ویژدان وەک چەمکی مۆراڵ
Thursday, 26/10/2023, 20:42
2180 بینراوە
ویژدانی مرۆڤ هەندێک جار بە هەستی ناوەوەی ڕاستی مرۆڤ ناودەبرێت، یاخود بە 'دەنگی ناوەوە'. توانای ئەخلاقی بۆ هەڵسەنگاندن و ڕەفتارو کرداری خودی مرۆڤ پێوەردەکرێت.
زۆر کەس لاسارن بەرامبەر گۆیگرتن لە دەنگی ڕاستی ناو خودی خۆیان، تەنها بایەخ دەدەنە لایەنە ڕوکەش و بینراوەکانی دەرەوەیان. دەوروبەر چۆن جوان و پەسەند دەیان بینێت، بەبێ رەچاوکردن بۆ ناوەرۆک و ویژدانیان. یاخود چۆن پیناسە و خۆێندنەوەیان بۆ دەکرێت، بەبێ ئەوەی بایەخ بدەنە ئەو دەنگە مۆراڵیەی ناو خودی خۆیان. هەر وەک ئەوەی کەڕ بنو ئەو ویژدانە هەبونی نەبێت، سەرەرای هاوارو شیوەنی ویژدانیان لە ناخیاندا.
ڕەنگە مرۆڤ هەندێک جار سەرکەوتن بەدەست بێنێت لە مامەڵەیدا بەرامبەر بە ویژدانی خۆی، بەڵام ئەم سەرکەوتنە تەنها و تەنها کاتیە و بۆ سەدەمێکی دیاریکراوە. جێگای باوەر نیە کە کەسێک دژ بە ویژدانی مامەڵە و ڕەفتاری قێزەون و تاوانباری لەئەنجام بدات و پەشیمانی بە دوادا نەهێنێت.
رەنگە بپرسین سەرچاوەی ویژدان لە کوێوە دێت و چون دروست دەبێت؟ یاخود بڵین چ هەلومەرجێك بۆتە هۆکاری ئەوەی کەسانێك خاوەن ویژدان نەبن؟
ئیمانداران ویژدان لە سەچاوەی خودایی و ئایینیەوە دەبینن، ویژدان وەک شایەتحاڵی ناوەوەی یاسای خودا وەسف دەکەن کە لە دڵی هەموو مرۆڤەکاندا نووسراوە.
بەڵام لە سەردەمی گەشەسەندنی سیکولاریزم چەمکی ویژدان زیاتر پەرەسەندوتردەبێت و یاسا و بنەمای ئایینەکان کاڵتر دەبنەوە. مرۆڤ لەخودی خۆی وەک سەرچاوەی ویژدان دەڕوانێت و زیاتر جەخت دەکاتە سەر ویژدان و بەرپرسیارێتی لە ناخی خۆیەوە. ئەوەی جێگای سەرنجە، ئەمرۆ لە کۆمەلگایەکدا دەژین کە ویژدان بە شێوازێکی تەندروست و راستگۆیانە پەیرەوی ناکرێت لە ڕێگای سەرچاوەی ئایینەکانەوە، هاوکات مرۆڤەکان گوێگری ویژدانی خۆشیان نین وەک مرۆڤێك کە خودی خۆی سەرچاوەی ویژدانە. بە واتەیەکی تر ویژدان پەراوێز خراوە کە سەرچاوەی بنەرەتی ئەخلاقییە بۆ مرۆڤ وەکو تاك و کۆمەڵگا بە گشتی.
ئایا سەرچاوی ویژدان چیە؟ هەر چەندە چەند سەرنج و تیۆری و هیپۆتێزەی جیاواز هەیە سەبارەت بە سەرچاوەی ویژدان، کە زگماکی بێت یاخود بەهۆی کۆنتێکستی کۆمەڵایەتییەوە (پرۆسەی کۆمەڵایەتیکردن) تیایدا بنیاتبنرێت. نەریت و کولتورە کۆمەڵایەتییکان هەمیشە کاریگەرییەکی لەبەرچاویان هەیە لە سەر دروست بونی ویژدان. بەڵام لەهەمان کاتیشدا ئەم کاریگەرییە لایەنی نەرێنی هەیە کە وادەکات ویژدان {ڕەسەنایەتی} خۆی لەدەست بدات، ئەوەی لە بنەڕەتدا لە مرۆڤدا بونی هەیە و هەلومەرجی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی بە ئاراستەیەکی نەرێندا دەیبات. هاوکات ویژدان بەردەوام لە گرژی و ململانێدایە لە نێوان کاریگەرییە دەرەکییەکان و ڕێنماییەکانی ناوەوە. لە ڕێنماییەکانی ناوەوەدا ئێمەی مرۆڤ بەبێ ئەوەی فێرکرابین لەهەموو کولتورێکدا قێز لە دزی و درۆ کوشتن و ...هتد دەکەینەوە. لەسەر ئەو بنەمایە دەکرێت بوترێت ویژدان زیاتر بونێکی زگماکییە، بەومانایەی مروڤ خودی خۆی سەرچاوەی ویژدانە. پەیرەوی کردنی ویژدان و پرنسیپەکان دەکرێت ئاسان و پیادەکەر بێت، ئەوەی پێویستە کە بگوازرێتەوە دەرەوەی خود و لەگەڵ دەوروبەر بەکرداری ئەنجام بدرێت. بە واتەیەکی تر لە ناوخودی خۆتا بیکەیتە دەنگێک کە هەمیشە گۆیرایەڵی بیت، بەوەی ئەو کردەوەیەی بۆ خۆم قێزەونە بۆ بەرامبەر و کەسانی تریش هەمان تایبەتمەندی هەیە و پێویستە خۆی لێ بەدوربگرین، ئەوەی ئەو زامدار دەکات بۆ منیش زامدارە.
ئایا هۆکاری ئەوە دەبێت چیبێت کە کەسانێک سەرباری بە ئاگاییان لە خراپی کار و ڕەفتارەکانیان بەرامبەر کەسانی ترو هاوکات دژ بە ویژدانی خودی خۆیان، هیشتا بەردەوامن لەسەر بە ئەنجام گەیاندنی؟
ئەم کەسانە بەدڵنیاییەوە لە ناوەرۆکی خۆیاندا لە ململانێی ئەخلاقیان لەگەڵ ویژدانی خۆیان، بەڵام هەوڵ دەدەن قۆرخی ویژدانی خۆیان بکەن بە شێوەیەکی ساختەکاری، ویژدانیان هەڵخەڵەتێنن لە ڕێگای ساختە و پاسا و هێنانەوە بۆ خراپەکاریەکانیان. بەو شێوازە ئەخلاقیان وەکو مرۆڤ سەرکوتکدەنەوە، لەدوا ئەنجامدا خراپکاریەکانیان وەکو باشە نمایش دەکەن، ئەمەش ساختەکاریە لە ویژدان.
سارتەر لەوباورەدا نییە کە ئەم کەسانە دەرکی ئەو خراپکاریانەیان نەکەن و هاوکات لە ململانێ و هەوڵی زاڵبون بەسەر ویژدانی خۆیاندا نەبن، ئەوان هەست بە باشی ویژدان و ئازاری خراپکاریەکانیشیان دەکەن.
ئەو کەسانە هاوتەریب لەگەڵ خراپەکاری بەرامبەر دەوروبەریان هاوکات خراپکاری و ساختەکاری و هەڵخەڵەتاندن بەرامبەربە ویژدانی خۆشیان ئەنجام دەدەن. بۆیە بەردەوام دڵەراوکێو شپرزەیی و نائارامی و ناسەقامگیریان پێوە دیارە، ئیتر ئاخۆ لە ناو خودی خۆیاندا لە چ ئازار و دۆزەخێکدا بن؟
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست