ناکۆکی لەسەر دەسەڵات لە دنیای ئیسلامدا بەشی (١)

Friday, 07/06/2024, 22:15

3626 بینراوە


ئاین لە مێژووی ژیانی مرۆڤایەتییدا ڕەگێکی قوڵی هەیە. مردن یەکێک بووە لە هۆ سەرەکییەکان کە مرۆڤ لە بوون و نەمانی خۆی ڕابمێنێت، بۆ وەڵامی ئەوە بگەڕێت،  کە چۆن هاتووە و بۆ کوێ دەچێت و كێ دروستی کردووە، بۆیە ئاینی ئیسلام یەکەم ئاین و دوا ئاین نەبووە کە سەری هەڵداوە لەسەر گۆی زەوی. ڕەنگە لە دوورگەی عەرەبی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئاخیر ئاین و ئاخیر پێغەمبەر بووبێت، بەڵام لە ناوچەکانی دی سەرگۆی زەوی ئاینی دی سەریهەڵداوە، واتە تەنیا خەڵکی دوورگەی عەرەبی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدوای وەڵامی بوونی خوددا عەوداڵ نەبوون، تەنیا خەڵکی ئەو ناوچانەش بە عەبدی خودا نەناسراون، واتە بوونی خودا تەنیا بۆ عەرەب لە قاڵب نەدراوە تا ئێمە لە دوای مردن و لەژێر ئەرزیش بە زمانی عەرەبی بدوێین!
بەگوێرەی مێژوو بێت، کۆنترین ئاین، زەردەشتی و بودیزم و هیندۆنیزم بووە، کە هەرسێکیان لەنێو کۆمەڵگەی عەرەبیدا نەبوون. مێژوو پێمان دەڵێت، کە پێش پێخەمبەری ئیسلام، سەدان کەس هەبوون، کە لەنێو خەڵکدا خۆیان بە پەیامنێری خودا ناساندوە،، ئەم ڕاستیە تەنیا لە کتێبە مێژوویەکاندا نەهاتووە، بەڵکو لە قورئاندا ددانی پێ دانراوە، کە پێش پێخەمبەری ئیسلام، بە سەدان پێخەمبەر هەبوون و پەنجە بۆ ناوەکانیان درێژ کراوە، وەک ئادەم، ئیبراهیم، ئیسماعیل، یوسف، داوود، ساڵح، نوح، ڵووت، زەکەریا، موسی، عیسا، یوسف و یونس و دەیانی دی. هەموو ئەو پێخەمبەرانە، کاریان کردووە بۆ ئەوەی خەڵک بگەیننە ئەو بڕوایەی کە ئەوان پەیامنێری خودان و پێگەیان لەلایەن خوددا بەرز دەنرخێندرێن، بەم هەنگاوە ویستوویانە پێگەی جەماوەریی بەهێز بکەن و پشتیوانیان لێ بکرێت تا بگەنە دەسەڵات.
هەموو ئەو پێخەمبەرانەی لە مێژوودا ناسراون، لە قۆناغێکی دیاری کراودا، خۆیان بە ڕاست زانیوە، هەوڵیانداوە ئاینەکەیان لەنێو زۆربەی کۆمەڵگە و نەتەوە و میللەتانی دنیادا گەشە بکات و بگەنە لووتکەی دەسەڵات. ئەوەی توانیویەتی بگاتە دەسەڵات و کۆنتڕۆڵی ئابووری کردبێت، ئاوا توانیویەتی بەگوێرەی ئەو قۆناغە دیاری کراوە سوپا پێکبهێنێت، هەژموون و دەسەڵاتی بەسەر کۆمەڵگەدا بسەپێنێت، دەستور داڕێژێت بۆ بەڕێوەبردنی دەسەڵاتی سیاسی، زمان و کلتووری خۆی بەسەر میللەتاندا بسەپێنێت. واتە گەیشتن بە دەسەڵات مەبەستی سەرەکیی بووە لەژێر دروشمی ئاینییدا، بۆیە هەموویان تا هاتوونەتە دەسەڵات، تووشی شەڕ و ناتەبایی و بەرەنگاری بوونەوە بوونە.
ئاینی ئیسلام لە دوورگەی عەرەبی سەریهەڵداوە و بە تایبەتی لە مەککە و مەدینە، لەبەرئەوەی پێش ئیسلام مەککە بۆ خەڵکی ناوچەکە پیرۆز بووە، پێش ئیسلام خەڵکی ئەو ناوچانە بۆ حەج هاتوون، لە کتێبە ئاینی و مێژوویەکاندا هاتووە، کە پێغەمبەری ئیسلام پێش ئەوەی ببێت بە پێغەمبەر بۆ حەج چووە و سەردانی مەککەی کردووە، جگە لە بەردی ڕەش کە لەژێر ئاڵای ڕەشدا ئێستا پۆشراوە، کۆمەڵێک بتیش لەو شوێنەدا هەبوون، خەڵک هاتووە بۆ نزا و پەرستویانن. لەبەرئەوەی خەڵکێکی زۆر ساڵانە هاتوون بۆ ئەو شوێنە، لە ئەنجامدا بۆتە سەنتەری ئابووریی و قەڵەباڵغی و گۆڕینەوەی بیروباوەڕ.
ئایتی ئیسلام کە لە دوورگەی عەرەبی سەری هەڵدا، لە قۆناغی هەرە سەرەتادا، پێغەمبەری ئیسلام و لایەنگرانی بە بارودۆخێکی ئێجگار سەخت و ناهەمواردا ڕەت بوون، بەنهێنی کۆبونەوەیان کردووە و خەڵکیان بۆ بیروباوەرەکەی خۆیان ڕاکێشاوە، لەو قۆناغەدا ئیسلام خاوەن دەوڵەت و سەرمایە و ئابووریەکی پتەو نەبووە واتە لە قۆناغی خەبات بووە، بۆیە ئەوەی کە بەرەنگاریان بوونە، بە پلەی یەکەم ئەوانە بوونە کە ئەو کات لە دەسەڵاتدا بوونە، مەترسی ئەوەیان لێ نێشتووە کە ئەگەر ئەو ئایینە گەشە بکات، پێغەمبەر هەواداری زۆر بێت، پێگەی ئەوان لە دەسەڵات و لەنێو خەڵکدا لاواز دەکات و لەگەڵ کاتدا ئەو دەسەڵات دەگرێتە دەست، دواتریش دەرکەوت بۆچوونەکانیان ڕاست بوو، کاتێک کە ئیسلام سەرکەوتنی بەدەست هێنا، پێغەمبەر دەسەڵاتی سیاسی ئەو ناوچەیەی کەوتە ژێر دەست، دواتر لەشکری ئیسلامیان پێک هێنا، پەلوپۆیان بۆ ناوچەکانی دەوروبەری خۆیان هاوێشت و دەسەڵاتی حوکمڕانیان گەیشتە ئیمارات، یەمەن، قەتەر، عومان و بەحرێن کە پێخەمبەری ئیسلام بەڕێوەی دەبرد.
دانیشتن لەسەر کورسی دەسەڵات، ناکۆیەکی ئێجگار زۆری لە خودی نێو دنیای ئیسلامییدا لە سەرەتایی قەڵەمڕەویان دروست کردووە. دوای مردنی پێخەمبەری ئیسلام، ناکۆکی لەنێوان ئەسحابەکان و خزم و کەسە نزیکەکانی پێغەمبەر،
لەسەر گرتنە دەستی دەسەڵات و میراتی سیاسی و ئابووری زێتر زەق بووتەوە، دژی یەکدی کاریان کردووە و یەکتریان کوشتووە.

ئەو بابەتە درێژەی دەبێت


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە