تەڵەی سیخوری و کورد زنجیرەی (٥)

Monday, 25/03/2024, 18:10

4221 بینراوە


گەورەترین مەترسی لەسەر ژیانی سیخور، ئەو دەزگە هەواڵگریەیە کە دایدەمەزرێنیت و پارەی دەداتێ، وەک چەقۆی شوانە بۆ مێگەلەکەی.  دەزگەی هەواڵگری ئەرکی سەرشانی ئەوەیە، کە لە هەموو ئاستەکاندا سیخور تا ئەو ڕادەیە بەکاربهێنیت کە پێویستی پێیە، هەر کاتێک سیخور یاخی بوو لە گوێڕایەڵی یان بوو بە هەڕەشە لەسەر ئاشکرا بوونی نهێنیەکی دیاری کراو، مەرج نییە ئەو نهێنیە سیاسی بێت یان سەربازی، بەڵکو تەنیا پەیوەست بێت بەوەی کە ناوبانگی کەسایەتیەک کە لە لووتکەی دەسەڵاتدایە یان لە لووتکەی دەسەڵاتدا بووە بزڕێنێ، ئەوا بۆ ئەو باشترین و ئاسانترین بڕیار کوشتنی سیخورەکە دەبێت. 
دەسەڵاتدارانی دنیا و ناوچەکە و ئەوانەی لە لووتکەی دەسەڵاتدان، وەک خەڵکی ئاسا و زۆرینەی سادە لەژێر هەڕەشەی تەڵەی دەزگە هەواڵگریەکانی دنیان، لەهەمان کاتدا ئەوانیش لە گەمەی ئەو دەزگەیەدا بەدوور نین، بۆ نمونە پارتە سیاسیەکان بۆ بردنەوە لە هەڵبژاردنەکان هەموو جۆرە ئامرازێک دەگرنە بەر بۆ زڕاندنی ناوی یەکدی، هەموویان هەوڵدەدەن خەڵکیان هەبێ لەو دەزگەیە بۆ ئەوەی بتوانن دژی ڕاکابەرەکەیان بەڵگەی سەلمێنراویان پێ بێت و لە کاتی پێویستدا بیخەنە ڕوو، یان بیکەن بە کارتی هەڕەشە بۆ سەپاندنی مەرجەکانیان. 
 جێفری ئەپستن، خاوەن دورگەی ڤێرگین لە دەریای کاربینی ئەمریکا بوو،  زێتر لە دەیەێک ئەوەی بەدڕەوشتی بوو و دژی یاسا بوو کردی، بە سەدان منداڵی کردە قوربانی حەزە سێکسیەکانی سەڕۆک و دەوڵەمەندەکانی دنیا. ئەوەی پێ وابێت کە ئەمە دەستی دەزگە هەواڵگریەکانی زلهێزەکانی دنیای تێیدا نەبووە، بێ گومان بەهەڵەدا دەچێت. 
دورگە و ماڵی جێفری ئێپستن
شەڕی ساردی نێوان چین/ ڕوسیا و ئەمریکا/ ئەوروپا و جەنگی نێوان ئیسرائیل و عەرەب و ئیران، بەرژەوەندیی ئەوان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بازاڕی جێفری گەرم کردبوو، ئەرکیی سەرەکیی ئەو، بانگهێشت کردنی سەڕۆکە عەرەباکان، ئەمریکیەکان، دەوڵەمند، ملیاردێرەکان، عالمەکان، هونەرمەندە بەناوبانگەکانی دنیا بۆ ئەو دورگەیە و دانانی داو بۆیان، بۆ تۆمار کردنی فلیم بە دەنگ و ڕەنگ لەسەر ئەوانەی کە کەوتنە تەڵەکە بەخۆشیەوە. لایەنە ناکۆکان دووبارە بە بەکارهێنانی دەزگەی هەواڵگری، "جێفری"  یان تووشی تەڵەکە کرد و ئاشکرایان کرد. کاتێک لە زینداندا بوو، ئەو دەسەڵاتدارانەی کە کەوتبوونە نێو تەڵەکە نیگەران بوون لە مانەوەی ئەو بە زیندووی و ئاشکرا بوونیان، بۆیە لە ٨/٢٠١٩دا لە زینداندا مرد. گوترا کە گوایە خۆی کوشتووە! کاتێک کە بۆ بەڵگەکان گەڕان، لەو کاتەدا هەموو کامیرەکانی چاودێری نێو زیندان لەکار خرابوون، هیج پاسەوانێک لەو کاتەدا لە زیندان نەمابوون، بۆیە مردنەکەی بۆ هەموو لایەک جێگەی گومان بوو. 
گۆڕانی دەسەڵات و ڕووداوە سیاسیی و سەربازییەکان کاردانەوەی هەیە لەسەر دنیای سیخوری. لەنێو ئەو کێشمەکێشمەیەدا چارەنووسی سیخور لەژێر ئاسۆیەکی پڕ لە تەمومژە. گۆڕانی دەسەڵاتی سیاسی لە عیراق و ڕووخانی سەددام لە عیراق  لە ساڵی ٢٠٠٣دا،  تەنیا مەلەفی سیخورەکانی کورد و عەرەبی عیراقی لە بەغداد ئاشکرا نەبوو، ئەڵبەتە شڵەژانی دۆخی نێوەخۆی عیراق، لەیکترازانی دەمودەزگەی حکومی و هەڵوەشاندنەوەی سوپا و دەزگەی ئیستیخباراتی عیراقی، هەلی ڕەخساند بۆ دەزگەی هەواڵگری دنیا و ناوچەکە، کە ئەو کارانەی کە پێویست بوو بکرێت لەنێو عیراقدا دەبێت دەستوبردی لێ بکەن.
 لە دوای ڕووخانی سەددام، ٥٠٠ دکتوری عیراقی لە بواری جیا جیادا لەنێو شارەکانی عیراقدا تیرۆر کران، بەڵام نەدەزانرا  هۆی کوشتنی ئەو دکتۆرانە چیە و کێ لەپشت ئەو هەموو تیرۆریە. زۆربەی میدیای عەرەبی تا هەنووکە جەخت لەسەر ئەوە دەکەن، کە گوایە ئەو دکتۆرانە بە دەستی ١٥٠ سەربازیی هەواڵگری ئیسرائیلی کوژراون، هۆیەکەی دەگەڕێننەوە بۆ ئەوە، کە گوایە ئیسرائیل نەیدەویست عیراق و عەرەب ئەو هەموو زانایەی هەبێت، بەڵام لە ڕاسستیدا ئەمریکا و ئیسرائیل لە ڕووی تەکنەلۆژیا و بوونی زانا کورتیان نەهێناوە و زانایەکی عیراقی جێگەی نیگەرانیان نەبووە ئەوەندەی سەڕۆکی میلیشیایەکیان مەبەست بووە هەروها کوشتنی هەر یەکێک لەو دکتۆرانە کەیسێکی تایبەتی هەبوو، بۆ نمونە یەکێ لەو دکتۆرانە ئیبراهیم کامیل داوود بوو، کە بڕوانامەی دکتۆرای لە بەشی کیمیا لە زانکۆیەکی بریتانی بەدەست هێنا بوو. 
دکتور ئیبراهیم کامیل داود
لە زەمانی سەددامدا بەتایبەتی لە سەرەتایی هەتاکان و لەگەرمەی جەنگی نێوان عیراق و ئیراندا، مەحاڵ بوو پسوولەی بازرگانی بۆ درەوەی وڵات و  زەمالەی خوێندن بدرێت بە کەسێک یان خوێندکارێک ئەگەر لەگەڵ بەعس نەبوایە. هەمووان ئەو ڕاستیە دەزانین کە قوتابی لە خانەی مامۆستایانی سەرەتایی وەرنەدەگیرا ئەگەر لەگەڵ بەعسدا دەستی تێکەڵاو نەکردبا، چی جا زمالە لە بریتانیا و خوێندن لەسەر حیسابی بەعس، بێ گومان بەبێ باج نەبوو، بەلای کەمی ئەو قوتابیانە دەبوایە پەیوەندییان لەگەڵ باڵوێزی عیراق بەهێز بێت، دەنگ و باسی نێو قوتابیانی عیراقیان بۆ بگوازنەوە، سیخوری بەسەر جالیەی عیراقی واتە لە کورد و عەرەب بکەن، ئەوە جگە لە ئەرکی دی کە پێیان ڕادەسپێردرا بۆ بەسیخور کردنی دەوروبەریان. لە دوای ڕووخانی سەدام لە ساڵی ٢٠٠٣دا مەلەفی ئەوانەی کە سیخور بوون لە دەرەوەی وڵات و پەیوندییان لەگەڵ باڵوێزی عیراق هەبوو ئاشکرا بوو، کە یەکێک لەوان سەعدی ئەحمەد پیرە بوو، زۆرانی دی ناویان هەیە بەڵام لەبەرئەوەی لێپرسراو نین، سیخوریەکەیان وەک بەردی بن گۆمی لێ هاتووە.   
دکتور کامل ئیبراهیم داوود، لە سەرەتای ساڵانی هەشتای سەدەی ڕابردوو حکومەتی عیراق زەمالەی خوێندنی دکتورا لە بەشی کیمیا لە بریتانیای پێ دەبەخشێت. دوای ماوەیەک دەزگەی ئیستخباراتی عیراقی لەبریتانیا واتە سەفارە تێبینی دەکات، کە ئیبراهیم خەرجیەکی زۆر دەکات، شەوانە دەچێت بۆ یانەی شەوانە و جێگەی ڕابواردن، بەتەنیا شوقەیەک بەکرێ دەگرێت لە بریتانیا، واتە ئەو خەرجیەکەی وەک کەسێکی ئاسایی نابێت و جێگەی پرسیار دەبێت ، کە ئەو کابرایە ئەو هەموو پاریەی چۆن دەست دەکەوێت؟ ئەو قوتابیانەی لەگەڵی دەبن هەواڵی دەگەیەنن بە سەفارەی عیراقی، ئەوانیش ڕاپۆرتی تێروتەسەل لەسەر دۆخی ئابووریی داوود دەدەن بە ئیستخبارات لە عیراق و وەڵامیان بۆ دەگەڕێتەوە کە بیخەنە ژێر چاودێری.  
دکتور ئیبراهیم کامیل داوود، ڕۆژێک بۆ هەندێک کاروبار دەچێت بۆ سەفارەی عیراقی لە بریتانیا، ئەوانیش لە ژوورێکی تەنیا لەگەڵی دادەنیشن، پرسیاری ژیان و  گوزەران و کار کردنی لێ دەکەن، دەپرسن کە ئەو پارە زۆرەی لە کوێ بوو کە بەو جۆرە خەرجی دەکات؟ ئەو گومانی لا دروست دەبێت، دەترسێت کە سەفارە زانیاری لەسەر ئەوە هەبێت کە بووە بە سیخوری مۆساد، بۆیە دەڵێت جگە لەوەی کە بۆ کاروبار هاتووم، بەڵام دەمەوێت نهێنیەکتان پێ بڵێم، ئەویش ئەوەیە کە دەزگەی هەواڵگری مۆساد، پەیوەندیی پێوە کردووم، پارەی زۆریان داومێ، کە کاری سیخوریان بۆ بکەم. ئەوان دەپرسن، هیچ زانیاریەکت پێیان داوە؟ دەڵێت، نەخێر تا ئێستا شتەکان لەسەرەتایە و تەنیا قسەیە. سەفارە پێ دەڵێن، دەبێت بە زووترین کات لێرە بڕۆیت، لەبەرئەوەی ئێستا یەکێک چاودێریت دەکات، بەڵام دواتر دەبێت بە تێروتەسەلی هەرچی بووە بیکەی بە ڕاپۆرت، بە ناو و وێنە بیدەی بە ئێمە و لەگەڵ ئەوانیشدا بەردەوامبە. بەمجۆرە کابرا، تووشی تەڵەی دوو دەزگەی هەواڵگری مۆساد و ئیستخباراتی عیراقی دەبێت، سەرەڕای ئەوەش، هەر دووک لا سیخوری بەسەرەوە دەکەن بۆ ئەوەی لێی دڵنیا بن. 
دوای گەڕانەوەی دکتور بۆ عیراق، لە دەزگەیەکی هەستیار دادەمەزرێت و  لە زانکۆش دەبێت بە مامۆستا. دوای شەش مانگ لە ساڵی ١٩٨٤دا مۆساد تەلەفۆنی بۆ دەکەن و دەڵێن، هاورێ کۆنەکەی بریتانیا لە عەمان چاوەڕێتە. ئەو ئیستخبارات ئاگادار دەکات، ئەوان سەفەری چوونی هاتنی بۆ ئامادە دەکەن و دەچێت بۆ ئوردن. دوای سێ مانگ موساد لە ڕێگەی شوفێری پاسێک بەدوایدا دەنێرن. دووبارە ئیستخبارات سەفەری چوون و هاتنی ئوردنی بۆ ئامادە دەکەن. شەش مانگ دوای ئەوە بەهەمان شێوە، لەو دیتنانەدا بۆ تاقی کردنەوە چەند کارێکی ئاسانی پێ دەسپێرن، بەڵام لە ساڵی ١٩٨٧دا مۆساد بانگی ئوردنی دەکەن، دەڵێن یەکێک لە نزیک سەددام ڕێکخە، بۆ ئەوەی بیکوژێت. ئەویش دوای گەڕانەوەی ئیستیخبارات ئاگادار دەکاتەوە، ئەوانیش ڕاپۆرت بۆ سەددام بەرز دەکەنەوە. ئەویش دەڵێت، بەردەوام بن، بەڵام مەرجتان، میلیۆنێک و نیو دۆلاری ئەمریکی بێت و لەنێو عیراق ئەو پارەیە وەربگیرێت.  ئیستخبارات و دکتور ئیبراهیم پەیڕەوی فەرمانی سەددام دەکەن.
 دکتور ئیبراهیم مۆساد ئاگادار دەکاتەوە، کە یەکێکی لە ئەڵقەی دووەمی دەوروبەری سەددام ڕێکخستووە، بەڵام داوای میلیۆنێک و نیو دۆلاری ئەمریکی دەکات، هەروها ئەو کارە کات دەبات. دوای چەند مانگێک کە سەددام لە لووتکەی بەهێزیدا بوو، ئەوجا سیخورێکی مۆساد لە بەغداد بە جانتایەکەوە ملیۆنێک دۆلار بۆ دکتور ئیبراهیم دەهێنێت و دەڵێت، پێنج سەدەکە بمێنێت تا کارەکان زێتر بەرەو پێشەوە دەچن. دکتور ئیبراهیم بە پارەوە دەچێت بۆ ئیستخبارات، سەددام ئاگادار دەکرێت و فەرمان دەدا، کە ئیتر یاریەکە ڕابگرن و نامەیەک بۆ مۆساد بنێرن و سوپاسیان بکەن.  ئیستخبارات نامەیەک بۆ مۆساد دەنێرن، تێیدا دەڵێن، سوپاس بۆ دیاریەکەتان، میلیۆنە دۆلارەکە گەیشت. ئیتر مۆساد بۆی دەردەکەوێت کە دکتور ئیبراهیم خیانەتی لێیان کردووە!
 دکتور ساڵ دوای ساڵ پشتی لێ دەکاتەوە، وادەزانێت بابەتەکە کۆن بووە و کۆتایی هاتووە، ئیتر لەنێو بەغداد کەس ناتوانێت دەستی بۆ ببات و ئیستخبارات پارێزگاری لێ دەکات. دوای هاتنی ئەمریکا، هۆسە و لێکترازانی دامودەزگەی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣دا، دەزگە هەواڵگریەکانی دنیا و ناوچەکە هەلیان بۆ ڕەخسا، کە هەریەکە بۆ ئەجێندایەکی تایبەت ڕوو لە عیراق بکەن، لیژنەی ئیغتیالاتی دەزگەی مۆساد یەکێک بوو لەوان و دکتور "ئیبراهیم کامیل"یان لەنێو ماڵەکەی خۆیدا لە بەغداد سەربڕی. 
دەزگەی هەواڵگری مۆساد بەهێزە، پارەیەکی زۆر بۆ سیخور خەرج دەکات، بۆیە بە ئاسانی دەتوانێت خەڵک بکڕێت، بەڵام زۆر بە وردیش کار دەکەن، لەهیچ سیخورێک قبوڵ ناکەن کڵاویان بخاتە سەر. ئاشکرا بوونی سیخورەکانی ئیستیبخبارات، کە دژی ئیسرائیل لە عیراق کاریان کردبوو، لە ساڵی ٢٠٠٣دا هەموویان لەنێو شارەکانی عیراقدا سەر بڕان، بەڵام سیخورە کوردەکانی کە سەر بە ئیستیخبارات بوون، دژی دۆزی نەتەوەی خۆیان و پرسی ڕەوای میللەتەکەیان خیانەتیان کردبوو، بەتایبەتی ئەو لێپرسراوانەی لەنێو پارتی و یەکێتی بوون نانیان کەوتە نێو ڕۆنەوە، ئەوانەی یەکێتی لە کۆنفرانسێکدا بە چەپڵە ڕێزانە پێشوازیان لێ کرا، لە پۆزشنی خۆیان مانەوە و تا ئەمڕۆ لەنێو ئەو حزبەدا لێپرسراون. پارتیش ئەوانەی خۆی بەبێ دەنگی پەردەپۆش کرد. لەسەر ئاستی شەقامیش چی ئەنفالچی و قەڵەمفڕۆش، میدیاکاری بەعس، سیخور لە دەرەوەی وڵات و ناوەوەی و جاشی زەمانی بەعس هەبوو لەهەردوو ڕەگەزی نێر و مێ ، لەدوای کۆڕەو لە کوردستاندا تا هەنووکە لێپرسراون و ژیانی شاهانە بەسەر دەبەن. بەراورد کردنی ئەو دوو ئەزموونەی جو و کورد، پێمان دەڵێت، کە جدیەتی کار کردنی ئیسرائیل کلیلی بەهێز بوونیتی لە ناوچەکەدا. 
لە دوای ڕووخانی سەدام، گەلێک لە دۆکیۆمێنتی دەزگەی هەواڵگری عیراقی، لە لایەن دەزگەی هەواڵگری ڕوسی و دەزگەی هەواڵگری دی ناوچەکە و دنیا دزران، بەڵام ئەمریکا و بریتانیا بە ئاشکرا دەستیان بەسەر زۆربەی دۆکیۆمێنتەکان گرت، واتە چاوەڕوانی ئەوە دەکڕێت کە لە ئایندەدا،  ئەو دۆکیۆمێنتانەش بەجەماوەر بکرێن و بڵاو بکرێنەوە، کە بێ گومان گەلێک ڕاستی سیخوری کردن لە هەموو ئاستەکاندا لەنێو کورد و عەرەب و کەمەنەتەوەیەکانی دی لە هەردوو ڕەگەزی نێر و مێ ئاشکرا دەبن. 

کۆتایی


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە