مەستانی کوچەی باخی دلاوەر

Monday, 05/02/2024, 21:58

2910 بینراوە


لە دەورەی بەڕێوەبەرایەتی دیمۆکراتەکان لە ئەمێریکادا چەند ساڵ لەمەو بەر( دەورەی دووەمی سەرۆکایەتی باراک ئۆباما)دا  نووسیم: من دیمۆکراتەکانم وەک تاوس دێنە بەرچاو، ڕەنگاوڕەنگ و بە باق و بریق و نازوفیزن، بەڵام بەیانییەک لە خەو ڕادەبین و لە مێدیاکانەوە دەیبیستین، کە ئێران گەیشە قۆناغی دروستکردنی بۆمبای ئەتۆمی و ئیتر وەک دەوڵەتێکی ئەتۆمی دەبێت حسابی بۆ بکەین، ئەوەشم گووت کە ئێرانێکی ئەتۆمی کۆنترۆڵکراو تەرازووە لاسەنگەکە هاوتا دەکاتەوە، لەو هۆیانەی کە باسم کردوون بۆ ئەم ڕووداوە:
1- پاکستان کە دانیشتوانەکەی سوونین و سەرچاوەیەکی گرنگی بیری سیاسی ئیسلامییە، بۆمبای ئەتۆمی هەیە.
2- وڵاتانی عەرەبی گرنگەکانیان وەک سعوودییە و میسر خۆیان گرێداوە بە ڕەوڕەوەی گەشەکردنی دەسەڵاتی چین و رووسیاوە لە ئەفریقا و ئاسیادا، جا هەر ناوێکی لێ بنێن هەر دەچێتە ئەو ئاشەوە کە چین و ڕووس باراشی سیاسی و ئابووری خۆیانی لێ دەهاڕن. لە دنیای سیاسی ئێستادا دەتوانێت: کارخانەیەک سووچێکی سیاسەتی وڵاتێک جێبەجێ بکات، کەسایەتییەک (نووسەرێک یا فەیلەسووفێک) دەتوانێت، بێ ئەوەی ئەرکدار کرابێ قسەی دڵی سیاسییەکانی وڵاتەکەی خۆی بکات، لەمەدا مەبەستم باش و خراپ بوونی ئەوە نییە کە نووسەرەکە و فەیلەسووفەکە دروست ڕەفتار دەکەن یان نا، بەڵکو دەمەوێت وێنەیەک بۆ دنیای سیاسەت بکێشم، کە پڕە لە ڕووداوی مەترسیدار، بەڵای ناگەهان* زەمانی بەتالوکە و تێدا چوون و هەڵسانەوە، کە هەریەکێک لەم زاراوانە لێکۆڵینەوەی تایبەتی خۆی دەوێت و من لێرەدا هەر هێندەی لە توانای وتارێکی هەفتانەدا بێت هێناویانمەتەوە.
لە پاش حەوتی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ وە ناوچەکە شڵەقا و جمووجوڵی سەربازیی گەورە بەڕێوە دەچن، کە هیچیان بێ پێشینە و ڕابووردوو نین، واتە لەپڕ و لە هەوادا نەهاتوونە خەڵق بوون، هەندێکیان ڕیشەی هەزار ساڵەیی و زیاتریشی هەیە، وەک پێکدادانی خەڵکانی سەر بە ئاینە جووداکان، کە ئەمەش ناوە ناوە دنە دراوە و ئامڕازەکانی مانەوەی هەمیشە هەبووە و لەو بازاڕی سیاسەتەدا هەندێ جار لاواز و هەندێک جاری دی کراوە بە دڕندەیەکی لە پێستی مرۆدا، کە هیچ رەگەزێکی تری دڕندە بە تۆزی پێی نەگەیشتووە لە نموونەی داعش!!.
ئەوەی بۆ من گرنگە و گەرەکمە سەرنجەکانی بۆ ڕابکێشم، چارەنووسی نەتەوەکەی خۆمە، کە بارەکەی دە هێندەی تر سەخت بووە و جوڵانی بەپەلە و هەنگاونانی ژیرانە و ئاقڵمەندانەی دەوێ. کە ئەمەش هەر بە ڕۆشنبیرە ئازادیخوازە کوردستانییە لێزان و دڵسۆزەکانی دەکرێن، هەر کەس لە باری توانا و پێ وێرانی خۆیی و هەمووشیان پێکەوە لەو خاڵەدا کە کوردبوونیان پێکەوە گرێیان دەدات. کە ئەمەش بناغە پتەو و دامەزراوەکەیە، کە بمانەوێ و نەمانەوێ، هەر ئەو سەکۆیە شک دەبەین لێوەی بۆ کارکردن و هەنگاونان، هەڵیبژێرین، خەڵکەکەمانی لەدەور کۆ بکەینەوە و بیرۆکەیەکی هاوبەش بدۆزینەوە کە بتوانن لە ڕابوورد و ( وەک دەرس) و لە ئێستا وەک واقع و لە ئایندە وەک چارەنووسیان، تێبگەن. کە ئەمانەش پرۆسەیەکن، لە زمان و دەلالەتەکانی زاراوەکاندا دێن و دەچن. واتە ئەو زمانەی کە ڕۆشنبیرەکانی بەو خەسڵەتانەی کە لەسەرەوە باسم کردن، خەڵکەکەی خۆیانی پێ دەدوێنن.
یەمەن، عێراق، باشووری نیشتمان، ڕۆژئاوای نیشتمان و هێزەکانی ئەمێریکا لە ناوچەکەدا.
یەمەن، حوسییەکان دەسەڵاتی یەکەمن تێیدا و لە ناکا و لە گرووپێکی تیرۆریستیەوە(کە کۆمارییەکان بەسەریاندا سەپاندبوویان) بوونە دەستەیەکی کە دەتوانن بازرگانی و سیاسەت بکەن و چەک بکڕن و پەیوەندی لەگەڵ وڵاتاندا( با سنوورداریش بێت) ببەستن، وەک ئەوەی کە مۆڵەتێکی فەرمی نەنووسراویان لە زلهێزەکان پێدرابێت، کە ئەو وڵاتەی سەرچاوەی هێزی دارایی و سەربازی ئەوانە، نادیدە بگرن و بۆ ماوەیەک خۆیانی لێ نەبان بکەن. ئەمە لە سەردەمی دەسەڵاتی دیمۆکراتەکاندا ڕوودەدات. 
عێراق، وڵاتێکی شڵەژاو کە ژینگەیەکی لەبارە بۆ  درووستبوونی دەیان گرووپی چەکداریی سەر بە وڵاتێکی دیاری کراو، ئەمەش هەر لە کۆتاییەکانی دەسەڵاتی کۆمارییەکان و هاتنی دیمۆکراتەکان ڕوودەدات. وڵاتێکە بە فەرمی فیدراڵییە و بەشێک لە عێراق وەک وڵاتێکی بچووکی سەربەخۆ خۆی ڕا دەنێت و مامەڵەی لەتەکدا دەکرا، دێمەوە سەری.
باشووری نیشتمان، دەرفەتێکی وەک دەڵێن زێرین و دوورە دەست بوو، کە هەموو ئامڕازەکانی لە چەشنی تێکۆشانی بەردەوامی نەتەوەکە و گەوجێتی فەرمانڕانانی ئەوسای عێراق و خواستی پاراستنی سەرمایەی زلهێزەکان، کردی بە واقعێکی داسەپاو و لەبەر چاو کە دەمانتوانی لەمسی بکەین، هەر لە پڕێ زوڵم و ستەمی لێخوڕینەکانی دەسەڵاتێکی فاشی بوون بە گولستانی ئازادیی، بەشێک لە نەتەوەکەیان مەستی مەست کرد کە تا ئێستایش لەو خەوە خۆشە، مەستییە بەردەوامە و گێژاوە شیکاریی بۆنەکراوە، نەیتوانی بێتە دەرەوە و ڕاوەستێ و لە خۆی بڕوانێ و بتوانێت خۆی شیکار بکات، کە لە کوێدابوو، ئێستا لە کوێدایە و لە داهاتوودا بۆ کوێ دەچێت؟!!. خۆی بە سات و ڕۆژەکان سپارد و خەون و خەیاڵەکانی بوونە ( دۆنم و دۆلار- ئەو دەمە من وتارێکم لە هاوڵاتیدا نووسی بە ناوی مەستانی کوچەی باخی دلاوەر) کە پێموایە کەم کەس کاتی خوێندنەوەی هەبوو، ئاخر ئیتر وایە بە دەرکەوتنی ڕەنگی دۆلار لای بەشێکی بەرچاو، هەموو ڕەنگەکانی دی کاڵدەبنەوە، چوونکە ئەوان مەستی دۆنم و دۆلار بوون!!. لێرەدا بە بیرتانی دێنمەوە کە گەل، قووربانی نییە و نابێت وەک قووربانی تەماشای بکرێت، بەڵکو گەل بەرپرسە لە ڕۆنیشتنی دیکتاتۆر لەسەر کوورسی فەرمانڕانیی بۆ دەیان ساڵ، ئەوە تەنیا سیاسەتبازە زۆڵەکانن کە باس لەگەل دەکەن وەک قووربانییەک.
ڕۆشنبیرە، کوردستانییە ئازادیخوازە دڵسۆزەکان، پەنجە دەخەنە سەر برینەکان و گەل بەئاگا دێننەوە، خۆ لە هەوانتە کابرای خێڵەکی خۆی با نادا و پەنجەی ڕاناوەشێنێ و گرێبەست واژۆناکا و گاڵتە بە مامۆستایان ناکا و قسەی پڕوپووچ لەزاری نایەنە دەرەوە و دەرگای پەرلەمان داناخات، ئێوە دەتوانن بەبیر خۆتانی بێننەوە، کە ئەو یارییە قێزەونانە چۆن کراو چۆن هەستی پاکی ئێوە کرایە ئامانج و لە بریندارکرن و وردکردنی هەستی کوردبوون و مرۆڤ بوونی خۆتان، نەپرسییەوە؟! ئەمە ئەوەیە کە لەسەرەوە وتم، پرۆسەکە ئاوایە، لەوساوە بۆ ئێستا و لە ئێستا بۆ ئایندە، مرۆڤی کورد لەوسێ قۆناغەدا، چۆن لە خۆی بوو بە خاوەن؟!.
 ئەوەی مامۆستا ڕەفیق حیلمی ئەو بەیانییە زووە لە سلێمانی بە حوکمداری کوردستانی گووت سەبارەت بە سیاسەتی توورک، ئەگەر وەک کردارێک و وتراوێکی زیندوو، گەل لە بیرەوەریدانی خۆیدا هەڵی گرتبا( بەپلەی یەک ئێلیتە بیرکەرەوەکەی) و خۆی بە خاوەنی زانیبا، لە نەوەدەکان و دووهەزارەکاندا، ماڵباتی مەلا مستەفا نەیان دەتوانی، بەشێکی فراوانی باشووری نیشتمان بە کەرکوکیشەوە، بە تورکان بفرۆشن!!. بۆچی پێت وایە ئەوەی ڕابوورد، ئێدی ڕابوورد!!، ڕابووردو لە ئێستا و داهاتوودا ئامادەیە و لە هەر غەفڵەتێکی سیاسی و سەربازیدا، خۆی نوێ دەکاتەوە و دووپاتە و دە پاتەش دەبێتەوە، ئەمەش ڕوویدا و لە ئایندەشدا ڕوو دەداتەوە، ئەگەر بەری پێ نەگرین!!!. ئەو مامۆستایانەی کە لەژێر ڕێژنەی باراندا، درێژە بە بایکۆتەکانیان دەدەن، دەستەیەکی یاخی و برسی نین، بەڵکو لە ناخدا ڕۆحی زیندووی سەرڕێژ بوویی خەمە زۆرەکانی تێکۆشان و ڕەنجی بێوەری نەتەوەکەیانن و ئازادیخواز و کوردستانی و خەمخۆری ئایندەی منداڵانی کوردن، دەبێت هاوکار و هاوبەش و پشتیوانیان بیت، ئەوان، عەرشی ستەم و سیستەمی تایبەتی پەرپرسانی ڕزیوو و حوکوومەتێکی بازرگان، دەلەرزێنن، کە هەموو خەمەکەی لە هەزار مرۆڤی دڕەندەی چاوچنکۆدا کۆبۆتەوە و ئەوان لەلایەک و ئەو بەشە ئازادیخوازەی نەتەوەکەش لە لایەک، دەبینێ، تۆ بڕیار دەدەیت کە تای تەرازووە سەنگەڵاکە بۆ هەمیشە هاوتا بکەیتەوە بە سوودی زۆرینەی گەل و لێپرسینەوە، لە ڕابوورد و ئێستا و داهاتووی ستەمکارانێک بکەیت، کە ئازادی تۆیان دزی و نانی سەرسفرەی هەژارانەی زۆرینەی ڕەنجدەرانی ئەو بەشە لە نیشتمانیان کرد بە قوڕگی کارخانە و زانکۆی تایبەت و قوتابخانەی تایبەتی دەزگا سیخوڕخانەکانی داگیرکارانی نیشتمانەکەتدا.
ڕۆژئاوای کوردستان، فەلسەفەیەکی زیندوو، کە لەهەموو قۆناغەکانی نەتەوەکەی بوویە خاوەن و ئامادەکاریی بۆ هەموو پێشهاتەکان کرد و پشتی بەخۆی بەست و یارمەتی دەرەوەشی ڕەت نەکردەوە، هیچ گرێبەست و پلانێکی لێ داواکراوی واژۆ نەکرد، مەگەر هەنگاوێک بزووتنەوەکەی بردبێتە پێشەوە، لە چوارچێوەیەکی دایاردا کە ئەوەی دێتە بەرهەم لە پلەی یەکدا دەبێت بە سوودی بزووتنەوەی ئازادیخوازیی نەتەوەکەی بێت، دەجوڵێتەوە و سوودە نەتەوەییەکان و زیانە نەتەوەییەکان دەناسێت و خۆی بە خۆی سپاردووە نەک خۆی بە دوژمنانی دێرینەی نەتەوەکە!! ئەو خۆی سەلماندووە و هێزەکەشیی بۆ بەرێوەبەرانی سیاسەتی جیهانی ئاشکراو ڕوونە. بازرگانانی سیاسەتباز و سیاسەتبازانی بازرگان، بزووتنەوەکەی بەڕێوەنابەن و هێزی خۆی لە توانای ڕێکخراوی گەلەوە بەدەست دێنێ و ڕۆژ بەڕۆژ خوردتر دەبێت و دنیاش ناچارە کە مامەڵەی لەگەڵدا بکات. ئەو سەروەری خاکی خۆیەتی و بۆ پاراستنی دەچێتەوە بەگژ هێزێکی دڕەندەی ناتۆیدا کە دەستی واڵا کراوە بۆ قڕکردن و بەسووتماک کردنی خاکی کوردان، ئەزموونەکەی کوردستانی، ناوچەیی و جیهانیشە، کە هیچ دەوڵەتێکی ناوچەکە بەو سەرمایە زەبەلاحەی مرۆیی و ئابوورییەوە لە ماوەی سەدان ساڵدا نەیان توانی و بە عەقڵیاندا نەهات، کە توانای گەلەکانی خۆیان ئاوا ڕێک بخەن و وەک بارستاییەکی قورس کە لەبەرچاو و دیارە، کۆبکەنەوە و لەو بازنە تەسکانەی دەسەڵات و ئاین و رەگەزدا، گەلەکانیان دەرباز بکەن. ڕۆژئاوای کوردستان، ئەزموونێکی شیرین، بە ئازار و نوێ و بڕیاردەرە بۆ ئایندەی چارەنووسی نەتەوەی کورد و گۆڕانیی عەقڵییەتی ڕەگەزپەرستی ئەو نەتەوانەی بەشێک لە وڵاتی کوردیان داگیرکردووە و ژیان و چارەنووسی نەتەوەکانی خۆشیان لە گروەی مانەوەی دیکتاتۆرییەت و خۆسەپاندن و سەرسپاردن، ناوە. 
ئەمێریکا، ئەمێریکایە و هەمووتان توانا عەقڵی، لەشکریی و دارایی و کۆمەڵایەتییەکانی دەناسن، من دەمەوێت بڵێم ئەوەی بۆ باسەکەی من گرنگە، لەیەکنەچوونی پلانای سیاسی ئەمێریکایە، کاتێک دیمۆکراتەکان بەڕێوەبەری بن و کاتێک کۆمارییەکان بەڕێوەی دەبەن، واتە لەو قۆناغەدا کێ ئەمێریکا بەڕێوە دەبات، کاریگەرییەکەی لەسەرتاسەری جیهاندا دەبینین و بە زۆر بێت و بە خۆبەخش، شتگەلێک دەسەپێنێ، هەموو ئامڕاز و تواناکانیشی هەیە بۆ سەپاندن و جێبەجیکردنی.
ئەو هێزی یەکەمی ڕێکخراوی ناتۆیە و هەموو دەوڵەتانی ناو ئەم ڕێکخراوە چاویان لە بڕیارەکانی ئەوە، لێرەدا ئاماژە بەوە دەکەم، کە کەماییەسییەک لەناو یاساکانی ئەو ڕیکخراوەدا ( پەیمانی ناتۆ) دا هەیە، کە بڕوابوونی سیستەمەکانی وڵاتانی ناو ئەو ڕێکخراوە، لە ڕووی مافەکانی مرۆڤەوە دەخاتە ژێر پرسیارەوە، بۆ نموونە: مەرجێکی تێدا بەدی ناکەین، کە ئەو چەکانەی ئەندامانی ناتۆ دەیکڕن یا بەیەکتری دەفرۆشن، چۆن بەکار بێت سەبارەت بەو نەتەوانەی داگیرکراوی ئەندامێکی ناتۆن؟! چوونکە ئەو نەتەوە داگیرکراوانە، مافی ئەوەیان هەیە کە بەرگری لە بوونی خۆیان بکەن، وەک ئەو مافەی کە هەموو تاکێک و هەموو نەتەوەیەکی تر هەیەتی بۆ پارێزگاری لە بوونی خۆی. تێکۆشانی ئەو نەتەوانە، کارێکی مرۆیی، پیویست و ڕەوا و بە ناچارییە و بۆ بەرهەمهێنانی ئاشتییە بۆ بەشێک لە مرۆڤایەتی. ئەوان دەوڵەتێکی خاوەن سنوور نین و سپایەکی چەکدار نین، کە بڕگەکانی ناو پەیماننامەی ناتۆ ئاماژەی پێدەکات. ئەوان تەنانەت بۆ سەرەتایترین مافی مرۆی کە قسەکردنە بە زمانی دایکیان، دەبێ بەخوێن بەرگری بکەن، ئایا ئەمە پەڵەیەکی قیزەون نییە بە یاساکانی سی وڵاتی ناو ئەو هاوپەیمانییە سەربازییەوە، کە لەلایەن یەکێک لە وڵاتەکانی ئەندامییەوە، منداڵ و ژنی کورد دەکوژێت و ژینگەکەی وێران دەکات؟!!.
ئاماژەیەکی دی، ئەوەیە کە بۆچی و چۆن، خەبات و تێکۆشانی نەتەوەیەک، دەخرێتە لیستی تیرۆرەوە، لە کاتێکدا، کە گرووپی چەتەیی و ڕێگرانی بازرگانی جیهانی و چەتەکانی دەریایی، لە لیستی تیرۆر دەردەهێنرێن کە بە ئاشکرا سەر بە وڵاتێکی تیرۆریست و ئاژاوەگێڕ و پاوانخوازە و پەلاماری دەوڵەتانی درواسێی دەدات و ئابوورییە زەبەلاحەکەی بۆ دروستکردنی گرووپی تیرۆریستی نوێ بەکار دەهێنێت؟!!.
ئەو قسەیەی لەسەرەوە نووسیم کە بەیانییەک لە خەو هەڵدەستین و ئێران دەبینین بۆتە وڵاتێکی خاوەن بۆمبای ئەتۆم، بە ئاشکرا و ڕاستەو ڕاست لە قسەکانی محەمەد کوڕی سەلمانی جێگریی شانیشینی سعوودیەدا، ئاماژەی پێکرد کە لە ئەمێریکا جاوپێکەوتنی هەبوو لەگەڵ کەناڵیکی تەلەڤزێۆنی ئەمێریکی و وتی: ئەگەر ئەمڕۆ ئێران ببێتە خاوەن بۆمبای ئەتۆم، سبەی ئێمەش دەبینە خاوەنی، کە پێموایە ئەم ئەمیرە ژیرە، بێ ئاگا نییە لە پڕۆژەیەکی وا بۆ وڵاتەکەی، چوونکە ئەو سەرمایە گەورەیەی سعوودییە پێویستی بە هێزێکی مۆدێرنی سەربازی هەیە بۆ پاراستنی.
حەشدی شەعبی عێراقی:
ئەم گرووپە تیرۆرستە دەست سوورە بە خوێنی لاوانی عێراق بە کورد و عەرەبەوە، وێنەیەکی لە بەرگیراوەی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێرانە و لە ئاکامی ئەزموونی چل ساڵەی ئەو سپایەوە هاتە خوڵقاندن و دەمڕاست، ڕاوێژکار، ئامۆژگاریکار و سەرچاوەی چەک و جبەخانە و دارایشی هەر سپای پاسدارانە، بەم پێیە بێت، ئەو گرووپە خیانەتەی بە عێراق کردووە و لە پێناوی ئیمپراتۆرییەتی فارسیدا، کە خەون و خەیاڵی بۆشی ئەوسا و ئێستای ڕوناکبیران و سەربازان و ئێرانیگەلێکی زۆری ناو کۆمەڵگای فارسە، سەرانیان خۆیان فرۆشتووە بە بێگانە و وەک هێزێکی نایاسایی بەکرێگیراون و وان لە خزمەتی مەرامی پاوانخوازیی ئێرانییەکاندا.
کاتێکیش نیشان لە هێزەکانی ئەمێریکا دەگرنەوە، وا دروستترە بۆ سەرەک وەزیرانی عێراق سەرەتا سەرکۆنەی ئێران و ئەو هێزە بێگانەپەرستە بکات، نەک ئەمێریکا، کەواتە بە قسەی سەرەک وەزیرانی عێڕاق و وەزیرەکەی سیاسەتی دەرەوەی بێت کە دەڵێن، حەشدی شەعبی لقێکە لە ڕێکخراوی ئاسایشی کۆماری عێراق هێزێکی یاسایی ددان پێدانراوە، واتای ئەوە دەدات کە هێزێکی سەر بە لەشکری عێراق هێزەکانی ئەمێریکا بە نیشان دەگرێت و سەربازەکانیان دەکوژێت، ئێدی بەپێی ئەو هاوکێشەیەی کە هەمووان دەڵێن مافی بەرگریکردن لە خۆمان، بەرژەوەندیی نەتەوەیی و هێزەکانی خۆمان هەیە، ئەمێریکایش ئەو مافە بەخۆی دەدات کە بەرگری لە خۆی بکات و وەڵامی حەشدی شەعبی بداتەوە لە هەر کوێیەک بن لە ناویاندا لە خاکی عێراقدا.
خامەنەیی لە پەسەنی قاسمی سلێمانیدا کاتێک کە لە بەغدا بە بڕیاری سەرۆکی ئەمێریکا، کوژرا کە کۆمارییەکان ئەو کاتە ئەمێریکایان بەڕێوە دەبرد، وتی: باشترین خزمەتێک کە قاسمی سلێمانی بە کۆماری ئیسلامی کردووە، ئەوە بووە کە شەڕی لە سنوورەکانی ئێران دوورخستۆتەوە.
ئێستا ئێمە دەبینین، لەگەڵ ئەوەدا کە ئەمێریکا دەزانێ، ئەو گروپانە و سەرچاوەی دارایی و جبەخانەیان ڕژێمی ئێرانە، ژێراو ژێر هەوڵ دەدات کە هەر ئەو کارە بکات کە مەرامی ئێرانە، دوورخستنەوەی شەڕەکە ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئێران، تەنانەت هەن لە بەرپرسانی ئەمێرکایی کە ئەوەشیان خستە سەر زاری ڕۆژنامە نووسان، کە ئێران ئەم گرووپانەی بۆ کۆنترۆڵ ناکرێت و ئەوەی کە پەلاماری هێزەکانی ئەمێریکا دەدەن، کارێکی سەربەخۆیە و خۆیان بڕیاری ئەو جۆرە کارانە دەدەن.
بەڕای من، دیمۆکراتەکان بۆیە دەستی ڕاستەو خۆ لە ئێران، کە سەرچاوەی ئاژاوەکانە، ناوەشێنن، یەکێکیان ئەوەیە کە بەپێی ئامارەکان، ملیۆنێک ئێرانی لە ئەمێریکا دەژین و لەم سەرووەختەی هەڵبژاردنی نوێی سەرۆک کۆماریدا، دیمۆکراتەکان پێویستیان بە دەنگی زیاتر هەیە و دۆناڵاند ترامپ تەنگی بە بایدن هەڵچنیوە و نایانەوێت کە ئەو دەنگانەی ئێرانی – ئەمێرکی لە کیس خۆیان بدەن و دڵیان ڕادەگرن و ئێرانییەکانیش، لە ناوەوە و لە دەرەوە ئەم ڕاستیانە باش دەزانن، ئێدی ئەوەی لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران تیێدا دەچن، کە بە زۆری ژن و منداڵانن، نە خەمە و وێرانبوونی سووریا، یەمەن، لوبنان و عێراقیش، فیدای (ئیران ای مرز پر گوهر/ ئێران، ئەی پانتایی پڕ لە گەوهەر) بێیت. 
هۆیەکی تر ئەوەیە، کە ئێران وەک لە سەرگوزەشتەی کوردیدا هاتووە بکەنە ( گورکەکەی هەیاسی خاس) و ئەگەر هەر دەوڵەتێکی عەرەبی بەتایبەت، ئیماراتیگەل، سعوودییە و میسر، سەربزێویی بکەن و هێڵی سوور ببەزێنن، کلک و گوێی گورگەکەیان پیشان بدەن، کە بریتین لە حوسییەکانی یەمەنی- ئێرانی، حیزبوڵڵای لوبنانی-ئێرانی و حەشدی شەعبی عێراقی – ئێرانی. 
لە ناوجەرگەی ئەم ئاگرە خۆشکراوەدا، ئەو بەشە لە نەتەوەی کورد لە باشووریدا، لە پاش سی و سێ ساڵ فەرمانڕانی سەرکردەیەتی جەردە و ڕێگری کوردی، دەستبەتاڵ و گیرفان بەتاڵ و سک بەتاڵ، سەرکردەیەتییەکەی کە بازرگانانی ملیاردێرین، خۆیان بەکلکی بەرژەوەندییەکانی دوژمنە دێرینەکانی کوردا هەڵواسییوە، تا ئەگەر ڕۆژەکان بەرە و تالوکەیی ئاراستەیان گۆڕڕا، بەرژەوەندیی ماڵباتییان پارێزراو بێت. ئێدی بەپیی ئەزموونی ٤٩ ساڵییان کە کەس لە خیانەتەکانی نەپرسینەوە، باکیان بەوە نییە کە رێگرێک هەبێت، کە ئاشبەتاڵیکی تر نەکەن!! بەڵام ئەم جارە بە چاوی نوقاو و سەری مەستی دۆلارەوە ڕوانییان، بۆیە گەل و هێزی گەلیان پێچەوانە خوێندۆتەوە و چاویان ڕەشکەوپێشکەی پیشان داون، نەک وێنە راستەقینەکەی زریانی توڕەیی نەتەوەکە.
.................

سەرنج:

بەڵای ناگەهان، وشەیەکە لەو کاتەدا کە کە سلێمانی نووسینگەی وەرگێرانم هەبوو، لە گرێبەستەکاندا دەهاتە بەر چاوم و سەرەتا تێدا مام کە چۆن بیکەمە کوردی، پاش لێوردبوونەوەیەکی زۆر، ئەم وشەیەم بۆ دۆزییەوە و پێموایە کە پڕاوپڕ گونجاوە، هەر ئەودەم، بە هاوڕێ وەرگێرەکانم ڕاگەیاند، وشەکە کەشفی خۆمە و بەر لە من کەس بەکاری نەهێناوە.
بەلای ناگەهان Force Majeure فۆرس ماجیۆ(ر)- ئینگلیزی، فۆرس ماژێوغ- فەرەنساوی، زاراوەیەکی یاساییە کە لە گرێبەستەکاندا بەکار دێت و لەکاتی ڕوودانیدا، لایەنەکانی ناو گرێبەستەکە دەتوانن پابەند نەبوونیان بە هەندێ خاڵی گرێبەستەکەوە بخەنە ئەستۆی بەڵای ناگەهان، لە نموونەکانی: کارەساتی سرووشتی، جەنگ .... و مانگرتن و ....هتد. واتە ئەو کارەساتانەی لە دەسەڵاتی لایەنێکیاندا نەبووە. 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە