فاروق ڕەفیق گۆڵچیەکەی بارزانیی

Tuesday, 26/09/2023, 18:25

2754 بینراوە


لەسەر داوای نووسەر ناونیشانی نووسینەکەمان گۆڕی

(ئەوەی هێلکەیەک بدزێت گایەکیش دەدزێت)
وێنەگرتن لەژێر فۆتۆگرافی مەلامستەفادا بە هەر پاساوێک بێت شەرعیەتدانە بەو سیستەمە؛ سیستەمی خێڵایەتی. خۆ ئەگەر کاکە فاروق ڕەفیق پاساوی ئەوە دەهێنێتەوە گوایە ئەو چووە بۆ کۆبونەوە دژی ئیسلامی ڕادیکاڵ، وەک خۆی دەڵێت (لە هەر شوێنێک کۆبونەوە بکرێت دژی ئەوان، من لەوێم). وەک ئەوەی کاکە فاروق نەزانێت کە ئیسلامی ڕادیکاڵ لە لایەن ئەو خێلەوە دەسەڵاتیان پێ دراوە. چونکە سیاسەتی سەلەفییەکان بەرگریکردنە لە سیستەم بە مەبەسی خۆ بەهێزکردن لەژێر سێبەری ئەودا. پارتیش ئەم ڕاستیە دەزانێت و بۆ مەبەستی مانەوەی خۆی لەسەر دەسەڵات دەرگایان بۆ واڵاکردون و کلیلی دەرگای مزگەوتەکانیان پێ سپێردراوە. چونکە ئەگەر خێڵی بازرانی کە فڕیان بەسەر هونەری بەڕیوەبردنی وڵاتەوە نییە، ئەوا لە هونەری پاراستنی بنەماڵە و مانەوەیان لەسەر حوکم، ئۆستادن، کوردستان هەڕاج دەکەن لە پێناویدا. هەر کاتێکیش ئیسلامی رادیکال بوو بە مەترسی، ئەوسا ئەوان وەک فریادڕەس خۆیان دەنوێنن. کەواتە ئێمە دەبێت ئەم زانیاریانە فێری کاکە ڕەفیق بکەین، یان ئەوەیە کاکە ڕەفیق ئێمە بە گەمژە دەزانێت ! 
وەک لەتیف هەڵمەت گوتی : گەنجانی کوردستان سەرەیان گرتووە بۆ بوون بە پەرلەمانتار؛ موچەی چەور و کاری ئاسان. ئیدی هەرکەسە و بە شێوازێک سەرەی گرتووە. ئەی ناپرسن بۆچی پارتی دەستی بەسەر بیرە نەوتەکاندا گرتووە؟  کارەساتیش ئەوەیە کاتێک ئەم ڕۆشنبیرانە بەر ڕەخنەی نووسەران دەکەون، هەرخێرا هەڵدەچن و ڕخنەگر بە جنێوفرۆش ناو دەبەن، لەبەر ئەوەی پێیان گوتوون: بەری چاوتان کلی پێوەیە. دەبێت ئێمەش ئەو ڕاستیە بزانین کە لە کوردستان گەندەڵی گەیشتۆتە ئەو پەڕی، خیانەت و وڵاتفرۆشتن هەڕاجکراوە، ئۆپۆزیسیۆن بەناو ماوە، ڕۆشنبیران دەستیان لەگەڵ ئەو سسیتەمەدایە، لەبەر ئەوەی لەو هەرێمەدا دیموکراسی و ڕەخنەگری ڕاستەقینە نییە هەتا دەست بکات بە چاویاندا و ڕاستیەکان بۆ هاووڵاتیان واڵا بکات، وەک چۆن لە ئەوروپا باوە. خۆ ئەگەر کورستانپۆستیش خۆی وەک دەنگێکی توند و تیژ دەبینێت، وەک خۆیان دەڵێن : ڕخنە بە زمانی چەکوش، ئەوا لە چاو ئەو گەندەڵی و خیانەتانەدا کە بوونی هەیە لە کوردستان، ڕەخنەکانیان ختوکەن لە چاو ئەو زمانەی لە وڵاتانی ئەوروپا بەکاردەهێنرێت و هێنراوە، بە تایبەتی لە فەرەنسا. خۆ ئەگەر ڕۆژنامەیەک لە کوردستان هەمان زمانی شارلی ئێبدۆی بەکار بهێنایە، ئەوا حاڵمان بە ئەمڕۆ نەدەگەیشت. 
هەموو مانگێک شارلی ئێبدۆ ڕوبەڕوی دادگا دەبێتەوە، بە هۆکاری ڕەخنە و گاڵتەجاڕیەکانیان بە ڕۆشنبیران و کەسانی سیاسی و بەرپرسەکان، هەندێ جار خۆشیان دان بەو ڕاستیەدا دەنێن کە هێڵی سوریان تێپەڕاندووە، بەڵام جگە لە ئیسلامی داعش نەبێت فەرەنسیەکان بەرگری لێ دەکەن. چونکە ئەمە دیموکراسیە و دیموکراسیش لەسەر ئەو پرەنسیپە بنیات نراوە. فەیلەسوفی فەرەنسی، ژیل دلوز، لە وتارێکیدا نوسەری فەرەنسی (بێڕنار هێنری لێڤی) بە دانی کرمێ چواند (بێڕنارد هێنری لێڤی ئەو کەسایتیە بوو کە هانی مەسعودی دا بۆ ڕێفراندۆم)، بەڵام نەک بێرنارد خۆی بەڵکو هیچ کەسێک، ژیل دلوزی بە جنێوفرۆش نەچوواند. ئەگەر ڕۆشنبیرانی کوردستان هێندە لوتبەرزن و ڕەخنە بە جنێو دەزانن، تڕەتڕ بەسەر خەڵکیدا دەکەن گوایە ئەوان خزمەت و خەبات دەکەن بۆ کۆمەڵگە و تێدەکۆشن، بە وێنای شازدەکانی بارزانی گوایە ئەوان چینی هەڵبژێراون و بەو شێوەیەش بێ کەموکوڕن، بێ خەوشن، شایەنی ڕەخنە نین، ئەوا لە ڕاستیدا زۆربەیان بە فیکەیەک دەیشکێننەوە بەلای سیستەمدا.
خۆ ئەگەر ڕەخنە و رەخنەگران وەک گورگی دڕندە ڕەچاویان لێ دەکرێت و کراوە، ئەوا بە مەبەسی وروژاندن و واڵاکردنی ڕاستیەکان و بوژاندنەوەی کۆمەڵگەیە. چونکە سەرنجدراوە کاتێک بە مەبەسی پاراستنی ژینەگە، گورگەکانیان خستنەوە ناو سروشتەوە لە ناوچەی پیرێنێی فەرەنسا، شاخ و دەشت ودەر سەوز بوون، بوژانەوە. بۆچی ؟ گورگ پەیوەندی چییە بە سەوزایی و گژوگیاوە ؟ لەبەر ئەوەی بەهۆی مەترسی گورگەکانەوە ئاژەڵان لە شوێنێکدا جێگیر نابن، بە هەموو ناوچەکەدا بڵاودەبنەوە. بەو شێوەیەش شیاکە و پشقل و گیاخواردن یارمەتی بوژاندنەوەی سروشت دەدا. بۆیە ڕەخنە و ڕەخنەگر دەوری گورگان دەبینن؛ بەگژتاندا دەچنەوە، دەتان وروژێنن، بێزارتان دەکەن، بە مەبەسی بوژاندنەوەی سروشت و کۆمەڵگە. سەرپەرشتیتان دەکەن و جێگۆڕکێتان پێ دەکەن، دەتاندەنەوە بەرپرسیار و بەرپرسیاریەت، بە ئاگاتان دەهێننەوە. چونکە ئەو سیستەمە هەر سەردەمە و بە سیاسەتێک ئەو خەڵکە لەخشتە دەبات، سەردەمێک بە دەستەواژەی چەپکە گوڵ و سەردەمێکی تر بە تەوافق و گوایە ئێمە کوردین و بێ دەوڵەتین و بە دوژمن دەورەدراوین، بۆیە نابێت ڕەخنە لە یەکتری بگرین، نەوەکا دوژمنمان پێ خۆشببێت، لە چاوەڕوانیدا وازمان لێ بهێنن با بە ئارەزوی خۆمان  بلەوەڕین، دزیی و گەندەڵی و خیانەت و بازرگانی خۆمان بکەین. 
لە کۆتایدا وەها دیارە کە کاکە فاروق رەفیق دەوری گۆڵچیەکەی بنەمالەی بارزانی پێ سپێردراوە (بڕوانە ڤیدیۆکە)، پێی وتراوە وەها خۆت بنوێنە کە تۆ گۆڵچیەکی کارامەیت، بەڵام ئاممان نەکەیت ڕیگری لە تۆپەکە بکەیت، دەنا دنیا کاول دەبێت و ئەو سیستەمە دادەڕمێت. بە بینینی ئەو دیمەنە پێکەنینمان بەو سیستەمە دێت، بەو حوکمڕانیە، بەزەیمان بەو کۆمەڵگەیەدا دێتەوە، کە چۆن بە ئاشکرا هەڵخەڵەتێنراوە. بەڵام یاریەکەی کاکە رەفیق ژیرانە ترە، بۆ ئاستێکی باڵاتری هزر کراوە.
.............

تێبینی :

ئەوەی هێلکەیەک بدزێت، گایەکیش دەدزێت. (پەندێکی فەرەنسی دەڵێت).
*****

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە