خوێندنەوەیەک بۆ کتێبی: پرۆژەی لە چاپدانەوەی بڵاوکراوەکانی - پاسۆک-

Thursday, 20/07/2023, 22:34

3747 بینراوە


گۆڤاری ئاڵای سووری کوردایەتی.. بەرگی یەکەم ژمارە ١-١٦/ چاپی٢٠٢٢


پێش ئەوەی ھەر شتێ بین ، ئەبێ کورد بین
ئاڵای سووری کوردایەتی
ئۆرگانی ناوەندیی ھێزی پێشمەرگەی پاسۆک
چەکی بێ بیروباوەڕ سێدارەی جەماوەرە
ژمارە شەش / پووشپەڕی ٢٥٩٣ کوردی - تەمووزی ١٩٨١
سەرەتا.. پێویستە ئاماژە بەوە بدەم، لەم رۆژانەدا برایەکی نووسەر و رۆژنامەنووس، کەدەیەوێ ماستەر بکات لەسەر بڵاوکراوە کوردییەکانی سەردەمی شاخ، بەتایبەت ئەوانەی لە دشڤەری شارباژێر دەرچوون. ئاگاداری کردمەوە کەوا ئەم کتێبەی خوێندۆتەوە و پێی شتێکی زۆر چاک بووە و دەستخۆشی لێ کردم و ھاوکات سەرنجێکی لەشێوە ڕەخنەدا پێ راگەیاندم.. گوایە من شوێنی دەرچوونی ئاڵام نەنووسیووە!.. جا لەڕاستیدا تێبینی بێت یان ڕەخنە، ئەوە لەشوێنی خۆیدایە و دەبوو ئاماژەی پێ بدەم.دیارە تا ساڵی ١٩٧٨/١٩٧٩ خەباتی پارتیزانی بووە و بنکە و بارەگایەکی دیاری کراوی حیزبەکان نەبووە، دواتر پاسۆک لە شێنێ، مەھاباد، کانی شینکێ، کانی ئەستێران، داوداوێ ئاشقوڵکە، سوورێن، مالومە، نۆکان، سلێمانی ، تەوێڵەوبیارە، قەڵاچوالان، سلێمانی بارەگای سەرکردایەتی ھەبووە و دەزگەی راگەیاندنیشی لەتەکدا بووە.. ئەم گوند و دەڤەرانە شوێنی لەدایکبوون و دەرچوونی بڵاوکراوەکانی پاسۆکن..

لەم ژمارەدا ٨ بابەت جێی بۆتەوە...

چوارینەیەکی شیعری شۆڕشگێڕی کامەران موکری بێ ئەوەی ناوی لەسەر بنووسرێ بڵاوکراوەتەوە...
وەک لە خوێندنەوە و ناساندنی ژمارەکانی پێشوودا ئاماژەمان پێدا، شیعر بایەخی لە مەیدانی شۆڕشگێریدا ھەبووە و ھەتا ئێستاش ھەیە.. نووسەرو شاعیری ئەڵمانی یوسف شۆیفەل دەڵی:" شیعری باش و راستەقینە مرۆڤ گەرموگوڕ و تەندروست دەکات" . ئەو شاعیرە کوردانەی شیعری باش و واقعی و دەربڕی ویستوخواستەکانی کورد و شۆڕشەکانی بینیوە،ئەوە بە زوویی لەنێو دڵی جەماوەردا ھەواریان ھەڵداوە..
سەروتاری ئەم ژمارە ئاوڕدانەوە لە مێژوو، بە تایبەت مێژووی رێکەوتنامە و پەیمانامەی جیھانی کە کورد تێدا بە دۆڕاوی دێتە دەرێ.. وتارەکە بریتییە لە (پەیمانی لۆزان ئەوەمان فێر دەکات:" ئەوە کوڕی خۆی بکاتە قوربانی کچی خەڵک وەجاخ کوێر دەبێت")..
ھەر ھێز و گەل و نەتەوەیەک بەرژەوەندی باڵای خۆی نەبێ و ھەمیشە بۆ ئەوانی دی بژی و خۆی بکاتە قوربانی، ئەوە دواجار مایەپووچ دەردەچێ!. بە دەربڕینێکی تریش دەتوانین لەمانای ئەم سەروتارە نزیک بکەوینەوە! ئەوانەی شتگەلێکی لەدەرەوەی بەرژەوەندی نەتەوە و نیشتمان دەژین، ھەمیشە مردوون! یا رەنج بەخەسار چوو دەردەچن.. تاکێکی کورد نابێت بۆ تورک و فارس و عەرەب و بەھەوەندییەکانیان بژی و خەبات و خزمەت بکات ، لەئاکام وەک نۆکەرێک دێتە مەیدانەوە.
پاسۆک لە پەرۆشی تەواویدا بۆ دۆخەکە لە کۆتایی وتار ەکەدا دەنووسێ: (با ئەم ھەلە مێژووییە لەدەست نەدەین و خۆ نەکەینە کلکی ڕوداوەکان..
با خۆمان روداو بین و مەسەلەی کورد اکە ڕوانگەی ھەموو چالاکییەکان بێت.
ئەگینا لەژێر ھەر ناو و بۆ ھەر مەبەستێک کوڕی خۆمان بکەینە قوربانی کچی خەڵکی ڕەنجمان دەبێت بە ڕەنجی پیازفرۆش..).
ئەرکی کوردبوون لەپێشڕایە و سەرەکی و تاکە داواکراوی یەکەمە لەتاکی کورد، ئەم ئەرکە ڕاپەڕێنێ و داکۆکی لێ بکات...
بابەتی (پوازی کوردی) ناونیشان و ناوەڕۆکی وتاری (ڕازێکی کوردانە) ی ئەم ژمارەیەی ئاڵای سوورە.
پرسی ناکۆکی ناوخۆیی لە مێژووی کورددا ، پرسێکی تیرئاوێی بەئازاری درێژخایەنە و رەگی قوڵی مێژوویی ھەیە.. بەداخەوە لەبەرەبەیانی مێژووە کورد گەمارۆدراو بووە و چواردەوری لێی ترساون و دژایەتیان کردووە.
ئەم دیاردەیە زۆری لەسەر نووسراوە لەنێو نووسین و ئەدەب و شیعری کوردیدا . بۆتە پرسێکی سیاسی گرنگیش... بەداخەوە دەرئەنجامی داگیرکاری و دابەشکاریی کورد و کودستان وا شکاوەتەوە ، داگیرکەران بتوانن بەردەوام پوزاری خۆیان بدەن لە جەستەی بزاڤەکەی.. ئەمەش ئەگەرچی لە نێو ئەزمونی زۆر لە میللەتانی تری بندەستدا بەرچاو دەکەوێ، لێ لای کورد لە ئەنجامی درێژە کێشان لە زەمانی روخانی دەوڵەتی میدیاوە تا ئیمڕۆ دیمەنێکی تری ھەیە و لە ئاسایی بوون دەرچووە.. ھەڵکەوتی جوکرافیشی لە نێو دوو ئیمپراتۆرێتی عوسمانی و سەفەوی و دەوڵەتە تازە دروستکراوەکانی تورکیا و ێران وعێراق و سووریادا ھێندەی تر سەختی ھێناوەتە بەردەم کورد و دەستی ئەو داگیرکارانەی واڵاتر کردووە ، درێژە بە دوژمنایەتی فرەلایەنی خۆیان دەرھەق بە کورد بدەن..
بۆیە دەبینین زۆربەی گلان و تێکشکاندن سەرنەکەوتنەکانی کورد دەگەڕێتەوە بۆ ھۆکاری ناوخۆیی .. کە سیمای یەکنەگرتوویی و خۆخۆری و ناوچەگەرێتی و تێدا زەقە و دواتریش دەروێشایەتی بۆ مەزھەب و ئایدۆلۆژیا بووە سەرباری خەمە قورسەکەی کوردبوون.
(ھەر بۆیەشە کەھێشتا قوتابخانە و پارت و ڕێکخراو وفەلسەفە و بیری چوارچێوە گرتوو و سیاسی" پرۆفیشیۆنال" / محترف و شۆڕشگێڕی خۆتەخان کردیش نەبووە لەنێو کۆمەڵگەی کوردیدا بەڵام ھەرکە مەترسی شەبەنگی خستۆتە سەر بوونی نەتەوایەتی کوردەوە، ھەستە خۆڕسکییە " غەریزە" یەکەی کورد پاڵی بە جەماوەری کوردەوە ناوە لە دەوری کێ خڕ وەبن.)..

وتارەکە دوا دێڕی بەم بۆچوونە کۆتایی پێ دێنێ:

("ئێمە ناڵێین دوژمن بەھێز نییە، بەڵام ویستی کورد زۆر بەھێزترە" و دڵنیای سەرکەوتنیشین چونکە " زەحمەتکێشانی کوردبەردی بناغەی شۆڕش و بزوتنەوەی کوردایەتییە و کوردایەتی چارەنووس و بوونی نەتەوەی کوردە"..)
ئەوجا دەگەینە لای ناونیشانە دڵگیرەکەی (لەکەلەپووری شۆڕشگێڕمان)..
شیعرێک بە ناوی (کرمی ناوخۆ) کتومت مانا و ناوەڕۆکی وتاری پێشتری تێدا بەرجەستە بووە. {{ ھەر دارێ کرمی لەناوخۆی دایە/// دەشکێ و دەکەوێ بە سووکە بایە}}.. ئەم شیعرەش ناوی شاعیریی لەسەر نەنووسراوە.. شایانی ئاماژە پێدانە شاعیرە زیندووەکان ناویان نەنووراوە، تاوەکو تووشی کێشە و گرفت نەبن..
ئێستا زەنگی (وانەی شەشەم) ی (قوتابخانەی پاسۆک) لێدەدات و خوێنەر بانگھێشتی گوێگرتنی باسێک دەکرێ بە ناونیشانی(لەگەڵ گورگدا دەخوا و لەگەڵ مەڕدا شین دەکا!!)..
(نابێ ڕێگە بدرێ لەناوجەرگەی شۆڕشی کورددا ، شۆڕشی چەواشە ھەڵگیرسێندرێت و جەماوەری زەحمەتکێشی کورد لە شۆڕش بێزار کەن و تەرەیان کەن.
نابێ ڕێگا بدرێت ڕۆڵە دڵسۆزەکانی کورد بەدەستی ئەو دەستکێشە ئیمپریالیزمییانە لە گۆڕەپانی خەبات دووروەخرێن و پلانی گڵاوی گۆڕەپان بۆ تەخت بوونیان بۆ بچێتە سەر)..
(تاکەی کوڕی کورد دەکەنە خۆراکی شەڕی چەپەڵی کوردکوژی؟
تاکەی لە قاپگرتنی ڕۆڵە دڵسۆزەکانی کورد ناکەون؟!.
تاکەی ھەرگوڵە شێوێنەی نێو ریزەکانی کوردایەتف دەبن؟!.
کەی لەدرۆ و بوختان و پلانگێڕی دەکەون؟!.
بۆ دەستی چەور وگڵاویجاشێتی خۆتان بەسەر خەڵکی دادەسوون؟!.
بۆ لە کۆڵمان نابنەوە و ناچنەوە ژێر باڵی دایکی داگیرکەرتان؟!.)
وتارێک لە پێگە و ویژدانێکی بەرپرسانەوە بۆ ھەمووان ڕاگەیەندراوە!. وتارێک ھەر ناخ ھەژێن نییە، بەڵکوو بەھێزترین شەیپوور بە گوێی خوێنەر و جەماوەردا لێدەدات. ئیدی ئەوەی لە دەمی جەنگ و بۆمبارانی تانک و تۆپ و فرۆکەدا، گوێبیستی ئاگادارییەکان نەبێت، گەر بەر بۆمبا کەوت، گوناحی خۆیەتی بکوژرێ یاخود بریندار بێت!..

(بانگێ لەسەنگەری پاسۆکەوە)..

ئەم بانگەش وەک کتومت تەواوکەری وتاری پیشووە و ئاڕاستەی ھەموو تاکێکی کورد کراوە، بەتایبەت پێشمەرگە کە بەدڵێکی پاک و رۆحێکی کوردانەی بەتینەوە گیانبازی بە ژیانی خۆی بۆ رزگاری و سەربەخۆیی نیشتمانەکەی دەکات.. لە تارەکەدا ھاتووە:
(تۆش وەکو من چەکی مەردایەتی و شەرەفت کردۆتە شان و تۆش دەتەوێ خۆر بە دیاری بۆ شەوگاری تاری کوردستان بەریت.. تۆش دەتەوێ کەللەی سەرت بکەیتە بەردەبازی ئازادی و یەکسانی کورد .. دایکت ، باوکت، خوشک و براکان و دەزگیرانەکەت ناسۆری جێ جۆڵیت بەنازی پێشمەرگانە و شەرەفمەندی ئەو سەنگەرەت دادەمرکێنن. ئەوان سەربڵندن بەوەی ڕۆڵەکەیان ، خۆشەویستەکەیان پێشمەرگەیە.
لەموە بزانە پێشمەرگایەتی چ شەرەف و بەخت جەختێکە، کە تەنھا ئەوانەی ھەڵکەوروو و بەختەوەرن ئەو شەرەفەیان پێ دەبڕێ. پێشمەرگایەتی دەستێ جلی خاکی و تفەنگێک و ناو لە خۆنان نییە، پێشمەرگایەتی مانا و بوون و چەمکێکی دیاری و پیرۆزە، ڕەفتار و ھەڵسوکەوت و ڕێباز و گیانە.)..
ئالەمەوەیە پاسۆک یەکێ لەدروشمە نێوەندییەکانی بریتی بوو لە: "چەکی بێ بیروباوەڕ سێدارەی جەماوەرە". ئاخر ھەر چەک ھەڵگرتن بەس نییە، دەبێ بزانی بۆ و لەپێناوی چی دا؟!... وتارەکە درێژەی دەداتێ و دەنووسێ:
(دەبێ مێژووی تراژیدیای کوردایەتی لە پێش چاو بگریت، ڕێگا نەدەیت بە ھەڵدێر و کەندەڵانی چاڵە کۆنی جاری جارانتدا بەرن، چونکە ئەکتەر و دەمامک بە ڕووەکانی سەر شانۆ ساختەکە ھەر ھەمان " جاش" ی کوڕی کەری داگیرکەرەکەن!..)..
مێژوویەک چەند جارێ دووبارە بێتەوە دەبێتە تراژیدیا، بۆیە ئێمە ھێشتا لەزۆر لایەنەوە لەم پێچەڵپێچییە دەرباز نەبووین.
(ھاوسەنگەرەکەم.. لەو کاتەدا کە دەیانەوێ ئەفیونی براکوژیت بە قوڕگدا بکەن، کاتێ دەیانەوێت ڕێت لێ ڕەوێڵ کەن و وەرتچەرخێننەوە و بەرەوڕووی ھاوسەنگەرەکانت کەنەوە، ڕۆڵی داگیرکەرەکەت پێ دەبفنن. لەو کارانەدا کە قوڕمیشت دەکەن و و کۆکت دەکەن، بزانە لە مرۆڤانە و کوردانەت دەخەن و دەتکەنە بووکەشووشەی شەڕ و بەگژ کورددا دەکێیت!..دەبێ لەسەر زیندووییەتی و مرۆڤایەتی خۆت بکەیتەوە، دەبێ لەواقعی لە گرژەنە براوت یاخی بیت و لەو فێڵبازە / دەجال دەستبڕە کوردکوژانەی ساڵەھای ساڵ چەندین گەنجی وەکو تۆیان خلسکاندبووە زەلکاوی خیانەتەوە و لە مۆڵگا جاشایەتییەکاندا ئابڕووی کوردایەتییان دەبرد، یاخی ببە و ڕێ نەدەی بتترازێنن)..
بڕوانە چەند بەزمانێکی سادە و ھەڵقوڵاوی ناو دڵ و دەروون و ئازار و ژانی کوردبوونەوە رووی لە خەڵکە نراوە ھۆشیار بن و بزانن لوولەت تفەنگەکانتان دەکەنە سنگی کێ؟!..
(کەرکووک و ژەنگار و خانەقین ڕەنگی ھەڵبزڕکاویان چاوەڕێی وەرزی گەڕانەوەی سەر نەخشەی کوردستان. تەلبەندی چوار سنووری کوردستان بە مقەستی بیروچەکی تۆ دادەڕزێت و کوردی بەندکراو لە ئاسۆی خوێنی تۆدا ، مندا ھەموو پێشمەرگە کوردستان دا، لەشەقەی باڵ دەدا بەرەو ئاسمانی " ئازادی و یەکسانی")..
ئەرکی رۆڵەی کورد و پێشمەرگە دڵسۆز و قارەمانەکانی رزگاری خاکی داگیرکراوە؟!..
(ئاسانیشە دەست بە کونی ماران گەستەدا مەکە و جادوگەران " جارێ ھەڵیان خەڵەتانی خوا بیان گرێ، بەڵام کە دوو جاران ھەڵیان خەڵەتانی خواخۆت بگرێ)..
لە لاپەڕە و ناونیشانێکی نوێدا چاومان دەکەوێ بە پرسەیەک بەبۆنەی شەھیدکردنی سەیدا ساڵح یوسفی سکرتێری یەکەمی حزبی سۆشیالیستی کوردستان - عێراق نێرداوە
(شادەمارە سەرەتاکانمان) لەم ژمارەیەدا بە ناونیشانی (دەستی یارمەتی و ھاوکاری بۆ ھەموو بەرە و لایەکی خێرخوای کورددرێژ دەکەین، بە مەرجێ بەرژەوندی کوردی تێدا بێت و لەگەڵ ڕێکخستنی ھەوڵی خێرخوایانەی کورداین و داوای " یەکگرتنی ھەموو ھێزە سیاسییەکانی کورد لە بەرەیەکی یەکسانی ھاوتادا" دەکەین، بۆ ئازادی و یەکسانی)..
ئەم ناونیشانە پر س و باس و ھەڵوێست و چەمکێکی لە خۆ گرتوە، تەواو ئەرک و بارێکی گرانی لە سەرشانی خۆی ناوە.. ئاخر ھیچ شۆڕشێ بێ کومەکی دەرەکی سەری نەگرتووە، فەرەنسیتەکان ھاوکاری شۆرشی ئەمەریکا بوون ئەوجا سەرکەوت، ئەڵمان ھاوکاری لینین بوو، ئەوجا شۆڕشی ئۆکتۆبەر بە ئاکام گەیشت! دنیا لەگەڵ شۆڕشی ڤێتنام بوو، کاتێ دژ بە ئەمەریکا دەجەنگی.. کورد ھەڵکەوتی جوگرافیایی واتە، ھەر کۆمەک و ھاوکارێکی دەرەکیشی ھەبێت، ھەر دەبێت بەڕێی رازیکردنی یەکێ لەدەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستانەوە بێت! ئەم خاڵە ھەستیارەیە کەوای کردووە، کورد بەدیقەت بێت لە ھێنانەدی ھاوکێشەیەک ڕەشمەی دۆزەکەی خۆی لەدەست نەدات و میکانیزمێ بدۆزێتەوە سەربەخۆیی خۆی نەدۆڕێنێ!.. تا ئێستا سەخت بووە، بەوھیوایەی دەرفەتی تێپەڕاندنی ئەم کۆسپەش بە حیکمەتەوە بێتە پێشێ!..
(سەگ بە زەبری کلکی، ئێسقان دەشکێنێ).. وتار و شرۆڤە و ھەڵوێستێکی پاسۆکە لە ناواخنی وتاری [ ماڵئاوا )ی ئەم ژمارەیەدا...
وتارەکە ڕەخنەئامێزە و لە سەر سیاسەت و پێکھاتەی حیزبی کوردی و ئەوانەی بوونەتە مقاشی دەستی داگیرکەری عێراقی دەڕوات.. یەکێ لە ڕستەکانی کە بارگاوییە بە ھەموو مانا و مەبەستی وتارەکە بریتییە لە:
(ئەوەی بەعس بە زەبری کلکی ئێسکی کورد دەشکێنێ، ئەگینا خۆی کەڵبەی کەوتووە)..
داگیرکەر هەرگیز نەیتوانیووە کورد ببەزێنێ، ئەگەر هێزێکی کوردی هاوکاری نەبووبێت..

ماڵاوایی.. دوا وشە و بیر و بابەت و ھەڵوێستی ئاڵای سوری کوردایەتی ژمارە شەشە.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە