خوێندنەوەیەک بۆ شیعرەکانی ناو کوردستانپۆست (بەشی سێیەم)

Wednesday, 13/03/2024, 18:59

2219 بینراوە


شیعرەکانی ئیلهام مورادی

شیعری پێنجەم / نیگای پەنجە

هێدی و ئاغر و ئاشتبۆوە لەگەڵ خۆیدا ( خودی مرۆڤ)، ئیلهام کۆکراوەی ڕووداوەکانی کە دەیانبینێ و دەژنەفێ و بۆی دەگێڕنەوە، دەبنە ڕێگایەک کە دەی بەن بەرە و ناخی مرۆڤ و لێکدانەوە لە دەروونە سەیر و سەمەرەکەی ئەم بوونەوەرە، کە گفتی لە کرداری ناچێت و کرداری دەرئەنجامی گفتەکانی نییە، واتە ئەو کاتەی بە زار فریشتەیە، بەکردار قووتابی ئەهریمەنە و ئەو کاتەی ئەدای فریشتیەک لە خۆی پیشاندەدات، لە خەیاڵەکانیدا پلانی کردەوەیەکی ئەهریمەی دادەڕیژێ.

ئیلهام بە دوای وەڵامی پرسیارێکدا وێلە و دەیەوێ ئەم دووتاییەی مرۆڤەکە تێ بگات، لەم شیعرەدا ئیلهام قۆناغێکی زۆر دەبڕێت و هونەرەکەی باڵا دەکات و دلێرانە پرسیارەکانی دەکات، ئەو شۆڕشگێڕێکە دەیەوێ بەر لەوەی جیهانەکە تێک بدات و دروستی بکاتەوە، لە هۆ و ئامڕاز و دەرهاویشتەکان تێ بگات، چوونکە دروستکردنەوەی جیهانە نوێیەکەی ئیلهام پێویستی بە تێگەیشتی نوێ، ئامڕازی نوێیە بۆ ئەوەی دەرهاویشتەی نوێی دەست بکەوێت، نایەوێت کۆپی لە داڕزیوەکانی ئەو دنیایەی تێیدا ژیاوە، لەگەڵ خۆیدا هەڵبگرێت بۆ دنیا نوێیەکەی، ئەم ئەڤینداری ڕاستەقینەی ئاشتی و خۆشەویستی و ژیانە، چۆتەوە بەگژ مەرگ و کینە و شەڕدا، ئەمانەش خەسڵەتگەلی مرۆیی ئەو کەسانەن کە باڵایان کردووە و دڵیان خاوێنە و بە چاوی دڵیان جیهان دەبینین بۆیە لە هەموو پەیوەندییەکدا خۆشەویستی و ئەڤین دەدۆزنەوە و بۆ ئەو بنەما یەکەمینەی مرۆڤبوون دەگەڕێن.

" بە ڕەوایەتى کام ئایەت دەستنوێژ ئەشۆی

لە کڕنۆشی کام خودا ئەگەڕێیتەوە

کە بەرماڵەکەت لە قەوارەیەکی درۆزنا

یاخیە لە دۆعا....؟!"

ئەو ئایەتەی کە ئیلهام باسی دەکات، دەشێ ئایەتێکی ناو کتێبە ئاسمانییەکان بێت(ئاینەکان) و دەشێ ئایەتێکی ناو کتێبەکانی زەویش بێت(ئایدیۆلۆجیا زۆرەکان). ئەو پرسیارە گرنگ و فەلسەفییەی ئیلهام دەیکات، لە ئەنجامی ئەو وشیارەییەوە دێت، کە ئەو دەزانێ ڕیوایەتکردنەکان لێیان هەزاران جۆر و لێکدانەوەکان بۆیان هەزاران تەرزن، ئەم دەیان ناسێ و وشیارە پێیان، هەموو گێرانەوەیەکیش پیویستی بە خوایەکە، هەبوو بێت یا دروستکراو، بۆ ئەوەی مرۆڤە گوناحبارەکە لەو کاتەدا کە ویژدانی لێی ڕاستدەبیتەوە و سەرزەنشتی دەکات و لێی دەپرسێتەوە، پەنای بۆ بەرێت و داوای لێبووردی لێ بکات، واتە ئەگەر بۆ ساتێکی کەمیش بووە، خۆی لەو سەرزەنشت و داداگایی کردنە بپارێزێ و پەنای بۆ بەرێت، ئەمەش هەزاران ساڵە لە باپیرەوە بۆ باوان و لە باوانەوە بۆ منداڵەکانیان گێڕراوەتەوە و بە زیندووی هێڵراوەتەوە، واتە بە زیندوویی ڕاگرتنی گوناح و ئومێددان کە خوایەک هەیە لێبووردەیە و گوناهەکان دەسڕێتەوە!!!.

ئیلهام دەزانێ و بینیویەتی کە کڕوونەشەکە بۆ خودایەکی دەستکردی مرۆڤەکە خۆیەتی، بە دەلیلی ئەوەی دوای پێچانەوەی بەرماڵە یاخییەکە لەو نزایەی گوناهکار، مرۆڤەکە دیسان چووەوە سەر ڕێچکە کۆنەکەی خۆیی و هەمان کرداری ئەنجامدایەوە کە خووی پێوەگرتووە، پرۆسەیەکی سەدبارە بووەوە، کە نووسەر، لێکدەرەوە و ئەکتەریش هەر هەمان مرۆڤی گوناهکارە و خۆی دووپاتدەکاتەوە و بەدرێژایی ژیانیشی هیچ گۆڕانکارییەک دروست ناکات و ئەم پرۆسەیە مرۆڤەکەی نەکرد بەوەی کە دەبووببێت(بوون بە مرۆڤ)، چوونکە لەم پرۆسەیەدا، لەم پەیوەندییەدا و لەم شانۆگەریەدا، ئەڤین و خۆشەویستی، دڵدان و دڵبردنی تێدا نەبوو، گوناهێک و دەیان و سەدان، خوایەک کە هەرکاتێک گوناهکار بیەوێ ناچاری دەکات کە بیبەخشێ و بەرماڵیک کە بێزار بووە لەم دووبارەبوونەوە قێزەوون و بێ گیان و مردووە.

ئیلهام وشیارییەکی تەواوی بەو چرکە ساتانە هەیە، کە وێژدانی سڕکراو بە گوناح، مەحاڵە ساتەوەختێکی هەیە کە بەئاگا دێتەوە و لەو ماوە کورتەدا وا بەهێز و وزەوە مرۆڤەکە ڕادەچڵەکێنێ کە ناچاری دەکات پەشیمان ببێتەوە و لە گەڵ خۆیدا بکەوێتە دووان و لێپرسینەوە لە خۆی بکات، لەو حاڵەتەی کە مرۆڤ و ویژدانی بەرانبەر بەیەک دەوەستن و بەیەکدا هەڵدەشاخێن و دەستەویەخەی یەک دەبن، ویژدان داواکاریی و یاسا و ڕێسای خۆی هەیە و گوناحبارەکەش، دەیهەوێ کە بەهانە بۆ کردنەکانی بێنیتەوەم بەڵام لای ویژدانی زیندوو ئەم بەهانانە پووچن و هەموو گوناحبارەکان هەر ئەو کارە دەکەن و هۆی ئەنجامدانی گوناحەکانیان دابەش دەکەن بەسەر ئەوانی تردا و بارودۆخ و نەمزانییەکاندا.

چرکە ژانی کام شەرم،

چرکەساتى کام خەیاڵ،

هەست بە خاڵیبوونت ئەکا پڕ تاوان...؟

ئیلهام ئاوا، وەک تێگەیشتوویەک لە دەروونی ئینسان و بەهانە پووچەکانی مرۆڤ بۆ کردەوەکانی ئەم پرسیارانە دەکات و دەپرسێت: کام خەیاڵ، کام هەست، وات لێدەکات کە هەست بەخاڵی بوونەوە بکەیت لە گوناحەکانت؟ هەستێکی درۆزنانە کە بەهانەکانت بۆ دەپێچیتەوە تا هەست بە ئاسوودەیی بکەیت، ئەهریمەن ناشرینەییەکانت بۆ جوان دەکات و جوانییە مرۆییەکانت لێ قێزەوون دەکات، بۆیە لای تۆ و لەو نیگاڕوانییەی تۆوە دەگەیەتە ئەوەی کە چرۆکانی ئەڤین نابن بەگوڵ، چوونکە ئەو پەنجەرەی تۆ لێوەی دەڕوانی ناکرێتەوە ڕوو بە گوڵستان و ئاوەدانیی سروشتدا، تۆش هەر ئەوە دەبینی کە خۆت پێتخۆشە بیبینی، مرۆڤیش هەر ئەوە پەیدا دەکات کە بە شوێنیدا وێڵە.

قووڵبوونەوەکانی ئیلهام لەم کێشمەکێشەی دەروونی مرۆڤدا بەو ڕاستییەی دەگەێنێ کە شەڕە یەک لەدوای یەکەکان و ئاژاوەکان کە ئاسایی کراونەوە و مرۆڤ لێی بوون بە خوو، دەرهاویشتەی ئەو گوناحانەن کە مرۆڤ بۆی تەرک ناکرێن و خودا دەسکردەکانی مرۆڤ خۆیشی، هەر ئەوەندە ئاسوودەیی پێدەبەخشن، کە ئەم کڕنووشێکی درۆزنانەیان بۆ دەبات و لەسەر بەرماڵێک لەو خودا دەسکردە دەپاڕیتەوە، کە پارانەوەکانی نەک خودا دەسکردەکەی خۆی ناجوڵینێ، بەڵکو بەرماڵەکەشی بێزار و بێزارتر دەکات و لەهەموو بوونی ئەم نامرۆڤە، یاخی دەبێت.

دەربڕین و باسکردنی هەستەکان کە هەموویان نەبینراون و سەرچاوەکەیان و کاردانەوکانیش، دەگۆڕێن و پەیوەندیان بە سەدان فاکتەری جەتیکی و پەروەردەیی و خولیاکانەوە هەیە، ئەو کەسانە دەتوانن بیبینن کە وەک دەڵین ئەهلی دڵن، ئەوان بەپێی پێ ویران و شارەزاییان لەو زمانەی پێی دەنووسن، دەتوانن لە وشەدا بەرجەستەی بکەن، سەختە، زەحمەتە، بەڵام توانا و شارەزایی هوونەریی شاعیر دەتوانن ئەم کارە سەختە بکەن، بەو پییەی کە ئیلهام بە ئەزموون گەلی زۆری دەربڕین بە وشە لە قاڵبی شیعردا گوزەری کردووە و تێیدا ژیاوە، توانیویەتی سەرکەوتووانە وێنەکان بە وشە بگرێت و لە پرۆسەی پرسیار و ئەنجامەکانی پرسیارکردندا بگاتە ئەو حاڵەتەی کە توانای دەربڕینی بۆ ئاسان بکات، مامەڵەی ئیلهام لەگەڵ وشە و بابەتەکانیدا ئەزموونێکی خۆیی و نایابە، بەتایبەت لەم شیعرەدا زمان زۆر چڕ و قووڵ بۆتەوە، بەڵام جوانی و ئاواز و میلۆدییە کوردییە ڕازاوەکەی پاراستووە، بۆ ئیلهام ئێدی زمان کەرەسەیەکی ئەو ژیانە بزواوەیە کە پێویستی بەو زمانە بزواوە هەیە و ئەو توانای ئەم بزووتنەی تاکو دێت لەم پانتاییەی کە ناوی زمانی کوردانە، فروانتر ئەبێت.

  شیعری شەشەم/ نامۆ

نامۆ، گەشتێکی شاعیرە کە لە حەپەسانێکەوە دێت بەم نامۆیە( ڕەنگە چاوەڕواننەکراو بووبێت)، حەپەسان لێرەدا بەمانی وەستان بەرانبەر بە ڕووداوێک و لێووردبوونەوە و لێکۆڵینەوە لێی و بەئاکام گەیشتن لە دەرئەنجامەکانی دەدات، لەم ڕووداوەدا ڕق ئەستوور دەبێت، یا ڕووداوەکە ئەنجامی ڕقێکی ئەستوورە(کوێرانە)، کە ژیان کوژە، داڕمانی ژیان بەرهەمدێنێ. ئەم ژیان کوشتنە زۆر جوان لە وێنە شیعرێکی ڕازاوەدا کە هەر چەندە مانا لە حاڵەتێکی ناخۆش دەکات، هوونەریانە دەربڕڕاوە کراسێکی خاڵی بۆن بە جەستەیەکی وەستاوەوە دەکات، جەستەیەکی بێ جوڵە، بێ ژیان، هەنار هێمای جوانی و خۆشەویستی و ئەڤینیشە، لێرەدا نادیارە و بوونی نییە، بۆچی هەنار لەگەڵ ژیواردا( کە مانای ژیان و ژیانبەخشە) لەگەڵ ئەوەدا کە باس لە داڕمانی ژیانە و ڕووداوێکی سەخت کە ژیان کوژە، لە وێنە شیعرییەکەدا دێتە سەر سەکۆی خۆڕانان و دەردەکەوێ، شاعیر چۆن مامەلە لەگەڵ ئەم سیمبۆلە پڕ لە ژیانەدا دەکات؟!

لەو کاتەدا کە بەهۆی ڕووداوێکی نامۆوە ژیان دەکەوێتە مەترسییەوە و مرۆڤەکە ( ڕەنگە خودی شاعیر)، لە ماوەیەکی کەمدا تووشی سەرسووڕمان و حەپەسان دەبێت، ئەزموواندنی ژیان لە پێش ڕووداوەکەدا، پڕ بوون لە هەنار و گوڵی هەنار و ماناکانی هەنار، بۆیە ئێستا لە نەستیی کەسەکەوە، وەک هیوایەک بە ژیان و ژیانەوە دەردەکەوێتەوە و لە حاڵەتی حەپەسانەوە رایدەگوێزێ بۆ بزووتن و گەڕان بەداوی ژیان و بڕوا بوون بە ژیانەوەیەکی تردا.

زەردەخەنە کە هێمای پەیوەندیی و ساتە وەختێکی ژیان بەخشە، بە لێوەکانەوە ڕەق هەڵاتووە، کە ئەمەش هەر دووبارە ئەو مانای وەستان و کوشتنەی ژیان دەدات کە لەئەنجامی داڕمانەکەوە و بەهۆی ڕوداوە نامۆکەوە بەرهەم هاتووە. ئەم ڕووداوە کە بۆتە گۆڕەپانێک بۆ کارەساتە ژیانکوژەکە، ئەنجامی هەڵەیەکە، کە دەبێت مرۆڤ بە وریایی و سەرنجەوە هەنگاوی تێدا بنێت، پەلەکردن لەم گۆڕەپانەدا وەک خۆکوشتنە، دەبێ بەئەسپای هەنگاوی تێدا بنرێت، ئەم ئاکامانە: بیرکردنەوە لەوەی کە بۆچی ئەمە ڕوویدا، گەڕان بەدوای هەناردا، هەستکردن بەو ماوەیەی نێوان دوا زەردەخەنە و هەستکردن بە رەق هەڵاتنی لەسەر لێوی، ئەو حەپەسانە دەشکێنێ و خەیاڵ دەیبات بۆ لای دەریایەکی مەنگ، کە وێنەی چاوەکانی ئەون، ئەم ڕووداوێکی نامۆ حەپەساندی بەڵام بیرەوەریەکانی ژیان خستییەوە بزووتن، ئەو زەریایەش کە هەر بە چاوەکانی ئەم دەچن، لە گەڵ ئەوەدا کە مەنگە بەڵام بەهەزاران شەپۆلی رەنگاوڕەنگ لە خۆیدا پەروەردە دەکات. لەگەڵ ئەم هەموو داڕمان و ژیان کوشتن و ڕقە ئەستوورەدا کە دژ بە ڕەوتی ژیانە، دانەیەک لە ڕۆحی ئەمدا چێنراوە، بێ بژار داری ژیان کە داری ئازادیی، ئەڤین و ئاشتییە، لە ناخی ئەمدا باڵا دەکات، خۆشی نازانێ، ناشیەوە بزانێ کە ئەو ( دانەیە) چییە، کوا مەستی ئەوین گوێ بەسەرچاوە و هۆی مەستییەکە دەدات!!.

ئەم دوو شیعرەی ئیلهام پڕن لە هێما گەلێکی فرە قووڵ و ئەزموواندنێکی زمانیی فراوان، خوێنەری بەسەلیقە و ئاگادار لە ڕووداوەکانی دەوێ کە لە ئاماژە ورد و جوانیی و میلۆدیی و ڕەنگە زمانیەکەی بگات. ئەمەش بۆ من نیشانەی گەشەکردن و قاڵبوون و قووڵبوونەوەی سەرنجەکانی شاعیرە بۆ ڕووداوەکانی دەوروبەری کە بۆ دەربڕینیان دەبێت زمانێکی تۆکمە و بەرز و تا ڕادەیەک سەخت و هوونەری بدۆزێتەوە، هەر واشە هوونەری باڵا زمانێکی باڵا دەخوڵقێنێ.

بەشی سێیەم بوو لە خوێندنەوەم بۆ شیعری ئیلهام مورادی کە دەنگێکی تایبەتی ئەدەبیاتی ئەم سەردەمەی نەتەوەی کوردە و هاوارێکی بیستراوی ژنێکی دلێری کورد، کە زۆر لە جوانییەکانی ئەو وشیاربوونەوە نەتەوەیی و مرۆییەی ژنانی کورد، بانگ هەڵدەدا و وەک خۆی لە دەربڕینێکی قەشەنگ و تایبەت بە خۆیدا وێنە شیعرییە نازدارەکانی دەخوڵقێنێ، هیوایەکی گەشم بەم دەنگە هەیە و هیوای بەردەوامی و کارکردنی زیاتر و زیاتری لێ دەکەم لەسەر زمانە شیعرییە بەنرخەکانی.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە