بەرنامەی مەگەزین و نەندێشە

Tuesday, 19/05/2015, 19:34

2629 بینراوە


 دوێنێ بەرنامەی مەگەزینی کوردسات زمانحاڵی یەکێتی نیشتمانی کوردستان چاوپێکەوتنێکی سەرنج ڕاکێشی لەگەڵ بەڕێزێك بەناوی(هەژار) ساز دا لەمەڕ کاری ڕۆژنامەنووسی و کاریگەری دەزگای ئەندێشە و ستراتیژی ئەم دەزگایە.
لێرەدا هەوڵ ئەدەین تیشك بخەینە سەر ستراتیژی دەزگای ئەندێشە کە لەبواری پەخش و بڵاوکردنەوەی پەرتووك کارئەکەن .ئەڵبەتە ئەم دەزگایە درێژ کراوەی دەزگای سەردەمە،هەربۆیە تۆزقاڵێک و بەموو لەستراتیژی دەزگای سەردەم لای نەداوە. هەربۆیە هەمان کار و ئەجندای سەردەم دوو بارە وکۆپی ئەکاتەوە لەچۆنێتی کارکردن و شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ جۆری پەرتووك و نووسەرانیدا. ئەم دەزگایە ئەگەر چی بەناوێکی جودا هاتۆتە بواری میدیاو ڕاگەیاندنەوە،لێ بەبۆچونی من  یەکێکە لەو دەزگا و میدیا سێبەرانەی دەسەڵات. ئەگەر چی ئەمان خۆیان بە ئەهلی و بێ لایەن هەژمار ئەکەن،بەڵام لەڕاستیدا پێچەوانەکەی ڕاستە.
لەیەکێ لەپرسیارەکان دەربارەی چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو جۆرە پەرتووکانەی بەچاپی ئەگەیەنن ،کەئایا چ پێوەرێك ڕەچاو ئەکەن.. لەوەڵامدا کاك هەژار دوو پێوەری لا گرنگە ئەوانیش (بازاڕ و کەسی نووسەر) واتە ،ئەو جۆرە پەرتووکانە مامەڵەی لەگەڵ ئەماندا ئەکرێ کە زۆرترین و پڕفرۆشترینە. هەروەها هی ئەو نووسەرە دیار و بەرچاوانەیە کە ناسراون . کاك هەژار نمونەی (دکتۆر مەریوان قانع و بەختیار عەلی)وەك نمونە دێنێتەوەو ئەڵێ؛ پێوستە خوێنەر گوێ لە دکتۆر مەریوان و بەختیار بگرن،لەبەرئەوەی ئەوان نوخبەن و ڕۆشنبیری لوتکەن،کەئەمەش هەمان تێڕوانین و مامەڵەکردنی زۆربەی دەزگا بەناو میدیا و ڕاگەیاندنەکانی باشوورە و بەتایبەتی هی زۆنی سەوز. ئەمە سەرباری ئەوەی هەمان پێوەرەکانی دەزگای سەردەمیش بوو. ئەوان تەنها چەند نووسەرێك وەك نووسەری نوخبە هەژمار ئەکەن و پەرتووکەکانیان بۆ بڵاو ئەکەنەوە.
لەپرسیارێکی دیکەدا کەئایا ستراتیژی ئەندێشە چیە،وەڵامێکی گەلێ سەرنج ڕاکێش و لەهەمان کاتیشدا ترسناك هاتە ئاراوە. کاك هەژار ووتی؛ ئێمە لە دەزگای ئەندێشە کار بۆ ئەوە ئەکەین کە خوێنەربەرەو ئارامی بەرین و لە بیری تووندو تییژی بەدووری کەین. ئێمە هەوڵ ئەدەین نووسینی ئەو کەسانە بکەینە بابەتی خۆمان کە تەنها خوێنەر بەرەو هێمنی ئەبا . هەر بۆیە پەرتووکەکانی ئەهلی نوخبە بڵاو ئەکەینەوە لەبەرئەوەی پێمان وایە ئەوان خوێنەر هێواش ئەکەنەوەو دیوێکی تری مەدەنیەت وشارستانیەتیان فێر ئەکەن.
لێرەدا ڕووی دەممان ئەکەینە کاك هەژار و پرسیارێکی لێ ئەکەین کە لەڕاستیدا ئەبوو هەڵسوڕاوانی بەرنامەی مەگەزین بیانکردایە، ئەویش ئایا دەزگای ڕۆشنبیری، میدیایی،ڕاگەیاندن، ڕۆژنامەنووسی ، نووسین و ووتار ولێکۆڵینەوە و ستوون و تەوەرەکانیان نابێ باسی شتە بڤەکان و شکاندنی هێڵە سوورەکان بێ!! ئاخۆ کاری ڕۆژنامەگەری و هاوشێوەکانیان بۆ ئەوە نیە خەڵکی ووشیار بکەنەوە بەوەی خۆیان لەو بابەتانە بدەن کە خەڵکی ئاسایی یان نازانن وەیان ناوێرن قەرەی بکەون!! کەی کاری نووسین و ڕۆمان و چیرۆك و شانۆ بریتی بوە لە خامۆش کردن و هێواش کردنەوە و ئارام کردنەوەی شەقام و خوێنەر!! ئەوەندەی ئێمە بزانین لە کوردستانپۆست کاری ئێمە دەست بردنە بۆ ئەو بابەتانەی کەوا خەڵکانی تر ناوێرن خۆیانی لێ بدەن، یان بابەتی وان کە ڕەنگە مەترسی لەسەر ژیانی نووسەرانی دروست کردبێ. زۆر جار کاری نووسین لە کوردستانپۆست بۆ ئەوە بووە شکۆی فشەڵی ئەم دەسەڵاتە بشکێنێ و جارێکی تر وەك خۆیان بە خوێنەری  بناسێنێ. کوردستانپۆست هێڵە سوورەکان ئەشکێنێ و پیرۆزییەکانی هەردوو بنەماڵە هەلا هەلا ئەکا و ڕاستیەکان ئەخاتە پێش چاوی خوێنەر. لەڕاستیدا ئەمە کاری ڕاگەیاندن و میدیا و نووسینە.
ئێمە کار ئەکەین بۆ ئەوەی نەوەی نووسەری یاخی و پرسیارکەر دروست بکەین، ئێمە کار ئەکەین بۆ ئەوەی نەوەیەك پرسیار لەسەروەت و سامانی ئەم دز و مافیایانە بکات، نەوەیەك ترسی نەمێنێ لەوەی تاڵەبانی و بارزانی هێڵی سوور بن، کاری ئێمە ئەوەیە نەوەیەك فێرکەین تاکە شت لای هێڵێ سوور بێ (خۆشەویستی گەل و نیشتمان و بەرژەوەندیە باڵاکانی) لای ئێمە تاکی کورد ئەوەندە پیرۆزە کە خیانەت لەم خاك و ئاوە ناکا. ئێمە خۆمان لە هیچ بابەتێك نەدزیوەتەوە و چەند بۆمان کرابێ ڕاستیەکانمان خستۆتە ڕوو. ئەشێ هەندێ جار تووشی هەڵەی لابەلاش بووبین،لێ ئەمەش کارێکی ئاساییەو ئەو کەسە هەڵە ناکا کەهیچ ناکا.
لەوەش ترسناکتر کاتێ کاك هەژار ووتی: ئێمە کار لەسەر تەمەنە گەنجەکان ئەکەین لەنێوان (ناوەندی و دوا ناوەندی) واتە تەمەنی١٢-١٨ کەئەمەش بەڕاستی جێگەی هەڵوەستەکردنە ، لەبەرئەوەی پارت و ڕێکخراوە تووند و تیژەکانیش هەمان بۆچوونیان هەیە و لەهەوڵی ئەوەدان تەنها مێشك و هزری ئەو کەسانە داگیربکەن لەو تەمەنەدا، چونکە  گەلێک ئاسانترە بۆ کۆنترۆڵکردنیان. ئەوەتا هیتلەر و سەدام و داعش و هاوشێوەکانیان هەوڵیان داوە مێشکی گەنجان بشۆنەوە تا بەئاسانی لەژێر کۆنترۆڵیاندا بن. دەنا دەزگای ڕاگەیاندن  و پەخشی وەك نەدێشە پێویستە ئەجندایان بۆ هەموو تەمەنەکا بێ، دەنا ئەو ماستە موویەکی تیایە.
بە بڕوای من دەزگای ئەندێشە هەروەك دەسەڵات داوای لێکردوە کە کار بکات بۆ دروست کردنی نەوەیەکی بێ دەنگ، نەوەیەك داوای مافی خۆی نەکا ونەچێتە سەر شەقام و خۆپیشاندان نەکا. نەوەیەك تەنها چەند نووسەرێکی نوخبە بپەرستن و نەچن بەلای ئەوانەی فێری فیکە لێدان و خۆپیشاندان وڕەخنە گرتن و مانگرتن و دواتر شۆڕشکردن بێ. کەئەمەش لەسەدا سەد ئەوەیە کە دەسەڵات ئەیەوێ. دەسەڵات نەوەیەکی ئەوێ کەوا تەنها گوێگر بن و بەس. نەوەیەکی ئەوێ مل بۆ هەموو پێشێلکاری و دزی و خیانەتەکانیان درێژ بکەن و هێچ نەکەن. نەوەیەکیان ئەوێ لەجیاتی ڕەخنە و گلەیی و گازندە و بیرکردنەوە لەمافەکانیان،تەنها بێ دەنگ و کپ و خامۆش بن. نەوەیەك ڕەش بە سپی ببینێ و دەسەڵاتێکی ناڕەواو نادیموکراتی و ملهۆڕ وەك فریادڕەس بزانن. نەوەك تەنها کۆیلەی مووچە بن و بیرلەوە نەکەنەوە پرسیاری بڤە بکەن. بۆیە بەڕاستی ئەبێ گەنجان و خوێنەران گەلێ بەباشی لەڕاستی ئەم دەزگایە ئاگادار بن و نەکەونە ژێر هەژموون و بەئاسانی لەخشتە نەبرێن. 



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە