هیتلەر وای ووت

Saturday, 14/10/2023, 20:10

2408 بینراوە


 هیتلەر لە پەرتووکی (تێکۆشانم)دا ئەڵێ ؛ گەر دەوڵەتێك بۆ جولەکە بنیات بنرێ،ئەوا ئەو دەوڵەتە سنوورێکی دیاری کراوی نابێ.
سەرەتا ؛ ئەم ووتەیەی هیتلەر لەوە سەرچاوەی گرتوە کاتێ ئایین دەوڵەت دروست ئەکا ، ئەوا ئایین سنوور نازانێ و بە پێی قەبە بوونی ئابووری و زۆربوونی شێونکەوتوانی ڕۆژ دوای ڕۆژ سنوورەکەی گەورەتر و مەزنتر ئەبێ. هەروەك چۆن ئایینی ئیسلام لە نیمچە دوورگەری عەرەبی هەڵکەوت و دواتر سنوورەکانی تا ئەو  پەوپەڕی ووڵاتی چین و فەرەنسا ، کشا.
مەترسی ئایین ئەو کاتە بەدیار ئەکەوێ کە تێکەڵ بە سیاسەت بکرێ و ببێتە خاوەن دەسەڵات، هەر بۆیە زۆربەی ووڵاتان تەقەلای گەورە ئەدەن تا سنووری ئایین لە مزگەوت و کڵێسا و شوێنە ئایینیەکان نەبەزێنێ، دەنا ئایین کارەساتی مرۆیی مەزن بەدوای خۆی دێنێ کاتێ بڕیار بەدەستن و خاوەن ووتەی کۆتایی بن لە کارو باری دەوڵەتدا.
چی ڕوویدا ؟ لەدوای لەناو بردنی (قاسم سلێمانی) ، ئێران هەر زوو هەڕەشەی تۆڵەی کردوە لە ئەمریکا و ئیسرائیل ، مێژووی ئێران پێمان ئەڵێ کەوا تۆڵە سەندنەوە لەلای ئێرانیەکان شتێکی تازە نیە،، ئەوان لەسەر داگیرکردنێ گردێك ٤٠ ساڵ دژی ڕووسیا جەنگان و دواتر دەریان پەڕاندن. شەڕی ٨ ساڵەی عێراقمان لە یادە کاتێ تازە ئێران سیستمی شاهانشاهی گۆڕیبوو بۆ ئاخوندەیی و لە پرتەیەکەدا عێراق پەلاماری دا و دواتر عێراقیان بەم ڕۆژە گەیاند کە ئێستا بەچاوی خۆمان ئەیبینین و ئەوان فەرمانڕەوان تیایدا.
وەك دیارە ئەو تۆڵە سەندنەوەیە پێش هەموو کەس زیاتر خودی ئیسرائیلیەکان زۆر باش ئەزانن کەوا نەك تەنها دەستی ئێرانی تێدایە، بەڵکە لە مێژووی هەردوو بزووتنەوەی (حزب واڵڵە و حەماس) نەیان توانیوە بەو شێوەیە و بەو قەبارەیە ئوپراسوێنێکی وا گەورە بە ئەنجام بگەیەنن کە ئیسرائیل و جیهانی تووشی سەرسوڕمان کرد. 
ئایا ئەمە سیناریۆ بوو ؟ زۆر بەسادەیی ، نەخێر. ئەمە هۆکارەکەی ئەگەڕێتەوە بۆ لووت بەرزی مرۆڤە ئایینیەکان کە بەردەوام خۆیان لە هەموو کەسی تر بە زاناتر و بلیمەتر و ووشیارتر ئەزانن. دەسەڵاتەکەی (نەتەنیا هۆ) کەدەسەڵاتێکی ئایینی تووند ڕەوە و دوای ئەوەی گرێبەستی (Abraham Accord) وواژوو کراو توانرا چەندین دەوڵەتی عەرەبی ددان بنێن بە بوونی ئیسرائیل و ئاسایی بوونەوەوی پەیوەندیە دبیلۆماسی و گرتنە ڕێوشوێنی یاسایی بۆ ئەوەی کۆتایی بهێنن بە ناکۆکی و جەنگەکانیان کە چەندین ساڵە بەردەوامی هەیە و کۆتایی پێ بهێنن..ئەم گرێبەستە سیاسیە وای لە ئیسرائیل کرد کەوا وا هەست بکەن دوژمنە کۆنەکانیان وازیان هێناوە و ناتوانن هیرش و پەلامار بدەن. ئەمە لەلایەك و لایەکی تر پشتبەستنی دەزگای مۆساد بە تەکنەلۆژیان نوێ بە تایبەتی(AI) وای ئەزانێ کەوا توانای کۆمپیتەر بەتەواوی ئەتوانێ بەسەر تواناکانی مرۆڤ خۆی سەربکەوێ و چی دی پێوستی بە خزمەت و ئەزمونی مرۆڤ نابێ،،ئەمە لە کاتێکدا هەڵەیەکە و جیهانی ئەمڕۆ وا هەست ئەکەن (سوپەر کۆمپیتەر و ئەی ئای) هەموو کێشەکانی مرۆڤ چارەسەر ئەکەن.
چی بکرێ باشە ! گەر ئیسرائیل ئەیەوێ ئەم جەنگە بباتەوە ئەبێ پێش هەموو شتێ دەست لە وێرانکاری بچووك بۆ گەورە هەڵبگرێ.. بەمانایەکی تر، وا باشترە لە جیاتی وێرانکردنی کەرتی غەزە و کوشتنی فەلەستینەیەکان ، وا باشترە ڕووی تفەنگەکەی بکاتە ئێران و دام دەزگا و شوێنە سەربازی و چەك سازیەکانیان خاپوور بکا و هەوڵ بدا هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی ئێران پڕ چەك بکەن و لۆبیان لە ڕۆژئاوا و ئەمریکا بەهێز بکەن . ئیسرائیل ئەبێ لە هەوڵی ئەوەدا بێ ئێران وەك دەوڵەت لاواز بکەن و نەیەڵن هێزە زەبەڵاحەکەی چیتر ببێ بە مەترسی لە ناوچەکە و لەناویان بەرن.
حەماس ، بزووتنەوەی حەماس خودی ئیسرائیل دروستی کرد بۆ ئەوەی هاوتەریب لەگەڵ جولەکە تووند ڕەوکان هاوسەنگی دروست بکەن ، ئەوەش لەڕێگای ئەوەی هیچ لایەك ڕازی نەبن زەوی ئیسرائیل دوو دەوڵەتی عەرەبی و یەهودی تیایدا دروست بکرێ.. هەر بۆیە جولەکە ئایینیەکان هیچ کات ڕازی نین بە دروست کردنی دەوڵەتێك بۆ فەلەستین و هەروەها ڕێکخراوی حەماسیش بەردەوام داوا ئەکا کۆتایی بە دەوڵەتی جولەکە بهێنێ و لە سەر نەخشە ، بیسڕێتەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە