گوهدار لە نێوان زیندانە بچووك و گەورەکەدا!

Saturday, 24/02/2024, 8:07

784 بینراوە


ئەگەر چی گوهدار، بە دیالێکتە شیرینەکەی بادینان واتا "گوێگر" بە سۆرانی، بەڵام گوهدار نەك گوێڕایەڵێکی باش نەبوو بۆ دەسەڵات، بگرە ئەو بێ گوێدانە دەسەڵات، هەرچی ڕاستی بوو وتی. هەر بۆیە گوهدار و هاوڕێکانی، لە زیندانە گەورەکەی بادینانەوە ڕاپێچی زیندانە بچووکەکەی هەولێر کران. 
پێتان سەیر نەبێ و سەرتان لێ نەشێوێ کاتێ دەڵێم زیندانی بچووك و زیندانی گەورە. چونکە زیندان یەك پێناسە هەڵئەگرێت وجیاوازیان نیە ئەگەر خەسڵەتەکانی زیندان لە خۆ بگرن. جا چ گەورەبن یاخود بچووك.
زیندان بە گشتی، شوێنێکە دابڕاوە لە کۆمەڵگا ئازادەکەی دەرەوەی خۆی. زیندان بە شورای بەرز و پۆڵایین دەورەدراوە و شەو و ڕۆژ پاسەوانی دەکرێت. زیندانی نشینەکانیش ناویان زیندانییە و پاسەوانەکانیشیان ناویان زیندانییەوانە. ئەو ماوەیەی کە زیندانی نشین لە زیندان ئەمێنێتەوە بە بڕیاری دادوەرێکی ژێردەستەی مووچەخۆر و لە سەر تیشکی یاسا و ڕێسایەكی بێ عەمەل، ئەو ماوەیەیە کە زیندانی لە دونیای دەرەوەی زیندان دادەبڕدرێت. 
جا گرنگە بزانین دونیای دەرەوەی زیندانە بچووکەکەی گوهدار زێباری و هاوڕێکانی، جیاوازییەکی ئەوتۆی لە گەڵ دەرەوەی خۆی هەیە، تا بەمیان بڵێن زیندان و بەویان بڵێین دەرەوەی زیندان؟
ئەو زیندانەی گوهدار زێباری تیا زیندانی کرابوو، ئەگەر چی دابڕێنراو بوو لە دونیای دەرەوەی خۆی بەڵام بواری چپەکردن و جۆرێك لە ئازادی بیر و ڕاگۆڕینەوە هەبوون، لە نێوان زیندانی نشینەکانیی نێو زینداندا. ئەمە ئەگەر ئەو ڕۆژ و مانڴ و ساڵانەی لێ دەربکەین، کە گوهدار و هاوڕێکانی لە ژووری ئینفیرادی، زیندانی کرابوون. ئەو ژوورە ئینفیرادییەی ڕۆژگارێك (ئازادیخواز شۆڕشگێڕ!)ەکانی دوێنی پێی ئاشنا بوون و ئەمڕۆ خۆیان بوون بە جەلاد و هەمان ئەو ئەزموونەی خۆیان، لە سەر ئازادیخواز و چالاکوان و ڕۆژنامەنووسی میللەتی خۆیان تاقی دەکەنەوە.
من هەرچەند بەراوردیان ئەکەم، ناگەمە ئەوەی دەرەوەی زیندانەکەی گوهدار و هاوڕێکانی هێندە جیاواز بێت لە گەڵ ناوەوەی زیندانەکەدا. چونکە دەرەوەی زیندانەکە خەسڵەتەکانی بوون بە زیندانی تێدایەوە و هەر زیندانە. ئەوی دەرەوەی زیندانەکە لە ناوەوەی زیندانەکە جیادەکاتەوە تەنها شیش و قەفەز و شوڕایە. دەنا دەرەوەی زیندانەکەش پڕ پڕە لە جاسوس و پاسەوان و شەق وەشێن و جەلاد. ئەوان بەم ڕۆژگار چاو لە خەڵکی سوردەکەنەوە و شەق لە ناوگەڵی مامۆستا و فەرمانبەر هەڵدەدەن و سەر و ڕیش و بڕۆی ناڕازی ئەتاشن و زمان ئەبڕن و کامێرا ئەفڕێنن و کامێراکانی چاودێری سفرئەکەنەوە. ئەی قابیلە ئیدیۆمی "وامزانی ڕادیۆیە" لە خۆڕا پەیدا بووبێ؟ هەر دوێنێ نانەواکەی هەولێر کەمێك دەنگی ئازادی هەڵبڕی. هەر بۆ شەوێ لە برخەی خەودا، بە بەتانییەکەی خۆی لە زیندانە گەورەکەوە گواستیانەوە، بۆ زیندانە بچووکەکە. هەر بۆ سبەینێش لە بەردەمی هەمان ئەو مایکانەدا سیدی "وامزانی ڕادیۆیە"یان پێ لێدایەوە. ئەی لە خۆڕا نیە لە سەدد کەسدا کەسێک ناوێرێ ڕایەکی جیاواز بۆ بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی یان مایکی میدیایەك دەربڕێ، لە ترسی ئەوەی لە زیندانی شارەوە ڕەوانەی زیندانی ئاسایش و پۆلیسی نەکەن. ئاخر هەرچۆنێک بێ زیندانی شار خۆشترە لە زیندانی ئاسایش و پۆلیس. بۆ نموونە لە زیندانی شاردا ئەتوانی گەشت بە ئۆتۆمبیل بکەی بەڵام لە زیندانە بچووکەدا ناتوانیت. لە زیندانە گەورەکەی شاردا ماڵت هەیە و بە خێزانەوە زیندانین و بانگێشتی ئاهەنگ ئەکرێی، سەری ماڵان ئەدەی، دەچنە سینەما و سیمینار وکۆڕی شیعریش. بەڵام ئەمانە لە زیندانەکەی ئاسایش و پۆلیسدا نیە و ناکرێت.
ئێمە ساڵانێکە لە پێناوی ئازادی شێروان و گوهدار و هاوڕێکانیان ئەنووسین و ئەڕێسین. ئەکرا ئەمڕۆ بە ئازاد بوونی گوهدار گەلێ دڵخۆش بین. بەڵام بۆ من دلخۆشییەکە ناتەواوە. چونکە ئازادی لە نێوان زیندانە بچووکەکەی کە گوهدار و هاوڕێکانی لێیە، جیاوزییەکی ئەوتۆی نیە لە گەڵ زیندانییە گەورەکەی شار. هەر بۆیە ئەم ئازادییەی گوهدار و هەموو ئەوانەی دیکە کە پێشتر ئازاد بوون، ئازادبوون نیە! بەڵکو تەنها گواستنەوەیە لە زیندانێکی بچووکەوە بۆ زیندانێکی گەورەتر. بەڵام ئەمیان، بە بێ شیش و شۆرای پۆڵایین. 
ئازادی کاتێك ئازادییە، پارێزگاری شار بە بۆینباغەکەی ڕاکێشیتە نێو لافاوەکەی پێنجی حەسارۆك و پێی بڵێی ئەمە کۆبوونەوەی ئاوە یان لافاوە؟ کێ سەبەبکارە و بۆ چارەکردن کامە ڕێکارە؟ ئازادی کاتێ تەواوە قولاپێ گیربکەی لە ئۆتۆمبێلەکەی سەرۆکی حکومەت و ڕایبکێشی بە خۆی و قافڵەکەیەوە، بۆ ناو سەربازگەکانی تورکیا لە کانی ماسی و باشیک و بامەڕنێ و بڵێی جەناب، ئەمانە چی ئەکەن لێرە؟ ئازادی کاتێك تەواوە کە یەخەی سەرۆکی هەرێمی پێشوو بگریت و بڵێی ئەزبەنی کوا وڵاتی سەربەخۆی کوردان چی بە سەرهات؟ کوا پاسپوڕتی کوردی و کوانێ دراوسێکەی عێراق؟ ئازادی کاتێک تەواوە ملی سەرۆکی ئێستای هەرێم بگری و پێی بڵێی کوا ئابوری سەربەخۆمان و کوا جانتا ڕەشەکەی ئاشتی هەورامی چی بە سەرهات؟ ئەی بۆمان شی ئەکەیتەوە بەغدا و هەرێم کامیان موفلیسە و کامیان دەست لە کامیان پان دەکاتەوە؟ گوهدار و هاوڕێکانی لە سەر ئەم پرسیارانە ڕەوانەی زیندانە بچووکەکان کران، بۆیە هەتا وروژاندنی ئەم پرسیارانە قەدەغە بن و وەڵامەکانیان نەدرێنەوە، شار زیندانێکی گەورەیە و هەموو هاوڵاتیانیشی زیندانین.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە