ئەوقافی دهۆک: ژمارەی مزگەوتەکانمان زۆرە و داوا لە خەڵک دەکەین قوتابخانە و نەخۆشخانە دروستبکەن

Sunday, 28/08/2022, 19:47

1114 بینراوە


ئەم بابەتەی رووداو بۆ نووسینێکی کوردستانپۆست هێناومانە، تا لێرەدا بمێنێتەوە و بپارێزرێت (لینکەکەی لە خوارەوە ببینە)


رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری گشتیی ئەوقاف و کاروباری ئایینی پارێزگای دهۆک دەڵێ: لە دهۆک هەزار و 100 مزگەوتمان هەیە و لەکۆی ئەو ژمارەیە تەنیا 200 گوتاربێژیان بۆ دامەزراندووین. دەشڵێ: "دەوڵەمەندەکانی دهۆک هەموویان داوای دروستکردنی مزگەوت دەکەن، بەڵام ژمارەی مزگەوت لە دهۆک زۆرە و داوامان لە مامۆستایانی ئایینی کردووە هانیان بدەن بۆ دروستکردنی قوتابخانە و بنکەی تەندروستی و رێگەوبان." 
هەینی رابردوو بەهۆی نەبوونی گوتاربێژ لە مزگەوتی سەلاحەدین لە دهۆک، هاووڵاتییەک گوتاری هەینی خوێندەوە و پێشنوێژی بۆ مسوڵمانان کرد. بەڕێوەبەرایەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی دهۆکیش، لیژنەیەکی بۆ بەدواداچوونی کێشەی گوتاربێژی مزگەوتەکە پێکهێناوە.
رۆژی یەکشەممە 28-8-2022، محەممەد خالید محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئەوقافی پارێزگای دهۆک میوانی بوولتەنی نیڤرۆژی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە شەهیان تەحسین پێسکێشی دەکات و رایگەیاند: "ئێمە بەوە نیگەرانین، خەڵک مافی خۆیانە گازندەکانیان بگەیێننە لای ئێمە، بەڵێنی ئەوەمان بە خەڵکدا بۆ ئەمڕۆ یەکشەممە 28-8-2022 لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە پێکبهێنین." 
محەممەد خالید گوتی: "ئێستا ئەو لیژنەیە سەرقاڵی لێکۆڵینەوەیە و راپۆرتی بۆ ئێمە نەگەڕاندووەتەوە، بۆ ئەوەی بزانین ئەنجامەکە چیبووە، هەرکات راپۆرتەکەیان بۆ ناردین، پێشنیازیان هەرچییەک بێت پەسندی دەکەین و جێبەجێدەکرێت، لەبەر ئەوەی وەزیری ئەوقافیش بۆ ئەو بابەتە لەسەرهێڵە." 
لەبارەی هۆکاری ئامادەنەبوونی گوتاربێژی مزگەوتی سەلاحەدین، بەڕێوەبەری ئەوقافی دهۆک دەڵێ: "بەپێی زانیارییەکانمان گوتاربێژی مزگەوتەکە مۆڵەتی وەرگرتووە و دواتر لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ بەڕێوەبەری ئەوقافی قەزای ناوەندی دهۆک، داوای کردووە مۆڵەتەکەی بۆ درێژبکرێتەوە، پێدەچێ هەڵە تێگەیشتنێک لەنێوان گوتاربێژەکە و بەڕێوەبەری ئەوقاف دروستبووبێت." 
محەممەد خالید، دانەمەزراندنی گوتاربێژ لە دهۆک بە سەرەکیترین کێشەی بەڕێوەبەرایەتییەکەیان وەسفدەکات و دەڵێ: دەوڵەمەندەکان مزگەوتێکی زۆر دروستدەکەن، ئێستا ئێمە هیچ کێشەیەکمان لە دروستکردنی مزگەوت نییە، بەڵام لە ساڵی 2014ەوە دامەزراندن راوەستاوە و ئەوەش وایکردووە کێشەمان لە ژمارەی گوتاربێژ بۆ دروستبێت "لە پارێزگای دهۆک هەزار و 100 مزگەوت هەن و لەو ژمارەیە 912 مزگەوت گوتاری هەینییان لێ دەخوێندرێت و ئەوانی دیکەش لەبەر ئەوەی لە گوندی زۆر بچووک هەڵکەوتوون و پێویست ناکات گوتاربێژیان هەبێت، گوتاریان تێدا ناخوێندرێت." 
بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی ئەوقاف و کاروباری ئایینی دهۆک: بۆ پارێزگای دهۆک پێویستیان بە 912 گوتاربێژ هەیە، لەو ژمارەیە 428 گوتاربێژیان بە خۆبەخش هەیە و 200 گوتاربێژی دامەزراویان هەیە و 284 گوتاربێژیان پێویستە، بەڵام ئەگەر لە نێوان 150 بۆ 200 گوتاربێژیان بۆ دابمەزرێنن، کێشەیان چارەسەر دەبێت. 
بەڕێوەبەری گشتیی ئەوقاف و کاروباری ئایینی دهۆک دەڵێ: "خەڵکێکی زۆر داوا دەکەن مزگەوتی بچووک دروستبکەن، بەڵام ئێمە پێویستمان بەو مزگەوتانە نییە، دەوڵەمەندی ئێمە مزگەوت زۆر دروستدەکەن، بەڵام ئێمە کێشەیەکی ئەوتۆمان لە ژمارەی مزگەوت نییە، بەڵکو ئێمە زیاتر کێشەی دامەزراندنمان هەیە، هەر ئێستا لە ناوەندی پارێزگای دهۆک نزیکەی شەش مزگەوت لە دروستکردندان." 
محەمەد خالید ئاماژەی بەوەش کرد: "لە هەموو کۆبوونەوەکانمان لەگەڵ مامۆستایانی ئایینی داوایان لێدەکەین بە دەوڵەمەندەکان بڵێن تەنیا دروستکردنی مزگەوت خێر نییە، با دەوڵەمەندەکانمان تێبگەیێنین کە هاوکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان بن لە دروستکردنی قوتابخانە و بنکەی تەندروستی و دروستکردنی رێگە و پرد، بە خێر بۆ ئەوان هەژمار دەکرێت، لەبەر ئەوەی هەموو پرۆژە خزمەتگوزارییەکان بۆ هەموو مرۆڤەکانە و هەر ئاوەدانکردنەوەیەک خزمەتی مرۆڤ بکات، دەچێتە خانەی خێر و سەدەقەوە."

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە