بزووتنەوەی ئازادیخوازیی، لە گەشانەوەیەکی کوردستانیدایە

Thursday, 15/02/2024, 1:30

1912 بینراوە


ئەو فەرمانڕانییە ناشرینەی کە سەرانی حیزبەکانی باشوور، لە ماوەی سی و سێ ساڵدا پیشانی نەتەوەکەیان دا، زۆر دڵی تۆران، زۆر کەسی بێزار کرد، گوێمان لە زۆر وتە و دەربڕینی نامۆ بوو سەبارەت بە کورد و کوردبوون و نیشتمانی کورد. ئەمانە حاڵەتگەلی سروشتین و مایەی نیگەرانی نیین ئەگەر پێوانەیەکی دروستمان هەبێت بۆ هەڵسەنگاندنی بارودۆخی بزووتنەوەی ئازادیخوازیی نەتەوەکەمان. با کەمێک بۆ دواوە بگەڕێینەوە بە مەبەستی دەستنیشانکردنی خاڵە کرۆکییەکان و لێکۆڵینەوە لە دوو ڕووداو.

درووشمەکان:

پارتی دیمۆکراتی کوردستانی/ عێراق – درووشمی، دیمۆکراتی بۆ عێراق و ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان، هاوار دەکرد. هەزاران هەزار گیانی کوڕان و کچانی کورد لەپێناوی ئەم دروشمەدا بەخشران، ساڵی ١٩٧٠ حکومەتی لاوازی بەعس ڕێکەوتنی لەگەڵ سەرانی پارتیدا کرد، لە حاڵێکدا کە نیوەی درووشمەکە نەک دیمۆکراتی نەبوو بەڵکو دڕندەیەک بوو بە دەیان پلان و بەرنامەی ڕێکخراوی هەبوو بۆ لەناوبردنی کورد و قۆناغێکی ئەو پلان و بەرنامانەش، ئەو ئۆتۆنۆمییە چوارساڵەییە بوو کە ڕێکەوتنی لەسەر کرا. واتە ئەو ددان پێدانانەی ڕژێمی بەعس بە ئۆتۆنۆمییەکی سنوورداردا، بۆ بەعس بەشێک بوو لە پلانێکی درێژخایەن، ئەو دەیزانی کە دوای ئەم ددان پێدانانە چی دەقەومێ و چی ڕوودەدات و خۆشی چی دەکات!! چوونکە ئەو بەرنامەی درێژخایەنی قۆناغداری هەبوو، ئەمە نیشانی دەدات کە سەرانی پارتی ئەو دروشمەیان قەرزکردبوو، لە ئەدەبیاتی ترەوە وەریانگرتبوو، واتە هەڵقوڵاوی واقعی کوردستان و خواست و داواکاریی و ئاوێنەی مەرامی دەروونیی نەتەوەکە نەبوو، بۆیە بە نییوە ناچڵیش رازی بوون و چوونە ژێرباری سەپاندنەکانی دەسەڵاتدارانی بەعسەوە. کەواتە لێکەوتەکانی ئەم ڕێکەوتنە، چەندە لە ئەستۆی بەعسدا بوو، هێندە و زیاتریش لە ئەستۆی سەرانی پارتیدا بوو، چوونکە ئەوە نەتەوەی کورد بوو کە داوای ڕزگاریی و سەربەخۆیی دەکرد، لایەکەی ت( بدە) بوو، ئەم لایەنە کوردییەش (بستێنە) کە بوو، دەبوو بستێنەکە موکووڕ و پێداگربایە لەسەر بەشی هەرچی زۆرتری خۆیی. 
لەبەراوردێکی ژیرانەی لۆجیکیدا، ئەوانەی لەوکاتەدا چالاکانی ناو بزووتنەوەی کوردیی بوون، لەیادیان ماوە کە ئەو سەرانەی  ئەوسا لە هاتووچۆدا بوون ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و ناوەندی پارتی بوون، لەدوای ڕاپەڕینە مەزنەکەی ئەو بەشە لەنەتەوەکە لە باشووردا، بوونە وەزیر و گزیر و ئەندامانی پەرلەمانی عێراق بۆ چەندین دەورە و خول و سەردەم، باشە چی نوێتان لەوان بینی لە ڕووی سیاسەتی کوردی، دبلۆماسییەتی کوردی، ئابووری کوردی، زانستی کوردی و بنایاتنانی ژێرخانی دەوڵەتی کوردییەوە؟!!. من هیچم نەبینیوە و بەتەماش نیم بیبینم.
ئەم پێشەکییەم بۆوە بوو کە بیر و سەرنجتان بۆ دەڤەرێکی تری نیشتمانە دابەشکراوەکەم وە گوێزم، ئەمانەی من دەیڵێم و دەینووسمەوە، دەرسن دەبێت ڕەوانی بکەین و لە پراکتیکدا هەموو سات و ڕۆژێک، لە سەنگی مەحەکیان بدەین بۆ ئەوەی کرۆکێکی خاوێن و دروست و کاڵەیەک بن بەقەد باڵای نەتەوەکەمان. چوونکە بەهیچ جۆرێک لەهیچ کات و لەهیچ جێگەیەکدا، نابێت، لەیادیان بکەین و بڵێین: ئەوە رابوورد و با کای کۆن بەبا نەدەین، بەو ئەندازەیەیەی کە بزووتنەوەی ئازادیخوازیی نەتەوەکەمان لەگەشە و پێشوەچووندا دەبێت، ئەم تۆمار و ڕابووردووانە، پێویستر و جددیتر دەبنەوە، ئەگەر تەمەنیان سەد ساڵ بێت و بکەرەکانیان تۆزیشیان نەمابێ، ئاگادار نەبین، گورزی لەڕابوورد و مەترسیدارتر و بەهێزترمان لێ دەوەشینن.
چوونکە ئەو پیاوەکوردەی لە ماڵەکەی خۆیدا بتوانێت، بێ ڕێزی و سووکایەتی بە ژنێکی کورد بکات، لە باروو دۆخ و کات و جێگایەکی تایبەتدا، دەشێ و دەتوانێ ژنێکی کوردیش بکوژێ. هەموو نەهامەتییە کۆمەڵاییەتییەکان لەو بوێرییە بچووکانەوە سەرچاوەدەگرن کە کەسێک لەکات و بارودۆخێکی تایبەتدا، کەسێکی لاواز یا بەرێز دەشکێنیتەوە و کاردانەوەیەک نابینێ لە بەرانبەرەکەیەوە، یا بەڕێزیی و مرۆڤ بوونی بەرانبەرەکەی وەک ترسنۆکی لێک دەداتەوە. ئەم جۆرە ڕەفتارانەش ڕێگە خۆشدەکەن بۆ دروستبوونی حیزبی دیکتاتۆر و سەرکردەی دیکتاتۆر و لێپرسراوی دیکتاتۆر و هەموو ئەو پیرۆزیانەی بە کلکی سیاسییەک و دەوڵەمەندێک و شیخێک و مەلایەک و نووسەرێک و ژنێک و پیاوێک و ڕێبازێک و بیرێک و ئاینێک و........هتد دەئاڵێنرێن، کوردیش لەم بوارەدا ئەزموونی درێژخایەن و فراوانی هەیە.

دێمە سەر دەڤەرێکی تری نیشتمانە دابەشکراوەکەم:

حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی/ ئێران، ساڵی ١٩٧٥ درووشمەکەی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی/ عێراق، ڕاپەڕینی سەرتاسەریی ئەو بەشە لەنەتەوەکەی لە کوردستانی عیراقدا( کە باشووری کوردستانە و بۆ ڕوون بوونەوەی وێنەکە، وتم کوردستانی عێراق، لە سەر زاری سەرانی حیزبەکە خۆیەوە و ناوی حیزبەکەیانەوە)، گەیاندە پلەی ئاشبەتاڵ. شای ئێران چی کرد و بەعس چۆن ڕەفتاری کرد و ئەمێریکا چۆن پازشگەز بۆووە، هێنانەوەی بەهانە و خۆ دەربازکردنە، لەو سەرگەردانی و وەیلانییەی کە ئاشبەتاڵ بەسەر نەتەوەکەیدا هێنا و لە فەرهەنگی لێکۆڵینەوە و ڕوانینەکانی مندا جێگایان نابێتەوە و ئێرە جێگای لێکۆڵینەوە لەو بەهانانە نییە. 
شۆڕشی گەلانی ئێران، بە پاڵپشتیی خۆرئاوا و ئەمێریکا بە تایبەتی، ڕوویدا و ماوەی نێوانی ئاشبەتاڵی سەرانی کوردی باشووریی و ئەو شلەژانەی ناو ئێران، چوار ساڵە، ١٩٧٥- ١٩٧٩، شا ڕۆشتووە و بە سەدان گرووپی چەپ و ڕاست و ناوەندیی و ئیسلامیی و گرووپی دی مەیدانی سیاسەتی ئێرانیان لەدەستدایە و دەرکەوت بڕیارەکەش دراوە و ئەوەی کە ویستراوە، هەر ئەو بووە دەسەڵاتدار و فەرمانڕان.
کورد، هێزێکی گەورەی ناڕێکخراو و پەرتەوازە و خاوەن دەیان هزر و بیری جوودایە، ئەوەی کە ئەم هەموو دەستە و تاقمە کوردییانە دەبەستێتەوە پێکەوە، ئەوەیە کە: درووشم و سیاسەتەکانیان و ڕێبازی بیرکردنەوەیان، لە ئەدەبیاتی حیزبی دەرەوەی واقعی کوردەوارییەوە خواستووە و لێیان بۆتە خەیاڵێکی خۆش کە تا پلەی مەستبوون، بردوونی.
لەم کات و سەردەمەدا، حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی/ ئێران، هەمان دروشمی، دیمۆکراتی بۆ ئێران و ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان بەرز دەکاتەوە، کە بەر لە چوار ساڵ، سەرانی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی/عێراق، ئەو بەشە لە نەتەوەکەیان پێ ڕێنمایی کرد تا پلەی ئاشبەتاڵ و دەرهاویشتەکانی ئاشبەتاڵ کە ئەنفالەکان و هەڵەبجە بوون.
دیسانەوە بە دەیان هەزار گیانی کوڕ و کچی کورد بەخشران بۆ سەلماندنی ئەم درووشمە. ئەمە ئەو بنەمایە دەسەلمێنێ کە: حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی/ئێران، ئەو بوومەلەرزە سیاسیەی کە کۆمەڵگای باشووری هەژاند، یا توانای لێکدانەوەی بۆی نەبووە، یا بۆی گرنگ نەبووە، چوونکە ئەوەی چوار ساڵ لەمەوبەر لە کوردانی باشووریی ڕوویدا، لەدەرەوەی سنوورەکانی ئێرانە، بۆیە هێدی هێدی درووشمی دیمۆکراتی بۆ ئێران و خودموختاریی بۆ کوردستان، بووە هەمان ئەو چیرۆکە غەمگینە خوێناوییەی کە بەر لە چوارساڵ لە کوردانی باشووریی قەوما و سەرانی حیزبی دیمۆکراتی/ ئێران بە بڵندگۆ بڵاویان نەکردەوە، کە ئێمەش هاوشێوەی سەرانی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی/ عێراق، ئاشبەتاڵمان بەو بەشە لە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی نیشتمان کرد، بەڵام هێدی هێدی لە پراکتیکدا لەسەرخۆ ئاشبەتاڵیان بە خوێنی ڕژاوی دەیان هەزار کچ و کوڕیی ڕۆژهەڵات کرد، بەهانەکان هەمان بەهانە، قسەکان هەمان قسە، سەرەکان هەمان سەر، خۆدزینەوەکان هەمان خۆ دزینەوە، بەرگریەکان لە ڕاست بوونیی بڕیارەکانیان هەمان بەرگریی و....هتد.
نیشانەکانی زیندوو نەبوونی بیری ئازادیی نەتەوەکە لە هزری سەرانیدا:
یەکەم- حیزبی من خاوەن هەزاران شەهیدە. مانای شەهیدەکانی من لەوەی تۆ زۆرترن. بەخشینی گیان دەکەنە ژمارە.
دووەم- درووشمەکانی من هەمان دروشمی کۆماری کوردستانە، واتە هیچ لێکدانەوەیەکی نوێ بۆ سەردەم و قۆناغەکان نەکراوە.
سییەم- ئەگەر، ئەگەر کۆماری ئیسلامی سەری نەگرتایە و حکومەتێکی دیمۆکراتیک لە ئێران هەبایە، کورد و بزووتنەوەکەی بەم ڕۆژە نەدەگەیشت، لێدوانم لەسەری نییە، چوونکە بیرکردنەوەیەکی زۆر منداڵانەیە، وەک ئەوەیە کچیێکی منداڵ بڵیت: ئەگەر ئاشنا بووکەڵەکەی منی نەبردایە، من ئێستا بێ لەیستۆک* نەدەبووم!!.
چوارەم- کۆمەڵە، پەلاماری ئێمەی دا، دەنا ئێمە، هەرچەندە لە ڕووی بیرکردنەوەوە لەوان جوداین، پەلاماری ئەوانمان نەدەدا، مانای وایە لە بنەوەی بیرکردنەوەی ئەماندا، ئەو بیرۆکەیە هەیە، کە ئەوان لە ئێمە جوودان و ئەمڕۆ نا بەڵام سبەی کە دەسەڵاتمان هەبوو تەمێیان دەکەین، بۆ ئەوانیش بیرۆکەکە بەرانبەر بەمان هەمان شتە. بۆیە یەکێکیان کە خۆی دەبێنێ دەسەڵاتی زۆرترە دەسپێشخەریی پەلاماردان دەکات.
ئەم مێژووە سیاسییەی سەرانی حیزبی کوردی، بەندێکی یاسای- تاوانی هێندە گەورەی نەتەوەییە، کە بەر لە هەموو بەندە یاساییەکانی تری تاوان دژ بەنەتەوەکە، بۆ نموونە: تاکێکی کورد بەرانبەر بە تاکێکی کورد، دەکەوێت و سەرەتای دەسپێکی دادگای گەل لێپرسینەوە دەبێت لە تاوانە نەتەوەییەکانی سەرانی مردوو/ زیندووی حیزبەکانی باشوور، بەر لە سەرانی مردوو/ زیندووی حیزبەکانی تری پارچەکانی کوردستان، دادگایی دەکرێن، چوونکە بە لێکۆڵینەوە لە  فایلەکانی سەرانی حیزبەکانی باشوور، لەلایەن دادگاوە، زۆر ڕاستی دەردەکەون و ڕۆڵی سەرانی حیزبەکانی باشوور ڕۆشن دەبێتەوە کە چ ڕۆڵێکی پیس و چەپەڵیان گێڕاوە لە درووستکردنی دووبەرەکی و دەبەرەکی لەناو بزووتنەوەی سەرتاسەریی کوردستانی گەورەدا و چ خیانەتگەلێکیان بە کوردانی دەڤەرەکانی تری کوردستان کردووە، لە قۆناغگەلی جوودادا، چ بە ئاشکرا و چ بە نهێنی لەگەڵ دەزگای سیخوڕخانەی ڕژێمە داگیرکەرەکانی کوردستاندا. ئەمەش دەچیێە ژێر ئەو بەندە یاساییەوە، خیانەتی نەتەوەیی سەرانی حیزبە کوردییەکان، لە نەتەوەی کورد.
ئیدی ئاوایە یا دەبێت سواری ئەو شەمەندەفەرە شڕەی سەرانی حیزب و دەستە و تاقمەکان ببیت، یا دەبێت، ڕێگە بەو شەمەندەفەرە شڕە بگریت و لە کەسانی ناو شەمەندەفەرەکە بپرسیتەوە، بە ئامانجی بنیاتنانی بناغەی کۆمەڵگایەکی یاسایی کە ئاوێنەی خواست و داخوازییە مرۆییەکانی نەتەوەی کوردە و سەدان ساڵە بۆ وەدەستهێنانی تێکۆشانی بەردەوامی کردووە و لە لایەن سەرانی گرووپ و دەستە و تاقمە سیاسییەکانییەوە، بەفیڕۆ دراوە. من وەک تاکێکی کورد، هەموو ئەو هەوڵ و وشیاریبوونەوە و گەشەسەندنە هزرییە لە ناو کۆمەڵگای کورددا دەبینم، کە لە ئێستادا، تابلۆیەکی کوردستانییە و لە تەواو بوون و دەرکەوتندایە، کە زۆرینەی تاکی ئازادیخوازیی کوردستانی هاوبەشی ئەم ڕاپەڕینە هزریی و سەردەمیانەن و وەک لە سەرەوە وتم، دیاردەکانی تری بێزاربوون و دڵ ڕەنجان و نەفرەت کردن لە نیشتمان، دیاردەیەکی کاتیی سەردەمی فەرمانڕانانی**ستەمکاری کوردن، کە لە ئێستادا باشووری کوردستانیان کردۆتە مەیدانی ڕمبازێنی خۆیان و هەر ڕۆژێک کە تێدەپەڕێت لە کۆتاییەکانی دەسەڵاتە ستەمکارەکەیان نزیک و نزیکتر دەبنەوە. ئەم وانە سیاسییە زۆر گرنگە بۆ کوردانی دەڤەرەکانی دی کوردستان، کە ئەوەی من دەیبینم، کوردانی بۆ نموونە ڕۆژهەڵات بە فرسەق وان لەپێش بیرکردنەوەی سەرانی حیزبەکانەوە و بەهیچ کلوجێک ئەوانیان قەبوڵ نییە و لەوان و لە هزری ژەنگگرتووی ئەوان تێپەڕیوون و خۆیان لە خۆیان بوونەتە خاوەن، ئەم نیشانەیە بە زەقی دەچێت بە چاوی دوژمندا، تەنیا سەرانی حیزبەکان نەبێت، کە مەستی ئەو سەرەتایەی شۆڕشی ١٩٧٩ ن و خۆیان بە پاڵەوانی مەیدانی خەباتەکەی ڕۆژهەڵات دەزانن، نکولی نە لە خەباتی خەڵک دەکرێت و نە لەو خوێنە پاکە کوردییەی بۆ سەربەخۆیی نیشتمان لەلایەن خەڵکی ئەو دەڤەرەوە بە ئامانجەکە بەخشرا لە هەر پلەیەکی بەرپرسیاریدا بووبن، ئەوان ئەو گیانە زیندووەن لە ناخی نەتەوەکەدا، کە سەرانی حیزبەکان وەک (ژمارە) باسیان دەکەن، بەڵام بۆ نەتەوەکە (چرا و مەشخەڵ)آی گەشی تێکۆشانە کوردستانییەکەن، ئەمە بۆ هەموو ئەندام و لایەنگرانی حیزبەکانی دیش درووستە لە کوردستانی مەزندا.       

سەرنجەکان/

*لەیستۆک...هەموو ئەو یارییە پلاستیکی و دیجیتاڵیانەی لە قۆناغی منداڵیدا، یاریان پێدەکرێت و بنەمای ناسینی ژیان و دەوروبەرن.
**فەرمانڕان...بۆ دەسەڵاتدارانی بێ ئاوەز و دیکتاتۆر دروستە، نەک فەرمانڕەوا کە لە زمانی نووسیندا لە باشوور بۆتە باو، هەڵەیەکی تێپەڕییوە کە دەبێت ڕاست بکرێتەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە