توندڕەوی و پەڕگیریی لە ئەڵمانیا

Wednesday, 19/07/2023, 20:43

3219 بینراوە


مێژووی ئەڵمانیا لای زۆربەمان زانراوە، بەتایبەت لە سەرەتای سەدەی ڕابووردووە و بە هەڵگیرسانی دوو جەنگی جیهانی و دەسەڵات گرتنەدەستی نازییەکان.. هیتلەر کە ناوێکی دیاری ئەم ژینگە و مێژووەیە، هێندە بەرچاوتەنگی سیاسی و مرۆیی هەبوو، کارێکی کرد لە ١٩٤٩ وڵاتەکەی گەیشتە ئەوەی بێتە دوو دەوڵەت!..
بەشی رۆژئاوا لەژێر سایەی هێزە هاوپەیمانەکاندا زوو کەوتنە خۆ و خوێندنەوە و کاری زۆریان بۆ ڕابووردووی خۆیان کرد و هەنگاو بەهەنگاو بەرەو چەسپاندنی دیموکراسی و کرانەوەیان بە ڕووگ ئەوروپا و جیهاندا خستە گەڕ..تا پێش یەکگرتنەوەش یەکێ بوو لە وڵاتە هەرە پێشکەوتوو و دیموکراسییە بەهێزەکانی جیهان..
بەشی رۆژهەڵات کەوتە ژێر دەستی سۆڤیەت و بووە بەشێک لە سیستەمی سۆسیالیستی بلۆکی رۆژهەڵات…ساڵی ١٩٨٩ شورەوی هەرەسی هێنا و دیواری بەرلین داڕما!.. ئەڵمانیا یەکی گرتەوە. 
لەو ڕۆژەوە تا ئیمڕۆ ئەڵمانیا رۆژئاوا بە هەموو هێزی ئابووری و فەرهەنگی خۆی خەریکی خزمەتی ئەم بەشەی وڵاتە، بەڵام هێشتا شوێنەواری زۆری سەردەمی کۆنی پێوە دیار ماوە… خراپترین و ترسناکترینیان بەرەو ڕادیکال چوون و بەکارهێنانی زەبروزەنگ و باوەڕهێنان بە سیستەمی دیکتاتۆری و خەون بینینیانە بە ڕابەڕێکی وەک هیتلەرەوە!…
لە نوێترین ڕاپرسی و لێکۆڵینەوەدا لە لایەن 
 Else-Frenkel- Brunswik- Institute  زانکۆی لایپزیک کە دوێنێ ئاکامەکەی بڵاوکرایەوە بەم جۆرەیە: 42,6%  ئاسوودە نین لە سایەی ئەو دیموکراسییەی ئەڵمانیادا..
3/4 پێشیان وایە هیچ کاریگەرییەکیان لەسەر سیاسەتی وڵاتەکەیان نەماوە…لە ڕاپرسییەکەدا کە لەم هەرێمانەی بەشی رۆژهەڵاتدا کراوە
Mecklenburg- Vorprommern, Brandenburg,Sachsen-Anhalten, Sachsen,Thüringen & Ostberlin
خەڵکەکە هەڵوێستی توندیان دژ بە جولەکە و بێگانە دەربڕیوە..[خواستی یەک تاکە حیزب و ئەڵمانیایەکی بەهێز دەکەن]..
14%خەڵک باوەڕیان بەو بۆچوونە هەیە.. [ ئێمە ڕابەرێکمان دەوێ کە بە چنگێکی پۆڵایینەوە خۆشگوزەرانی بۆ هەموو ئەڵمانیا بوێت و وڵات بەڕێوەبەرێ].. تەنانەت 9% [ بوونی دیکتاتۆرێک لە فۆرمی دەوڵەت دا بە باش دەزانن. پارتی ئەڵتەرناتیفی ئەڵمانیا AFD کە زۆر ڕادیکالن و ئێستا بوونەتە پارتی دووەم و سێیەم دوای کریست دیموکراس و سۆسیال دیموکراتەکان، ڕەنگە لە ئایندەیەکی نزیکدا کاندیدیان بۆ ڕاوێژکاری ئەڵمانیا هەبێت!!، لەناو خەڵکدا ئەوانەی بەشداری هەڵبژاردنەکانیش ناکەن بەهێزە…21% خەڵک باوەڕیان وایە ئەم قسانە دروستن.. 
ڕاپرسییەکە لەتەک3564 دا کراوە لە نێوان مانگی پێنج تا نۆی ساڵی 2022.
41,3% پێیان وایە[ بێگانەکان تەنیا دەیانەوێ سیستەمی سۆسیالی دەوڵەت دادۆشن].. ئەم خاڵەی هاوشێوەی باوەڕی 70% ە و زۆرینە ئەمەیان پێ ڕاستە…
هەروەها 36,6% ئەڵمان پێیان وایە کەوا [ ئەڵمانیا بە هۆی زۆری ژمارەی بێگانەوە لە دۆخێکی ترسناک و ژێر هەژموونی بێگانەدایە]..
ئەمە بە تێکڕا وێنەیەکی گشتی ئەم وڵاتەیە بەتایبەت بەشی ڕۆژهەڵاتەکەی کە جاران بە DDR ناسراوبوو واتە کۆماری دیموکراتی ئەڵمانیا… سەربە شورەوی و سیستەمی سۆسیالیستی بوو…
ئێستا دەردەکەوێ هیچ کەوا سۆسیالیستی نەبوو، بەڵکوو بایی گەردیلەیەکیش دیموکراسی نەبووە، ئاخر کەسی پەروەردە نەکردووە و هیچی لێ شین نەبووە، دەنا ئەم دیاردە ترسناکە چییە؟، دوای ئەو هەموو تاوانە گەورانەی هیتلەر، تۆ هێشتا چاوەڕی نازی و رابەرێکی سیمبۆلیی وەک هیتلەر بیت و بە ئاشکرا بانگاشەی بۆ بکەیت.. لە کاتێکدا مێژوو و جیهان ئەم کەس و سیستەمەی بە نەفرەت کردووە!…
11% پێیان وایە (دەبێت ئەڵمان نەتەوەی باڵادەست بێت بەسەر ئەوانی تردا)
دەروونناسی کۆمەڵایەتیElmear Brähler دەڵێ:( لەبری دروشمی بەرژەوەندی هەمەچەشن و پلورالیزم، خواستی کۆمەڵگەیەکی داخراو گەورەترە)..
پارتە چەپەکان هۆشداری دەدەن و دەڵێن : (ئەم دیاردەیە بەس لە بەشی ڕۆژهەڵاتدا نییە، بەڵکوو لە رۆژئاواش هەیە).. ئەمە راستە لە رۆژئاوا تاک و تەرا هەن و خراپتریش بیر دەکەنەوە بەس لە رۆژهەڵات زۆر زەق و زیاترە و کولتوورە و خۆی لە چوارچێوەی رێکخراو و پارتدا ڕێکخستووە!…
ڕاپرسییەکی زۆر توندە بەرانبەر بە جولەکە و سیخناخە بە Antisemitisch دژەجولەکە.. تەنانەت نزیکەی 11% لەوانە پێیان وایە جولەکە کاریگەرێتی خراپیان لەسەر ئەڵمانیا هەیە و 20% لەو باوەڕەدان لەسەر هەموو جیهان هەیە… هەربۆیەشە هیتلەر لەناوی بردن…
62% ئەڵمانیای رۆژهەڵات وێنەیەکی رادیکالانەی جیهانیان لە مێشکدایە.. هەروەها جێی سەیروسەمەرەیە کەوا هێشتا 60% خۆیان وەک هاوڵاتی کۆماری دیموکراتی ئەڵمانیا دەبییینن؟!….
من زۆر ڕەشبین نیم بەرانبەر بەم دیاردەیە لە ئەڵمانیا بەڵام بە هەڕەشەیەکی ئامادەیشی دەبینم . ڕەنگە مێژوو دیسان خۆی بەشێوە گاڵتەجاڕییەکەی دووبارە بکاتەوە!!…
سەرنج : داتاکانم لەرۆژنامەی دێر تاگەسشپیگلی ئیمڕۆوە وەرگرتووە…

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە