شەڕ و ڕیفۆرم

Saturday, 11/11/2023, 21:29

667 بینراوە


شەڕ تێکدانەوەی کۆمەڵگای نادادپەروەرە، بە هیوای دروستکردنەوەی بە شێوەیەکی دادپەروەرانە، بۆیە خوای گەوره ئەفەرموێت : ( کتب علیکم القتال ) واتا ( جەنگمان لەسەر فەرز کردوون  ) .. 
مانەوەی کۆمەڵگا لە ژێر دەسەڵاتی نادادپەروەر و خۆسەپێندا، هەموو سێکتەرەکانی ژیان تیایدا ڕادەوەستێت..ڕۆژ بە ڕۆژ سیماکانی بێکاری و برسێتی و دواکەوتن و لەبەر یەک هەڵوەشان و تاوان و  نائومێدیی و سەرهەڵگرتن و نەخۆشییە کۆمەڵایەتی ودەروونییەکان   لەنێوان تاکەکانی ئەو کۆمەڵگایەدا تەشەنە دەکەن، بە جۆرێک وای لێ دێت مانەوە لەو کۆمەڵگا چەقبەستووانەدا، کارێکی سەختە و..ئەوە ئەخوازێت مرۆڤ دەستبەرداری هەست و هۆش و سۆزە مرۆڤایەتییەکانی خۆی بێت .
لەتیف هەڵمەت له شیعرێکیدا ئەڵێت : 
( کە هات زەبر و زەنگ 
دەست نەدەیتە تفەنگ 
ئەبی به ژەنگ  )
جوانترین قۆناغ لە کۆمەڵگاکاندا، ئەو قوناغانەن کە تیایدا تاکەکانی کۆمەڵگا بریاری جەنگ و.. هەڵتەکاندنی سیستمی بێدادی و تۆتالیتاریی دەدەن..
کە باس لە ئەوروپا دەکرێت، یەکسەر شۆڕشی ڕێنیسانس مان بە بیر دێتەوە، کە سیستمی فەرمانڕەوایی نادادپەڕوەرانەی پیاوانی کەنیسەیان گۆڕی بە فەرمانڕەوایی تێکنۆکرات.. لەو سەردەمەوە، ڕۆژ بە ڕۆژ ئەوروپییەکان، لە هەموو بوارەکانی ژیاندا، داهێنان دەکەن..ئەگەر ڕێنیسانسیان بەرپا نەکردایە ئەوا ئەمڕۆ ئەوروپییەکان لە چاخی بەردیندا ئەژیان، چونکە هەر لە سەرەتاوە دەسەڵاتی کەنیسە زانستی بە کوفر لە قەڵەم دەدا و چەندین زانای وەک کۆپەرنیکۆس و گالیلۆی، کوشت و ئەشکەنجە دا ..
تەنانەت لە ووڵاتە چەقبووەستووە ئایدیۆلۆژییەکانی وەک چین و یاباندا کە هێشتا دەسەڵاتە خێڵەکی و شمولییەکان باڵادەستن تیایاندا ، شۆڕشیان لە بازاڕدا کرد و..بازاڕی ئازادیان خستە جێی بازاڕی داخراو، ئەوەیش گەورەترین شۆڕش بوو له مێژووی وڵاتێکی وەک چیندا، ئەگەر وا نەبووایە، ئێستا چین لە ووڵاتە کارەساتبارەکان دەبوو  .
لە یاسا نوێکانی ووڵاتاندا و بە تایبەت لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکادا، سەرۆکی ووڵات بۆی هەیە چوار ساڵ تا هەشت ساڵ فەرمانڕەوایی بکات، دوای ئەوە ئەگەر هەموو میللەتیش هەڵیبژێرن، قبوڵ ناکرێت و ئەبێ کورسیی دەسەڵات بەجێ بهێڵێت، چونکە دەروونناس و کۆمەڵناسەکان سەلماندوویانە مرۆڤ ئەگەر لە هەشت ساڵ زیاتر لە پۆستی فەرمانڕەواییدا بمێنێتەوە، لادانی دەروونی و کۆمەڵایەتی و مۆراڵیی تێدا ڕوو دەدات و..کۆمەڵگا تەفرە دەدات..سەرۆک دوای هەشت ساڵ ئەیەوێت ڕۆڵی خوا ببینێت و خەڵکەکەیش کڕنوشی بۆ ببەن و بیپەرستن وەک به ئاشکرا ئەبینرێ و ئەبیسترێ و ئەخوێنرێتەوە..
ئینجا هاوڕێیان، بزانن وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست له چ دۆزەخێکدان کاتێ سەرۆکێک چل ساڵ کورسییەکەی بە جێ ناهێڵێت، هەتا ئیزرائیل، خۆی ودوو فریشتە دێن و پەلکێشی ناو گۆڕی دەکەن..تەماشا بکەن، ئەو وڵاتانە لە زانست و هونەر و گوزەران و ئازادی و مافەکاندا، چ داڕمانێک داڕماون..بە نمونە ووڵات هەیە  ساڵانە بودجەیەکی گەورە بۆ دروستکردنی زیندانی نوێ تەرخان دەکات، چونکە زۆرینەی کومەڵگا ڕەتی دەکەنەوە و ئەمیش زیندانیان ئەکات..
لە یادمە، سەرەتای ساڵانی هەشتاکان، مێرمناڵ بووم، لەگەڵ کۆمەڵێک هاوڕێما یاری فتبۆڵێنمان ئەکرد له تووی مەلیک، کاتێکمان زانی کۆمەڵێک گەنج بە گوڕ و تینەوە، لە دوورەوە، دەستیان ڕادەوەشاند و هاواریان ئەکرد : ( برادەران ! کاتی شۆڕش و ڕاپەڕینە واز لە یاری بێنن !  )
خۆشترین ڕستە هەتا ئێستا لای من، ڕستەی نێوان ئەو دوو کەوانەیەیە..ئومێدی لەناخماندا دروستکرد..تابلۆی ژیانێکی نوێ و سیستمێکی دادپەروەرانەی نوێی لە ناخماندا کێشا..خەون و خەیاڵێکی فراوان و باڵای تیاماندا چاند.. فتبۆڵمان فڕێ دا و.. دەستمان دایە دار و بەرد  و پەلاماری چەکدارەکانی دڕندەترین سیستمی ئەو کاتەمان دا، بڕوا بکەن، لێدان و ڕاکردن و ڕاونان و دەنگی میلی کڵاشینکۆفەکان تاکو ئێستایش، خۆشترین و پاراوترین ئاوازی مۆسیقایە لە ناخمدا و.. هەتا هەتایە شانازیی بەو ڕۆژەوە ئەکەم چونکە یەکەمین بیری شۆڕش و تێکدان و شەڕ بوو لە ژیانمدا دژی سیستمێکی دڕندە و گەمژە و تۆتالیتار..
یەکێک لە بیریارەکان ئەڵێت : کۆمەڵگای پێشکەوتوو، شۆڕشی بەردەوامی ئەوێت..شۆڕش بە مانا فراوانەکەی واتا گۆڕانکاریی.. گۆڕانکارییش واتا تێکدانی شتێک و دروستکردنەوەی شتێک لە جێگایدا..
تۆ ئەتوانیت خانوویەکی کۆن تێک بدەیت و خانوویەکی نوێ لە جێگایدا دروست بکەیتەوە..ئوتومبیلێکی کۆن سکراب بکەیت و ئوتومبیلێکی نوێ لە جێگای دابنێیت..بەڵام دەسەڵاتی خۆسەپێن، دەیان هەزار چەکداری لە چوار دەوری خۆی کوکردۆتەوە، گۆڕینی ئەو جۆره دەسەڵاتانە، ئازایەتی و بیر و باوەڕێکی پتەویان ئەوێت، چونکە سەدان هەزار چەکدار لولەی تفەنگەکانیان ڕوو دەکەنە شۆڕشگێڕەکان و بە خراپترین شێوە ئازاریان دەدەن بۆ ئەوەی یەکەم بیانشکێنن و دووەم وانەیەکیان دابدەن کە جارێکی تر بیر لە شۆڕش و گۆڕانکاریی نەکەنەوە و..سێیەمیش بۆ ئەوەی بیانکەن به پەند و عیبرەت بۆ نەوەکانی داهاتوو، تا هەرگیز بیر لە ڕیفۆرم و پەلاماردان نەکەنەوە..
بێگومان ئەو گریمانانەی دەسەڵات، گریمانەی هێندە لاواز و بودەڵەن، کە بە کەمێک سوور بوونی کۆمەڵگا لەسەر شۆڕش، هەرەس دێنن و ڕادەکەن.. جەنگاوەرێکی وەک ناپلیۆن ئەڵێ : ( سوپا شەڕی لەگەڵ کۆمەڵگای ڕاپەڕیودا پێ ناکرێ).. هەروەها ئەڵێ :  ( دوو سوپا هێندەی دوو نووسەر من ناترسێنن )
چونکە میللەت کە دێتە مەیدانی شۆڕشەوە، وەک دەریا وایە، هیچ هێزێ ناتوانێت خۆی له بەردەمیدا ڕابگرێت..
بیریارێکی وەک سەید قوتب، لە ووتارێکیدا بە ناوی (باجی سەرشۆڕیی ) ئەڵێ : ( لە ژیاندا دوو جۆر باج هەن، ئەبێ یەکێک لەو باجانە بدەیت..باجی سەربەرزی و باجی سەرشۆڕیی..باجی سەرشۆڕیی، لە ئاستێکدا ڕاناوەستێت و ئەبێ ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر سەرت شۆڕ بکەیت و سوکایەتیی زیاتر قبوڵ بکەیت و خزمەتی زیاتری ئاغاکانت بکەیت..بەڵام باجی سەربەرزیی یەک جارە، یان بەسەر زۆرداردا زاڵ دەبیت یان لەو ڕێیەدا خۆت بەخت دەکەیت، واتا بوار نادەیت بۆگەناوی کۆیلایەتیی، ڕووباری پاک و سازگاری ژیانت پیس بکات )
وائیل سدیقیی، چالاکوانێکی میسرییە و له دەرەوەی میسر ئەژی، لەم ڕۆژانەدا له کورتە ڤیدیۆیەکیدا ووتی : ( خەڵکێکی زۆر لە میسرەوە پەیوەندیم پێوە ئەکەن و ئەڵێن وائیل، کێشەی بێ کارەبایی کوشتینی، ڕێگا چارەی تۆ چییە بۆمان ؟..
هاوڕێیان، لە میسر سێ ڕێگا هەیە بۆ ژیانکردن، ئەبێ یەکێکیان هەڵبژێرن، یەکەمیان ئەوەیە زۆرینەتان بڕژێنە سەر شەقامەکان و ئەو دەسەڵاتە خۆسەپێنە لا ببەن کە لە لابردنی توێکڵە مۆزێک ئاسانترە، تەنها کۆبوونەوەی زۆرینەی ئەوێت و ئیشی یەک کەس و دوو کەس نییە .. زۆرینە.. وە من پەیمانتان ئەدەمێ لە کورتترین کاتدا ئەو دەسەڵاتە دیکتاتۆرە خۆسەپێنە ئەگۆڕن..
دووەم جۆری چارەی بێکارەباییش ئەوەیە وەک من، میسر جێ بهێڵن، دوای ئەوەی ساڵەهای ساڵ لەناو میسردا هەوڵمدا زۆرینە کۆبکەمەوە و بە گژ دەسەڵاتدا بچینەوە، بەڵام  پێم کۆنەکرانەوە..ئێستا ئەوەتا به دنیادا ئەگەڕێم و گەشت ئەکەم و بۆ چرکەیەکیش کارەبا نابڕێت..
سێیەم ڕێگا ئەوەیه، هەر لەناو میسردا بمێننەوە و بەردەوام بن لە ڕازی بوون بەو بار و دۆخە.. چونکە کە نەتوانن زۆرینە به گژ ئەو سیستمە نادادپەروەرەدا بچنەوە و.. نەیشتوانن وڵات جێ بێڵن، ئەبێ بە کۆیلایەتی و سەر شۆڕیی درێژە بە ژیانتان بدەن )

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە