هەڵبژاردن و خولانەوە لە فەلەکی پارتییدا!

Thursday, 11/04/2024, 18:34

2093 بینراوە


پێش هەموو شتێک دەبێت ئەو ڕاستییە بگوترێت، کە لە حەوت خولی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا، تەنیا ئەوە بینراوە، کە هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستاندا، نەیتوانیوە هیج گۆڕانکاریەک لە گۆڕەپانی سیاسیی هەرێمدا بکات. هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە حەوت خولدا، نەیتوانیوە دەزگەیەکی کارای بێ لایەن پێک بهێنیت، کە خاوەن بڕیاری سەربەخۆ بێت، تا ئێستا هەژموونی هەڵبژاردن تەنیا دەزگەیەکی ئیفلیجی بێ هێزی هێناوەتە کایەی سیاسی هەرێم، لە پارتیش زێتر کەس دەنگی یەکەمی نەهێناوە. 
لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی کە بەشداری ئەو حەوت خولەی پەرلەمانی کوردستانیان کردوە، لە ئاکامدا بەرەو بێ هێزی چوون، بوون بە کۆڵەکەیەک بۆ ڕاگرتنی ئەو دەسەڵاتەی کە لە هەرێمی کوردستاندا هەیە، بە وەرگرتنی بودجەی حزبی و دەستکەوتی ئابووریی، سەرانی ئەو حزبانە کونجی قەناعەتیان گرتووە و پێگەی جەماوەریان لەدەست داوە،  بوون بە ئامرازێک کە شەرعیەتی زێتر بدرێت بە هەڵبژارنەکان و بە حکومەتی هەرێم،  کە ینک و پدک دوو هێزی سەرەکیین لە پێکهێنانی ئەو دەسەڵاتە گەندەڵەدا. 
ئەمڕۆ سەرقاڵ کردنی خەڵک بە هەڵبژاردن و بەشداریی ئەو هەموو لیستە، هەمان ئەزموونی ڕابردووە دووبارە دەبێتەوە. خەڵک متمانەی نە بەحزبی ئۆپۆزسیۆن و نە بە هەڵبژاردن ماوە، لەبەرئەوەی بزوتنەوەی گۆڕان، ئەزموونێکی پڕ لە شەرمەزاریی و بێ متمانەیی لەنێو گەلانی هەرێمدا خستە ڕوو، تەنیا بوو بەهۆی بە دەوڵەمدن بوونی کوڕەکانی نەوشێروان مستەفا، نەوەی نوێ بەهەمان شێوە. واتە گەلانی هەرێم چیدی بڕوایان بە دروشمی بریقەدار و قسەی زلی نێو میدیاکان نەماوە. 
ئەوەی پارتی کە خۆی گران دەکات، کە گوایە بەشداریی لە هەڵبژاردن ناکات، بانگەشەیەکی ساختەیە، بەشداری لە هەڵبژاردن دەکات و دەیباتەوە، بۆچی؟ 
لە وەڵامدا دەبێت ئەوە بگوترێت، کە پارتی چاوەڕێیە کار لەسەر دەنگە ناڕەزاکان و حزبە ئۆپۆزسیۆنەکان بکات، بۆ لەت کردنیان. ئاماژەکان پێمان دەڵێن، کە  پارتی لەگەڵ سەرانی هەندێک لە لیستە تازەکاندا، بەتایبەتی لەگەڵ مەسرور بارزانی، ژێربەژێر ڕێککەوتنیان هەیە، پارەی بێ شوماریان وەرگرتووە. زۆر بوونی لیست لە هەڵبژاردنەکاندا، لە بەرژەوەندیی پارتییە، زۆربەی لیستە تازەکانی وەکو، لیستی عەلی حەمە ساڵح، لاهور جەنگی و هەندێکی دی، لە پارێزگەی سلێمانی کە چەند لیستێکی تێیدایە، لە دەنگی یەکێتی و گۆڕان کەم دەکەنەوە. لە ئەنجامدا ئەمانیش وەک نەوەی نوێ و گۆڕان، یەک دوو کورسی بەدەست دەهێنن، بودجەیان دەبێت، لە ئاکامدا دەکەونە گیرفان پڕ کردن. ئەم دوو زاتە بەهیچ شێوەیەک لە دەنگی ناوچەکانی پارتی نابەن. بانگەشەی هەندێک لە سەڕۆک لیستەکان بۆ بەشداریی کردن لە هەڵبژاردنەکان، بە فیتی پارتییە، چەندێک لە قەوارەی سیاسی بچووک و بێ هێز، بەشداریی لە هەڵبژاردن بکەن، پێگەی پارتی زێتر بەهێز دەبێت،  ئاکامی هەڵبژاردنەکان بە بێ گومان کە ساختەی زۆری تێیدا دەکرێت، لە ئەنجامی بەشدار بوونی ئەو قەوارە بچووکانەدا زێتر مەشروعیەتی دەبێت.   
نەمانی کۆتا بۆ کەمە نەتەوەکان، ئەوەندە کاری لە پێگەی پارتی نەکردووە، چونکە زۆربەی ئەو کەمە نەتەوەی وەک تورکمان، مەسیحیەکان لە ناوچەکانی پارتین، سەرانی ئەو حزبانە بۆ پارستنی بەرژەوەندییان ڕاڕان، هەموویان جاشی پارتین، جا لەژێر ناونیشان بێت یان بێ ناونیشانی حزبی، ئەو دەنگانە پێش وەخت بە پارە کڕاون، حزبە تورکمانەکان لەژێر هەژموونی تورکیان و بەرژەوەندییان لەگەڵ پارتییە.
لە ئاکامدا دەبێت ئەوە بگوترێت، بوونی هێزی چەکداری ینک و پدک،  لەت بوونی دەنگی ئۆپۆزسیۆن، نەمانی متمانەی خەڵک بەو حزبانە، دەنگی کۆتا،  کڕینی لە هەندێک لە سەرۆک لیستەکان لەلایەن مەسرور بارزانییەوە، ساختە کردن، هەمووی ئامرازی دەستی پارتین بۆ بردنەوە لە هەڵبژاردنەکاندا، بۆیە بایکۆت کردن و نەچوون بۆ سندوقی دەنگدان، تەنیا ڕێگەیەکە، کە مەشروعیەت بە ئەنجامی ئەو هەڵبژاردنە نادات، دەبێت بە ئاوێنەیەک کە ئەمریکا پێگە و قەوارەی  جەماوەریی ئەو حزبانەی تێیدا دەبینێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە