گەندەڵیەکانی هەرێم و تۆڵە!

Tuesday, 02/05/2023, 20:17

4991 بینراوە


مێژوو و هەزاران دۆکیومێنت و شایەد حاڵ سەلەماندوویانە، کە لە هەشتەکانی سەدەی ڕابردوودا کۆمەڵگەی کوردی باشوور، پلەی بێ مۆڕاڵی بەرامبەر بە پرسی نەتەوەکەی لە لووتکەدا بوو، ٣٥٠ هەزار جاش هەبوو، ئەمە جگە لە هێزی جەیشی شەعبی، قوات خاسە، مەفرەزەی فریاکەوتنی دەزگەی هەواڵگری، بە هەزاران تاکی کورد لە هەردوو ڕەگەزی نێر و مێ لەنێو گشت پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی کوردیی باشووردا کاریان بۆ دەزگەی هەواڵگری بەعس دەکرد. میدیای بەعس تەژی بوو لە قەڵەمفڕۆشی کورد، تەلەفزیۆنی بەعس ڕازابووەوە بە وێنە و دەنگی دەیان تاکی کورد لە هەردوو ڕەگەزی نێر و مێ، کە ببوون بە دەستکەلای بەعس و لە سەنگەری بەعسدا خۆیان مەڵاس دابوو، ئەمە لە کاتێکدا بوو کە دڕندەی حکومەتی بەعسیش لە لووتکەدا بوو، پاکتاوی نەژادی، ئەنفال و کیمیاباران، لە سێدارەدان، ڕاگوێزتنەوە و چۆڵ کردنی گوندەکان و تا دەگات بە تەقاندنەوەی دارگوێزەکانی کوردستان و خاپور کردنی ئەو وڵاتە، ببوو بە پیشەی هەمیشەیی حکومەتی سەدام، لە ئاسمانی تاریەکە شەودا تروسکایەک بەدی نەدەکرا! 
 لەنێو ئەو دۆخە و واقیعەدا بە شێوەیەکی گشتی، ئەوانەی دەبوون بە پێشمەرگە، ڕوویان لە شاخ دەکرد، لەنێو حزبێکی ئەو کاتدا دەگیرسانەوە و بێ ئاگا لە ناپاکی سەرانی حزبەکانی شاخ، باشترین تاکی هەڵبژاردەی نێو کۆمەڵگەی کوردیی باشوور بوون. ئەوان بوون بە سووتەمەنی شۆڕش و جوڵانەوە کوردییەکان، هەڵگری مەشخەڵی ئازادی و سەرفرازی، ئامادە بوون لە پێناو بیروباوەڕی خۆیاندا گیانیان فیدا بکەن، گشت خۆشی ژیان فەرامۆش بکەن، ئەم هەڵبژاردەی نێو ئەو کۆمەڵگە پیسەی باشوور، مێژوویەکی پڕ لە سەروەریان بۆ گەلەکەیان تۆمار کرد، ئەوان بوون بە سومبلی پاکی قەتیسماو لەنێوان ناپاکی سەرانی حزبەکان و ناپاکی کۆمەڵگە، بۆیە دەبینین کە سەرانی حزبەکانی نێو حکومەتی بنکە فرەوانی هەرێم، بەتایبەتی کوڕانی بارزانی و تاڵەبانی کە چارەکە سەدەیەکە سەرقاڵی خۆ دەوڵەمەند کردنن، خاوەن بانک، بیرە نەوت و بە میلیۆنان دۆلارن، خاوەن سەدان کەناڵی تەلەفزیۆنن، میدیای زەبەلاحی سێبەر و ناسێبەرن، کە وەک باران پارە بەسەر کارمەندی ئەو کەناڵانەدا دەبارێنن، بۆ ئەوەی بتوانن لەڕێگەی ئەوانەوە میللەت چەواشە بکەن، کۆنتڕۆڵی جۆری پەروەردەی خەڵک و عەقڵی مرۆڤی ئەو دەڤەرە بکەن، لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا، هەموو حزبەکان تا ئەم ساتەش باز دەدەن بەسەر چارەکە سەدەیک و بە قۆناغی شاخ خۆیان هەڵدەکێشن، ئەو قۆناغەی کە باشترین هەڵبژاردەی تاکی کوردیی باشووری تێیدا بەشداریی جوڵانەوە سیاسیەکان بوو دژی حکومەتەکانی بەغداد بە درێژای نیو سەدە.
چارەکە سەدەیەکە، لە سایەی سیاسەتە هەڵەکانی سەرانی ینک و پدک و حزبەکانی بەشدار بووی حکومەتی بنکە فرەواندا، ئەوەی جوانی بێت بە سیمای حزبە کوردییەکانی باشووردا نەماوە، ئەو  قۆناغە دیاریکراوە مێژوویەکی پڕ لە شەرمەزاریی لە مێژووی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی باشووری کوردستاندا تۆمار دەکات، بە هەزاران دیاردەی ناشرین و نەویست لە هەرێمی کوردستاندا لەگەشە سەندن بووە، یەکێک لەو دیاردانە، گرنگی دان بە کۆنە جاش و خۆفڕۆش و ئەنفالچی و فایلدار و سیخور و بەکرێگیراوی حکومەتی بەعس لە لایەن سەرانی حزبە کوردیەکانی هەرێم بەتایبەتی پارتی و یەکێتیەوە بووە.
 جومگە سەرەکیی و هەستیارەکانی دەزگەی حکومەت و پەیکەری ڕێکخراوەیی نێو خودی ینک و پدک و حزبەکانی دی بەشدار بووی حکومەتی بنکە فرەوانی هەرێم، پڕن لە فایلدار و ئەنفالچی و جاش و خۆفڕۆش و بەکرێگیراوی کۆنی بەعس لە هەردوو ڕەگەزی نێر و مێ. ئەم دیاردەیە بۆ هەندێک لە خەڵکانی ماندوو و خاوەن قوڕبانی مایەی ناڕەحەتی دەروونی بووە، هەمیشە لە گێژاوەی فیکریدا ژیاون و لەگەڵ خۆیاندا تووشی کێشە بوونە، لەنێوان ئەوەی کە ئەم واقیعە تاڵە وەک زۆرینەی خەڵک و هاوشێوەی ئەو کەسانەی کە هەمان ئەزموونی ئەوانیان هەیە و بە پارە و زەوی و پۆست وەرگرتن ئەو بۆشاییە دەروونیەیان پڕ کردۆتە و واقیعەکە قبوڵ بکەن، یان دەبێت پەنا بۆ کاردانەوەیەک ببەن کە خۆیان لەو جەنگە دەروونییە ڕزگار بکەن.  ئەمڕۆ کاتێک کە گەنجێک بەگیانی تۆڵە سەندنەوە کەسێک دەکوژێت، ئەوا لە دنیای خۆیدا هەر ڕۆژێکی بە مردنێک بووە و زیندوو بوونەوەی خۆشی لە تۆڵەکەدا دەبینێتەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە