مەسعود بارزانیش پێویستی بە چایچییەکە وەکو ئەوەی شای ئێران

Wednesday, 05/04/2023, 20:22

10669 بینراوە


دەگێڕنەوە و دەڵێن لەدەمی ڕاپەڕینەکانی گەلانی ئێراندا دژ بە ڕژێمی شای ئێران (١٩٧٩)، بەردەوام دار و دەستەی شا لە ئەفسەرە پلەدار و وەزیرو کاربەدەستە باڵاکانی دەوڵەت، دەهاتنە کن شا و دڵنیاییان پێدەدا کە دۆخەکە لە ژێر کۆنترۆڵدایە و تەنها هەندێک گێرەشێوێن لە شەقامەکان ماون، ئەوانیش سەرکووت دەکەین. ئەو کەسانەی ئەو جۆرە قسانەیان بۆ شا دەکرد درۆیان دەکرد، ئەوانە خەمی خۆیان و ئایندەی خۆیان بوو، بەوەی چارەنووسیان بەندبوو بە چارەنووسی شاوە، بەنەمانی ڕژێمی شا واتا لەدەستدانی هەرچی دەستکەوت و ئیمتیازەکانیانە، تا دەگاتە لەدەستدانی ژیانیشیان، بەڵام واقیعی شەقام پێچەوانەی بۆچوون و گفتە درۆکانی ئەو پلەدارانەبوو، بەوەی دۆخەکە تادەهات بەرەو ئالۆزی و خراپی دەچوو، پۆلیس و سوپا بێ بەزەییانە خەڵکیان دەکوشت. بۆیە شا بەگومان بوو لە قسەو بەڵێنەکانی ئەو کاربەدەستە باڵایانە.
جا بۆ ئەوەی ڕاستی دۆخەکە بزانێت پەنای بۆ چایچیە تایبەتیەکەی خۆی برد، ئەویش بێ جوانکردنی ڕەوشەکە وەک خۆی ڕوونکردنەوەی دا بە شا گووتی: (گەورەم ڕەوشەکە زۆر مەترسیدارە و لە کۆنترۆڵ دەرچووە، کووشتار زۆربووە.) شا لە مەسیجەکە تێگەیشت، سوپاسی چایچییەکەی کرد بۆ ڕاستگۆیی، بە قسەی چایچییەکەیدا بۆی دەرکەوت کە دەسەڵاتەکەی کۆتایی هاتووە، بۆیە پاش چەند ڕۆژێک بۆ هەتاهەتایە وڵاتی بەجێهێشت.
ئەوی لە ئێران ڕوویدا دەمێکە لە هەرێم بە شێوازێکی تر دەگووزەرێت، ناڕەزایی خەڵک لەجووت حیزب گەیشتۆتە لووتکە، گەندەڵی، دزی، نادادپەروەری، بەرتەسککردنەوەی پانتایی ئازادیی، کەم بوونەوە و نەمانی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان، نەدانی مووچە، بوونی دەستی حیزب بە ناشیرینی لە هەموو شوێنێکدا و زۆر شتی دیکە، ئەمانە سیمای دیاری بەرهەمی دەسەڵاتی چووت حیزبە لەماوەی (32) ساڵی دەسەڵاتیاندا.
سەرجەم تاکەکانی هاوڵاتیانی هەرێم بە ڕوونی هەست بەوە دەکەن، کە وڵاتیەکەیان دووچاری کۆمەڵێک قەیرانی قووڵ بووەتەوە، کە دەربازبوون لێیان ئەستەمە. سەیر ئەوەیە تەنیا لایەنی دەسەڵاتەکە ئیعتراف بەم واقیعە مەترسیدارە ناکات، بەڵکو بەردەوام هەوڵدەدەن شکستییەکان وەک دەستکەوت و سەرکەوتن هەژمار بکەن.
ئەم دەسەڵاتە چەتەیە کۆمەڵێک مرۆڤی مشەخۆر و بەرژەوەندیخواز و درۆزن و بێ ڕەوشتی لە خۆی کۆکردوەتەوە، کە کار و پیشەیان پیاهەڵدانە بە سەرۆک و سەرکردەکانیاندا. ئەم کۆیلانە بۆ زیاتر خۆبردنە پێشەوە لە پیاهەڵدانی بێ مانا بە سەرۆک و کەسە دەسەڵادار و کاربەدەستەکان ناکەون.
جا ئەز وای بۆ دەچم ئەم کەسانە هەواڵی هەڵە و نادرووست دەدەنە سەرەوەی خۆیان، بەتایبەتی مەسعود بارزانی، کە ئەویش بە پیاهەڵدان وستایش خەنی دەبێت .
حاڵەتەکە لە دوو بەدەرنیە، یان ئەوەتا مەسعود بارزانی ئاگاداری ڕەوشەکەیەو گوێی پێنادات و خوازیارە چۆن هاتووە هەروا بڕوات، یان ئەوەتە وەک شای ئێران بەرژەوەندیخوازەکانی دەورووبەری هەواڵی ناڕاستی پێدەگەیەنن و ئەویش بڕوایان پێدەکات. جا ئەگەر حاڵەتی دووەم ڕاستبێت کە خودی خۆم لەوە بەگومانم، ئەوە پێویستە کەسێکی پاک و بوێر و ڕاستگۆ لەوێنەی چایچیەکەی شای ئێران بچێتە لای مەسعود بارزانی و پێی بڵێت: (جەنابی سەرۆک ڕەوشەکە زۆر خراپە، خەڵک زۆر ناڕازیە لێتان، هیواخوازن ئێوەیان لەکۆڵ ببێتەوە، گەورەم هێشتا کات بەدەستەوە ماوە بۆ ئاشتکردنەوەی خەڵک، بۆ ڕاستکردنەوەی هەڵەکانتان، دەنا بە پێچەوانەوە هیچ زەمانەتێک بۆ مانەوتان نەماوە.).
هەر دەسەڵاتێک گەر خۆی بە خەمخۆری خەڵک بزانێت، دەمێک دووچاری قەیران دەبێتەوە، هەوڵدەدات بە هاوکاری دڵسۆزان و پسپۆڕانی وڵاتەکەی چارەسەر بۆ قەیرانەکان بدۆزێتەوە نەک پشتگوێ یا بێ نرخیان بکات .
تا ئێستا نەمدی، نەمبیست، نەمخوێندەوە لەماوەی (32) ساڵدا بۆ تەنیا جارێک بەرپرسێکی ئەم دەسەڵاتە دان بە هەڵەیەک شکستیەک کەماسیەکی حکومەتەکەیدا بنێت.
لە مێژە دەرکەوتووە، کە ئەمانە شکستیان هێناوە لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا، ئەم نووخبەیە پیاوی دەوڵەتداری نین .ئاخر دەوڵەتداری چۆن بەکەسانێک دەکرێت شکست و شەرمەزاری بەدەستکەوت و سەرکەوتن بزانن؟
حوکمڕانی سەغڵەم و پێشکەوتوو چۆن بە کەسانێک دەکرێت کە سوپایەک لە شانتەکێن، دووڕوو، بوودەڵە، ستایشکاری درۆزن، کۆیلە، بەرژەوەندیخواز دەورەدرابێت، کار و ئەرکیان تەنیا شاردنەوەی کەماسیەکان، پاساو هێنانەوە بێت بۆ شکستیەکانی جووت حیزب و جوانکردنی سیمای پۆخڵی دەسەڵات، لەولاشەوە کەسانی دڵسۆز لە ڕووناکبیر، پسپۆڕ و شارەزا، پەرواوێزخرابن و پرسیان پێنەکرێت.
هەر وەک چۆن چایچیەکەی شا، بەشای ڕاگەیاند کە (دۆخەکە لە کۆنترۆڵ دەرچووە)، ئەز وای بۆ دەچم کە ڕەوشی هەرێم بەو ئاراستیە هەنگاو دەنێت کە لە کۆنترۆڵی ئەم چەتانە دەربچێت، درەنگ یا زوو ئەوە ڕوو دەدات، بۆیە هیوادارم کەسانی دڵسۆز لەبری ئەوان جڵەوی دەسەڵات بگرنە دەست .
واقیع نیشانی داوە ئەمانە لە دزیی و گەندەڵی بەولاوە چاکسازیان پێ ناکرێت، جا بۆئەوەی خەڵکی هەرێم لەوە زیاتر ئازار و مەینەتی و نەهامەتی نەچێژن، پێویستە هەموو پێکڕا خەبات بکەن بۆ هاتنەدی سەردەمێکی نوێ.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە