بەرنامەی بەرنامە یان کڵاوی بابڕدوو!

Thursday, 25/01/2024, 22:02

1492 بینراوە


کاتێک کۆمەڵگایەک فاسد دەبێت پر دەبێت لەگەندەڵی و حوکمی بنەماڵەیەی جێگای سەرسورمانە ئەکتەر و شانۆکار و هونەرمەندەکانی هیچ مەوقیفێکیان نەبێت! من دڵنیام ئەم چینی نوسەر و ئەکتەر و شانۆکار و هونەرمەن و گۆڕانیبێژانە  پشکێک لەو گەندەڵیەیان بەر کەوتووە بۆیە بێ دەنگن و دەستیان لەسەر کلاوی خۆیان داناوە. چینی هونەرمەندانیش وەک مەلاکان لەژێرەوە هاوپشکی دەسەڵاتن، ئەگینا (مەعقوڵ چیە!) لەسەردەمی سەدام نوکی رەخنەی هونەرمەند و شانۆکارەکان هێند تیژ بوو ، ئێستا بێ دەنگ و بێ مەوقیف لەو هەموو تاڵانکارییە! کاتێک کۆمەڵگایەک دەروخێت دەبێت مڵی چینی نوخبە بگریت لەو وڵاتە.لە کۆمەڵگای کوردی  چینی نوسەر و  هونەرمەند و شانۆکار و گۆڕانیبژەکان کەبەشێکی زۆریان تا قوڕگیان لە گەندەڵی و پیسخۆری و مفت خواردن و ناحەق خواڕدندایە!
ڕەنگە بۆ سەردەمێک کە میڵلەت هۆشداری نەبوو لەو کاوڵکارییەی کە دوو باندی تاوانکاری مجرم دەرحەق بە میڵلەت و خاک و نیشتیمان ئەنجامی دەدەن ، ئەو قسە سادانەی بەنارمەی بەرنامە رۆژەڤی ژیان بوو، ڕەنگە هونەرێکی جوان بووبێت، بەلام لێرە بەدوا ئەگەر نەتوانن زیاتر رووی دەسەلات رەش بکەن و نەتوانن تاڵانی گومرک و باج و  وڵات فرۆشتن بەناوی وەبەرهێنان و ئەتککردنی سامانی نەوت  بە بەرگێکی هونەری پیشانی خەڵک بدەن دەست پێ نەکەنەوە باشترە و مێژووی خۆیانیش ڕەشتر نەکەن.
ئەگەر ناتوانن بە بەرگێکی هونەری بۆمانی بنەخشێنن کە یاسا بووە بەلاستیک بەدەست پیاوانی باڵای حیزبەوە و کەلەسەرووی یاساوەن، ئەگەر ناتوانن بەهونەری بۆمان پەخش بکەن کە چۆن باڵا دەستەکان لەپشتی بازرگانی نایاساییەوەن با نەیکەن و ئێمەش گۆییان لێ بگرین ئەوپەری کەم عەقلییە.
ئەگەر ناتوانن سیناریوی فلانە بەرپرسمان بۆ بگێرنەوە بەناوی جیاواز جیاواز لە مەرزەکان بوونەتە بڕا بەشی حکومەت لە گومرک و باج و سەڕانەیان داناوە لە خاڵە سنوریەکان بەناوی سەیر و سەمەرەوە نەیکەن باشترە.
ئەگەر ناتوانن ڕەوشی یاسا لە وڵاتە بکەنە هونەر کە چۆن بەدەستی بەرپرسی باڵا دەستی حیزبەوە ئەم سەر و ئەوسەری پێ دەکرێت نەیکەن باشترە.
هونەر ئەوەنیە میڵلەتەکەت ئەتک بکرێت بەدەست پیاوانی دەسەلاتەوە و تۆش بچیت سیناریۆ دروست بکەیت بزان چۆن مناڵێک لە بەقالێک قوخێک دەدزرێت!هونەر ئەوە نیە خاکی نیشتیمانەکەت بەکیلۆمەتر بفرۆشرێت و تۆش بچیت خۆت هەزەلی بکەیت و باسی نۆک فرۆشێک بکەی کە 50گم فێلی لە قەپانەکەی کردووە.
ئەگەر ئێوە هونەرمەندن وەرن باسی ئەو بەرپرسە نەوتفرۆشانە بکەن کە گاڵتەیان بەنیشتیمان پەروەری و دڵسۆزی بۆ نیشتیمان دێت، وەرن سیناریۆی ئەو بەڕپرسەتان بدەمێ کە چۆن بەتەلەفۆن یاسا ژێراو ژوور دەکات.بەرنامەیەکی چەند ئەڵقەی دابنێن کە چۆن بەچی سیناڕیۆیەک و ئەو هەموو عەرزە نرخ ئاڵتونەی سلێمانی و کەلار  دڕا بەکۆمپانیای مناڵی بەرپرس و خزمی بەرپرسەکان بە وردی باسی پشک پشکێنەی حیزب بکەن لەو فلیم و سیناریۆ و تەخشان و پەخشانەی عەرزدا، ئەگەر ڕاست دەوێت تەنها و تەنها دزینی گومرک بکەن بە فلیم چەندین ئەڵقە و بەشی جیاوازی دەوێت، باسی باندەکانی ئەو فلیم و سیناریۆیە بکەن ، باسی ئەو سیناریۆیە بکەن چەندین کور و کچی گەنج  توشی کاری خراپ بوو بەهۆی بەرپرسەکانیان لەکارەکەیان یان نان بڕین یان بێ ئەخلاقی و فەساد هەڵبژێرە! 
دەمێکە میڵلەت ئەو رەخنە ساویلکانەی ئێوەی تێپەڕاندووە و بابەتەکانتان نابێتە ڕۆژەڤ، ئێستا هۆشیاری میڵلەت لەوە زیاترە بە ڕەخنەیەکی ئێوە بێتە هەیەجان و لاچن و مەگەرێنەوە رووی خۆتان ڕەش مەکەن ئەگەر ناتوانن، هەموو شت سەردەمێک جوانە، لەم گێژاوەی ئێستادا ئێوە ناتوانن مەڵە بکەن، بڕۆن و مەگەرێنەوە و ئێستا کۆتایی پێ بهێنن باشترە لەسبەی ، هەرچۆنێک بێت رۆژگارێک شتێکتان کردبێت و قسەیەکتان کردبێت ئەو مێژووەش ڕەش مەکەن!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە