لە جەژنی لەدایک بوونی کۆماری ئیسلامیدا

Tuesday, 13/02/2024, 1:26

1473 بینراوە


حیزبە سیاسییە ئیسلامییەکان لە باشوور، لەم جەژنەدا تاجی کۆیلایەتی لەسەری سەدان کچی فریوودراوی کوردستان دەنێن.
دەسەڵاتی خێڵەکی باشوور، بە برسیکردن و وردکردنی کەسایەتی ژنی کورد، وان لە خزمەتی سیاسەتی تواندنەوە و پارچەپارچەکردنی ئیرادەی کوردبوونی ژنانی کوردا و مەلاکانیش بە پارەی سیخوڕخانەکانی داگیرکەرانی کوردستان بەناوی ئاینەوە، کە لە پارچە قووماشیکدا کۆیان کردۆتەوە و کچانی کوردستان فریوو دەدەن و خۆیان لەو کچانە کردووە بە خاوەن و بەترساندن و وێنەکردنی خوا کە بکوژ و تۆڵەسێن و لە ژنان خۆش نابێت و زۆرینەی خەڵکی دۆزەخ بریتین لە ژنان، دەستیان لە قوڕقوڕاگەی ئەو خوشک و دایک و کچانەی ئێمە ناوە و بواری بیرکردنەوەیان لێ گرتوون و تەنیا یەک ڕێگەیان پیشان دەدەن کە ئەو ڕیگایەیە مەلاکان بە درووستی دەزانن و جگە لەوانەی کە مەلاکان پسووڵەی لێبووردنیان لە خوا بۆ وەردەگرن هەموو ئەوانی دی بێ باوەڕ و لە خوا یاخی و جێگەیان دۆزەخە و زۆرینەی دۆزەخیانیش ژنان پێکی دەهێنن.
سەرەتا دەبێت ژنان لە خۆیان بپرسن، کە ئایا بەهۆی چ گوناهێکەوە دەبێت ئەوان بە کۆمەڵ فڕێ بدرێنە ناو ئاگری دۆزەخەوە، مەگەر چ تاوانێکیان کردووە، لە کاتێکدا کە خوا بەژن خەڵقی کردوون و هەڵبژاردەی خۆیان نەبووە، لە کۆتایشدا، بەو سزا هەمیشەییە خوا لەگەڵیان ڕەفتار بکات؟! .
ئەوەی ئێمەی پیاو دەیزانین و بیستوومانە و خوێندوومانەتەوە و لە پەیجۆریی و لێکۆڵینەوەکاندا بۆمان ڕوون بۆتەوە ئەوەیە کە:
دایکی خۆشەویسترین پەیامبەری خوا کە حەزرەتی عیسایە سڵاوی خوای لێ بێت، ژن بووە.
ئەوەی کە دایەنی پەیامهێنەری پەیامی موسڵمانانە سڵاوی خوای لێبێت، حەلیمە کچی سەعدییە، ژن بووە.
خێزانەکانی پەیامهێنەری ئیسلام، هەموویان ژن بوون.
دایکی هەموو مرۆڤایەتی ژن بوون/ ژنن.
ژنان، دایک و خوشک و کچە میهرەبانەکانی ئێمەن، لە میهرەبانیدا بۆ دایک و باوک، هیچ برایەک ناگات بە خوشکەکەی، لەهەموو دنیادا و لای هەموو خەڵکانی جیهان بەبیروباوەڕی ئاینی جوداوە، دایک لە باوک، خوشک لە برا، ژن لە پیاوەکەی میهرەبانتر و ڕەحم و بەزەیی زیاترە. 
ئێدی بۆ دەبێت، ئەو دۆزەخەی پیاوانی ئاینی و بانگخوازە سیاسییەکان وێنەی دەکەن، بەئێسک و پروسکی دایکمان، خوشکمان و هاوژین و کچەکانمان ئاگرەکەی خۆشبکرێت؟!!.
هەموو مێینەیەک دەبێت، بەو پرسیارەی سەرەوە لەخۆی، ڕێگای دۆزینەوەی خوا بگرێتە بەر، چوونکە خواناسین، ئەزموونێکی کەسێتی تایبەتە و هیچ پیاوێکی ئاینی و چەندعیلمەکەی، ناتوانن وەک پاکێجێکی مۆرکراو بە واژۆی خۆیانەوە، دڵ و دەروونی هیچ کەسێک بۆ ناسینی خوا واڵا بکەن، بەتەنیا هاتووی، بەتەنیا ئەم ڕێگایە دەبڕیت و بەتەنیا لەگەڵ ئەزموونە دەروونییەکانی خۆتدا جێی دەهێڵیت.
یەکەم هەنگاوی ناسینی خوا ئەوەیە کە: بۆمان ڕوون و ئاشکرا بێت، کە مەزهەب دین نییە، بەڵکو لێکدانەوەی کەسێکە بۆ ڕاسپاردەکانی خوا، بەپێی بۆچوون و دەرک و ئەزموونی خۆی، کە ئەگەر دروست بێت و لە ئەنجامی ئەزموونە ڕۆحییەکانی خۆیەوە بەو ئاکامانە گەیشتبێت، ئەوا زۆر مەحاڵە لە وشەدا بتوانێت، ئەو سەفەرە ڕۆحییە بۆ کەسێکی دی باس بکات، دوو حاڵەتی هەیە:
یەکەم: هەموو ئەو ژنچاکانە و پیاوچاکانەی، کە بەرەوباڵا هەڵکشاون، باسیان لە ئەزموونە تەنیاکەی خۆیان کردووە، ئەوەی دەسەڵاتی بەسەر زمان و دەڕبڕینەکاندا شکاوە و زمانێکی پاراوی لا پەروەردەوە بووە، بە هۆنینەوە و دەربڕینە نازدارەکان، باسی لەم سەفەرەکردووە و هەمووشیان باسیان لە خۆشەویستی کردووە، کەواتە بنەمای یەکەمین و دواهەمینی خواناسی خۆشەویستییە، هەر دڵێک ئاوەدان نەبێت بە خۆشەویستی، خۆشەویستنیی ئەوەی لە گەردووندا هەیە، بە مرۆڤ و هەموو بوونەوەرەکانی ناویەوە، ناتوانێت، بەهەندێک هەڵسوکەوتی کە لە باوانییەوە بۆی بەمیرات ماوەتەوە، خوا ناسبێت، چوونکە خوا ناسین، کە دەبێت گەیشتبێتە پلەی ئەوینداریی، لە وتنەوەی سەربووردە و هات وهاوار و کۆمەڵێک بۆنە و دابونەرێتی لە کۆنەوە تائێستادا ماوەدا کۆنابێتەوە، کەی سەرگوزەشتەی کەسێک دەتوانێ، دەرگاکانی ڕۆشنایی بۆ دڵێک بکاتەوە، کە ئەو دڵە لە سەر مامەڵە و بدە و بستێن، ڕۆژەکانی بەڕێ بکات؟!!.
پیاوانی ئاینی کوردستان( زۆرینەیان) چیرۆکبێژی حاڵەتگەلێکن، وەک کورد دەڵێت: لە قووتوی هیچ عەتارێکدا پەیدای ناکەیت، بە جۆرێکیش باسکە دەهۆننەوە کە گوێگرەکەی وا هەستبکات دوێنێ ئەو چیرۆکە ڕوویداوە، چوونکە ئێمە لە هەزار چیرۆکی گێڕراوەی سەر زاری پیاوانی ئاینی لە کوردستاندا، نە بەڕێکەوت و نە بە هەڵکەوت، شێوەیەکی لەیەکچووی ئەو بەسەرهاتانەمان نەبینی و نەبیست، لە حاڵیکدا کە هیچ کاتێک ئەوەندەی ئێستا بە حسابی پیاوانی ئاینی خەڵک ڕوو لە خوا نەبوون، ئەی هۆی چییە کاریگەرییان لەم سەردەمەی پڕ لە خواناسیدا، نەبووە و نییە؟!.
دووەم: پیاوانی ئاینی( زۆرینەیان)، لەم بازاڕە ڕەواجدارەدا جگە لە سوود هیچ زیانێکیان نەکردووە، دێتەوە بیرمان کە مەلای کورد لەسەردەمی زێڕینی کوردبوونیاندا، کاروباری ئاینییان بە خۆڕایی بۆ خەڵک ئەنجام ئەدا و خۆیان پیشەوەربوون و لە چینی ڕەنجدەری کۆمەڵگای کوردەواری بوون، نەفس بەرز و حەکیم و زانا و نیشتیمانپەروەر و پیاوچاک و نووسەر و ئەدیبانی پلە یەک و موومتازی کۆمەڵگا بوون، هەر یەکەیان بارستاییەک، بیری چاک، وتەی چاک و کرداری چاکیان بە دیاری بۆ نەتەوەکەیان جێدەهێشت، کە دەبوونە نممونەی چاولێکراو، جگە لەوەی لە زانستەکانی فیزیک و ماتماتیک و زمانی دایک و ئەستێرەناسی و مۆزیک و فەلسەفە و هونەردا خاوەن ڕا و گوێ لێگیراو بوون، ئەوان خۆشەویستی خوا بوون و خوایان بە خۆشەویستی دەناسی، زمانیان زمانی خەڵک و ئازاریان ئازاری نەتەوە و خواستیان ئازادی گەل و نیشتمانیان کوردستان بوو.
ئێستە پیاوی ئاینی کورد، لەیەک بازنەدا دەخولێتەوە بازنەی: قژی ژن، جەستەی ژن، پۆشاکی ژن، چیرۆکی ژنان، سەربووردەی ژنان و ....هەتا بێکۆتایی ئەم خەڵقەی خودایان داوەتە بەر زەڕەبین و نەشتەری تیغی زمانیان، بێ ئەوەی گوێ بە راسپارەدکانی یەزدان بدەن و کۆ لە وتە و قسە و باسیان بکەنەوە و وتەکانیان  بیبێژن ئەجا بی وێژن، هەرچی چیرۆک و قسەی بەرز و نزم هەیە بەسەر زمانیاندا دێت و بۆ هەر چیرۆکێکیش پەیامهێنەری خوا لەگەڵ خۆیان کێش دەکەن و بەشایەتی قسەکانی خۆیانی دەگرن.
لە مێژووی ژیانی مەعنەوی کورددا، ڕامان و وردبوونەوە و بەدواداچوونی ورد بۆ مەسەلەی (بوون) کراوە و بارستاییەک لە بیروڕا و مرۆڤناسی و خواناسی و مەرگ و ژیانناسی، لەپاش پیاوانی ئاینی جێماوە، تا دەگاتە ئەم سەردەمەی ئێمە، ئەوانەی بەمەسەلە ئاینییەکانەوە، کە دەچێتە بواری خواناسییەوە، مژوڵ بوون بە زۆر لە ڕاستییە خوارکراوەکان گەیشتوون و هەوڵیان داوە کە نەتەوەکە لەوە ئاگادار بکەنەوە، کە ئاین و خواناسی هەموو کردەوە چاکەکانە کە وان لە خزمەتی گەل و نەتەوەدا و سەربەستی و ئازادیی میللەتێکی ستەمدیدەی وەک کورددا، ئێمە قوتابخانەیەکی کوردیی پان و بەرین دەبینین کە پیاوچاکانی ڕاستەقینەی ئاینی کورد دایانمەزراندووە و زۆرینەی ئەو کەسایەتییە بەرێز و زانا و کوردپەروەرانە، هاوبەشی بزووتنەوەی ئازادیخوازیی نەتەوەکەیان بوون و لە زیندان و ئەشکەنجەخانەکانی ڕژێمە داگیرکەرەکانی فارس و تورک و عەرەبدا زیندانی و ئەشکەنجە دراون، نموونەیان لای هەمووتان فرە و فراوانە.
مەلای گەورە، سڵاوی خوای لێ بێت، کە بەدەیان هەزار مەلای ئەم سەردەمە، مەلایەکی بچووکی وەک ئەویان تێدا نابێت، هاوبەشی سات بەساتی ژیانی خەڵکەکەی بووە و بوێر و زانا و خەمخۆرێکی گەورەی ئازاری نەتەوەکەی بووە، بەخشندە و خاوەن عیزەتیی نەفسێکی وا کوردانە بووە، کە لە ڕۆشتندا پێش مەلیکی ئەو سەردەمەی عێراق دەکەوێت و مەلیکیش بە شوێنیدا دەڕاوت، بیرمەندێکی گەورەی وەک مامۆستا مەسعوودی کوڕی بۆ نەتەوەکەی پەروەردە دەکات.
ئەو زانا مەزنە لە فەتوایەکیدا دەڵێت: هەر کەسێ پارەی حەجەکەی لە هەژاری نەتەوەکەی خۆیدا خەرج بکات، خێری حەجەکەی زیاتر دەگاتێ. ئایا ئەو زاتە لە ئاین نەگەیشتبوو و نەیدەزانی چ فتوایەک دەدات؟!.
کاک ئەحمەدی موفتی زادە، سڵاوی خوای لێ بێت: کە کوردێکە، لە خوێن، ئێسک، هەناسە، حەسرەت، خواست، دەرد، خەم، شادیی، ئاوات و ڕوانینی نەتەوەیەک کە ئەڤینداری ئازادی و ئاشتییە، ئەو وەک زۆرینەی نەتەوەکە، ستەمی چەشت و ستەمکاری ناسی، ئەو بەشێک بوو لە هەموو ئازارەکانمان، خۆشەویستییەکیی یەزدانی و ڕووباری میهرەبانی و دەریای ڕاستگۆیی و حەقگوویی و کێوسانی ئیرادە و شانازیی مرۆڤ بوون و نوێنەری هەژارترین بێ ماڵ وحاڵەکانی نەتەوەیەکی ستەمدیدەی کەونارای شارستانەتێکی گوومکراوی بناری چیاکانی زاگرۆسیانە، هەم بڕوای وەک خۆی ناسی، هەم دنیای وەک خۆی ناسی، نە خورافاتی بڵاوکردەوە و نە بازرگانی بە ئاینەوە کرد، ڕابوونێکی ڕۆحی گەلێک شکۆداروشایستە بەمرۆڤ بوونە.
لەم ڕاسپاردانەیدا، کە بەشێکی گرنگ لە بڕوا گەشەکانی دەردەخات، ئاگادارمان دەکاتەوە، چوونکە دەیزانی، ئەم نەتەوەیە، بەهۆی ئەو دینە دەسکردەوە کە لە ( قیل و قال) دا کورت کراوەتەوە، سەرگەردان وتەفرەدراوە، هەمیشە بە ناوی دینەوە ستەمی لێکراوە و باجی قورسی داوە و نیشتمانەکی زەوتکراوە. ڕوو لە قوتابییەکانی دەکات و دەڵیت: ئێمە بەرلەوەی موسڵمان بین، کوردین، کوردبوون، بوونی ئێمەیە و موسڵمان بوون باوەڕی مەعنەویمانە. ئەو دەڵێت: خوا تەنیا یەک شتی لە ئێوە دەوێت، مرۆڤ بن. بنەمای بیر و ڕاکانی کاک ئەحمەد ئازادی بوو، لەسەر ئازادیی و بەبڕوای تەواویەوە بە ئازادیی هەڵبژرادن لە هەموو ڕووەکانی ژیانەوە دەی وت: ئەگەر مرۆڤێک ئازاد نەبێت، چۆن دەتوانێ قسەی دڵی بکات و ئەوە هەڵبژێرێت کە بە ڕای خۆی دروستە؟!. 
ئەو مرۆڤە مەزنانەی کورد، نەتەوەکەی خۆیان بە قیل و قالی بەتاڵەوە سەرگەرم نەکرد و خورافات و چیرۆکیان بۆ خەڵکی نەگێڕایەوە، ڕاستییەکانیان بە نەتەوەکەیان راگەیاند و خەڵکی خۆیان وەک ئەمانەتێکی پیرۆز تەماشا دەکرد کە دەبوو بییانپارێزن لە گومڕا بوون و خورافات و قسەی بێهودە و جوێن و سووکایەتی پێکردن، بۆ ئەم مەبەستەش، لێکدانەوەیەکی کوردیان بۆ پەیامی خوا کرد و بناغەیەکی پتەوی خۆشویستینی گەل و نیشتمانیان داڕشت، چوونکە دەیانزانی کە خوا داوای لێکردوون چرایەک بن لە ماڵی کورددا.
هەر کە پرشنگی خۆری ئازادیی و گەشانەوەی توانای ژنانی کورد، بەتایبەت لە رۆژئاوا و نەبەردەکانیان لە قەڵای
شانازیی کورد لە قەندیلدا، دەرکەوت، ڕژێمە داگیرکەرەکانی کوردستان گەیشتنە ئەو بڕوایەی کە هێزی ژنانی کورد، هێزی پیاوی بودەڵەی کورد و سەرەک خێڵ – حیزبی کوردی نین، کە ملخوار و جلخوار و دەستەمۆی فەرمانەکانی سیخوڕخانەی ئەو ڕژێمانە بن، فەرمانی بە ئیسلامیکردنی سیاسی کۆمەڵگای باشووریان داڕشت و لە کاتێکدا ژنانی تارانی لەچکەکانیان فڕێ دەدەن و پەلاماری میزەری مەلاکان دەدەن، هەموو ساڵیک سەرەک خێڵی حیزبی ئیسلامی فەرمان بەسەردا کراو لە جەژنی لەدایک بوونی کۆماری پەت و سێدارەدا، بەپارەی داگیرکەرەکانی تورک، ئێرانی و قەتەریی، لەسەر مۆدێلی جلەکانی ژنی خەلیفەکەیان، کۆمەڵیک کچی فریودراوی کورد بۆ ئەو یادە بانگ دەکەن و خۆیانیان پێوە ڕادەنێن و ئەو یادە پیس و نەگریس و نەفرەت لێکراوە پیرۆز دەکەن و دڵی خوا تەنگ دەکەن و مۆری خیانەتەنەتەوەیەکەیان بۆ دوژمنانی دێرینەی کورد نوێ دەکەنەوە. ئێوە بە چاوی خۆتان دەبینن کە سیخوڕخانەکانی رژێمە داگیرکەرەکانی نیشتمانی کورد لە قاڵبی زانکۆ، قوتابخانەی تایبەتی، کۆمپانیای بازرگانی، مزگەوتی یەک لەدوای یەک، دەیان مەلای چاپکراوی نوێی ڕۆژانە، کارخانەی ساختەی سەر بە باڵوێزخانە و سیخوڕخانەکان، چۆن وەک تەونی جاڵجاڵۆکە باشووری کوردستانیان تەنیوە و لەهەموو ورد و درشتێکی ئەو بەشە بندەستەی نەتەوەکەماندا لە ڕێگەی فەرمانڕانانی دەستەمۆی خۆیان و مەلای ڕامکراوەوە، دەستتێوەردان دەکەن و هەم دەستیان بەسەر ئابووری باشووردا بە قازانجی خۆیان گرتووە، هەم نیازی چەپەڵی داگیرکارییان جێبەجێ دەکەن.
بەڵام، ، نەتەوەیەک دەیەوێ ئازاد بێت، بزووتنەوەیەکی ئازادیخوازیی دەیەوێ بە ئامانج بگات، ژنانی نەتەوەیەک لە خۆیان و لە نەتەوەکەیان بوون بەخاوەن، خاوەنداریی ژنانی ئازادیخوازی کورد، هێزێکی لە بن نەهاتووە، شکاندنی کۆتی زەلیلیکردنی ئیرادەی نەتەوەیەکە، کە دەیان ساڵە بەهۆی پیاوە دەستەمۆ و بازرگانەکانی خوێن و چارەنووسی نەتەوەکەوە لە گەردنی توند و توند دەکرا. تێکشکاندنی سپای تاریکی و شەیتان خەسڵەتی داعیش، لە ژێر زەبری هەڵمەتی ژنانی کورددا لە ڕۆژئاڤا و لە شەنگال و لە پێدەشت و چیاکانی نیشتمانی داگیرکراودا، مژدەی ئازادیی نیشتمان و گەڕانەوەی نەتەوەیەکە بە هەموو هێز و توانا شارستانەتەکەیەوە بۆ ناو ژیانی مرۆڤایەتی. ژنی ئازادی کورد دەبێت بەشێک بێت لەو رابوونە ئاسمانی و یەزدانی و کوردانەیە کە بە دڵنیاییەوە، خۆشەویستی خودایە چوونکە: دژی ستەمەکارانە بە سوودی ستەم لێکراوان. 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە