یەكێتی و پارتی كامیان زۆرتر سزای زونی سەوز دەدەن؟ (بەشی چوارەم)

Sunday, 02/04/2023, 16:39

6349 بینراوە


ئەنجومەنی شارەوانی لە كوێی جێبەجێكردنی ئەركەكانیدایە؟

لە بەشی سێیەمی ئەم زنجیرە باسەدا بە درێژی باسی پێكهاتەو ئەركەكانی ئەنجومەنی شارەوانیم كرد. ئەنجومەنی شارەوانی پێك هاتوە لە بەرپس و نوێنەری 13 فەرمانگەو لایەنی شاری سلێمانی. ئەمانە بە كۆمەڵ بەرپرسیارن لەبەرامبەر ڕێكخستن و بەدواجاچونی كارو باری خەڵك و پاراستنی بەرژەوەندیەكانی هاوڵاتیان و پاراستنی موڵك و ماڵی حكومەت لە بەهەدەردان و بە تاڵان بردن. بۆ ئەوەی هاوڵاتیان ئاگاداربن و لەوەی ئەنجومەنی لەكوێی جێبەجێكردنی ئەركەكانیدایەوچ خزمەت گوزارییەكی بۆ هاوڵاتیان ئەنجامداوە و چۆن موڵك و مالێ گشتی لە فەوتان پاراستوە ، تەنها سەرنجی ئەم نمونانەی خوارەوە بدەن و خۆتان سەربەستن لە بڕیارداندا :
1-ئەنجومەنی شارەوانی بە زۆرینەی دەنگ بڕیاریان داوە كە دووباڵەخانەی  نیشتە جێبونی 25 نهۆمی  لە شوێنی مەسڵەحەی كۆن دروست بكرێن ڕێك لەبەردەم بارەگای مەڵەبەند. ئەمە لە كاتێكدایە كە ئەوشوێنە بە پێی سایت پلانی شار دەبێ بكرێتە باخچەو سەوزایی بۆ گەڕەكەكە. لە ڕوی یاسایشەوە تەنها ڕێگا پێدراوە خانوی 3 نهۆمی لەناوگەڕەكی نیشتەجێبوندا دروست بكرێن بۆ ئەوەی ئازادی دانیشتوان پارێزراو بێت و خەڵك هەراسان نەكرێت. 
هەرچەندە دانیشتوانی گەڕەكەكە ناڕەزایەتیان نیشانداوە لە بەرامبەربڕیارەكەی ئەنجومەنی شارەوانی ،  بەڵام شارەوانی هیچ گوێی بە داواكانیان نەداو باڵەخانەكان  هەر دروست كران. بەڵام ئەو كەسەی كە خانوی حەمەی فەرەجی كڕیوە لە پشتی مەڵبەند لەگەڵ چەند كەسێكی تر چەند خانویەكیان لەو ڕیزە كڕیوە بە نیازی ئەوەی بیكەنە باڵەخانەی نیشتە جێبون. بەڵام مەڵبەند ڕێكای نەداوە گوایە هەراسان دەبن و ئاسایشی مەڵبەند  دەكەوێتە بەرمەترسییەوە. ئەمە بانێكەو زۆر هەوا. من چیتر قسە لەسەر ئەمە ناكەم خۆتان لێكدانەوەی بۆبكەن. 
2-تەرمیناڵی گواستنەوەی هاوڵاتیان  بۆ دەرەوەی شار وەكو قیتارو پاس و تەكسی دەبێ لە ناوەندی شار بێت  بۆ ئەوەی هەموان بە ئاسانی پێی بگەن.  لە هەرێمی كوردستان هەر تەرمینالێ تەكسی هەیە بۆ گواستنەوەی خەڵك بۆشارەكانی هەرێمی  كوردستان و خواروی عێراق. ئەو تەرمینالە لە سڵێمانی لە ناوچەی پێشەسازی بوو ، كە ئەویش دوور بوو لە ناوەندی شارەوە.
 بەڵام لەم دوایەدا  هەربە بریارێكی سەرپێی و بێ بیر كردنەوە لە بەرژەوەندی هاوڵاتیان ، تەرمیناڵەكەیان لە ناوچەی پیشەسازییەوە گواستەوە بۆ تاسڵوجە. ئەمەش بۆ بەرژەوەندی تەنها دوو كەس. شوێنی گەراجەكەی بەغدا دراوە بە كەسێك بیكاتە پڕۆژەی بازرگانی  بەناوی وەبەر هێنانەوەو لەسەر حسابی گشتی . هەنگاوی یەكەم لە ڕێوەو بە بەلاش ئەم كەسەیان كردە ملیۆنێرلەسەر حسابی موڵكی حكومەت . كەسی دووەم كە خاوەنی گەراجە لە تاسڵوجە ئەویش بۆ خۆی نانی كەوتە ڕۆنەوەو لێرە بەدواوە خاوەنكەی دەبێتە خاوەنی مەكانەت و ناو ناو بانگ وخاوەن سفرە لەسەر حسابی گشتی. هاوڵاتی ئازیزئێستا باش سەرنج بدەو بزانە لە پێناوی تەنها دوو كەسدا لە ساڵێكدا  چەند ملیۆن دینار زیان بە گیرفانی خەڵك دەگات.
 جاران لە گەراجی بەغداوە هاوڵاتییەك  بە 4 هەزار دینار دەگەیشتە چەمچەماڵ و بە 4 هەزاری دەگەڕایەوە و هەموی دەیكردە 8 هەزار دینار. ئەگەر كەسێك لە لای خەستەخانەی شۆڕشەوە  بیەوێ بچێت بۆ چەمچماڵ ،  دەبێ 6 هەزار بدات بە تەكسی بۆ تاسڵوجە. كە لە چەمچەماڵیش گەڕایەو 6 هەزاری تری دەوێت بۆ ئەوەی بگاتەوە ماڵەوە . كەواتە ئێستا سەفەرەكەی بۆ چەمچەماڵ  لە بری 8 هەزار دەكەوێتە 20 هەزار. كەواتە بە تێكڕا هەموو ئەوانەی لە گەراجەكەی ئێستای تاسڵوجەوە كە سەفەر دەكەن بۆ شارەكانی تر دەبێ 10 هەزار دیناری زیادە بدەن.
 ئەمە حساب بكە بۆ هەموئەوانەی لە ساڵێكدا لە سڵێمانیەوە  سەفەری شارەكانی تر دەكەن و بزانن دەكاتە چەند. هەموو ئەم زیانانەی بە هاوڵاتیان دەگات  لە پێناوی دوو كەسدایە كە گومانی تێدا نییە ئەوە حیزبە پشتیوانی ئەمانە دەكات . ئایا  ئەنجومەنی شارەوانی ئاگای لەمە نێێە ؟. ئەگەر ئاگای لەم تاوانەیە بۆچی بێدەنگ بوو ، بۆچی نەهاتە دەنگ.ئەمە گەورەترین  سزای دانیشتوانی سلێمانییە.  پرسیار ئەمەیە:
 ئایا  ئەوە پارتییە سزای دانیشتوانی زونی سەوز دەدات ، یان ئەو لایەنەیە كە خۆی بە خاوەن و كوێخای زونی سەوز دەزانێت.   پرسیارێكی ترم ئەوەیە لە هەموو خەڵكی سلێمانی  بە ڕۆشنبیرو هاوڵاتیانەوە. لە كوێی دنیادا هەیە فڕۆكە خانە لە ناوەندی شار بێت و تەرمیناڵی گواستنەوەی خەڵكیش لە دەرەوەی شار. لێرەوە  پرسیار لە خۆت بكەو خۆشت وەڵامەكەی بدەرەوە و بزانە  سەرۆكی شارەوانی و ئەنجومەنی شارەوانیەكەت لە خزمەتی كێدایە ؟.
3-لەناو شاری سلێمانیدا زیاتر لە 200 كۆڵان هەیە كە لەلایەن بەرپرسانی حیزبی یان كەسانی سەر بە حیزبەوە گیراون. جارێ هەر باسكردنی ئەمە عەیبەو حەیاچۆنێكی زۆر گەورەیە  یەكەم بۆ سەرۆكی شارەوانی و ئەنجومەنی شارەوانی دووەم بۆ هەموو بەرپرسانی تری حیزبی و حكومی هەموو شارەكە. لە هەمویان زیاتر حەیاچونەكە ڕوبەروی خەڵكی شار دەبێتەوە. شاڕێك خەڵكەكەی ئەوەندە دەستەمۆ كرابون ئاوا سوكایەتیان پێ بكرێت و نقەیان لێوە نەیەت ، بەڕاستی هەر بۆ ئەوە باشن وەكو ئێستایان پێ بكرێت. 
یەكێك لەو كۆڵانانەی كە گیراوە چەند مەترێك لە پشتی  بینای شارەوانیەوەیە. كۆڵانێكی تر  لە بەرامبەر مزگەوتی شێخ سەعیدی پیران ، ڕێك لە بەرامبەر ئەو پردەی بۆ پەڕینەوەی پیادەڕەوی  لەسەر شەقامەكەی خوار مزگەوتەكەوە دروستكراوە . كۆتایی كۆڵانەكە  گیراوەو كراوە بە بەنزینخانە. سەرەوەی بیناكەش كراوەبە هۆتێل. شتی لەمجۆرە لە دنیادا نیە و سەیر لەوەدایە چۆن خاوەنی ئەم شوێنە توانی كۆڵانەكە داخات و بەشی پیشەوەیشی بكاتە بەنزینخانە. دەپرسم بون و نەبونی سەرۆكی شارەوانی و ئەم ئەنجومەنی شارەوانیە  لە كوێدایە ؟. بەلانی كەمەوە نزیكەی 10 بەنزینخانە لە شاری سلێمانی هەن كە بەبێ مۆڵەت  لە لایەن بەرپرسانی حیزبەوە دروست كراون و هاوڵاتیانیش ناڕەزاییان نیشان داوەو شكاتیان كردوە كە ئەو شوێنە شیاوی بەنزینخانە نییە ، بەڵام حسابی تەڕە تورێك نە بۆ فەرمانگەی بەرپرسیاری حكومی  كراوە و نە بۆ هاوڵاتیانی ئەو شوێنانە.
4-ئەگەر سەرنج بدەن ئەوساحەی یاری تۆپی پێیەی دەكەوێتە نێوان بەنزینخانەی ئاشتی و چێشتخانەی شكار لە نزیك مزگەوتی حاجی عەلی ، بەشە كەوانیەكەی لای سەرەوەی  بە لەوح  لە ساحەكە جیاكراوەتەوەو قەرار وابوە بكرێتە بەنزینخانەودوكان. هەواڵێكی وا هەیە گوایە ڕێگا نادەن ئەوكارە بكرێت ، بەڵام سەیر لەوەدایە  كە ئەم شارە ڕوبەروی چ تاڵانیەك و چ پاشا گەردانیەك بۆتەوە.  هەموو دنیا برەو بە گەشەی یاری تۆپی  پێ دەدەن و بۆ ئەوەش دەبی گۆڕەپانی باشی بۆ ئامادەبكرێت. بەڵام لای ئێمە ئەوساحانەشی كە هەن داگیر دەكرێن. 
5-ساڵی 2009 پارێزگاری سلێمانی داوای لە بەڕێوەبەرایەتی كشتوكاڵی سڵێمانی كردوە كە بڕی 140 دۆنم زەوییان بۆ دابین بكەن بۆ ئەوەی بیكەن بە یاریگای تۆپێی پیی نێو دەوڵەتی. فەرمانگەی كشتوكاڵیش  زەویەكەی بۆ كۆژاندونەوە لە كشتوكاڵیەوە ، بۆیارێگا. بە چاوی خۆتان نەتان دی چۆن بەرپرسانی حیزبی  شۆفڵ و گرێدەریان خستە سەرو پارچە پارچەیان كردوبە بەرچاوی پارێزگارەوە كە پێشتر خۆیان داوای ئەو زەویەیان كردبوو فرۆشتیان. وەكو بیستومە دەڵێن ئەوەش هەڵوەشێنراوەتەوە. قسەكەی من لەسەر ئەوە نییە هەڵوەشێنراوەتەوە یان هەڵ نەوەشێنراوەتەوە. قسەكەی من لەسەر ئەوەیە : بەڕاست ئەمەی كراوە  پارتی بەرامبەر بە شاری سلێمانی كردویەتی ؟. یان یەكێتی ئەم ڕەفتارانەی بەرامبەر بە دانێشتوانی سلێمانی بە سزادان نازانوێت. 
6- ماوەی 6 مانگێك لەمەو بەر كۆمەڵێك خەڵكی چاوبرسی و دژ بە شاری سلێمانی پڕۆژەیەكیان بردوە بۆ شارەوانی سلێمانی و داوایان كردوە كە ڕێگایان پێ بدرێت  باخی گشتی بكەن بە ناوچەیەكی بازرگانی. بە پێی زانیاریەكان لە بەشی هۆنەری  شارەوانی كەمێك كاریشیان لەسەر پڕۆژەكە كردوە  بەڵام جێگەی داخە درەومیدیا زوو ئەو باسەی بڵاو كردەوەوئاشكرای كرد. 
و  كە زانرا ئەوە ڕێگە پێدراو نییەو دەنگی ناڕەزایی لێ بەرزبۆتەوە ، خێرا شاردیانەوەو وەكو بیستمان سەرنجی ئەوانەی بەشی هۆنەریش ڕاكێشراوە. بە هەر حاڵ ئەوانەی خەریكی ئەو تاوانە بون ، ناسراون. سەیركەن سلێمانی بە مزگەوتی گەوەو باخی گشتییەوە ناسراوەو دوو شوێنی زۆر موقەدەسن بۆ خەڵكی سڵێمانی. بەرەڵایی لەم زونەدا گەیشتبێتە ئەم ئاستە دەبێ خەڵك چ ئومێدێكی بە حیزب  و حكومەتی ئەم زونی سەوزە خۆشبێت.تا ماوەی 2 ساڵیش ناو بەناو قسە لەسەر فرۆشتنی خەستەخانە كۆنەكەی سلێمانی دەكرا. بەڵام كە ئەوانەی خەریكی ئەو مامەلەیە بون گوێبیستی ئەوە دەبون  كە خەڵك ناڕازییە بێدەنگەی لێ دەكراو دیزە بەدەرخۆنەیان كرد . 
تەنانەت هەندێك لە دكتۆرەكانیشیان ڕازیكردبوو كە ئەوانیش بڵێن فرۆشتنی زۆر باشە. بەڕاستی ئەگەر بەرەڵایی ئەم زونی سەوزە نەگەیشتبێتە ئاستێكی ئاوا مەترسیدار ، هەرگیز كەسێك  جورئەتی ئەوەی نەدەكرد باسی داگیركردنی باخی گشتی و فرۆشتنی خەستەخانەی كۆنی سلێمانی بكەن. كەواتە ئایندەی  زونی سەوز لە ژێر فەرمان ڕەوایی یەكێتیدا ، لە ژێر مەترسی گەورەدایە. 
لە بەشی پینجەمی ئەم باسەشدا درێژە بە باسی زیادەڕەویەكان دەكەین بۆ سەرموڵك و ماڵی گشتی.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە