
٢١. پشتیوان ئەسڵانی
٢٢. سەھەند قەھرەمانی
٢٣. فەریاد کەمانگەر
٢٤. شیروان محەمەدی
٢٥. فیروز مامۆیی
٢٦. ھەڵۆ محەمەدی (ھەڵۆ لەیلاخ)

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە