ئایا کەی بۆ یەکەم جار لە مێژوودا وشەی کوردستان کەوتە سەرزاران*

Tuesday, 02/04/2024, 17:09

3589 بینراوە


خوێنەرانی هێژای سەکۆی ئازادیخوازان و بەرەنگارانی ستەمی داگیرکەرانی دەرەکی و خیانەتمەندانی لە کورد هەڵگەڕاوەی خۆ هەڵواسراو بەکلکی سیاسەت و بەرژەوەندی نەتەوە سەردەستەکانی داگیرکاری بەشێک لە نیشتمانی ئێمە، خوێنەرانی ئازادیخوازیی ئاگا و وشیار بۆ بابەتەکانی سەکۆی ئازادی و کوردستانیی کوردستانپۆست.
ئەوە بیرمەندی مەزن و شایستەی بیری نەتەوەیی و خەمخۆری نیشتمانی کورد، مامۆستا مەسعوود محەمەد خۆی نییە، کە ئەم وتارە پڕ لە بایەخ و سەرنج و ڕێنماییەی بۆ ئەم سەکۆ ئازادیخوازە ناردووە، نەخێر، من وەک قوتابییەکی خوێنەرەوەی بەردەوامی بەرهەمەکانی مامۆستا و نووسەرێکی بەئەمەک بۆ بیری ئەو و ڕاژەکارێکی نەتەوەیی نەتەوەکەم کە لەم سەکۆ شایستە و فراوانەی کوردستانپۆستدا دەنووسم، ئەم وتارەی مامۆستام بۆ کوردستان پۆست ناردووە، وەک درێژەدان بە هزری ئەو و ئاوەدانکردنەوە و فراوانترکردنی شێوەی بەرەنگاربوونەوە و زیادکردنی چەکێکی دی لەسەرخۆکردنەوەی ئەم سەکۆ ئازادە بەرانبەر بە ڕووسیایانی خیانەتمەندی ئەم نەتەوەیە کە دڵی بە قوڵپەی ئازادی لێدەدا و ئیرادەی بەرەو ئەوە دەچێت، هەموو بەربەستەکانی سەر ڕێگای ئازادبوونی هەپرون بەهەپروون بکات.
ئەم وتارەی من دووبارە بڵاوکردنەوەی هەڵبژاردەیەکە لەو پێشەکییەی بیرەمەندی کورد، مامۆستا مەسعوود، کە ساڵی ١٩٧٤ کاتێک سەرپەرشتی (کۆڕی زانیاری کورد)ی دەکرد، بۆ کتێبی ( بەرکوتێکی خەرمانی کوردناسیی لە ئەوروپا) نووسیویەتی. بەڵام بۆچی و لە پای چیدا من پاش پەنجا ساڵ، کە ئێستا مامۆستا خۆی میوانی خۆشەویستی بەدیهێنەری خۆیی و فریشەی ئاسمانەکانە، جارێکی تر دێم و بڵاوی دەکەمەوە، لە هۆ بنچینەیەکانی:
· هەستکردنم بەو جێگا بەتاڵبووە پڕنەکراوەی ئەو زاتە.
· ڕەسەنایەتی بێ پەڵەی کوردستانیی بوونی هزر و بیرکردنەوەکانی.
· ئەو ڕێنماییە گرنگە قووڵانەی کە تا ئێستاش، ئێلیتی کورد و نەتەوەکەش بەگشتی، لێیان بێ خەبەر ماوە.
· چوونکە باسی زمان وەک زانستێک و دیاردەیەکی ڕەسەنی مادەرزاد و بەشێکی بنچینەیی لە سروشتی مرۆڤ، دەکات.
· بەسوودی نەتەوەکەم دەنووسێت و قەڵەمێکی هێند بە بڕشت و ڕاستگۆ و حەقوێژە، کە دەتوانرێت بکرێتە پێوەر بۆ نووسینی لەسەر کوردکردنەوە و زمانێکی کوردی هێندە ڕەسەن و ڕاقی و باڵا بەرزی هەیە، کە دەیگەێنێ بە پلەی سەختبوونی بۆ لێ تێگەیشتن، واتە بە جارێک خوێندنەوەی، ڕەنگە هیچت دەستگیر نەبێت و ناچاری دوای وچانێک دیسان لە خوێندنەوەی تێهەڵچیتەوە، تا کۆدی کردنەوەی مەبەستەکەی دەدۆزییەوە، جا گوێڕادێرە بۆ نەغمەی ئاوازی کوردیی هەزاران ساڵە، چ لە هۆرەی خاڵە جووتیارێکی کورددا بووبێت، چ لە لایەلایەی سەربووردەی نیشتمانی داگیرکراوی دایکێکی کورددا بۆ زارۆکەی لە ناو بێشکەدا، تا دەگاتە ئەو زمانەی خۆی کە مامۆستا شەنوکەویی بیری کوردبوونی خۆیی و شارستانەتی نەتەوەیەکی پێ دەکات. مامۆستا لە نووسینێکی تریدا دەڵیت: "ئەمەی من باسی دەکەم، سەربووردەی هەزارساڵەی کوردە، نەک باسی ڕووداوێک و کەسێکی تایبەتی."
· شارستانەتی مرۆڤایەتی ئەو کاتە گەشایەوە و ڕووناکی خستە سەر قوژبنە تاریکەکانی ڕابووردو و لە ئێستای کۆڵییەوە و داهاتووی پێشبینی کرد، کاتێک کە زمانی وتراو و بێژراو هاتە نووسین. هەر ئەو شارستانەتە چەند ڕووی هەیە، کە هەر سەردەمەی بەپێی پێویستی ژیان و ژیاریی ڕوویەکی خۆی گەشاوەتر پیشاندەدات، پێت سەیر نەبێ ئەو پەرجووەی ژنی کورد لە دەشت و چیا و شار و قەدپاڵ و نزاری گوند وشەقامی شاردا لە خۆی نوواندی و دەینوێنێ، ڕوویەکی گەشاوەی زیندووبوونەوەی شارستانەتێکی کۆنی ڕەسەنی نەتەوەیەکە کە هەمیشە بەربەستێک و زۆرجاران دەیان بەربەستی لەسەر ڕێگای قووت کراونەتەوە، تا گەیاندوویانەتە کۆمەڵکووژکردنی و پەلاماردانی پێکەوەیی هێزێک و دوان و سیان و زیاتریش!!!.
کتێبەکە ( بەرکوتێکی کوردناسیی لە ئەوروپا)، کە مامۆستا پێشەکی بۆ نووسیووە، سێ کەڵە نووسەری دڵسۆزیی کوردایەتی د.جەمال نەبەز، د. ئەوڕەحمانی حاجی مارف، پڕۆفیسۆر قەناتی کوردۆ، سەبارەت بە کوردناسی لە ئەڵمانیا، کوردناسی لە (ڕووسیا و یەکێتی سۆڤیەت) و نووسراوەکانی لێرخ لەبارەی کوردەوە، دەدوێن، کە مەبەستی من لێرەدا تەنیا هەڵبژاردە لە پێشەکی ئەو کتێبەیە کە بارستاییەکەی گەورە لە هزر و بیرکردنەوەی کوردستانی مامۆستا مەسعوودمان بۆ ڕووندەکاتەوە. ڕێنووسی کتێبەکە، ئەو شێوە ڕێنووسەیە کە کاتی خۆی کۆڕی زانیاری کورد بڕیاری لەسەر دابوو، کە ئەو وشانەی دوو پیتیان تێدا دەهات، یەک پیتی دەنووسرا و لە جیاتی ئەوە ئەم نیشانەیە دەخرایە سەر پیتە دووپاتبووەکەوە (َ) بۆ نموونە لە وشەی (بوون – بوَن)، ئەرگومێنتی ئەوسای کۆڕی زانیاری کورد ئەوە بوو کە ئەگەر بە دوو پیت بنووسرێت، دەستهەڵگرتنی زۆرترە لەوەی کە بەیەک پیت بنووسرێت، من خۆم ئەوەم بۆ ڕاست نەبۆتەوە چوونکە کاتێک من دەستم بەنووسین کرد، زۆر پاش ساڵی ٧٤ بوو، نە کۆڕی زانیاریی مابوو، نە دەستوور و رێنماییەکانیان چوونە بواری چەسپاندن و چاولێکەریی و پێ نووسینەوە و ئاشبەتاڵیش بە شۆڕشی نەتەوەکە کرابوو، کە لە هەموو بوارەکانی ژیان و ژیاردا، کوردی تەپاند و پاڵەوانەکانی ئاشبەتاڵ، بۆ لای دۆست و عەزیزانیان هەڵهاتبوون!!!.
لێرە بەدواوە، بە ڕێنووسی ئێستای پێنووسینی زمانی کوردی، هەڵبژاردە لە پێشەکییەکەی بیرمەندی مەزن، مامۆستا مەسعوود محەمەدتان، دووبارە بۆ دەنووسمەوە، ئومێدەوارم کە هیچ نەبێت ئێلیتی دڵسۆزی کوردایەتی، گوێ بۆ ڕێنماییەکانی بگرن و
بەهۆشدا بێنەوە کە بتوانن ئەو هێزە پەیدا بکەن تا تواناتر بکارن لەسەر نەتەوەکەی خۆیان بکەنەوە، کە من لەو بڕوایەدام بزووتنەوەی کوردایەتی (کە واتای هەر شتێک سەربەکوردە دەگرێتەوە و ئەو هاوارەی من کە زۆر جاران نووسیومە: لە کوردەوە بۆ کورد، لەو کوردایەتیەوە فێری بووم، کە لە ناو خێزانەکەمدا بەگەرمی گفتوگۆی لەسەر دەکرا و لە دواتردا منی خستە سەر ئەو بیرەی کە بتوانم بنووسم: لە کوردەوە بۆ کورد، خۆ ئەم وتنە بێ ئەسڵ و فەسڵ نییە، سەربووردەی ئەو بیرانەیە مامۆستا باسیان دەکات، ئەو هاوارەی منیش لە بەرهەمەکانێتی)، لە ئێستادا ژنی کورد پاش ئەوەی پیاوەکانی وەک تێکشکاوێکی سەرچۆک کەوتوو بەرانبەر بە داگیرکەرانی کوردستان، ئاڵای بەرخۆدانی نەتەوەکەیان دەیان جار فڕێدایە سەر زەویەکی بەسووتماککراو، ئاڵای بەرخۆدانی ئازادیخوازیی نەتەوەکەیان لێ سەندنەوە، چون شایستەیان نەبوو، جا ئەوەتا دەی بینین کە ئەو شارستانەتییە ژنانەیەی کە هەڵدەگرێتەوە بۆ ئەسڵە ونکراوەکە لەلایەن پیاوی کوردەوە، بەدەستەوە گرتەوە و شارستانەتی مرۆڤایەتی جارێکی تر لە قەدپاڵی قەندیلەوە سەرەتای زیندووبوونەوەی ئەو شارستانەتەی ژنی کورد بە چاوی خۆی دەزئەمووێنێ و واقیشی وڕماوە کە چما تا ئێستا ئەو هەواڵە گرنگ و خۆشەی گوێ پێنەداوە!!.
ئێوە و خوێندنەوەی ڕێنماییەکانی بیرمەندی مەزنی کورد، مامۆستا مەسعوود محەمەد جەلیزادە، کوڕی بیرمەندی کورد مەلای گەورەی کۆیە، هەزاران سڵاوی کوردستانی لە ڕەوانی کوردبوونی هەردووکیان بێت:
" ژیان لە نووکیەوە کێشە و گرێ و تەنگوچەڵەمەیە. بەر لە ژیان، بوون و سروشت بە تێکڕایی، لە یەکترخشان و بەیەکا هاتن و تێک هەڵقژان و یەکتر خستن و کاری ئەو تۆیی یە..بەداخەوە.
لەم دەریا بێ سەر و بن و پایانەی ئەرک و سەختی و دژایەتی بین بڕکێ و دەستەویەخە بوونی ژیان و بووندا، بە پێی کەم و زۆریی چەکی لەسەرەخۆکردنەوە و هەڵمەت بردن، هەڵوەست زۆرتر وەیا کەمتر زەحمەتی تێدا دەبێ: کە بەرەنگاری دڕندەیەک بوویت و چەکی خۆپاراستن و ڕاوکردنت دەست و ددانەکانت بوون ڕەنگە خۆت ببیتە نێچیر، خۆ ئەگەر تیروکەمانێک وەیا شیر و ڕمێکت پێ بوو ئەوسا تەرازووی بەخت ڕوو لە گۆڕان دەکات، کە دەستت گەیشتە دمانچە وەیا تفەنگ وەیا نارنجۆک ئیتر دەبیتە ڕاوکەری ڕاستەقینە.
گەلانیش، وەک تاکە مرۆڤەکان، لە هەنگامەی بەیەکەوە ژیان و خۆسەپاندن و مامڵەتی ژین و ژیاردا خۆیان لەم هەڵوەستە پڕ ترس و لەرزەی ( خوران و ڕەسین) دەبیننەوە. هەر چەندە شتێکی بەرچاوە کە وا پێ بە پێی تێ هەڵکشانی ئادەمی لە پلەی شارستانەتی و زۆر بوونی پەیوەندیی و پەرەسەندنی ڕۆشنبیریی و داهاتنی مەیدانی تازە بە تازەی هاریکاریی- بە کورتی لەگەڵ پێش کەوتنی تێکڕایی ئادەمی دا، باری تێک گەیشتن و ڕێک کەوتن و گونجانی بەرژەوەند و تەبایی گشتیی وردە وردە پتر خۆ دێنیتە بەر هەستی هەستیار و سەر پەڕەی داستانی بوون و ژین، بەڵام هێشتان گەلێکی بەبەرەوە ماوە تا ئەو کاتەی پێ ویست نامێنێ بە ئەندێشەی خۆپاراستن و لەسەرخۆکردنەوە. بە نیسبەت منەوە کە تاکێکی کوردم و وتووێژم لەگەڵ ئەوە، چەندی بە قسەکانم ڕیی ئامادەبوونی کورد خۆش کەم بۆ بەهێز بوون و پەیداکردنی چەکی لەسەرخۆکردنەوە، ناگەم بە سنووری توهمە و تاوانی ستەم خوازیی و دەست درێژیی چوونکە گەلی کورد لە بارێکدا نییە چاوەنواڕیی ستەم و دەست درێژی لێ بکرێت، هەتا پەل بکوتێ و تێڵا بوەشێنێ دەست و کوتەکەی لە سنووری ماڵە کاولەکەی خۆی تێپەڕ ناکات، کەسێک بکەوێتە بەر کوتەکی کورد دیارە بەپێی خۆی هاتۆتە بەر ئەو کوتەکە و هەر خۆی دەست درێژی کردووە لە سنوور و ماڵ و ژیانی کورد.
بێ گومان گەلی بێ دەسەڵات پتر حەز بە خۆشیی و برایەتیی و داد و ئاسایش و هێمنی دەکا، چوونکە هەر لەو مەیدانەدا ئومێدیکی بە سوود و بەختیاریی هەیە. ئەگەر ڕێم هەبێ و لێم بە عەیب نەگیرێ دەڵێم هەموو ئەو گیان لەبەرانەی گۆشتیان دەخورێ ئامادەن مەزبەتەی حەرام کردنی کوشتن و بڕین و گۆشت خواردن مۆر بکەن، مەرج ئەوەیە شێر و پلینگ و گورگ ئیقناع بن و گۆشت حەرام کردن بسەلمێنن. گیان لەبەری بێ دەسەڵاتی گۆشت نەخۆری گۆشتخوراو هەر بەجارێ قڕانی دێت کە هات و لە خۆی غافڵ بوو و کەمتەرخەمی کرد لە خۆ بەهێز کردن.
گەلی کورد وەک گەلێکی نموونەیی لە بەرەنگاربوونی هەڕەشەی سەخت بە دەسەڵاتی کەمەوە، خۆی لە بارێکدا دەبینێ ئەویش بارێکی نموونەیی یە لە پێ ویست بوونی پارسەنگ کردنی لایەنی کەم و کوڕیی و بێ هێزی، بەو چەکانەی کە دەستی پێیان دەگا و پێیان بەهیز دەبێ و دەسەڵاتی لەسەرخۆکردنەوەی فراژوو دەبێ. بێگومان لە هەموو چەکەکان نێزیکە دەستتر و لەگەڵ نێزیکە دەستیی دا یەکجاریش کاریگەر، چەکی زانست و ڕۆشنبیرییە بەتایبەتی ئەو زانست و ڕۆشنبیرییانە کەوا پەکیان لەسەر( مختبر و تطبیقات) نەکەوتوە بە خۆیان و ئەرک و مەسرەفی قورسیانەوە کە وا ڕەنگە بەکورد هەڵنەستێ. هەر ئەم لایەنەی زەحمەت و ئەرکی ( مختبر و تطبیقات) ە هۆی کەم بوونی پسپۆڕی کورد لەو زانستانەی بەندن بە دامودەزگای تاقی کردنەوە و بەکارهێنانی (مختبر) و کەرستەی گران بەها...کوردێک بیەوێ لەو زانستە ببێتە پسپۆڕ دەبێ خۆی لە گۆشەێیکی یەکێک لەو وڵاتە دەوڵەمەندانە قایم بکا و دەست بگرێ بە دامەنی دەسەڵات و دارایی ئەو وڵاتەوە بۆ بەردەوام بوونی لەسەر ڕەوتی پڕ ئەرک و خەرجی زانستی (تطبیقی).
تا ئێستا شەقامێکی بەرفرەوان لەبەر پێ و هەنگاوی کورددا هەبێت کە گەشتی ڕۆشنبیریانەی تێدا بکات شەقامی زانستی (نظری) یە بە تایبەتی بابەتی ئەدەب و زمان. داهاتی ڕۆشنبیرانی کورد لە مێژوو و جوغرافیای کورد و کوردستان، تا ئێستا، لە چاو خەرمانی ئەدەب و زمانی کوردی وەک ( بەرکوت) وایە. دیارە مێژوو جوغرافیا، هەر چەند زانستی (تطبیقی)ش نین بەڵام هێندەی ئەدەب و زمان نێزیکە دەست نین: کەرستەی لێ دوان و لەسەر نووسین و توێژینەوەی ئەدەب و زمان لەبەر دەستی هەموو ڕۆشنبیرێک و نووسەرێک دایە، خۆ ئەوەی ڕاستی بێ بە نیسبەت ئەدەبەوە نووسەر بۆ خۆی دەتوانێ تێیدا ببێتە سەرچاوە، لەو ڕوەوە کە کاتێک خۆی گەیاندە پلەی (نووسەریی وەیا بوێژیی) نووسین و هەڵبەستەکانی دەبنە بابەتی لێ کۆڵینەوە بۆ غەیری خۆی. وا هەیە نووسەر وەیا بوێژ بەهۆی بەکارهێنانی شێوازێکی ڕەمزیی هێمایی پڕ لە ڕستە و وشە و تەعبیری سەیر و قوت و کەس نەبیستوو و کەس تێ نەگەیشتوو، بۆتە سەرەباسی ڕۆژانەی نووسەران لە گۆڤار و ڕۆژنامە و کتێباندا. باری زمانیش تا ڕادەیەک وەک باری ئەدەب وایە: کەرستەی هەمیشە لەبەر دەماندایە، بە کوردی با بڵێین ئاوی بیری زمان ( دەست هەڵێنجە) و پێ ویستی بەوە نییە شریت و دەولکەی بۆ بەکار بێت، چوونکە خەریک بوونی مرۆڤ بە زمانەوە خەریک بوونە بە جوزئێک لە زاتی خۆی، بەو مانایە کە زمان و وتووێژی مادەرزاد بەشێکی بنجییە لە سروشتی مرۆڤ..... من لە گۆشە نیگای سوودی میللەتی کوردەوە سەیری ئەم نووسینانە و زانستانە دەکەم ئینجا بە تەرازووی ڕاستیی و بێ فێڵیی هەڵیان دەکێشم. بێ گومان هەموو زانستێک و ڕۆشنبیریێک بایەخی خۆی هەیە، بەڵام بۆ میللەتێکی پارچەکراوی ماف خوراوی وەک میللەتی کورد ئەو نووسینانە و زانستانە و ڕاستییانەی کە ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە کوردەوە هەیە و دەوروبەری تاریک و نەزانراوی ڕۆشن دەکەنەوە و چەکی لەسەرخۆکردنەوە دەدەنە دەستی یەکجار بەکەڵکتر وپێ ویستترن لە زانست و ڕاستیێکی سادە ودوورە پەرێز لە سوودی کۆمەڵایەتی و ڕامیاریی و ئابووریی...وەیا هەر لایەنێکی تری ژین و ژیار بێ.
تا بڵێی حەزدەکەم بزانم لە زوهرەدا ژیان هەیە یا نیە، کەی گیان لەبەر باڵی گرت، چۆن بوو بە دوو کەرتی لەیەکتر جودای ئاژەڵ و ڕوەک، ناوەرۆکی ئەتۆم چ هەرا و سەدای تێدایە، مێروولە چۆن ڕێگە دەردەکا بۆ سەر خواردەمەنی، با هەر لەوە گەڕێم کە چەند تینووم بۆ زانینی نهێنیە زلەکانی ئەم جیهانە کە زانا و فەیلەسووفەکان تێیدا سەرسامن. لەگەڵ ئەمەشدا هەموو ئەو پرسیارانە و وەرامەکانیان هێندەی ئەم تاکە پرسیارە و وەرامەکەی دڵم نابزوێنن: ئایا کەی بۆ یەکەم جار لە مێژوودا وشەی (کوردستان) کەوتە سەر زاران؟ زانینی وەرامی پرسیارەکانی پێشووتر بۆ کورد و غەیری کورد یەک بابەتە و هەمان نرخ و بایەخی هەیە، بەڵام دۆزینەوەی سەرەتای داهاتنی زاراوەی (کوردستان) پەیوەندی ڕاستەوخۆی لەگەڵ ژین و بوون و چارەنووسی کوردا هەیە سەرەڕای ئەوە کە ئەویش وەک هەموو بابەتێکی تر خۆی لە خۆی دا داهاتێکی ڕۆشنبیری و زانستە...... خۆ ناسین یەکێکە لە کەرستە و چەکی بەرگریی. دۆزینەوەی هێز و بێ هێزی و چاکە و خراپە و کەم و زۆری و پلەی پێش کەوتن و دابڕان و هەموو سەر و بەرێکی گەل، یارمەتی ئەو گەلە دەدا بۆ ئەوە بتوانێ هەڵوەستی ڕاست و بێ هەڵە و تەلزگە بوەستێ لە کۆڕی ژین و بووندا....** لە نووسینی هەندێک لەو نووسەرە ئەوروپاییانەی لێرەدا ناویان دێت زمانی کوردی بە لەهجەیەکی فارسی لە قەڵەم دراوە. بێ گومان ئەم ڕایەیان ناڕەحەتمان دەکات، بەولای ناڕەحەتکردنی ئێـمەشەوە ، گەلێک لە ڕاستی دوور دەکەوێتەوە. بەڵام دەبێت دوو تێ بینیی گرنگ بگرینە بەر چاو لە بارەی سەرجوملەی ئەم نووسینە غەڵەتانەوە:
یەکەم: نووسەرەکان چ مەبەستێکی ناپەسەندی دژایەتی کورد و مێژوو وڕاستییان نەبوە، بە ئارەزۆ و ئەنقەستیش ئەو غەڵەتەیان نەکردوە. کە بیان زانیبا ڕایەکەیان هەڵەیە هەر نەبێ لەبەر خاتری خۆیان و ناو و شۆرەتی زانستیان لە هەڵە دوور دەکەوتنەوە. دیارە بە پێی تێ گەیشتنی خۆیان بۆ مەوزووعەکە ڕۆێشتوون و دووچاری هەڵە بوون.
دووەم: ئەوسا، کە ئەو نووسەرانە خەریکی توێژینەوە بوون لە بارەی زمانی کوردییەوە و لە توێژینەوەیاندا هەڵەیان دەکرد هێشتا تاکێک لە گەلی کورد پیتێکی نەنووسی بوو لە بارەی زمانی کوردی و ئەسڵ و ڕەچەڵەکیەوە. لەو دواییانەشدا کە زمانزانانی کوردگەیشتنە پایەی توێژینەوە و پشکنینەوەی فیلۆلۆجیی سوودێکی باشیان وەرگرت لە دیراسەی ئەو مامۆستایە بەهەڵەچوانەی ئەوروپا. بە سەهوو چوونی بێگانە لە عاست خزمایەتی زمانی کوردیی و فارسی تا ئەو ڕادەیە کە کوردیی بە لەهجەێیکی فارسی بزانێ ڕووداوێکی یەکجار ئاسایی و چاوەڕوان کراوە، چونکە لەیەک چوونی هەردوو زمان دیمەنێکی بەرچاوە وە لە هەست پێکراو بەولاترە.
کوردی لەهجەێیکی فارسی بێ وەیا فارسی شێوە کوردێیکی ڕەسمی و پێشکەوتووی کوردیی بێ، وەک لەهجەی سولەیمانیی کە شێوە ئاخاوتنێکی پێشکەوتووی کوردییە، ڕواڵەتێکە ڕەشکەوپێشکە بە چاوی بینەر دەکا....لەم تێ بینیانەدا جارێکی تریش سوودی خۆ دیتنەوە لە ئاوێنەی باوەڕ و دڵ و دەروونی بێگانەدا لەبەر چاوان نوێ دەبێتەوە: هەروەک دەشێ ناڕێکی ئاوێنەکە بووبێتە هۆی ناڕێکی وێنە، دەشێ عەیبی خاوەن وێنەکە خۆی لە ئاوێنەدا دەرکەوتبێ و ئاوێنە چ سووچێکی نەبێ لە دزێو نواندنی وێنە..... بێ گومان بەرەنگار بوونی دۆزینەوە و سەپاندنی ڕەسەنی و سەربەخۆیی زمانی کوردیی ئەرکێکی یەکجار قورس دەخاتە سەر شانی ئەو نووسەرانە و زانایانی ئەوروپا. ئەگەر چاومان لێڵایی دانەهاتبێ لە دیتنی ئەم وێنەیەمان لەناو نووسینی بێگانەدا، دەبێت وەک مرۆڤی مەردی مل کەچ بۆ حەق و ڕاستی، خێرا و ئازایانە ئەم ئەرکە لەسەر شانی ئەوان هەڵەنگێوین بۆ سەر شانی خۆمان یا خود هەر نەبێ ئێمەش شانی خۆمان بدەینە بەر بەشێکی ئەو ئەرکە. حەیفە، ئەگەر نەڵێم عەیبە، بێگانە بە مێژوو زمانمانەوە خەریک بێتو خۆمان غافڵ بین.... چونکە بە ڕاستی زانای بێگانە هەرگیز ناتوانێ وەک کورد لەو شتانەی کورد بگات کە پەیوەندیان بە زمان و ئەدەب و هونەر و بیروباوەڕ و تێکڕای لایەنی نا مادیەوە هەیە. گوتەێیکی مەشوور هەیە دەڵێ: پیاوەکی ئەوروپایی لە بەڵەدەکەی کوردی پرسیوە ئەم ئاواییە ناوی چییە؟ و بەڵەدەکەش گوتوەتی (نازانم)! کابرای ئەوروپایش گورج لە شوێن ناوی ئاواییەکە نووسیوەتی (نازانم)، ئەم گوتەیە ئەگەر ڕاستیش نەبێ پەنجە بۆ ڕاستییەکی بێ فێڵ درێژ دەکات. هەروەک کوردێک لە واتای ئاشکرا و هێمایی گوتە و کردە و بردەی کوردیی تێ دەگا هەرگیز ئیمکان نیە زانایەکی بێگانە کە لە نووسین و خوێندنەوە ڕا کوردی فێر بووە بەو شێوەیە و تا ئەو ڕادەیە تێی بگا.... .
نووسینەکانی زانایانی جیهان دەربارەی کورد کە بکەینە ئاوێنە و خۆمانی تێدا ببینین، دەتوانین تێ بگەین بە تێپەڕینی کات ئاخۆ زیادمان کردوە یا کەم؟ گەورەتر بووین یاخود چووکتر؟ لە بارێکدا وەستاوین نە زیاد دەکەین نە کەم! چوونکە گومان نیە لەوەدا تاکوو لە زیادکردن بین نووسینی بێگانان لە بارەمانەوە ئەویش زیاد دەکا. میللەتی داوەستاو و بێ جموجوڵ کەم بڕشت تەنها لە ڕووی ئەوەوە لە سەری دەنووسرێ کە پاشماوەی یەکێکە لە گەلان و خڵتەێیکی مێژووە. میللەتێک لە ئێستاکەی دا هەڵمەت و بەرهەم و پێشکەوتنی نەبێ وەک ئەو کێلە بەردە سەیری دەکرێت کە بەسەر قەبری مردوەوە هەڵچەقیوە، ئیشارە بۆ ژیانێکی

لەمەو پێش دەکا....". لێرەدا هەڵبژاردەکانی من بۆ ئەو پێشەکییەی مامۆستا تەواو بوون.

لەمە بە دواوە بیرمەندی مەزنی کورد، دەچێتە سەر باسێکی فەلسەفەی- کۆمەڵایەتی زۆر هەستیار و لێکدانەوەی خۆی سەبارەت بە نەیار و ناحەز دەکات و چۆنێتی ڕوانینی مرۆڤ لە خۆیی و لەوانی تر، کە باس لە خۆویستی و خۆسەپاندن(انانیة و تأکید الذات)ە،
کە دەیبەستێتەوە بە ڕوانینی نەیارانی کورد بۆ کورد و ڕاونینی کورد بۆ خۆیی و بۆ ئەوانی تر. ئەمەش باسێکە کە دەبێت جودا لەسەری بنووسین چوونکە بیرە فەلسەفییە تایبەتەکانی مامۆستایە کە تاقانەیە و لە هزر و ڕوانینی خۆیەوە بۆ کێشەکانی نێوان میللەتان دەکۆڵێتەوە، بۆیە دەبێت جودا باسی لێوە بکەم، ئەوە بیرێکی فەلسەفی کوردییە کە مامۆستا دامەزرێنەرێتی واتە دەکرێت وەک ڕێبازێکی فەلسەفی تایبەت لێکدانەوەی بۆ بکەم و ئەمەش دادەنێم بۆ دەرفەتێکی تر.

· لێتێگەیشتن و لێکدانەوەی من بۆ قسەکانی مامۆستا

نووسینەکەی مامۆستا کە باس لە لەسەرکردنەوەی کورد لە خۆی دەکات، هەر چەندە باسی زمانە بەڵام لە ڕەوتی پێشوەچوونی ڕوانینەکانیدا ئەمە دەسەلمێ کە زمان بۆ کورد، تەنیا ئامرازێکی ئاخاوتن نییە، بەڵکو ئامڕازی پێشبردنی ڕەوتی سیاسی، کۆمەڵایەتی و كلتووری کوردە، بۆیە گرنگە کە بە ئەوپەڕی وریایی و وشیارییەوە لەگەڵیدا مامەڵە بکرێت و زانایانی زمانناسیی کورد، ئەرکی هەڵگرتنی خزمەت و پێشبردنی بخەنە سەر شانی خۆیان و ئەوەی بێگانەکان لەسەریان نووسیوین، وەک ئاوێنەیەک بیبینین کە خۆمانی تێدا وەک خۆمان ببینین و وەک کارگەلێکی ئایەتی بۆیان بڕوانین، لەو شوێنەشدا کە پێویست بکات، هەڵەکانیان بۆ ڕاست کەینەوە، کە ئەمەش هەوڵی بێووچان و بەردەوامی دەوێت. ئەم گرنگییەی زمان کە مامۆستا بە چەکێکی گرنگی لەسەر خۆ کردنەوە باسی دەکات، ئەمڕۆ بە ئاشکرا نەک لە پلەکانی بەرزی لێکۆڵینەوەی زمانی زاناکانی زمانناسی کوردا دەیبینین، بەڵکو بۆتە ئەرکێکی نەتەوەیی گشتیی کە زۆر کەس تەنانەت لە پیناویدا تیرۆرکراون و زیندانی کراون وەک شەهید ئاپێ موسا عەنتەر لە باکوور و زارا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. زمانی کوردی زمانی ژیانەوە و ئازادیی و ئاشتی نێوان مرۆڤەکانە، بە پێجەوانەی ئەو زمانانەوە کە داگیرکەرانی کوردستان پێی دەدوێن، زمانی داگیرکردن، کوشتن، بەرهەمهێنانی رق و جودای و وێرانکردنە، زمانی خۆویستی و سەپاندنی خۆیە، هەر ئەو بیرە فەلسەفییە قوڵەی کە مامۆستا باسی لێوە کردووە.
وانەی دووەم ئەوەیە کە مامۆستا رێنماییمان دەکات، کە هەر چەکێکی لەسەر خۆکردنەوە بۆکورد بێتە بەردەستمان، بێ دوو دڵی کەڵکی لێوەرگرین و ئەوەی کە نزیکترە و لەبەردەستترە، دەست بۆ ئەوە بەرین و هیچ چەکێک بە بێنرخ و بەنرختر نەزانین، هەموو تەکاندانێکی بچووک و گەورە بۆ مەسەلەی کورد گرنگە و دەبێت سوودی لێوەرگرین.
بابەتێکی گرنگی تری ئەم نووسینەی مامۆستا ئەوەیە کە دەبێت بەردەوام خۆمان نوێ بکەینەوە و داهێنەر بین لە هەموو ئەو بوارانەی کە پەیوەندیان بە کورد و گرفتی کورد و پێشوەچوونی مەسەلەکەیەوە هەیە. هەروەها لەوە تێ بگەین کە سەرچاوەی زانیاری گەلانی تر سەبارەت بە ئێمە ئەو نووسراوانەن کە لە وڵاتەکانیاندا بڵاوکراونەتەوە، چوونکە میللەتان هەموویان ناتوانن سەفەر بکەن بۆ تێگەیشتن لە کلتوور و داب و نەرێتی یەکتر، بۆیە سەرچاوەی گرنگی زانیاری ئەو کتێبانەن کە زاناکانیان بڵاویان کردوونەوە سەبارەت بە کورد، کە زۆر ڕێی تێدەچێت، تەنانەت سیاسەتی وڵاتەکانیشیان لەسەر بناغەی ئەو نووسینانە بێنە داڕشتن سەبارەت بە میللەتانی دی، بۆیە گرنگە کە ئێستا سەرچاوەکان زیاتر و تێکەڵبوونەکان ئاسانتر و ئاگاداربوونەکان لەیەکتر زۆر خێراترە، کورد بتوانێت خۆی وا بنوێنی کە میللەتانی تر لێی تێبگەن. بزووتنەوەی ئازادیخوازیی کورد لە ئەمڕۆدا بەتایبەت لە باکووردا بە جدی و بێ پسانەوە ئەرکێکی گرنگی ڕابوونی کوردی لە ئەستۆ گرتووە و بە هەموو بوونیەوە بەرگری لێدەکات و بەرخۆدانی بەردەوامی بۆ دەکات، ئەو بزووتنەوەیە بەردەوام لە نوێ بوونە و هەوڵداندایە بۆ دەستڕاگەیشتن بەو ئامڕازانەی یارمەتی پێشوەچوونی دۆزی کورد دەدەن و تێکۆشانەکەی هەموو بوارەکانی ژیان و ژیاریی نەتەوەکەیان گرتۆتەوە و زۆرینەی نەتەوەکە لە دڵەوە هاوسۆزی ئەم ڕاپەڕینەن، ئەگەر هاوکار و پشتیوانی ڕاستەوخۆشی نەبن، بێگومان سەرکەوتن لە کۆتایدا بۆ بەرخۆدانی گەلە و کورد لەو نەتەوانەیە کە زیندووە و خۆی نوێدەکاتەوە و ئایندە هی ئەوە و داگیرکەرانی دەرەکی و خیانەتمەندای ناو خۆی ناتوانن بەر بە ڕابوونە سەردەمیانەکەی بگرن، کۆسپ و تەگەری بۆ دەخوڵقێنن بەڵام ناتوانن لە بزووتن پەکی بخەیەن.

سەرنجەکان:

*تایتلی وتارەکە لە نووسینەکەی مامۆستاوە وەرگیراو.
** (.......) ئەو خاڵانە مانای وایە کە ئەو باسە درێژەی هەیە لەلایەن مامۆستاوە، بەڵام لەبەر زۆر تایبەتبوونی سەبارەت بە زمان من لەو پێشەکییە تەنیا ئەو بەشانەم هەڵبژاردووە، کە مەبەستم بووە. ئەو پێشەکییەی مامۆستا لە کتێبەکەدا ٢٨ لاپەرەیە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە