فۆڕمێکی نوێ بۆ بەڕێوە بردن (بەشی پێنجەم)

Wednesday, 27/03/2024, 21:48

2131 بینراوە


لە بەشی چوارەمدا، بە درێژی باسی بنەمای ئازادیی و مامەڵەکردنم کرد سەبارەت بەو مرۆڤەی لەم فۆڕمەدا خۆی وەک: من مرۆڤێکی ئازادم، پێناسە دەکات.
بەم جۆرە پێناسەکردنی خۆ، کە هەم پێناسەیەکی نوێیە بۆ کەسایەتییەکی ئازاد لە کۆمەڵگایەکی ئازاددا، هەم وەبیرهێناوەی ئەوەیە بۆ کۆمەڵگا بە هەموو داموودەزگا کارگێڕی، بەڕێوەبەرایەتیی و کلتوورییەکەوە کە ئەو مرۆڤێکی ئازادە، واتە جگە لە بڕیارێکی ئازاد کە بێ وابەستەیی بە زانستتێکی تایبەت، ئاینێکی تایبەت و ئایدیۆلۆجیای گرووپێکی تایبەتەوە، هیچ بڕیارێکی تر قبوڵ ناکات. ئەمەش پراکتیزەکردنی کەسایەتی ڕاستەقینەی مرۆڤەکە پیشان دەدات و بۆ خۆشی وەک ڕاهێنانی ژیانێکی ئازاد و پەروەردەکرنێکی ئازادی خۆی لێی دەڕوانێ. لەم جۆرە پراکتیزەکردن و پراکتیککردنەی ئازادیدا ( ژیان بە ئازادی)، مرۆڤەکە لە مانا ڕاستەقینەکەی ئازادی تێدەگات و ڕەهەندە ئازادەکانی دەناسێت، واتە بە پراکتیک ئەو باسانەی کە سەبارەت بە ئازادی وەک تیۆریی ناسیوونی، خوێندوێتیەوە، فێربووە، ئێستا وەک ڕەهەندی بەرچاو و لەمسکراو کە هەم هەستی پێدەکات هەم دەتوانێ لەمسی بکات، لە تیۆرییەوە دەیگوێزێتەوە بۆ پراکتیک، با نموونەیەک بێنمەوە:
کەسەکە لە ژیانی خۆیدا، لە قووتابخانە، زانکۆ، ناو ماڵی خۆی، بازاڕ، جێگای کارکردنی، لە ناو مێدیاکاندا و سێمینار و کۆبوونەوە و بۆنەکانی تردا دەربارەی (ژیانی ئازد) زۆر دەبیستێت و زانیارییەکی زۆری لا کەڵەکە دەبێت، بەڵام ئەو بۆچوون و زانیار* و هەستانە، هەر لە پلەی تیۆریدا دەمێننەوە تا ئەو کاتەی کە دەبرێنە مەیدانی پراکتیکەوە، جا دەبنە زانیار و پرەنسیپی تاقیکراوە کە ئێدی دەتوانرێ وەک ڕێنمایی بەکاریان بێنێ و سوودیان لێ وەربگرێت، چوونکە تا ئەم تێگەیشتنە لە مەیدانی بەریەککەوتنی بەرژەوەندییەکاندا، هەستەکاندا و ڕێگا چارەسەرەکاندا بە پراکتیک ئاکامێکی نەبێت، هەر وەک نووسراوی ناو کتێب و باسووخوازیی سمێنار و بۆنە و کۆبوونەوەکان دەمێنێتەوە. 
لە ئێستادا بۆ نموونە لە باشوور( و بەگشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و زۆر جێگای دنیا) دا، باسوخوازیی ئازادی وەک مەسەلەیەکی وتراو( تیۆری) کە هەموو کەس پێی دەوێرێت، دێتە ناو باسەکانەوە، لە حاڵێکدا مەسەلەی ئازادی، بەشە گرنگەکەی بوونی مرۆڤێکە کە دەبوو ئەو ژینگەیە بایە کە ژیانی تێدا پراکتیزە دەکرد، ئێستا، تا مانەوەی لە چوارچێوەی قسەدا، ڕوانین و خەیاڵێکی ئەبستراکتە.
پراکتیزەکردنیش مانای بەدواداچوون و چاودێری و لێکۆڵینەوە لە سوود و زیانەکانی دەگەێنێ. کە هەم کەسەکە، کە وشیارە بە ئازادیی خۆیی و هەم کۆمەڵگای بەڕێوەبەریش، ئەم کارە دەکەن. تاک بۆ خۆیی و ژیانەکەی لە ناو کۆمەڵگادا و کۆمەڵگاش بۆ ژیانی تاکەکە لە ناو ئەودا، ئەمەش پەروەردەی ئازادە، واتە پەروەردەبوون لە پراکتیزەکردنی ئازادیدا. 
تا ئێستا( تا کاتی پراکتیزەکردنی) هەڵسەنگاندنەکانی تاک بۆ ئازادیی خۆی، تاک ڕەهەندییە و کاریگەرییەکی ئایەتیی** (ئەرێنی) لەسەر باشترکردنی حاڵی بە ئازادیی ژیانی نەکردووە لە کۆمەڵگاکانی ( ڕۆژهەڵاتی ناوین)دا.
هەڵسەنگاندنی کۆمەڵگاش بۆ ئازادی تاک لەناو خۆیدا( ناو کۆمەڵگاکەدا) هەر تاک ڕەهەندە و ڕوانینە گشتەکان، کە بە درێژبوونەوە و چەند پاتبوونەوەیان زۆریان دەبنە نۆرم و تەنانەت یاسای پێڕەوکراو کە سنوورەکان لە ئازادیی تاک تەسک دەکەنەوە و زاڵ دەبن بەسەر تاکدا، ئەم حاڵەتە کە حاڵی زۆرینەی کۆمەڵگاکانی بە تایبەت ڕۆژهەڵاتە ( بە جۆری خۆیان) ئەو بەریەک کەوتنە خوێناوییە دروست دەکات لە نێوان تاک و کۆمەڵدا، کە کۆمەڵ چارەسەری ئامادە، ڕینمایی ئامادە و داخوازیی ئامادەی هەیە کە لە پێشەوە بڕیارییان لەسەر دراوە و جێبەجێکردنیان بەسەر تاکدا لای کۆمەڵگا ئاسایی بۆتەوە، لە حاڵێکدا کە کەمترین لەم چارەسەرە ئامادە، ڕینماییە ئامادە و داخوازییە ئامادانەی کۆمەڵ بۆ تاک، لە مەیدانی پراکتیکدا تاقی نەکراونەتەوە و سوود و زیانەکانیان نەزانراوە و لە زۆرینەی شێوەی بەکار هاتوودا بۆ جێبەجێکردنیان، ژیانی تاک دەخەنە مەترسییەوە و دەبنە سەپاندن. 
ئەمە خاڵی جوودایی ئەو فۆڕمە نوێیە لە بەڕێوەبردنە، کە ئازادی تاک لە ڕێگەی ئازادی گشتەوە، باڵا و گەشەدەکات و سەرئەنجام ئاکامەکانی بە سوودی هەم تاکو هەم کۆمەڵگا دەبێت، چوونکە ئازادییەکان، بەرژەوەندییەکان و خواستەکان، بەریەک ناکەون بەڵکو سنوور و کاریگەری یەکتر فراونتر و گەشە پێدەدەن و دەبنە ئاوێنەی یەکتر کە وێنەیەکی ڕوونی ئازادین. وەک تەنێکی نێوان دوو ئاوێنە، وێنەکانیان تا بێپایان دووپات دەبێتەوە و هەمووشیان وێنەی یەک ئازادین کە یەکتریان بەرهەمهێناوەتەوە. 
ئەم ئازادییە بێ ئەوەی زۆر و هەڕەشە و لێ مۆڕبوونەوە و ڕاسپاردەکردنی تێدا بێت، لەگەڵ ساڵانی تەمەنی کەسەکەدا پوختە و پوختەتردەبێت تا دەگاتە ئەو ڕادەیەی کە خۆی بەرهەم دێنێتەوە، بە دروستکردنەوەی خۆی، لێپرسینەوە لە خۆی، بژارکردنی خۆی، دەرهاویشتەکان هەڵدەسەنگێنێ و ئەنجامیان لێ بەدەست دێنێ، کە وەک زەخیرەیەک بۆ مامەڵەکانی ئایندەی چ لەگەڵ خۆیدا و چ لەگەڵ کۆمەڵگادا سوودیان لێ وەردەگرێ. ئەمە ئەو پرۆسەیەیە کە ئازادی مرۆڤێک دەکات بەو مرۆڤەی کە بتوانێت ئازادی بەرهەم بێنێتەوە، نەک مرۆڤی سەرگەردان و ڕاڕا و ترسنۆک کە کوێلایەتی و درێژەدان بە ژیانی کۆیلایەتی بەرهەم بێنێتەوە و لەهەموو سێبەرێک سڵ بکاتەوە ( ئازادی هێز و ئیرادە بەخشە و دروستکەری مرۆڤی بنیاتنەرە)، چوونکە ئازادیی هەڵبژاردن بە خواستی مرۆڤەکە خۆی هیچ بوارێک بۆ دوودڵی، نازانم و ناتوانم ناهێڵێتەوە، وەک لەوەوبەریش باسم کردوە.
بۆیە لەم پرۆسە نوێیەدا کە پرۆژەیەکی کارایە بۆ بنیات نانی کۆمەڵگایەکی ئازاد، هەموو هەنگاوەکان لە سەرچاوەیەکی ئازادەوە دەنرێن بۆ بەرهەمهێنانی ژیانێکی شایستە بۆ تاکێکی ئازاد. لەم فۆڕمە نوێیەدا کە ئامانج ژیانێکی شایستەیە بۆ تاک و کۆمەڵ سەکۆی کۆکردنەوەی تاک لەناو کۆمەڵدا و کۆمەڵ وەک کۆکەرەوەی تاکەکان، ئەو ڕایەڵە بەهێزەی ئازادییە کە بنەمای دانان و جێبەجێکردنی یاسا و ڕێنماییەکانە، لە فۆڕمێکدا کە هەموو کەس بەپێی توانای خۆی هاوبەشی پێدەکرێت، واتە لەناودابوونی هەموو(هەموو لەگەڵدابوون Including)، هەمووان دەبێ ڕایان هەبێت، قسەی خۆیان هەبێت و کۆمەڵگاش دەبێت گوێگریان بێت، هەموو دەنگێک دەبیسترێ و هەموو پێشنیازێک وەردەگیرێ و نرخی خۆی پێدەدرێت، هیچ پرسیارێک بێ وەڵام نامێنێتەوە. پرسەکان لە فۆڕمێکی لەو جۆرەدا، وەک پرۆسەی گەشەکردنی کۆمەڵ چاویان لێ دەکرێت و میکانیزمی پێشکەووتن و گەشەی ئازادی کۆمەڵگا بنەماکەی ئەو پرسانەیە کە تاک سەبارەت بە هەموو چالاکییەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکە دەیان کات، بۆیە بەڕێز و گرنگ و وەک پێویستییەک بۆ بزووتنی هەمیشەیی و زیندووبوونی کۆمەڵگاکە دەبینرێن. ژیان لەم فۆڕمە نوێیەدا کە بنەماکەی ئازادیی تاکە لەناو ئازادیی گەشەکردووی کۆمەڵدا، دەبێت زیندوو بێت و چالاک، تاکەکان دەبێت:( ڕەخنەگر و پرسیارکەر و بزێو بن) تا وزەی پێشوەچوون و ئیرادەی گووتن و گفتوگۆی پرسەکان لەناو کۆمەڵگەدا هەمیشە ڕەوان و زیندوو و تۆکمە بێت.
هیچ پرسیارێک نەنگ و شوورەیی نییە، هیچ پرسیارێک مەترسی و لێدان لە پیرۆزی کەسێک و گرووپێک و بیرێک نییە، لەم فۆڕمە ئازادەدا( پرسیار و ڕەخنە) دوو هۆی تەکاندەری بەهێزن بۆ واڵا کردنی گرفتەکان و دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو لەگەڵ پاراستنی ئازادیی تاک و کۆمەڵدا. لەبەر ئەوەی هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی لەم فۆڕمەدا هەڵبژاردنێکی ئازادی تاک خۆیەتی، کەواتە لێپرسینەوەش بەرانبەر بەوە، هەڵبژاردە ئازادەکەی تاک خۆی دەبێت، ئەمەش وزەیەکی بەردەوام دەدات بەگەشەکردنی فۆڕمی بەڕێوەبردنەکە، کە دەیپارێزێ لە لێڵی و ناڕوونی بڕیار و جێبەجێکردنی بڕیارەکانی. 
لەهەر جێگایەک و کات و قۆناغێکیشدا، بەرپرسیارێک نەیتوانی بەرپرسیارییەتییە قەبوڵکراوەکەی کە هەڵبژاردەی ئازادی خۆی بووە، بەئاکام بگەێنێ بەپێی پلان و بەرنامە بڕیار لەسەردراوەکان، خۆی داواکاریی بەخشین لەو بەرپرسیارێتییە بە هاوپێچی ڕاپۆرتی کارەکانی و چالاکییەکانی بە تۆمارکردنێکی وردەوە پێشکەش بە کۆمیتەی بەرپرسیاری پڕۆژەکە دەکات، تاکو بەراورد بکرێن لەگەڵ ئەو ڕاپۆرتانەی کە کۆمیتەکانی چاودێری لەسەر کارکردن و چالاکییەکانی ئەو لەو ماوەیەی کە کار و چالاکی هەبووە، تۆماریان کردووە. بەمجۆرە کارکردن، کە هەمووی لەسەر بنەمای ئازادیی هەڵبژاردنە، ئاسوودەیی و ئارامی ویژدان دەبەخشێت بە ڕاژەکاری ئەو بوارەی کاری تێدا دەکات و تواناکانی دەخەمڵێنێ و لە پلەی یەکەمدا بۆ ڕاژەکارەکە ڕوون دەبێتەوە کە ئەو و تواناکانی ئەو لەکوێی کۆمەڵگادا دەتوانن سوودبەخش و بەرهەمهێن بن. بەم میکانیزمە بەشێوەیەکی خۆکرد( ئۆتۆماتیکی) کەسی شیا و دەچێتە سەرکاری شیاو، بێ ئەوەی کە بەهۆی کاریگەرییەکی دەرەکییەوە کارێکی پێ سپێردرابێت کە نە شایانی بووێت و نە لە توانایدا بووێت. لەسەر ئەو بنەمایەش کە لە بەشەکانی یەکەم تا چوارەم باسم کردن، کە ماف لە پێش ئەرکەوە دێت، ئەو کەسە مافی خۆیەتی، کە پاش بەدەستگەیشتنی وەڵامی پێویست بۆ دەست لەکارکێشانەوەکەی، پاش ماوەی دیاری کراو، خۆی بۆ کارکردن لەو پلە و بەرپرسیارێتییەدا هەڵبژێرێت کە دەتوانێت بەرهەمهێن بێت تێیدا. بەمجۆرە کارکردن دەبێتە هۆی گەشانەوەی تاکەکان و چالاکییەکی ئارامبەخش و بەرهەمهێن، کە خزمەتگوزار هەموو دەرفەتەکانی چێژوەرگرتنی دەبێت لەو کارەدا کە دەیکات و هەست بە بوون و گرنگی خۆی دەکات و کۆمەڵگا و نیشتمانی خۆی خۆشدەوێت و دەزانێت ماندووبوونەکانی دەبنە هۆی گەشەکردنی ئەوانی دی و ئاوەدانی  نیشتمانەکەی و بەرهەمی نوێ.
ئازادی گرنگترین خەسڵەتی ڕەسەن و زکماکی مرۆڤە، کە بنەمای هەموو خەسڵەتەکانی تریشییە و دەیکاتە سەروەری چارەنووسی خۆی کە بەتەنگ ئازادی ئەوانی تریشەوە دێت، چوونکە پاراستنی ئازادیی ئەم لە فراوانیی ئازادیی کۆمەڵگا، یاساکان و دامودەزگا تایبەتەکانی بەڕێوەبردنەکەدایە، ئەوە هەر بنەما ئازادەکانیشن کە ئەو فۆڕمە نوێیەیان داوە بەو بەڕێوەبردنە و ئەو میکانزمەی بزووتنیان بۆ ڕەخساندووە کە هەمیشە لە جوڵە و بزووتندا بێت بۆ گەشە و پێشوەچوون، مانای پێوەری تاک و کۆمەڵ و بەڕێوەبردنەکەشیان، هەر ئازادییە و لە ئازادیی تاک و کۆمەڵدا چالاکییەکان دەپێورێن. 
لەسەرەوە بۆ خوارەوە فەرمانەکان بە ئامادەکراوی دانابەزێن بۆ جێبەجێکردنیان، بەڵکو کۆکراوەی سەرنج، ڕا، هزر، لێ وردبوونەوە و پێشنیازەکانی خوارەوەیە کە دەبنە ئەو یاسا و ڕێسایانەی شێوەی بەڕێوەبردنەکە دەهێڵنەوە و گەشەی پێدەدەن، هەموو کەسێک لە شوێنێکی ئەم بەڕێوەبردنەدا خۆیی و خواستەکانی خۆی کە بەشێکن لە خواستی کۆمەڵگاکە بۆ تاکەکانی، دەبینێتەوە و هەستی پێدەکات، ئەمە حاڵەتێکی تایبەتی ئەم فۆڕمە نوێیە لە بەڕێوەبردنە کە سنوورەکانی ئازادیی تاک و کۆمەڵ( کە ئەوانی ترن) دەسڕێتەوە و تێکەڵ بەیەکیان دەکات بۆ پەرەپێدان و گەشەی تاک کە لە ئەنجامدا و کۆکراوەکەی دەبێتە گەشەی کۆمەڵگا. بەم جۆرە بەڕێوەبەرییەتییەکە هەمیشە لە حاڵێکی چالاکدا دەبێت کە گەشەکردن و تۆکمە بوونی بەردەوام دەبێت و خۆی نوێدەکاتەوە و هەموو سەرچاوەکانی نوێ بوونەوە و گەشەی بەردەوامی دەبێت، چوونکە وزەی خۆی لە کۆمەڵگاوە وەردەگرێ و بە ڕێکخراوەیی بە کۆمەڵگای دەداتەوە، واتە مەسەلەیەکی کۆمەڵایەتی و گرفتتێک نییە کە بەرێوەبەریەتییەکە لێی بێئاگا بێت و ئامار، پێشنیاز و چارەسەری بۆی نەبێت. 
کاتێک کۆمەڵگا وشیار بوو بە ژیانی خۆی، کە کۆمەڵگاش کۆکراوەی تاکەکانییەتی، تاکیش لەم بەرێوەبردنەدا ئازادە و پەروەردەی ژینگەیەکی ئازادە، یاساکان خوار و لار نابن، بۆ دەستە و تاقمێک و هۆز و ماڵبات و پلە و پایەیەک نابن، چوونکە نە تاک ئەمە قبوڵ دەکات نە کۆمەڵگای پێکهاتوو لەو تاکە ئازادە، ئەمەش بەو مانایە دێت، کە کەسێک نییە لە هەر پلە و پایەیەکدا بێت، ئیمتیازێکی تایبەتی بۆ ڕەچاو کرابێت، پێچەوانەکەی درووستە، ئەو کەسەی پلەی بەڕێوەبردنی چالاکتر و لەسەرتر بێت، بواری لێپرسینەوە و بەرپرسیارییەکەی فروانتر دەبێت و لێپرسینەوەی زیاتری لە ئەستۆدایە، چوونکە کار و چالاکی و بڕیارەکانی، کاریگەریی لەسەر ژمارەیەکی زیاتری هاونیشتمانیانی دەبێت، لەبەرئەوەش کە بەرپرسیارییەکی ئازادە کە خۆی قبووڵی کردەوە، لێپرسینەوەش بە ئەندازەی بەرپرسیارییەتییەکەی فراوانە و ئەوەشی بە ئازادی قبووڵ کردووە، واتە کەس بە زۆر و ناچاریی لێپرسراویی بۆ دیاری نەکردووە تا لە کاتی ڕووداوێکدا ئەو بەهانەیەی هەبێت کە ئەمە خواستی خۆی نەبووە و ناچارکراوە ئەم بەرپرسیارییە لە ئەستۆ بگرێت، ئەمە مانای خواستی ئازاد، داوای ئازاد و هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی و لێپرسینەوەی ئازاد دەدات. 
بۆیە ئەو کێبەرکێیەی کە لەسەرەتای بەشی یەکەمی ئەم نووسینەوە باسم کرد و هەر لەسەرەتای خواستی یەکەمجاری کەسەکەوە، سەرنجی ئەوی بۆ ڕادەکێشرێت، (کێبەرکێیەکی بنیاتنەرە) و یەکێک لە پێویستییەکانی بزووتن و نوێبوونەوەی بەردەوامی بەرێوەبەرێتییەکەیە کە دەبێت هەمیشە و لە هەموو بوارەکاندا بوونی هەبێت. لێرەدا و لەم کێبەرکێیەدا کە خەسڵەتەکانی بریتین لە: خواستی ئازاد، داوا کردنی ئازاد، ویستی لە ئەستۆگرتنی بەرپرسیاریی ئازاد، گرفت دروست نابێت و بەرپرسیارێتی نابێتە کێشمەکێشێک کە هەموو بەها ڕەوشتییەکان و نیشتمانییەکانی بۆ ژێرپێ بخرێت، بەڵکو دەبێتە ڕەوشێکی بنیاتنەرانەی ئازاد لە نێوان تاکەکاندا بۆ ئەنجامدان و بەرهەمهێنانی باشتر بۆ کۆمەڵگا، کێشمەکێش دەگۆڕڕێت بۆ قبووڵکردنی تاک بۆ تواناکانی خۆی، واتە کێبەرکێ دەبێتە لایەنێکی ئاکاریی بەرز لە تاکدا کە خۆی لە ڕاژەی باشتر بە کوالیتی باشتر و داهێنانی باشتر بۆ ڕاژەکردن بە کۆمەڵگادا دەبینێتەوە، نەک سوودی مادی زیاتر و ئیمتیازی باشتر تەنیا بۆ خۆی و خێزانەکەی!

سەرنج

*زانیار: بەواتای (معرفە) دێت لەسەرزار و نووسینەکانی مامۆستا (مەسعوود محمەد) دا.
**ئایەتی، کە ئەمڕۆ وشەی ئەرێنی بۆ بەکار دێت، لە گفت و نووسینەکانی مامۆستا ( مامۆستا مەسعوود) دا بەکاری هێناوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە