رەمزی وڵات

Sunday, 10/12/2023, 21:37

914 بینراوە


لە ئاخێزگەی گڕکانێکی خۆڵەمێشی، سڕ بە باڵای چیا هەڵدەزنێ هەموو گابەردەکان دادەڕمێن بەسەر
جەستەی غلووری شادێوێکی چاوسوور، مێزەر ڕەش و عەبایەکی بەڵەک! قەڵافەتێکی پیری بۆگەن، ڕەوەیەک گورگ و چەقەڵ
وەک لافاو ڕادەدا سپای سووری سەرشێت، ئەو تەوارانەی هێلانەیان لەسەر دوندی ئاگری و قەندیل و داڵاهۆ و شاهۆ
وەک قەڵایەک شوورەی مێری سینگ پڕ لە حەز و خولیای فڕین و فڕێن دەخوازێ، شۆڕێک ژن، شێرێک ژن، دەستەک ژن، لە ئامێزی خاک ڕابوونە و لە حەسرەت هەناسەیەک، دەوری ڕووگەی ئازادی دەدەن، خاسە مێرێک، لاوێکی دڵ پڕ لە هەستی ئەوین نیشتمانێک ئاوپڕژێن دەکا، پاراو دەکا بە خوێنی جەستەی شەڵماش نیگای، بزەی، دەستی، مشتی، هاواری ئازادی دەکا
کاتێک نەعرەتەی ئاڕبابا و سپی ڕێز و کێلەشین لەتەک سیروان و گادەر و کەڵوێ و چلچەمە و جغەتوو زایەڵەی دەنگێکی بوهاری دەداتەوە، ڕەوان دەڕژێ بیری شەقام و شار لەسەر مافێکی ڕەوا، چۆک دانادا، لەسەر پێ چۆڕێک ئاوی گۆی زرێبار دەمژێ و بە قەڵافەتی تەرەغە و نەکەرۆز ڕادەمووسێ، ئاویەر دێتە سەما و دەستەملانی بلفەت و بێستوون بەسواری هەسپی خونکار هەموو ئاسمانی کوردستان دەپیوێ، دەبێتە گوڵ و شەمامە دەڕوێ، دەبێتە ڕوندک و گوڵاڵە دەشنێ، دەبێتە تۆو و هیوا دەچنێ و دەبێتە گڕ و لافاو تەخت و تانجی ڕێبەر و شا دەڕمێ
ئەو هەناسە ساردانەی پۆل پۆل لە ئامێزی ئاخی نیشتمان گەڕێک لاوژە و گەڕێک چۆپی و لقێک شایی دەگێڕن دەبنە دار و بەری ئازادی دێنن، ئەو مشتە توند و سینگی تورد و بیری تیژ و مێشکی ژیر دەچێتە سەر دار، بە فیشەکی چڵکنان دەپێکرێ
سەری دەبڕدرێ، لەژێر ئەشکەنجە ڕوحی سپی گەڵا گەڵا هەڵدەورێ، لە زەوی و ئاسمان دەپێکرێ، بەڵام قەت بۆ جارێک سەری دانانەوێ و چۆک دانادا بۆ مەرگێک کۆن دەبێ بەڵام
ناچێ! دوای کزەی ساردی پاییز و سێوی لاسوور و هەناری قەڵشیو لەگەڵ بێی زەردی کۆسار و گوێژی باران لە مێرگی زۆزان و کوێستانی بێر لەسەر ترۆپکی بەرزترین هۆتاڤی ویست و خولیامان بەدەم شەکانەوەی پیرۆزترین بەیداخ ناو و یادی شەهید دەبێتە ڕەمزی وڵات

سەلیم حەقیقی


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە