16ی ئۆکتۆبەر ئەنجامە!؟

Thursday, 19/10/2023, 19:41

1641 بینراوە


لە ھەمان کاتدا هەموو ئەنجامێکیش هۆکارگەلێکی خۆی هەیە.

ئەقلیەتی دواکەوتووی سەرانی کوردایەتییە کلاسیکیەکەی هەرێمی کوردستان، هەر ئەوەی لێدەردەچێت کە هەموومان دەیبینین و تێیدا دەژین.
ئەو ئەقلیەتە تەنانەت بۆ بەڕێوەبردنی نەک وڵاتێک، تەنانەت خێڵێکیشی بە سەرکەوتوویی پێ بەڕێوەناچێت.
پارتی و یەکێتی لە سەردەمی شاخ و شاریشیان، خاوەن  سیاسەتێکی فاشیل بوونە، لە جیاتی رۆحی نیشتمانپەروەری، بەرژەوەندی تەسکی حزبایەتی و لەبری ڕزگارکردن و ئاوەدانییش، خاکیان بە داگیرکەر بەخشیوە و کوردایەتیشیان بە خەڵک فرۆشتۆتەوە.
کە دەڵێین ۱٦ی ئۆکتۆبەر، ڕیفراندۆمەکەش خۆی دەخاتە پاڵی، لەیەکتر جیانیین و وەک دوو جمکی زیانبەخش لە یەک خانەی دۆڕاندندان.
شۆڤێنیەتی عەرەب قسەی لەسەر نییە کە چاوی بە هیچ دەستکەوتێکی کوردستان هەڵنایە، لە کوێش دەرفەتی  بۆ بڕەخسێت و توانای بەسەردا بشکێت، گورزی خۆی دەوەشێنێت، لە ۱٦ی ئۆکتۆبەریش دەستی خۆی وەشاند و نزیکەی نیوەی خاکی کوردستانی زەوتکردەوە،
بەڵام ئایا کەس ئەو بیانووە قبوڵ دەکات کە تەنیا تەرەفی عراقیی بە تایبەت حەشدی شەعبی تاوانباربکات! بێگومان هەم سەرانی هەرێم و هەم تەرەفی عراقیش بە هەردوو لایان گەورەترین زیانیان لە ستاتۆی هەرێمی کوردستان دا.
۱٦ی ئۆکتۆبەر لەکەیەکی قێزەوەنە بەنێوچاوی سەرانی پارتی و یەکێتی، پارتی بەفیتی تورکیا و یەکێتیش بەگوێڕایەڵی ئێران، هەردولاشیان لە ڕقی یەکتر و بۆ شکاندنی یەکتر، کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکانیان لەدەستدا.
دەسەڵاتی یەکێتی و پارتی، سەرچاوەی هەموو نەهامەتیەکانی خەڵکی کوردستانن، ئەلقەلەگوێی داگیرکەرانن، ئامادەن لەگەڵ دڕندەترین دوژمنی کوردان ڕێککەون، کەچی ئامادەنیین لەگەڵ خەڵکی بەشمەینەتی کوردستان ئاشتبنەوە. ئاخر ئەقلیەت و بەرژەوەندیە تەسکەکانی بنەماڵەکانیان لەسەرووی مافەکانی گەلی کوردستان دەبینن .
بۆیە پێمانوایە، تا دەسەڵاتی هەرێم بەدەست ئەو گەندەڵ و تاڵانچی و خاکفرۆشانە بێت، ڕەوشی کوردستان لە ئێستاش خراپتری بەسەر دێت، کەواتە ئەوەی مەترسی بێت لەسەر کیانی هەرێمی کوردستان، جگە لە نەیاران، ئەوە پارتی و یەکێتین، لادان و وەدەرنانی پارتی و یەکێتیش لە دەسەڵات واتە هیوایەک بۆ ڕزگاربوون و ئازادی.
ڕیسوایی بۆ خاکفرۆشان

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە