حەیدەر عەبادی: 16 ئۆکتۆبەر رێکەوتنمان لەگەڵ پاڤێلدا هەبوو

Sunday, 02/04/2023, 18:29

6798 بینراوە


حەیدەر عەبادی سەبارەت بەڕوداوه‌كانی‌ 16ی ئۆكتۆبەر زانیاری‌ نوێ ئاشكرا ده‌كات‌و ده‌ڵێت، "ئەوەی لەكەركوك رویدا داڕمانی پێشمەرگە بو، بەڵێ رێككەوتن لەنێوان ئێمەو بافڵ تاڵەبانی هەبو، بەڵام بەواتای خیانەت نا وەكو ئەوەی برایان تۆمەتباری دەكەن".
حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی پێشوتری عێراق لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی (الفرات) سەبارەت بە 16ی ئۆكتۆبەر و كەوتنی كەركوك ده‌ڵێت، "کۆماری ئیسلامی ئێران پەیوەندییەکی پتەوی لەگەڵ یەکێتی نیشتیمانی کوردستان هەیە.. چەند رۆژێك بەر لەرۆیشتنی هێزەكانی عێراق بۆ ناو كەركوك، قاسم سولەیمانی رۆیشت بۆ سلێمانی، داوای مۆڵەتی منی كرد، پێم وت پێویست ناكات بڕۆیت، ئەمە بابەتەكە ئاڵۆزتر دەكات، وتی تكا دەكەم رەزامەندیم تۆم دەوێت، چونكە لەوكاتەوە كە جەلال تالەبانی كۆچی دوایی كردووە نەچوم بۆ سەرەخۆشی، سولەیمانی رۆیشت بۆ سەرەخۆشی‌و جارێكی تر گەڕایەوە، بەڵام لەسەردانەكەیدا كۆبونەوەو قسەوباس كرابو."
عه‌بادی‌ ده‌ڵێت، "ئەو ئۆپراسیۆنە سەربازییەی کە لە 16ی ئۆکتۆبەری 2017دا رویدا، تەنیا من بوم کە لەهەموو وردەکارییەکان، چ کاتژمێری سفرو جوڵەو هەموو وردەکارییەکانی دیکە ئاگادارکرامەوە".
لەوەڵامی پرسیاری ئەوەی ئایا ئەوەی لە كەركوك رویدا كشانەوەی پێشمەرگە بو یان رێككەوتن یان داڕمانی پێشمەرگە؟ عەبادی دەڵێت، "ئەوەی لەكەركوك رویدا داڕمانی پێشمەرگە بو، بەڵێ رێككەوتن لەنێوان ئێمەو بافڵ تاڵەبانی هەبوو، بەڵام بەواتای خیانەت نا وەكو ئەوەی برایان تۆمەتباری دەكەن".
ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات، "من بەنیازی خوێنڕشتن نەبوم لەكەركوك، زانیم لەوێش هەندێك لایەن هەن كە بەهەمانشێوە نایانەوێت خوێنبڕژێت‌و متمانەیان بەمن هەبوو كە من نامەوێت دەستدرێژی بكەم، بەڵام كێشە لەشێوازی گەیاندنی پەیامەكان‌و هەماهەنگیدا هەبوو، بەڵام بەبۆچونی من جەماعەت [لایەنی دیکە] دەیانویست شەڕ روبدات، كۆكردنەوەی هێزو گوتاری ئاگرین‌و قسەكردن لەبارەی ئەوەی ناتوانن وا بكەن‌و روبەڕویان دەبینەوە‌و خوێندەڕژێت، به‌ئاشكرا قسەیان دەكرد."

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە