هیچ تاوانێک بایی ئەوە نییە تۆ ڕۆح لەمرۆڤێک بسەنیتەوەو بیکوژیت

Saturday, 25/11/2023, 16:26

1120 بینراوە


ئازادیی ڕادەربڕین بنەمایەکە پشتیوانی دەربڕینی ئازادانەی کەسەکان دەکات لە ناو کۆمەڵدا. کە هەموو تاکێکی کۆمەڵ بتوانێ بێ زۆر لێکردن، بێ ترس، بێ چاودێریی و سزای یاسایی، بێ چاوسوورکردنەوە و تۆقاندن، بەڵکو ئازادانە بۆچوونی دڵی خۆی دەربڕێ.
ئەم مافە پێویستە ئازادی بە دواداگەڕان و بەدەستهێنان و پێدانی زانیاری و بیرۆکە بە هەموو جۆرەکانیەوە لە خۆبگرێت، بێ گوێ دانە سنورەکان لە ڕێگەی میدیای هەڵبژێردراوی کەسەکان خۆیانەوە. وە شایەنی باسە کە بەکارخستنی ئەم مافانە ئەرک و بەرپرسیارێتی تایبەت هەڵدەگرێت. ئازادی ڕادەربڕین مافی هەمووانە ونابێت جیاکاری لەسەر بنەمای: نەتەوە، ڕەگەز، ئایین، تەمەن، کەمئەندامی، تایبەتمەندی بۆماوەیی، ڕای سیاسی ، یان هەر بنەمایەکی تربکرێت. ئەم ئازادییە تەنها پەیوەندیدارنیە بەو ڕاوبۆچونانەوە کە کەسێک دەریان دەبڕێت، بەڵکو هەموو ئەو زانیاری و بیروبۆچوون و بیرۆکانەش دەگرێتەوە کە لە سەرچاوەکانی ترەوە کۆدەکرێنەوە
زۆرن ئەو کەسانەی کە ڕۆژانە دەبنە قوربانی ئازادی ڕادەربرین و ناتوانن ئازادانە ڕای خۆیان بڵێن و دوچاری گرتن و لێدان و کوشتن دەبنەوە 
یەکێک لەو گەنجانەی کە لەسەر بیروڕای ئازاد  دەبێتە قوربانی  وتەکانی ئەویش خواناس وریا ی تەمەن ٢٥ ساڵەی چەمچەماڵە و کوڕی باوکێکی نووسەرە بوو ، لە خێزانێکی رۆشنبیر لە دایکبووە، وەک خۆی لە هەژمارەکەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نووسیووبووی " هەموو سوپاسەکانم بۆ باوکمە، وریا گلی کە لە ساڵی ٢٠٠٥ کاتێک تەنها حەوت ساڵان بووم، دەرگای یەکەم کاری نواندنی بۆکردمەوە کە ڕێگایەک بوو بۆ هەموو سەرکەوتنەکانم".
خواناس وەک هونەرمەندێکی ئەو شارۆچکە پڕ جەنجاڵی و پشێوە لەو تەمەنە کەمەدا بە بەهرەیەکی زۆرەوە دەستی بەکاری هونەری کردووەو لە چەندان بابەتی هونەریدا بەشداریکردووەو، چەندان خەڵاتی وەرگرتووە، هاوکات لەگەڵ کاری نواندندا شێوەکار و نوسەریش بووە، لەبواری وەرزیشدا پاڵەوانی کۆنفۆ و شاوڵین بووە، ئەو کە تەمەنی ٢٥ ساڵە، خاوەنی خێزانە و منداڵێکی دوو ساڵانی هەیە.
وەک باوکی وریا گلی ئاماژەی بۆ دەکات لەبەر بێکاری و وەک زۆرێک لە گەنجەکانی ئەو دەڤەرە و هەرێم رووی لە وڵاتی ئیمارات کردووە بۆ کارکردن، دوور رۆژ پێش رووداوەکە گەڕاوەتەوە شارەکەی و ئێوارەی پێنج شەممە لەگەڵ هاوڕێکانی سەرقاڵی پرۆڤە بووە بۆ کارێکی هونەری نوێ، دوای تەواوبوونی پرۆڤەکەی بۆ ماوەیەکی کەم لە هاورێکانی دوورکەوتۆتەوەو، ئەم گەنجە توندڕەوەی کە ناسیوویەتی لە نێو جەرگەی شاردا بە چەند گوولەیەک جەستەی گەرم و پڕ خولیاو هیوای خواناسی سارد کردۆتەوە. 
مەند و شێوەکار و نوسەرو وەرزشوان،
لە  ٢٢ی حوزەیرانی ٢٠٢٣ لەناو جەرگەی بازاڕی چەمچەماڵ،  ناسیاوێکی گەنج کە لەسەر بیروڕای ئاینی لەگەڵیدا ناگونجێت، لە ماتۆڕەکەی دادەبەزێت و بەسەرێکی ساردەوە شەش فیشەکەی پێوە دەنێت و دەیکوژێت و، سواری ماتۆڕەکەی دەبێتەوەو هەڵدێت، خواناس وریا پێشتر لە سەر کووشتن کە لە گرتەیەکی ڤیدیۆیدا دەڵێت" " هیچ تاوانێک بایی ئەوە نییە تۆ ڕۆح لە مرۆڤێک بسەنیتەوە و بیکوژیت"، خۆی بووە قوربانی رێگای رەخنەی ئاینی و رۆحی لێ سەندرایەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە