بۆ کوردستانیانی شەرافەتمەند لە باشووری کوردستان

Tuesday, 30/01/2024, 21:30

6508 بینراوە


کوردستانیانی شەرافەتمەند، باسی ئەم سی و سێ ساڵە پڕ لە ستەم، برسێتی، وردکردنی کوردبوونتان، شکاندنی کەسایەتیتان و وێرانکردنی نیشتمانەکەتان و کلتووری کوردەواریتان بۆ ناکەم، ئیتر ئەوانە بوونەتە چیرۆکێک کە تەمەنیان سی و سێ ساڵە، دەمەوێ پڕۆژەیەکی بە پەلە، یاسایی و مۆدێرن و بۆ ئەم قۆناغەتان پێشکەش بکەم و ئەوە بۆ دووەم جارە کە داواکارییەکەی لەو جۆرە لەو بەشە ستەمدیدەیەی نەتەوەکەم دەکەم لە باشووری داگیرکراوی نیشتمانەکەماندا.
چەند ڕاستییەک:
1- بوونی قەوارەی هەرێم و مانەوەی، هیچ پەیوەندییەکی بە بوون و نەبوونی دوو بنەماڵەوە سەرکردەیەتی ئەوانەوە نییە.
2- هەرێم بەرهەمێکی نیودەوڵەتییە، لە ئاکامی تێکۆشانی دەیان ساڵەی ئێوە و جینۆسایدی ئەنفالەکان و هەڵەبجەوە بڕیاری لەسەر دراوە.
3- قەوارەیەکی یاساییە لەناو دەستووری عێراقدا چەسپاوە و لە ئەرشیفی نەتەوەیەکگرتووەکاندا تۆمارکراوە.
4- خاوەنی ڕاستەقینەی قەوارەی هەرێم ئەو چەند ملێۆن کوردەن کە لە باشووری نیشتماندا دەژین.
5- ئەو فەرمانڕانییەی کە ئەوە سی و سێ ساڵە دەتانڕەتێنێ، بە خواستی ئێوە و دەنگی ئێوە بوونە فەرمانڕان.
6- کەواتە بە خواستی ئێوە و دەنگی ئێوەش، دەتوانرێ لە فەرمانڕانی بخرێن.
7- هیچ هۆیەک و چاوەڕوانییەک نەماوە، کە لە خۆتان نەبنە خاوەن و مافی خۆتان و خاکی خۆتان لەو ستەمکارانە وەرنەگرنەوە.
ئێستا کە ڕۆژ بەڕۆژ کلکی سەرەتای شەڕە گەورەکە داوێنی ئەو بەشە لە نیشتمانەکەمان دەگرێت و چینە خۆشگوزەرانەکەی فەرمانڕان و خێزانەکانیان، مێش میوانیان نییە، چوونکە لە بنەڕەتەوە، لە خەویشدا ئەوەیان بەخەیاڵدا نەدەهات کە ڕۆژێک دکتاتۆرێکی وەک سەددام بەو جۆرە بە پەنگ ببێت، بەڵکو ئەوان لەو دیووی سنوورەکانی کوردستانەوە، گوێقوڵاغی فیکەیەک بوون لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە، کە چنگ لەسەر شان بەرەو بەغدا هەڵبێن و چاوەڕوانی پلەو پایەیەکی وەک بەڕێوەبەری ناحییە، قایمقام، و بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەیەک و یا لە لوتکەشدا پارێزگاری شارێک بوون.
بەڵام وەک ئەوەی لە دۆزەخەوە بە قودرەتی قادر بییانگوێزنەوە بۆ بەهەشت، کەوتن بەسەر خەزنەی (با هاوردە)ی باشووری دەوڵەمەندی پڕ لە سامانی سروشتی و مرۆیدا، بۆیە سامانەکەیان تاڵ کرد و سەرچاوە مرۆییەکەشیان ڕسوا و برسی و وەیلان کرد، ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە ئەوان هەمیشە لەسەر چز بوون کە ئەمڕۆ نا سبەی هەڵبین، بەڵام ئەمجارە وەک ملێۆنێر و ملیاردێر، ئایا ئەمە ڕاستییەکی حاشا هەڵنەگر نییە و ئێوە هەمووتان نایزانن و کارەساتەکە لە ئێوە ڕووینەداوە؟! 
کەواتە، ئیدی کاتی ئەوە هاتووە کە بڕیار بدەن، خۆتان خاوەنی خۆتان بن، چارەنووسی خۆتان بەدەست و ژیریی و هزری خۆتان، بڕیاری لەسەر بدرێت، ئەوان گەیشتوونەتە بن بەست لە فەرمانڕانییەکەیاندا و بڕواتان بێت تاقەتیان لەم بارە قورسەی کە ناوی هەرێمە چووە و بیزار و چارس بوون و خوا خوای هەلێکیانە کە هەڵبێن، بۆیە گەل دەبێت دەستپێشخەریی بکات و ئەو دەرفەتەیان پێ نەدات. هەرکەسێک بە چاوێکی وردبینەوە بۆ کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی سەفیندزەیی، هوشیار زێباری و قوباد تاڵەبانی ڕوانیبێت، کە باسیان لە دبلۆماسییەتی بێهاوتای فەرمانڕانییەکەی خۆیان دەکرد!!! هەستی بەو ترسە شاراوەیە کردووە و ئەو درۆ زەقانەی بیستووە کە بێشەرمانە وەک ئەوەی نە بایان دیبێت و نەباران، لەزاریان دەهاتە دەر. ئەگەر دەتانەوێ چەرخی ئاڵۆزییەکان بە سوودی ئێوە بسووڕێ و ئەم ستەمکارانە شەڕی خەڵک و شەڕی بەرژەوەندییەکان بە ئیوە نەکەن و ئەو بەشە لە نیشتمانەکەمان نەکەنە خاڵی بەریەککەوتنی بەرژەوەندییەکانی داگیرکارانی کوردستان، دەبێت، هەرچی زووترە ببزوێن، سبەی درەنگە.
ژینگەکەکە ئامادەیە، لە چەند ناوچەی دەڤەری باشوور، مامۆستایان لە سەر شەقامەکانن، دەبێت پشتیوان و هاوکار و دەنگیان پێ بدەن. هەوڵ بدەن دروشمی مووچە بگۆڕن بۆ لادانی دەسەڵات، بەو خەسڵەتانەی کەلەسەرەوە سەبارەت بە  فەرمانڕانەکانی باشوور باسم کردن، هەتا مووچەی ئێوە لەلایەن ئەوانەوە بدرێت، دۆخەکە خراپتر دەبێت و باشتر نابێت، ئایا ئێوە هیچ کاتێک لە خۆتان پرسیوە کە: ئەوان کێن و چین!! تا بژێوی ئێوە و خێزانە شەرافەتمەندەکانتان دەستەبەر بکەن!.
زۆرینەی ئەوانە تا چەند هەفتە لە ڕاپەڕینە مەزنەکەی ئێوە مووچەخۆری لارەملی قەرارگا و سیخوڕخانەکانی داگیرکارانی کوردستان بوون و بەسەدان فایلی سیخوڕی و مووچەی ژێربەژێری گرێگرتەیی دوژمنانی دێرینەی نەتەوەکەیان ئاشکرا بوو دیزە بەدەرخۆنەیان کردن و وەکی کورد دەڵێت، ماست نەبوو بە لێویانەوە دیار بێت، ئەو بەشە لە نەتەوەکەش، پشتی چەماندەوە و ئەوانیش سوار پشتیان بوون و سی و سێ ساڵ دانەبەزین!!.

ئەوەی دەبێت دەستبەجێ بکرێن ئەم خاڵانانەن:

1- لیژنەیەک لە دڵسۆزانی کوردستانپەروەری شەرافەتمەندی ڕابووردو پاک و بێگەرد، لە خۆتان دەستبژێر بکەن بۆ سەرپەرشتی داخوازییە یاساییەکانتان.
2- بە پێی عەقڵ و لۆجیک و هەڵسەنگاندنی بارودۆخەکە، داخوازییەکانتان کورت و پوخت بنووسنەوە.
3- لە چوارچێوەی ئەو دەسەڵات و یاسایانەی کە رێگەی پیداون لە دەستووری عێراقدا بجوڵینەوە.
4- پرس بە ژیران و هزرمەندانی یاسایی، کلتووری، سیاسی، دبلۆماسی، بازرگانی و پەروەردەیی کۆمەڵایەتی بکەن.
5- زۆر بەسوود و باشترە کە یەخەی ئەکادیمیستە کوردەکانی دەرەوەی وڵات بگرن و داوای هاوکاریان لێ بکەن، مەگەر ئەوان کورد نین و هەوای کوردستانیان هەڵنەمژیووە؟!! ئەوروپا و ئەمێریکا پڕن لە ئەکادیمیستی کوردستانپەروەر و ئازادیخواز و شەرافەتمەند.
6- بە کۆپی زۆر داخوازییەکانتان، بگەێننە، باڵۆێزخانەکانی وڵاتان لە هەرێم، بەغدا، نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕۆژنامەکانی ناوخۆ و دەرەوە وەک کوردستان پۆست، مێدیا گەورەکانی وەک بی بی سی، دەنگی ئەمێریکا و میدیا جیهانییەکانی دی.
7- بەهیچ جۆرێک مەچنە ژیر باری قسەی پوچی هیچ لایەنێکی سیاسییەوە، دەبێت بزووتنەوەکەتان بزووتنەوەی خەڵک بێت.
8- لەرێگەی ئەکادیمیستە بوێر و کوردستانپەروەرەکانەوە، هەوڵ بدەن خۆتان بگەێننە نەتەوەیەکگرتووەکان لە نیویۆرک و لەگەڵ سیاستەمەداری جێگای باوەڕ، زانا، ڕۆشنبیر و هزرڤانانی وڵاتانی دەرەوەدا پەیوەندی بگرن.
9- بە دڵنیاییەوە کوردانی کوردستانپەروەر و ئازادیخوازی دەرەوەی وڵات پشتیوان وهاوکاری هەمیشەیتانن.
10- دەبێت، کەسێکی ڕەوانبێژ و زمان زان (ئینگلیزی زان) وتەبێژی بزووتنەوە خەڵکییەکەتان بێت.
11- کۆمیتەکانی کارکردن هەڵبژێرن و پوخت و چالاک بەرنامەکانتان بەڕێوەبەرن، هەر لیژنەیەک لە بواری خۆیدا.
12- سەرپەرشتی ناوەوە سەد بەرابەری دەرەوە گرنگتر و بنەڕەتی ترە، بۆیە دەبێت، یەکێتی کار و بڕوا، بە وشیارییەکی زۆرەوە، چاودێری بکرێت. یاسای زۆر و بۆر، یاسایەکی خێڵەکی، پاشکەوتووی سەردەمی تەقیانووسە خۆتانی لێ بەدوور بگرن و پوختی لە کار و لێزانین لە ئەرکدا، مایەی سەرکەوتنە.
13- لە هێزی فشەڵی فەرمانڕانەکان سڵ مەکەنەوە، هەر ئەو پێشمەرگە دێرینانەی ئەمڕۆ نەیانهێشت بچنە ناو ئەو پەرلەمانەوە، کە لەسەر خوێنی ئەوان، سەدان گەجەر و گوجەری کردە ملیۆنێر، هەر ئەوان گەر کەمێک بڕوایان بە نیشتمان دەبێت ئازاد بێت و تاکی کورد مرۆڤێکی ڕیزدار، مابێت، ئەوان هێزێکی مەزنی بزوتنەوەکەتان پێکدەهێنن و دڵنیام ئەوانیش حاڵیان لە حاڵی مامۆستایان باشتر نەبێت، ئەگەر وا نەکەن و تێکەڵ بە بزووتنەوەی نەتەوەکە نەبن، با ناوی پێشمەرگە لەسەر خویان لابەرن و بیدەنگ ژیانی خۆیان بەرن بەڕێوە، هێزی کوردستانی لە بنەهاتووی ئازادیخواز لە باشوور هەن و خۆبەخشانە وەک هەمیشە داکۆکی لە تاک بە تاکی کورد دەکەن و دەتانپارێزن. ئێوە بزووتنەوەیەکی یاسایین و لەپێناوی کۆمەڵگایەکی یاسایی و دادپەروەریی و ئاشتیدا، خەبات دەکەن، بۆیە ئامڕازی هێزتان ناوێت و خۆتان هێزێکی مۆدێرن و چالاک و سەردەمیانەن کە دنیا دەتان ناسێت و جیهانیان گوێ لە ڕاوێژی!! فەرمانڕانەکانتان ناگرن و لە درۆ و چاوبەستەگی و مانۆڕە قێزەونەکانی ئەوان تێگەیشتوون و هیچ نرخ و قورساییەک بۆ فەرمانڕانییەکەیان قایل نین.
ئەمانە ئەو خاڵانە بوون و ئەو هەڵوێستانەی لای من گەڵالە بوون، بۆ هەنگاوی بەپەلە و یەکەمینی، گردبوونەوی تواناکانی باشووری نیشتمان، بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان و پچڕاندنی زنجیری ستەمی سی و سێ ساڵەیی فەرمانڕانیی بە ناو کوردی. 
هیچ کارێک مەحاڵ و نەکردەنی نییە، ئیرادە، بڕوا بە خۆ بوون، بڕوا بەڕەوایی داخوازییەکان، پلانی گونجاو، لێزانین و دڵسۆزیی زامنی سەرکەوتنن. شەرمە میللەتێکی خاوەن ئەو ئەزموونە سەختەی باشوور، دەستەوسان بێت و نەتوانێت ئەڵتتەرناتیڤ بۆ ئەو بیچم و ڕەفتارە خێڵەکی و سەرکردیەتییە پاشکەوتە و نەخوێندەوارە، لەناو خۆیدا پەیدا بکات!!. 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە