فرە ژنی

Monday, 15/04/2024, 11:39

4693 بینراوە


 فرە ژنی دیاردەیەکی نامۆی ئیسلامە و ئەبێ لە نێو کوردا نەمێنێ.
ئەڵبەت بۆ کارکردن لەسەر ئەم دیاردەیە و هۆکارەکان ووزە و حەوسەڵەیەکی زۆری گەرەکە و لێرەدا بە کورتی ئامانج لە بنبڕکردن و نەهێشتنی ئەم دیاردە قێزەوەنەیە کە کۆمەڵگای کوردی تووشی چەندین قەیران و ئاریشە و ئاڵنگاری کردۆتەوە. وە ئەوەی کار ئاسانی بۆ بڵاوبوونەوەی ئەم دیاردەیە کردوە،ئیسلامە. وەك ئاشکرایە لە نێو کوردا و زۆر بەتایبەتی لە لادێ و گوندەکاندا ئەم دیاردەیە کەمتر لە ئارادا بوو، کاتێ شار دروست ئەبێ و مرۆڤەکان ڕوو لە شارەکان ئەکەن، فرە ژنی زیاتر بەرچاو ئەکەوێ و چاولێکەران گەلێ زیاتر ئەبینرێن.
زۆر زۆر پاساو بۆ ئەم دیاردە ئەهێنرێتەوە کە لەڕاستیدا هیچ لەو هەنجەت و پاساوانە جێگەی دڵخۆشی نین و پێوستە وەلا بنرێن. کەسێ دێت و لەژێر چەتری ئیسلامدا فرە ژنی بۆ خۆی و هاوشێوەکانی حەڵال ئەکا و هانیان ئەدا بۆ ئەوەی زۆرترین ژن بێنن تەنها لەبەر ئەوەی ئیسلامەکەی وای پێ باشە..کەسێکی تر بەهەمان شێوە و بەهەمان هزراندنی بیابان دێت و ئەڵێ لەبەرئەوەی ڕەگەزی نێر کەمترە بەهۆی جەنگەکان و لەناوچوونی نێرینە ئەوا پێوستە فرە ژنی هەڵبژاردەیەك بێت بۆ هەموان،،کەسێکی تر دێت و پێی وایە بۆ ئەوەی سوننەت  تەواو بکا ئەوا ئەبێ لێی گەڕێن تا چەند ئافرەتێك لەهەمان کاتدا لە چوار دەوی خۆی کۆبکاتەوە . هەندێکی تر وای ئەبینن لەبەرئەوەی فرە ژنی کردوە ئەوا ئەمانیش هەمان ڕێچکە ئەگرنە بەر و نایانەوێ لە کاروانەکە دوابکەون..هەندێکی تر فرە ژنی بە دیاردەیەکی ئابووری ئەزانن و وایان پێ باشە بۆ ئەو ئافرەتانەی باری ئابووریان باش نیە ، تا نەکەونە بەر دیاردەی لەشفرۆشی ئەوا باشترە فرە ژنی بکەن و لەژێر چاودێری و بازۆڵەی پیاوێکدا بن باشترە.وەیان هەندێ کەس کاتێ ژنی برایەکیان بێوەژن ئەبێ و لەبەر خاتری مناڵەکان بۆ ئەوەی نەکەونە بەردەست ئافرەتی تر، وای بە چاك ئەزانن شوو بکا بە برایەکی تری کە ڕەنگە ئەو برایە ژنی تری هەبێ،، ئەمانە و چەندین پاساوی تر کە لەڕاستیدا هیچیان ڕاست نین .
ئێمە لە باشوور لەبەرئەوەی یاسا و ڕێسای کۆمەڵگای مۆدرێمان نیە و بەدەست چەند نەخوێندەوارێکەوە ئەبرێ بە ڕێوە، بۆیە هەرچی پەرلەمان و دادگا و بەناو یاسا ناسان هەیە پشتگیری ئەم دیاردە ئەکەن و ڕێگری لێ ناکەن..بۆیە ئەوەی تەنها و تەنها بتوانێ کۆتایی بە فرە ژنی بهێنێت ، ژن خۆیەتی. چەند ڕێگەیەك هەیە بۆ ئەوەی کچانمان نەکەونە تەڵەی فرە ژنیەوە ، لەوانە:
یەکەم؛ پێوستە کچان وەیان بێوەژن هیچ کات ڕازی نەبێ شوو بە کەسێك بکا کە خۆی خاوەنی ژنە.
دووەم؛بۆ ئەوەی بۆ هەتا هەتایە کۆتایی بەم فرە ژنیە بێت، ئەوا کچانمان لەسەریانە کاتێ گرێبەستی ژن و مێردایەتی ئەکەن خاڵێکی گەلێ گرنگ لە گرێبەستەکەدا ئاماژەی پێ بدەن ئەویش ئەوەیە(هەر کات مێردەکەی وویستی ژنی دووەم بهێنێ،ئەوا ئەمیش بۆی هەبێ لەهەمان کاتدا کەلەگەڵ مێردەکەیدایە،مێردێکی تر بهێنێتە ژیانیانەوە)، بەمانایەکی تر گەر فرە ژنی ڕێگە پێدراو بێ،ئەوا فرە پێاویش ئەبێ هەبێ.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە