حکومەتی 500 هەزار بندیوار

Thursday, 19/10/2023, 19:21

10934 بینراوە


هەندێک جار سەیر وەزعی کوردستان دەکەم ئەوانەی لە نادی و باڕەکان سەرخۆشن یەکجار سەرخۆشن و ڕەنگە کاتی بێت سەعاتێک دووان یان زۆر بروات شەش سەعات، کێشە لەوەیە ئەوانەی ترن کە خۆیان بە هۆشیار و بە ئاگا دەزانن کە هەمیشە بەنج و سەرخۆش کراون بە بەنجی ئاینی یان مڵملانێی بێ سودی وەرزشی یان کێشەی ئیسرائیل و فەڵەستین بەبێ ئەوەی چوار دێری لەسەر کڕۆکی کێشە خوێندبێتەوە بەبێ ئەوەی مێژووی قودس و فەلەستین و ئیسرائیل خوێندبێتەوە تەنها لە دەم و دەستی خەڵکەوە وەریگڕتووە و دەستی کردووە بەجنێودان بە ڕاست و چەپدا بەجولەکە و ئەو کوردانەشی پشتگیری دەکەن، هەندێک خەڵک لوشکە لوشک بۆ حەماس و کەتاب قەسام دەکەن ، ئەوەی دەمێنێتەوە خەڵکێکی تر کە پێچەوانەی ئاینگەڕاکان خەڵکی بێباوەر و بێ دینەکان یان عەلمانیەکان کەوتونەتە پشتگیری ئیسرائیل بەبێ ئەوەی بزانن چی سودێکی بۆ خۆیان بۆ کورد دەبێت.
تۆ کوردی سی و دوو ساڵە حوکمێکی بنەماڵەیی و دیکتاتۆری حوکمت دەکات هەموو مافەکان و سەروەت و سامانی نیشتمانەکەی دزیووی نە غیرەتی حەماست هەیە بەڕانبەر زاڵمەکانی خۆت بوەستیتەوە نەخۆت و نە دەسەڵاتدارەکەشت وەک ئیسرائیل شفافە و خۆی دەست لەکاربکێشێتەوە یان لەرێگای دیموکراسی و دەنگدانەوە بتوانیت ئاڵوگۆڕی دەسەلات بکەیت، بۆیە کاتێک تۆ لە قوڕ لیتەدایت لوشکە لوش بۆ غەزە زۆر بێ مانایە و دەرکەوت حەماس و مقاومەی فەلەستین پێویستی بەکەس نیە لوشکە لوشکی بۆ بکات و ئێرانی لەپشتە و توانا سەربازییەکانیان سەد ئەوەندەی کوردە و پێویستە شەرواڵی خۆت لەپیسی رزگار بکەی، هەروەها پێ هەڵدان بە ئیسرائیلیش زۆر گەمژانەیە چونکە تۆ هیچ نیت و سەد ساڵیش تریش لە رووی ژیان و دەسکەوتەوە نابیتەوە هاوشانی ئیسرائیل و تۆ تەنها بلقێکی سەر ئاوی سەرخۆشی کە ئاگات لەژیان و پێگەی خۆت نیە و خۆت خستوەتە نێۆ ئەم مڵملانێیەوە، باسکردن و لێکۆلینەوە لە هەر شەرێک شتێکی ئاساییە بەلام ببیتە بەشێک لەشەرەکە ئەوە بەبێ هۆکار و بەبێ ئەوەی پێکە و توانای خۆت بزانی بێ عەقلیەکی گەورەیە.
نەحەماس پشتگیری کورد بووە لە تەنگانەدا و نەئیسرائیل ئەوەندە شەریفە کورد نەفرۆشێت بۆ بەڕژەوەندی گەورەکانی کەلەگەڵ ولاتە داگیرکارەکانی کورد دۆست و هاوپەیمانە.
کورد ئەگەر خاوەن سەرکردایەتی نیشتمانی و عاقڵ بوایە ، ئەوا دادەنیشت و عیبرەت و توانای لەو شەرە وەردەگڕت، توانای بەرگریکردن و توانای یاری سیاسی و خۆ دەربازکردن لەشەر و مڵملانێی گەورە، دەبوو سەرکردایەتی سیاسی کورد ئێستا هەولیبدایە بۆ کرین و کۆپی کرینی باشترین چەک و تاکتیک کە لەو شەڕادا بەکار دێت، دەبوو قیادەی کوردی ئێستا جولەی بکردایە کە چۆن بتوانێت وەک حەماس هەزاران موشەکی نزیک مەودا و دوور مەودا دروست بکات، دەبوو سەرکردایەتی کورد هەوڵی بدایە چۆن بتوانێت ئاسمانی وڵاتەکەی وەک ئیسرائیل بپارێزێت بە سیستەمێکی وەک گۆمەزی ئاسنین یان هەر سیتەممێکی ئاسمانی تر کە بەهێز بێت بەلام ئەم قسانە بۆ کێ بکەین؟! بۆ ئەو دزانەی زەلیل و گیرۆدەی دەستی عێراق بوونە بۆ موچەی بندیوارەکانیان؟ ئەو زەلیل بوونەی کورد لە بەغداد تەنها بەهۆی بندیوارەوەیە ئەگینا موچەخۆری ڕاستەقینە ئەرکە لەسەر حکومەتی عێراق موچەی دابین بکات بە شێوەی ڕاستەوخۆ بێت یان ناراستەوخۆ بەلام حکومەتی هەرێم نزیکەی 500 هەزار بندیواری لەسەر خۆی کردووەتە ماڵ کە چەورە و نەکاراکانی حیزبن کە رۆژانە لەبازار و چایخانە شوێنە گشتیەکان پەیمام و شکۆ و سەرکەوتنی دڕۆزانانەی حیزب و سەرۆک حیزب بلاو دەکەنەوە. 
بۆیە حیزب دەیەوێت پارەیەکی زیاتر لەحکومەتی عێراق وەر بگرێت کە موچەی بندیوارەکان بدات و دواتر بودجەی دەیان کەناڵی حیزب پێ بەرێوە ببات و ئەوەی مایەوە بیداتە موچەخۆری ڕاستەقینە و حکومەتی عێراقیش لەوە تێگەیشتووە بۆیە هەمیشە داوای سازش کردن لە حکومەتی هەرێم دەکات بەرانبەر مافە نەتەوەییەکانی کورد لە عێراقدا ، بۆیە مافی کورد و خاکی کەرکوک و شەنگاڵ و خانقین بونەتە قوربانی بندیوارەکانی یەکێتی و پارتی و بودجەی کەناڵەکانیان و خەڵکی سادەش بیری لای شەری حماس و ئیسرائیلە یان چەند مڵملانێەکی تری بێ سودە و کە ئەمەش وایکردووە ئەم دۆخەی کورد دڕێژە بکێشێت و ئەم دۆزەخە بۆ نەوەکانی تڕیش جێ بهێلین.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە