موچەی دزەکان

Tuesday, 19/09/2023, 20:21

2086 بینراوە


کێشەی ئێستای کۆمەڵگای ئێمە ئەوەنیە کە هەموو شت کورتکراوەتەوە لە موچەدا، کێشەکە ئەوەیە ئەوەیە کە بۆ چارەسەر، دەسکاری هۆکارە ڕاستەقینەکان ناکرێ و هەموو شتەکە هەڵواسراوە بە عەلاگەی بەغدایا.
لەڕاستییدا هۆکاری کێشەکە لە ناوەوەیەو جگە لە "گەندەڵیی" هیچی شتێکی تر نیە. بەڵام دەسکاری ئەم هۆکارە ناکرێ و کێشەکانی بەغدا کراوە بە پەردەیەک بۆ شاردنەوەو دەسکارینەکردنی ئەسڵی مەوزوعەکە.
دنیایەک بندیوار، دنیایەک دەزگای ڕاگەیاندن، دنیایەک هێزی چەکداری جۆراوجۆر، دنیایەک خانەنشینی وەزیرو پەرلەمانتارو پلەی باڵا، دنیایەک ڕێگای دزی و بەهەردەردان، دنیایەک پارەی گشتی کە ئەچێ بۆ حیزب و باڵ و بنەماڵەو تەکێ و دیوەخان. دەی خۆ بەغدا پارە بنێڕێ و نەنێڕێ، ئەم هۆکارانەی گەندەڵیی، هەر وەکو خۆیەتی و هیچ دەسکارییەکی نەکراوە!
سەرۆکی حکومەت بە شیعاری چاکسازییەوە کابینەکەی دەسپێکرد، سەرۆکی یەکێکی بە شیعاری چاکسازییەوە گۆڕانکارییەکانی ناو حیزبەکەی دەسپێکرد، بەڵام لە هەردو زۆنەکە، ئایا چاکسازییەک کراوە کە دەسکاری ئەو هۆکارانەی گەندەڵی کردبێت؟ ئایا پێشئەوەی مافەکانمان لە بەغدا بهێنینەوە، مافە خوراوەکانی ناوخۆ هیچی لێ گەڕێنراوەتەوە؟
ئایا دوای سەرهەڵدانی کێشەو قەیرانەکانی داعش و کۆرۆناو خراپبوونی دۆخی ئابووری، فەوج و لیواو کەناڵەکانی ڕاگەیاندن کەمیکردوە یان زۆربووە؟ کاروانی ئۆتۆمبێلی حیمایە، درێژبووە یان کورتبۆتەوە؟ مەسولەکان بڕێک قاچیان کۆکردۆتەوە، یان  مناڵەکانیشیان قاچیان ڕاکێشاوە؟
لەڕاستییدا هەر هێنانێکی موچەو بودجە لە بەغداوە، ئەگەر هاوکات نەبێ لەگەڵ بڕێنی موچەو بودجەی دزەکانی ناوخۆ، یەعنی هیچمان نەکردو هەر لە شوێنی خۆمانین. لەڕاستییدا نەخۆشیی گەندەڵیی، حەب و شروبەکەی لە دەرەوەیە، بەڵام نەشتەرگەرییەکەی لە ناوەوەیە. 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە