ئاخر تۆڵە بە چی دەکەیتەوە؟

Thursday, 07/12/2023, 0:45

3963 بینراوە


عەلی قەردەاغی کوردێکی پڕۆئیخوانی و ئەردۆگانیە، ئەمینداری گشتی یەکێتی جیهانی زانایانی مسوڵمانانە، کە بارەگا سەرەکیەکەی لە قەتەرە، سوێندی بەخوا خوارد و ئەم هەڕەشەیەی لە ئیسرائیل کرد:

" عەلی قەرەداغی: سوێند بەخوا ناوەستین هەتا تۆڵەی غەززە دەكەینەوە".

-قەتەر گەورەترین بنکەی سەربازی ئەمریکی هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوینی لە خۆ گرتوە وە لە هەمان کاتیشدا خاوەنی کەناڵی (الجزیرة)ەیە کە کەناڵێکی پڕۆئیخوانی و ڕەگەزپەرستی شۆڤینیە کە میسداقیەتی نیە و بەردەوامیش دژ بە دۆزی کورد بووە.

-قەتەر پەیوەندی بازرگانی لەگەڵ ئیسرائیلدا هەیە و یەکەم پەیوەندی بازرگانی لە ساڵی ١٩٩٦ دا دەستی پێکرد.

-قەتەر لە ساڵی ٢٠١٥ دا یارمەتیدەری ئیسرائیل بوو بۆ گەڕانەوەی ٦٠ لە جووەکانی یەمەن بۆ ئیسرائیل.

- لە ساڵی ٢٠١٥ دا باڵوێزی قەتەر لە غەزە بۆ ناردنی یارمەتیەکانی قەتەریش بۆ حەماس داوای وەرگرتنی ڕەزامەندی لە حوکمەتی ئیسرائیل کرد کە ڕێگەیان پێبدات ئەو یارمەتیانە بۆ کەرتی غەزە بنێرن.

-(شیخ حمد بن جاسم آل ثاني)، سەرۆکوەزیرانی قەتەر لە ٣٠ نیسانی ٢٠١٥ ڕایگەیاند کە ڕێککەوتنی کۆتایی لەگەڵ فەلەستینییەکان دەتوانێت لەبری پابەندبوون بە سنوورەکانی ساڵی ١٩٦٧، ئاڵوگۆڕی زەوی لەخۆبگرێت کە سەرنجی ئیسرائیلیەکانی ڕاکێشا و بە ئەرێنی وەسفیانکرد.

-قەتەر لە مانگی ٦ ی ساڵی ٢٠١٧ دا کۆبوونەوەی نێوان حەماس و ئیسرائیلی ڕێکخست کە ئەو ئاگربەستەی لێهاتە بەرهەم کە حەماس لە ٧ ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٢٣ دا شکاندی.

-قەتەر لە ساڵی ٢٠٠٩ دا بە ڕەسمی ڕایگەیاند کە ئەگەر ڕێکخستنی پاڵەوانێتی جیهانی تۆپی پێ(فیفا) لە ساڵی ٢٠٢٢ دا بدرێت بە قەتەر، ئەوان پێشوازی لە بەشداربوونی ئیسرائیل دەکەن بۆ پێشبڕکێی لەو پاڵەوانیتیە. جگە لەوەیش، چالاکی وەرزشی تریش کە لە قەتەر ئەنجامدراوە لە دوای ساڵی (٢٠٠٩)ەوە ، یاریزانە ئیسرائیلیەکان بەشداریان تێدا کردووە.

-قەتەر لە شەڕی ئەمجارەیشدا لە هەموو ووڵاتە ئیسلامیەکانی دیکە بە ڕەزامەندی ئەمریکا وئیسرائیل ئەوکۆبوونەوەیەی لە نێوان سەرکردەکانی حەماس، مۆساد و(سی ئای ئەی)دا ڕێکخست کە ئاگربەستە کاتیەکە و گۆڕینەوەی ژمارەیەک لە بارمتە ئیسرائیلیەکانی لێهاتە بەرهەم. لە ڕاستیدا ئیسرائیل دەستپێشخەری نێوەندگیری تورکیای ڕەتکردەوە و بە نێوەندگیری قەتەر ومیسر ڕازی بوو.

-تورکیا یەکەم ووڵاتی ئیسلامی بوو کە دوای ساڵێک کەمتر لە دروستبوونی ئیسرائیل، لە ٣ ئازاری ١٩٤٩ دا دانی بە دەوڵەتبوونی ئیسرائیلدا نا. شایانی باسە کە دەیڤید بێن گۆریۆن لە ١٤ ی مایسی ١٩٤٨ دا بە دەوڵەتبوونی ئیسرائیلی ڕاگەیاند، واتە کەمتر لە ساڵێک دوای ڕاگەیاندنی بە دەوڵەتبوونی ئیسرائیل، تورکیا دانی بە ئیسرائیلدا نا. هەر لەو کاتەیشەوە پەیوەندیەکانی نێوان ئەو دوو ووڵاتە لە هەموو ڕوویەکەوە بووە کە دیبلۆماسی، ئابووری، ئیستیخباراتی، سەربازی، کڕینی چەک و پێویستی سەربازی، زانستی، ئابووری و گەشتیارین.

-دوای ساردبوونەوەی پەیوەندی نێوان تورکیا و ئیسرائیل لە ٢٠١١ دا، تورکیا توانی دوای لۆبیکردنێکی چڕی پڕ مەسرەف و کۆمەڵێک سازش، پەیوەندی نێوان ئیسرائیل و تورکیا ئاسایی بکاتەوە. دوای ئەو ئاساییبونەوەیش سەرۆکی ئیسرائیل، ئیسحاق هێرزۆگ، سەرۆکایەتی پۆستێکی فەخریە لە ئیسرائیل، لە ٩ ی ئازاری ٢٠٢٢ دا لە تورکیادا پێشوازی شاهانەی لێکرا و میدیا تورکیەکان زۆرترین بایەخیاندا بەو سەردانەی سەرۆکی ئیسرائیل بۆ تورکیا وبە مێژوویی وەسفیانکرد.

پێشوازی سەرۆکی تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆگان، لە سەرۆکی ئیسرائیل، ئیسحاق هێرزۆگ
(وێنەکە لە نیویۆرک تایمز وەرگیراوە)

-لە دوای شکاندنی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە ٧ ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٢٣ دا لەلایەن حەماسەوە، حەماس سنووری ئاسمانی، دەریایی و ووشکانی ئیسرائیلی بەزاند، کاری تیرۆریستانەی دژ بە خەڵکی مەدەنی ئیسرائیل ئەنجامدا و ٢٤٠ کەسی مەدەنی ڕفاند و وەکو بارمتە بەکاریاندەهێنێت، ئەردۆگان هەر لە یەکەم ڕۆژەوە دەستپێشخەری و ئامادەیی خۆی بۆ نێوەندگیری نێوان ئیسرائیل وحەماسی دەربڕی، لە یەکەم دوو هەفتەی شەڕەکەدا لە گوڵ کاڵتری بە ئیسرائیل نەووت. بەڵام کە ئیسرائیل ڕەتیکردەوە کە تورکیا نێوندگیری بکات و میسر و قەتەری هەڵبژارد، ئەردۆگان هەڵوێست و تۆنی ووتارەکانی گۆڕی و کەوتە موزایەدەکردن بەسەر فەلەستینیەکان و عالەمی ئیسلامیدا.

-دوور نیە ئەم هەڵوێستەی عەلی قەرەداغیش بە فەرمانی ئەردۆگان نەبووبێت کە پەیامی ئەردۆگان بێت بۆ ئیسرائیل و ووڵاتانی ڕۆژئاوا کە پیشانی بدات کە کاریگەری هەیە بە سەر جیهانی ئیسلامیەوە لە ڕێگەی " یەکێتی جیهانی زانایانی مسوڵمان " و ئەمیندارە گشتیەکەیەوە.

پێشینان فەرموویانە: "بەردی زل نیشانەی نەهاویشتنە"

 هەڵبەتە ئەم هەڕەشە بەتاڵەی عەلی قەرەداغیش لە موزایەدەیەکی هەرزان زیاتر چیدیکە نیە چونکە هەموو ووڵاتە ئیسلامیەکان، بە قەتەر و تورکیاشەوە، داوا لە ئیسرائیل دەکەن کە ئیسرائیل ئاگربەستێکی تر قبووڵ بکات کە تاکو ئێستایش ئیسرائیل ناڕازیە بەڵام هیچ ووڵاتێکی ئیسلامیش ئەو هەڕەشەیەی عەلی قەرەداغی لە ئیسرائیل نەکردوە.

عەلی قەرەداغی لە ناو شەقامی کوردیشدا، جگە لە ئیخوانیەکانی کوردستان، نەک هەر سەنگێکی ئەوتۆی نیە بەڵکو وەکو کەسێکی نەخوازراو و بێزراو دەبینرێت بەهۆی نزیکیەکەی لە ئەردۆگان و بێهەڵوێستیەکەی بەرامبەر بە دۆزی کورد.

ئەمە جگە لەوەی کە عەلی قەرەداغی هیچ سەنگ و خاوەندارێتیەکی سەربازی، سیاسی، ئابووری نیە، بە چی تۆڵە لە ئیسرائیل دەکاتەوە؟

بەدەر لەوانەیش، مافی هەموو موسڵمانیک و تەنانەت ئیخوانیەکانیشە کە ئەو پرسیارە لە قەرەداغی بکەن کە بۆچی سوێندی بە خوا خوارد کە تۆڵە بکاتەوە لە کاتێکدا کە ئەو ناتوانێت سوێندەکەی بەرێتە سەر؟

کوردیش مافی ئەوەی هەیە کە ئەو پرسیارە لە عەلی قەرەداغی بکات کە ئەو کاتەی داعش هەزاران کوردی یەزیدی جینۆساید کرد، کچ و ژنەکانی بە کەنیزەک کردن، پێشمەرگە دیلەکانی سەربڕی، بۆچی هیچ کاردانەوەیەکی نەبوو؟ بۆچی غیرەت و هەست و سۆز و ویژدانی نەجوڵا؟

وا بۆ چەندین ساڵ دەچێت کە ڕژێمی تورکیا تەڕ و ووشک پێکەوە دەسووتێنێت، ژن و منداڵ و جوتیاری کورد دەکوژێت، خاکی کوردان داگیر دەکات، ژینگەی کوردستان تێکدەدات، دیمۆگرافیای شارە کوردیەکان دەگۆڕێت، مزگەوتی شارۆچکە و گوندەکانی کوردستان بۆمباباران دەکات و دەڕوخێنێت. ئەمە جگە لەوەی کە بە ئەندازەیەک ڕقیان لە کوردە کە منداڵەکانیشیان بەوە گۆشکردووە و گۆشدەکەن کە "کوردە باشەکان تەنها ئەوانەن کە لەژێر خاکدان".

هەموو کوردێک ئەو مافەی هەیە کە بە عەلی قەرەداغی بڵێت:

 بۆچی ئەو هەموو تاوانانەی دژ بە مرۆڤایەتی کە دژ بە کورد لە لایەن ڕژێمی تورکیا و ئێرانەوە ئەنجامدراون و ئەنجامدەدرێن غیرەت و ویژدان و سۆزی عەلی قەرەداغی نەجووڵاند، بێدەنگی هەڵبژاردووە و هیچ هەڵوێستێکی نیە؟

بۆچی عەلی قەرەداغی سەرکۆنەی حەماس و فەلەستینیەکانی نەکرد کە لە دوای داگیرکردنی ئەفرین و شارۆچکە و گوندەکانی ڕۆژئاوای کوردستان لەلایەن ڕژێمەکەی ئەردۆگان و گروپە تیرۆریستە ئیسلامیە مورتەزەقەکانیەوە، ئاهەنگیان گێڕا و پشتگیری ئەردۆگانیان کرد لە کاتێکدا خوێنی کورد بە ناهەق دەڕێژرا و دەربەدەرکران؟

ئەی بۆچی داوای لەفەلەستینیەکان و حەماس نەکرد کە خاکی زێدی بابوباپیرانی کوردەکانی ڕۆژئاوای کوردستان داگیرنەکەن و نەبنە داردەست و خزمەتکاری ئەجێنداکانی ئەردۆگان و ڕژێمەکەی بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای کوردستان؟

تۆبڵێی ماڵ وخاک و ژیانی خەڵکی غەزە لە ماڵ وخاک و ژیانی خەڵکی کوردستان بەهادارتر بێت؟

تو بڵێی لەبەرئەوە بێت کە ئەردۆگان ئیسلامیە و ئیدی گرنگ نیە چەند کوردی موسڵمانیش بەهۆی لەشکرکێشی و پەلامارە داگیرکاریەکان و بۆمبابارانکردنەکانی ڕژێمەکەی ئەردۆگان و مورتەزەقەکانیەوە خوێنیان بە ناهەق دەڕژێت؟

پێویستە ئاماژە بەوەیش بکرێت کە حەماس هۆکاری سەرەکی و تاوانباری سەرەکی ئەو کارەساتە مرۆییانەیە کە ڕووبەڕووی خەڵکی غەزە بۆتەوە، چونکە حەماس ئەو ئاگربەستەی شکاند و هێرشی کردە سەر خەڵکی مەدەنی ئیسرائیل، داعشانە ئاسا، دەستی لە کۆرپە، منداڵ، پیر و گەنج نەپاراست.

لە کاتێکدا حەماس ئاشتی نەویستووە، بەڵام کورد هەمیشە دەستی ئاشتی ڕاکێشاوە و لە سادەترین مافەکانی زیاتر چیدیکەی داوا نەکردووە، بەڵام ڕژێمەکانی تورکیا و ئێران هەمیشە شەڕ و جینۆساید و داگیرکردنی کوردستانیان پێ باشتر بووە وەک لە پێکەوەژیانی ئاشتیانە لەگەڵ کوردا کە تەنانەت بە جۆرەها شێوە ڕێگەی هەڵبژاردنیشیان لێگرتوون لە کاتێکدا کە کوردیش هاوشێوەی خەڵکی تورکیا و ئێران وسوریا مرۆڤن و موسڵمانن.

خۆ ئەگەر عەلی قەرەداغی هەر بەڕاستی دەیەوێت تۆڵە بکاتەوە، با لەگەڵ ئەو سەرکردانەی حەماس کە لە قەتەر و دەرەوەی غەزە خۆیان و ڕۆڵەکانیان خۆشترین ژیان دەژین، بچن بۆ غەزە بۆ جیهاد و شەڕ دژی ئیسرائیل بکەن بۆ ئەوەی سوێندی نەکەوێت، وە بۆ ئەوەیباوەڕی پێبکرێت و ببێتە پێشەنگ بۆ هاونمونەکانی لە کوردستان و دەرەوەی کوردستانیش.

بۆ ئەم ووتارە سوودم لە سەرچاوانەیش وەرگرتووە

https://speemedia.com/dreja.aspx?=hewal&jmare=129519&Jor=1

https://www.nytimes.com/2022/03/09/world/middleeast/israel-isaac-herzog-turkey-visit.html

https://en.wikipedia.org/wiki/Israel%E2%80%93Qatar_relations

https://en.wikipedia.org/wiki/Israel%E2%80%93Turkey_relations

https://www.timesofisrael.com/liveblog_entry/kuwaiti-daily-israel-rejects-turkish-mediation-prefers-egypt/

https://www.facebook.com/KurdsGlobalTwo/videos/873203384222968/

https://www.facebook.com/messenger_media?attachment_id=649619790650996&message_id=mid.%24cAABa_fyWk22RVrP51WLJW6tPxE0-&thread_id=100045488794601

https://www.facebook.com/messenger_media?attachment_id=543798577920489&message_id=mid.%24cAABa_fyWk22RZydF_2LNeH9SmcVD&thread_id=100045488794601

https://twitter.com/FrankPallone/status/1594468508968124416?fbclid=IwAR1fNjSGhwFolPbIYh6U8WxSs1gDbcbeqFKDCyKv1p54xUWSN4-foIoZTCw

https://www.genocidewatch.com/single-post/genocide-emergency-turkey-s-aggression-in-syria-and-iraq

https://www.hrw.org/news/2022/12/21/iran-brutal-repression-kurdistan-capital

https://www.hrw.org/news/2023/04/25/turkey-pre-election-crackdown-kurds


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە