خشتە‌ی کاتە‌کی پە‌رە‌سە‌ندن

Tuesday, 25/12/2018, 22:57

17912 بینراوە


پێش ئەوەی خشتەیەکی وا بخەینە بەردەست، بە پێویستی دەزانین ئاماژە بە چەند زانیارییەکی گرینگ بدەین لەبارەی زەوی و هەلی پەیدابوونی ژیان. شتێکی ناسراوە کە زەوی وەکوو تەنێکی ناوازەی ئاسمانیی، لە گەردووندا هاوشێوەی هیچ هەسارەیەکی دیکە نییە، چونکە تاکە شوێنە (ئەوەی تا ئێستە زانراوە) ئارام بێت و بۆ ژیان بگونجێ. ئەویش لەبەر بوونی چەند مەرجێکی لەباری، وەک کایە موگناتیسییەکەی و بەرگە کژەکییەکەی کە بووەتە چەترێک بۆ پاراستنی لە بەرانبەر تیشکە زیاندەرەکانی خۆر. بوونی هەوا، ئاو و خۆراک کە پێداویستی بنەڕەتین بۆ ژیان، وامان لێ دەکەن هەست بکەین ئەو هەسارە دەگمەنە، بەتایبەتی بۆ ئێمە دروست کرابێت. بەڵام لە ڕاستیدا پێش ٤،٥ ملیار ساڵ بەم جۆرە نەبووە، بگرە زەویش وەکوو کۆمەڵە هەسارەکانی دیکەی خۆر، بارستایییەکی گازی گەلێک گەورە بووە، پاش گۆڕانکارییەکی یەکجار زۆر بووەتە هەسارەیەک کە پڕ بێت لە بوونەوەری زیندوو.
گرینگترین ئەو گۆڕانانەی بەسەر زەویدا هاتن و بوونە هۆی سەرهەڵدانی ژیان و زۆربوونی زیندەوەران، بە بوونی ئۆکسیجن پێکهاتنی چینی ئۆزۆن بوو، کە بایەخەکەی لەوەدایە ڕێ نادات، تیشکی ژووروەنەوشەیی زیاندەر بگاتە سەر ڕووی زەوی. کاری کایە موگناتیسییەکەشی ئەوەیە، هەموو ئەو تەنۆلکە سەرەتایییە بارگەگرانەی کە بەخێرایییەکی زۆر لە خۆرەوە بەرەو زەوی دێن پەرتوبڵاویان بکاتەوە، تا نەتوانن بگەنە زەوی و زیان لە زیندەوەرانی بدەن.
سەرباری ئەمانە، بوونی ئەو تایبەتمەندییە فیزیایییانەی زەوی و خولگە لەبارەکەی سووڕانی بە دەوری خۆردا کە گەرمی و وزەی پێ دەدەن، وایان لێ کردووە ژیانی تێدا ببێت، تا ئەمڕۆش بمێنێت. زاناکان دەڵێن، لەوانەیە ١،٢ ملیار ساڵی دیکەش بەردەوام بێت، تا ئەو دەمەی تینی تیشکی خۆر ڕوو لە زێدەبوون دەکات و کۆتایی بە ژیان دەهێنێت، ئەمەش گەر بێت و پێش ئەو کاتە ڕووداوێکی مەزن ژیان لە زەویدا بنەبڕ نەکات.
بابەتی پەیدابوون و پەرسەندنی مرۆڤ وەکوو یەکێک لە جۆرەکانی زیندەوەران، بەندە بە بنەچەی کۆمەڵەی گشتی ئاژەڵەکان و مێژووی پەیدابوونیان. بۆیە بۆ تێگەیشتن لە پێوەندی نێوان مرۆڤ و پێشینەکانی، پێویستە بە ڕەوتی پەرەسەندنی ژیاندا بچینەوە بە هەموو شێوەکانی، ئەوانەی کە بوونە هۆی دەرکەوتنی ڕەگەزە جۆراوجۆرەکانی مرۆڤ، لەڕێی ئەو پەرەسەندنانەی کە ماوەیەکی زۆری لە تەمەنی زەوی پێویست بووە.
پێشەکی لەبەر ئەوەی زەوی تەمەنێکی درێژی چەند ملیار ساڵی هەیە، بۆیە بۆ ئاسانکاری دەکرێ، ئەو ماوەیە بۆ چوار سەردەم کە لە درێژیاندا جیاوازن، دابەش بکرێت.
یەکەمیان: ماوەی نێوان پێکهاتنی زەوی و سەرەتاکانی بوونی ژیانی یەکجار دێرین، کە بەشێکی زۆری تەمەنی زەوی دەگرێتەوە. بەهۆی بەرزی پلەی گەرمی، جگە لە زیندەوەرە سەرەتایییە وردەکانی وەکوو بەکتریاکانی ناو زەریاکان، هیچ زیندەوەرێکی دیکە لەسەر زەوی نەبوون، ئەمانە ناو دەنرێن بە (نابڕبڕەدارەکان).
دووەمیان: پێی دەگوترێ، سەردەمی ژیانی کۆن کە نێزیکەی ١٥%ی تەمەنی زەوی پێک دەهێنێت. لێرەدا زیندەوەران هەرچەندە ژمارەیان کەم بوو، بەڵام جۆراوجۆرییەکی زۆریان تێدا دەبینرا. ئەم سەردەمە دیسانەوە دەکرێتە چوار چاخ، ئەوانیش: چاخی کامبری کە لەوێدا بەشی ڕەقی ئەندامەکانی زیندەوەران پەیدا بوون، هەروەها کۆمەڵەی ئیسفەنجییەکان تەشەنەیان کرد. لە دوای ئەمە چاخی ئۆردۆڤیشی دێت کە تێدا کۆمەڵەی مەرجانەکان سەریان هەڵدا. پاشان چاخی سیلوری دەستی پێ کرد، کە گواستنەوەی ژیانی لە دەریاکانەوە بەرەو وشکانی بەخۆوە دیت. لەدوایشدا چاخی دێڤۆنی هات کە لەوێدا ژیانی لێوار دەریاکان بەرەو قووڵایی کیشوەرەکان چوو، هەر لەم چاخەدا بوو دارستانە مەزنەکان پەیدا بوون کە پاش ئەوەی کەوتنە ژێر زەوی، چینگەلەکانی خەڵووزی بەردیان پێک هێنا، جگە لەمانە چەند جۆرە ماسییەکی بڕبڕەداریش، لەو سەردەمەدا بەدەر کەوتن.
سێیەم: سەردەمی ناوەڕستی پێ دەگوترێت، درێژییەکەی نێزیکەی ٦%ی تەمەنی زەوی دەبێت و سێ چاخ دەگرێتەوە، ئەوانیش: تریاسی، جوراسی و کریتاسین، کە تێیاندا گەلێک جۆرە داری مەزن و یەکەمین جۆری ڕوەکی گوڵدار و ژمارەیەکی زۆر لە خشۆکەکان، سەریان هەڵدا.
چوارەم: ئەمەشیان پێی دەگوترێت، سەردەمی ژیانی نوێی، کورتترین سەردەمە کە خۆی لە نێزیکەی ٥٠ ملیۆن ساڵێک دەدات، لەم سەردەمەدا شیردەرەکان پەرەیان سەند، لەوانیشەوە مرۆڤ پەیدا بوو.
لە ڕێرەوی پەرەسەندنی زیندەوەراندا بۆ پۆلێنسازی و دەستنیشانکردنی شوێنی تایبەتیی مرۆڤ، دەکارین زۆر بەکورتی و بەخێرایی بڵێین، لە بنەچەدا مرۆڤ سەربە کۆمەڵەی ئاژەڵەکانە کە دەکرێتە دوو بەشی سەرەکی، یەکێکیان وردەزیندەوەرە یەکخانەییەکانن، ئەوەی دیکەیان زیندەوەرە فرەخانەکانن کە مرۆڤ یەکێکە لەوان. ئەو فرەخانانە دەکرێنە چەندان ئاست و پلەی جۆراوجۆر، یەکێکیان پەتکدارەکانە کە مرۆڤیش دەگرێتەوە، مەبەست لە ئاژەڵی پەتکدار ئەوانەن کە لەسەر تەوەرەی درێژایی لەشیان، خاوەنی پەتکە دەمارێکی درێژی پشتن کە بەشێکە لە کۆئەندامی دەمارەکییان. ئەو پەتکدارانە ژمارەیەکی زۆر جۆری جیاجیایان هەیە، یەکێکیان مرۆڤ بەشێکە لێی پێی دەگوترێت، بڕبڕەدارەکان، لەوانەدا بەرگێکی ئێسکەیی درێژایی پەتکی پشتیان دادەپۆشێت. جارێکی دیکە ئەو بڕبڕەدارانە دەکرێنە چەندان بەشی دی، یەکێکیان کۆمەڵەی مرۆڤ بەشێکە لێیان، بە شیردەرەکان دەناسرێن، ئەمانەش ئەو ئاژەڵانەن کە شیر دەدەنە بێچووەکانیان لەڕێی لووە شیرڕژێنەکانیانەوە. بەشێکی ئەو شیردەرانەدا کە مرۆڤیش دەگرێتەوە پێیان دەگوترێت، شیردەرە وێڵداشدارەکان، ئەمانە وێڵداشیان هەیە کە بەهۆیەوە لەناوەوەی لەشیاندا خۆراک دەدرێتە ئاوەلەمە، لە ماوەی نێوان ئاوسبوون و زایینیاندا.
ئەم بەشە دەکرێتە چەند بەش و لکی دیکەی جۆراوجۆر کە یەکێکیان سەرەکییەکەکانن، لکێک لەو سەرەکییانە مرۆڤ دەگرێتەوە پێی دەگوترێت، نیوچەمرۆیییەکان. دواجار ئەو نیوچەمرۆیییانە دەکرێنە سێ لکی سەرەکی، لکێکیان مرۆڤ و مەیموونە باڵاکانن، دووەمیان مەیموونەکانی جیهانی کۆنن، سێیەمیش مەیموونەکانی جیهانی نوێن.
لە زۆربەی بابەتەکانی پەرەسەندنی زیندەوەران، بەتایبەتیش ئاژەڵەکان، دەگەینە ئەو بەرەنجامەی کە لەسەردەمی نوێی ژیاندا، شیردەرەکان بە بەراوردکردن لەگەڵ ئاژەڵەکانی دیکە، لە هەموویان زێدەتر هەنگاویان ناوە لە ڕەوتی پەرەسەندندا، ئەمەش وای لێیان کردووە ببنە خاوەن کۆمەڵێک نیشانە و تایبەتمەندی دەگمەن، کە لە هیچ جۆر و بەشێکی دیکەی زیندەوەراندا نەبێت.
دەکرێ گرینگترین ئەو تایبەتمەندییانە لەم چەند خاڵەدا کۆ بکرێنەوە:
* پتەوی پێکهاتەی ئێسکەپەیکەرەکانیان.
* چالاکی و بەهێزیی ماسوولکەکانیان.
* کەللەسەریان پێک هاتووە لە چەند پارچە ئێسکێک کە لە ژمارەدا کەمن.
* دوو ڕیزە ددانیان هەیە، پێک دێن لە چەند بڕەڕ، کەڵبە، ددانی بچووک و ددانی هاڕین و جوین.
* گەرمی خوێنەکانیان، بۆ ئەوەی زێدەترین وزەیان پێ بدات.
* بێچووەکانیان لە وێڵداشدا هەڵدەگرن و خۆراکیان پێ دەدەن، تا ئەو کاتەی دەزێن.
* مێشکیان تا ڕادەیەکی زۆر گەشەی کردووە، بەتایبەتیش لە سەرەکییەکاندا.
بە بەردەوامبوونی پەرەسەندنی ئەو شیردەرانە، پاشانیش پەرەسەندنی سەرەکییەکان بەرەو هێلی مرۆییەکان گوڕوتینێکی پتری بەخۆوە بینی، ئەوانیش لەم چەند خاڵەدا چڕ دەکرێنەوە:
١ - گەشەکردنێکی زۆری قەبارەی مێشک و کەللەسەر، هەروەها زێدەبوونی خڕی شێوەیان.
٢ - وای لێهات دوو کونەچاویان بە ئێسکی بازنەیی دەور بدرێن و لە دواوەدا ئیسکەدیواریان هەبێت.
٣ - بەرەبەرە خزانی کونەچاوەکانیان لە تەنیشتەکانی ڕووەوە بەرە پێشەوە.
٤ - پتربوونی خزانی بڕبڕەکانی مل لە دواوەی کەللەسەر بەرەو ناوەڕاستی بەشی ژێرەوەی.
٥ - کشانەوەی ڕوو بەرەو بەشی ژێری کەللەسەر.
٦ - پووکانەوەی ئێسکی لووت.
سەبارەت بە خشتەی کاتەکی ژیان دەمانەوێت بڵێین، ژیان لە ‌سە‌رە‌تای پە‌یدابوونیە‌وە‌ تا دە‌گاتە‌ ئە‌مڕۆ، گە‌شتێکی لە‌ ڕادە‌بە‌دە‌ری دوورودرێژی چە‌ند ملیار ساڵییە. بێگومان لەو کاتەوە زەوی ژمارەیەکی لە ئەندازەبەدر گۆڕانکاری و کارەساتی سروشتی بەخۆوە بینیووە، بە‌ڵام بۆ ئە‌وە‌ی بگە‌ینە‌ تێگە‌یشتنێکی گشتی لە‌و گە‌شتە‌ی ژیان، با زۆر بە‌کورتی چاوێک بخشێنین بە‌ ڕووداوە‌ گرینگە‌کانی.
پێشەکی لێرەدا سێ تێبینیمان هە‌یە:
یەکەم: ئە‌و ڕووداوانە‌ زۆربە‌یان دە‌گە‌ڕێنە‌وە‌ بۆ ڕابردووێکی یە‌کجار دوور، بە‌مە‌ش دیارکردنی تە‌مە‌نی هە‌ر دۆزەوە‌یە‌ک بە‌وردی لای زاناکان کارێکی سە‌خت‌ و دژوارە، بۆیە‌ ژمارەی ساڵەکان نێزیکە‌یین. هەروەها تەمەنی هەڵکۆڵدراوەکان و ساڵی ڕووداوەکانی ئەم خشتە‌یەی خوارەوە، دەشێت لە سەرچاوەیەک بۆ یەکێکی دیکە تا ڕادەیەک جیاواز بن.‌
دووەم: هەر کاتێک لە پەرەسەندن و پەیدابوونی زیندەوەرانی نوێ دەدوێین، مەبەستمان هەمیشە جۆری زیندەوەرانە نەک تاکەکان، بۆیە ئەو دەمەی کە ناوی یەکەمین بڕبڕەدار، شیردەر هەتا مرۆڤیش دێنین، گەرەکمان ئاماژەکردنە بە جۆرەکانیان، چونکە لە پەرەسەندندا شتێک نییە، پێی بگوترێ یەکەمین ماسی، یەکەمین ئەسپ، یاخۆ یەکەمین مرۆڤ.
سێیەم: ئە‌م خشتە‌یە‌ کورتەیەکی مێژوویی پە‌رە‌سە‌ندنە‌، پتر گرینگی دراوە‌ بە هێڵی کاتە‌کی پە‌رە‌سە‌ندن و دە‌ستنیشانکردنی‌ چە‌ند پێشینە‌یە‌کی جۆری ئاژەڵان، بە‌تایبە‌تیش مرۆڤ. چونکە ئاشکرایە ڕیزکردنی هە‌موو پێشینە‌کانی ڕوە‌ک و ئاژەڵان و گشت ڕووداوە‌ سروشتییە‌ مە‌زنە‌کان، پێویستی بە‌ خشتە‌یە‌کی گەلێک فرەوان و دوورودرێژە کە نەکارین ئەنجامی بدەین.

کات ١ = ١٠٠٠٠٠٠ (ملیۆن) ساڵ
١٣٨٢٠: سە‌رە‌تا‌ی پەیدابوونی گە‌ردوون لە‌ ئاکامی‌ تە‌قینە‌وە‌یە‌کی مە‌زن (Big Bang)، لە پاشاندا پێکهاتنی گەلەستێرەکان، لەمانەش گەلەستێرەی (ڕێی شیری).
٤٦٠٠: پەیدابوون و پێکهاتنی کۆمەڵەی خۆر.
٤٥٠٠: چێبوون و پێکهاتنی زە‌وی، لە پاشاندا خۆپێدادانی ژمارە‌یە‌کی زۆری تە‌نە‌ کشاو و کلکدارە‌ ‌ئاسمانییە‌کان.
٤١٠٠: ساردبوونە‌وە‌ی ڕووی زە‌وی و ڕە‌قبوونی توێکە‌‌کە‌ی، پێکهاتنی چینگە‌لی هە‌وا (بەرگی کژەکی) و دروستبوونی زە‌ریاکان.
٤٠٠٠: پێکە‌وە‌نانی ئاوێتە و گە‌ردیلە‌ زیندەکییەکان بە‌ هۆکاری پە‌ستان و گە‌رمی.‌
٣٨٠٠: پەیدابوونی ژیان، پاشانیش دەرکەوتنی پێکهاتە‌ سە‌رە‌تایییە‌کانی، وەکوو بە‌کتریا سە‌رە‌تایییە‌کان.
٣٥٠٠: دوا پێشینە‌ی گشتی دەبێتە دوو بەش، زیندەوەرە یە‌کخانە‌یییەکانی خاوە‌ن ناوکۆکە‌یە‌کی سە‌رە‌تایی‌ و بەکتریا.
٣٠٠٠: دە‌رکە‌وتنی ڕۆشنە‌پێکهاتن لە‌ ڕوە‌کدا.
٢٥٠٠: یە‌کە‌مین ئە‌و زیندە‌وە‌رانە‌ی ئۆکسیجنیان بە‌کار بردووە‌ بۆ وزە‌.
٢١٠٠: زیندەوەرە یەکخانەیییەکانی خاوە‌ن ناوکۆکە‌یە‌کی ڕاستە‌قینە (ئاڵۆزاو).
١٢٠٠: زۆربوون بە کرداری زایەندییەتی کە هۆکارێکی گرینگە‌ بۆ خێراکردنی پە‌رە‌سە‌ندن.
١٠٠٠: دە‌رکە‌وتنی ڕوە‌کە‌ ئاوییە‌ فرە‌خانە‌کانی وەکوو قە‌وزە‌کان.
٨٠٠: دەست پێ کردنی چاخی سەهۆڵین، نێزیکەی ٢٠٠ ملیۆن ساڵی خایاند.
٦٠٠: یە‌کە‌مین زیندە‌وە‌ری (ئاژەڵ) فرە‌خانە سە‌رە‌تایییە‌کان،‌ زۆرینە‌ی تۆژینە‌وە‌کان بە جۆرێک لە‌ ئیسفە‌نجییە‌کانی دادە‌نێن.
٥٨٠: پێوە‌دە‌رە‌کان، یە‌کە‌مین زیندە‌وە‌ری فرە‌خانە‌یی کە دە‌مارگە‌ل و ماسوولکە‌ی هە‌بووە، ڕەنگە‌ یە‌کە‌مین ئە‌و زیندە‌وە‌رانە‌ بن کە توانی جووڵە‌یان هە‌بووە.‌ ‌
٥٥٠: کرمە‌ تە‌پیووە‌کان، یە‌کە‌مین زیندە‌وە‌ری مێشکدار.
٥٤٠: تە‌قینە‌وە‌ی کامبری، ڕوودانی چەند گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی و پە‌رە‌سە‌ندنێکی گە‌ورە‌، دە‌رکە‌وتنی ژمارە‌یە‌کی یە‌کجار زۆر لە‌ زیندە‌وە‌ران بە‌ چەندان جۆری جیاجیاوە.‌ گفتوگۆ و تۆژینەوەی زاناکان هە‌تا ئێستە بە‌ردە‌وامە، لەبارەی ئە‌و تە‌قینە‌وە‌یە‌ و هاتنە‌کایە‌ی لە ناکاوی ئە‌و هە‌مە‌جۆرییە‌ مە‌زنە.‌ ‌
٥٣٠: پیکایا (Pikaia)، یە‌کە‌مین زیندە‌وە‌رە کە ئێسکی پشتینە و دە‌ماری دڕکە‌یی هە‌بووە، بە‌ پێشینە‌ی هە‌موو پە‌تکدارە‌کان دە‌ژمێردرێت.
٥٠٥: یە‌کە‌مین ماسیی بڕبڕە‌داری بێشە‌ویلگە،‌ پێشینە‌ی جۆری مارماسییە‌کان.
٤٨٠: پلاکۆدێرمی ( Placodermi)، یە‌کە‌مین ماسیی شە‌ویلگە‌دار.
٤٧٥: سە‌رهە‌ڵدانی ڕوە‌کی سە‌ر وشکانی.
٤١٧: دە‌رکە‌وتنی مێرووە‌کان.
٤٠٠: ماسیی دڕکەیی سیلەکانس (Coelacanth)، بە (بەردەنییە زیندووەکان) ناو دە‌نرێت، چونکە‌ لە‌ شێوەی ئەو‌ ماسییانە‌ ئێستەش هە‌ن.
٣٧٥: یە‌کە‌مین ماسیی پە‌ڕکە‌ی لۆدار (ئە‌و پە‌ڕکانە‌ی لە‌ گۆشت پێک دێن)، دەرکەوەتنی تیکتالیک (Tiktaalik)، نێوانەکی ماسییەکان و چوارپەلە سەرەتایییەکان.
٣٦٥: بە‌شێک لە‌ ماسییە‌ پە‌ڕکە‌ گۆشتیییەکان کە لە‌ تە‌نکاوی سازگار و هەندێکیان لە‌ زە‌لکاوە‌کان دە‌ژیان، بە‌ پە‌رە‌سە‌ندن پە‌لیان لێ پە‌یدا بوو، بۆیە‌‌ بە‌ پێشینە‌ی چوارپە‌لەکان دادەنرێن. هەندێک لە‌مانە‌ بە ‌بە‌کارهێنانی پە‌لە‌ سە‌رە‌تایییە‌کانیان، بۆ ماوە‌یە‌کی کورت دەهاتنە‌ سە‌ر وشکانی، بە‌مە‌ش سە‌رە‌تای چە‌ند ئە‌ندامێکی هە‌ناسە‌دانی وەکوو سییە‌کان دە‌رکە‌وتن (ئەم‌ جۆرانە‌ ئێستەش بە‌رچاو دە‌کە‌ون).
٣٦٠: پە‌رە‌سە‌ندنی ڕوە‌ک و پە‌یدابوونی تۆوە‌کانی، ئە‌مە‌ش بووە‌ هۆی زۆربوون و تەشەنەکردنێکی بەربڵاو و خێرای ڕوە‌کە‌کان لە‌سە‌ر وشکانیدا.
٣٤٠: ئە‌کانتۆستیگا (Acanthostega)، زاناکان وای بۆ دە‌چن یە‌کە‌مین ئەو ئاژەڵە بێت چوار پە‌لی تە‌واوی هە‌بووە، هەرچەندە لە‌شی لە‌گە‌ڵ ژینگە‌کە‌یدا بە‌چاکی نە‌سازا بوو.
٣٠٠: پە‌رە‌سە‌ندنی وشکاوە‌کییە‌کان، لە‌ئە‌نجامدا یە‌کە‌مین خشۆک لێیانە‌وە‌ پە‌یدا بوو. گۆڕانی پێستە و پێکهاتنی لە چینێک خانەی وشک و دانانی جۆرێکی دیکەی هێلکە کە توێکڵێکی پتەو و ڕەقی هەبێ تا ڕێ لە وشکبوونەوە بگرێت، یەکێکە لە گەورەترین وەرچەرخاندنەکانی مێژووی پەرەسەندن کە بووە هۆی ئەوەی بوونەوەرەکان بتوانن لەسەر وشکانیدا بژین.
پێکە‌وە‌لکانی وشکانی و پێکهاتنی کیشوە‌ری مە‌زن (پە‌نگیا)، ئە‌مە‌ش بە‌ دوا پێکە‌وە‌لکان دادە‌نرێ کە پتر لە ١٠٠ ملیۆن ساڵی خایاند، پاشان جارێکی دیکە‌ دە‌ستی بە‌ لە‌تبوون کردەوە.
٢٥٦: خشۆکە‌کان بوون بە‌‌ دوو بە‌ش: دیپاسیدا‌ (Diapsida) پێشینە‌ی خشۆکاکانی ئێستە، سیناپسیدا (Synapsids) کە پاشان پە‌رە‌یان سە‌ند و بوون بە ‌جۆرێک لە‌و نیوچە‌شیردە‌رانە‌ی بە‌ تیراپسیدا (Therapsida) دە‌ناسرێن. جگە لەمانە خشۆکەکان لە مێژووی پەرەسەندندا ئاراستەیەکی دیکەشیان وەرگرتووە بەرەو باڵندەکان، واتە خشۆکەکان پێشینەی هەر یەک لە شیردەرەکان و باڵندەکانن.
٢٢٥: سەرەتای سەرهەڵدانی دایناسۆرە‌کان.
٢٢٠: بە‌شێک لە‌ تیراپسیداکان پە‌رە‌یان سە‌ند بۆ جۆرێکی نێزیک لە‌ شیردە‌رە‌کانی ئە‌مڕۆ، بە‌تایبە‌تی لە لێکچوونی‌ شێوە‌ی شە‌ویلگە‌کانیان.
٢١٠: سینۆدۆنتس (Cynodonts)، واتە سەگەددان، بە‌شێک لە‌مانە‌ دە‌بنە‌ پێشینە‌ی ڕاستە‌وخۆی گشت شیردە‌رە‌کانی ئە‌مڕۆ، ئە‌م ئاژەڵانە‌ گۆشتخۆر بوونە، لە‌شیان پلە‌ی گە‌رمییە‌کی جێگیر و لووی شیرڕژێنیان هە‌بووە‌، بە‌ یە‌کە‌مین ئە‌و ئاژەڵانە‌ش هەژمار دەکرێن کە توێکی مێشکیان هە‌بووە، وەکوو ئە‌وە‌ی لە‌ شیردە‌رە‌کاندا دەبینرێت.
٢٠٥: خشۆکە‌ باڵدارە‌کان.
٢٠٠: شیردە‌رە‌کان.
١٥٠: ئارکیۆپتریکس (Archaeopteryx)، واتە کۆنەباڵندە، پاشان لەمانەوە باڵندە‌کان سەریان هەڵدا.‌
١٣٠: پە‌یدابوونی ڕوە‌کی گوڵدار، دەست پێ کردنی کرداری زۆربوونی ڕوە‌ک لە‌ڕێی‌ گوڵە‌وە‌.
١٢٥: ئیۆمایا سکانسۆریا (Eomaia scansoria)، پێشینە‌ی گشت شیردە‌رە‌ وێڵداشدارە‌کان.
٦٥: لە‌ناوچوونی بە‌کۆمە‌ڵی زۆربە‌ی جۆری زیندە‌وە‌ران، بە‌تایبە‌تی دایناسۆرە‌کان (جگە‌ لە هەندێ جۆری باڵداریان). پەیدابوونی لکێک لە‌ شیردە‌رە‌ شە‌وگە‌ڕە‌کانی (Nocturnality) مێرووخۆر، ئەمانە پاشان بوونە‌ سێ بە‌شی جودا، یە‌کێکیان دەبێتە پێشینە‌ی شیردە‌رە‌ سە‌رە‌کییە‌کان (باڵاکان).
٥٧: سەرەکییەکان (Primate)، پێشینەی گشتی کۆمەڵەی نیوچەمەیموونییەکان و مەیموون، نیوچەمرۆیییەکان و مرۆڤ. 
٤٠: سە‌رە‌کییە‌کان لە یەکدی جیا دە‌بنە‌وە‌ و دوو بە‌ش پێک دێنن: یە‌کێکیان ستریپسیرهینی‌‌ (Strepsirrhini) پێشینە‌ی لیمورییە‌ سەرەکییەکان، ئە‌وە‌ی دووەمیش هاپلۆرهینی (Haplorhini) پێشینە‌ی شێوە مە‌یموونییەکان.
٣٥: ‌هاپلۆرهینی دەبێتە دوو لک: تارسیفۆڕمەکان (Tarsiiformes) شێوە نیوچە مەیموونییەکان و سیمییفۆڕمەکان (Simiiformes) شێوە مەیموونییەکان.
٣٠: شێوە مەیموونییەکان دە‌بنە‌ دوو بەش:‌ پلاتیرهینی (Platyrrhini) (مەیموونە لووت پانەکان) لە‌ ئە‌فریکاوە‌ کۆچی کرد و بووە مە‌یموونە‌کانی جیهانی نوێ (ئەمریکای ناوەڕاست و باشوور)، کاتارهینی (Catarrhini) (مەیموونە لووت بچووکەکان) لە‌ ئە‌فریکا مایەوە.‌
٢٥: کاتارهینی بووە‌ دوو بە‌ش: مە‌یموونی جیهانی کۆن (ئەفریکا و ئاسیا) و مە‌یموونە‌ نوێباوە‌کان.
١٥: مە‌یموونی نوێباو (بێکلکەکان) بووە‌ جۆری مە‌یموونە‌ نزمە‌کان (گیبۆن)، کە پێشینە‌ی مە‌یموونە‌ باڵاکانن (ئۆرانگوتان، گۆریلا، شیمپانزی،‌ مرۆڤ).
١٣: پیرۆلاپیتیکس کاتالۆنیکس (Pierolapithecus catalaunicus)، پێشینە‌ی مە‌یموونە‌ باڵاکانە، ئەمە بە‌ پێشینە‌ی هاوبە‌شی گۆریلا و مرۆڤ دادە‌نرێ، دە‌فە‌ی سنگی و ئێسکی شانی تە‌خت و پتە‌و بوون، ئێسکی خوارە‌وەشی‌ بە‌تین بوو، هەروەها مە‌چە‌کی نە‌رمی هە‌بوو، هە‌موو ئە‌و ئاکارانەش‌ یاریدە‌ر بوون بۆ بە‌داردا هە‌ڵگە‌ڕان.
١٠: لک لێبوونە‌وە‌ی (بەجۆربوون) گۆریلا.
٧: ساهیلئە‌نتڕۆپس چادنسیس (Sahelanthropus tchadensis)، لک لێبوونە‌وە‌ی شیمپانزییە لە‌دوا پێشینە‌ی هاوبە‌شی لە‌گە‌ڵ مرۆڤدا.
٦: ئۆرۆرین توگنێنسیس (Orrorin tugenensis)، ئەو نیوچەمرۆیییانەی کە خۆراکیان ڕە‌گی پتە‌وی ڕوە‌ک و تۆوی ڕە‌ق بووە.
٤،٤: ئاردیپیتیکس ڕامیدس (Ardipithecus ramidus)، ناسراو بە‌ ئاردی، یەکێکە لە نیوچەمرۆیییەکانی پێشینەی مرۆڤ.
٣،٥: ئە‌سترە‌لۆپیتکس (Australopithecus)، نیوچەمرۆیییەکانن کە لە‌ نێزیک ئە‌شکە‌وت و گڕکانە‌کان دە‌ژیان، لە‌ جێماوەکە‌یاندا بەدە‌ر دە‌کە‌وێت کە بە‌ دوو پێ دە‌ڕۆیین، دۆزەوەی ناودار لوسی (Australopithecus afarensis)، نموونە‌یە‌کی‌ ئە‌م جۆرەیە.‌‌
٣: ئە‌سترە‌لۆپیتکس کۆچ دە‌کا بە‌رە‌و ساڤانای ئە‌فریکا، لە‌و ماوە‌یە‌دا کە خۆی لە‌ یەک ملیۆن ساڵ دە‌دا، نیوچەمرۆیییەکان گەلێک گۆڕانی دیکە بەخۆوە دەبینن و پەرە دەسێنن بەرەو مرۆییەکان، هەروەها لە‌بە‌ر بە‌رزی پلە‌ی گە‌رمی ئە‌و ناوچە‌یە،‌ بەرەبەرە‌ ئە‌و مووە‌ چڕانە‌ی لە‌شی نامێنن.
٢،٥: هۆمۆ (Homo)، دە‌رکە‌وتنی پێشینە‌ی مرۆیییەکان لە‌ ئە‌سترە‌لۆپیتکس، لە‌تە‌ک ئە‌مانە‌دا هەندێک جۆرە‌ کەلوپەل و ئامێری، وەکوو تە‌وری بە‌ردین دۆزراونەتەوە‌.
٢: هۆمۆ هابیلس (Homo habilis)، واتە مرۆڤی کارامە،‌ ئەمانە هەندێ جۆرە‌ کە‌رە‌ستە‌ی بە‌ردینی سە‌رە‌تایییان بە‌کار دەهێنا. دە‌رکە‌وتنی ئە‌و شوێنە‌ی بە (بروکا) دەناسرێ کە لە مێشکدا کرداری ئاخاوتن ئەنجام دەدات.‌
١،٩: هۆمۆ ڕودۆلفینسیس (Homo rudolfensis)، مرۆڤی دەریاچەی ڕودۆلف، هەڵکۆڵدراوەکەی لە کینیا دۆزرایەوە، لەبەر بچووکیی قەباری مێشکی، زاناکان بەتەواوی هاودەنگ نین، لەوەی کە سەربە کۆمەڵەی مرۆیییەکان بێت.
١،٨: هۆمۆ ئیڕەکتس (Homo erectus)، مرۆڤی باڵا ڕاست پەرەدەسێنن لە‌ ئە‌فریکا، پاشانیش کۆچ دەکەن بۆ ئاسیا و چەند ناوچەیەکی دی، یە‌کێکن لە‌ نێزیکترین پێشینە‌کانی مرۆڤی نوێدەم، لە‌گە‌ڵ مرۆڤی ئێستە زۆر لە یەک دە‌چن‌. هەر لەو سەردەمانەدا هۆمۆ ئیڕگاستر (Homo ergaster)، کە دەکاتە مرۆڤی کارکەر سەرهەڵ دەدات، بەڵام ئایە ئەم کۆمەڵەیە سەربە مرۆڤی باڵا ڕاستە، یاخۆ کۆمەڵەیەکی جیاوازە؟ ئەمەیان هەتا ئێستە بەتەواوی یەکلایی نەبووەتەوە.
١،٧٥: مرۆڤی گورجستان (Homo georgicus)، چە‌ند نیشانەیە‌کی هاوبە‌شی هە‌بووە لە‌گە‌ڵ هە‌ریە‌کە‌ لە‌ هۆمۆ هابیلس و هۆمۆ ئیڕەکتس.
١،٥: پێشینە‌کانی مرۆڤ ئاگر بەکار دەهێنن بۆ چەند مەبەستێک.
کات ١ = ١٠٠٠ (هەزار) ساڵ
٧٠٠: پێشینە‌ی مرۆڤی نیاندە‌رتاڵ و مرۆڤ.
٥٠٠: مرۆڤی نیاندە‌رتاڵ (Homo neanderthalensis)، لە پێشینەکانییەوە سەرهەڵ دەدات.
٣٣٥: مرۆڤی هایدلبێرگ‌ (Homo heidelbergensis)، شوێن پێیە‌کانی بە‌جێ دە‌مێنن لە‌سە‌ر خاکی بە‌ خۆڵە‌مێش داپۆشراوی نێزیک گڕکانێک لە‌ ئیتالیادا، ئە‌مانە‌ لە‌گە‌ڵ هۆمۆ ئیڕەکتس لێک دە‌چن، بە‌ڵام مێشکی مرۆڤی هایدلبێرگ گە‌ورە‌تر بووە.
١٩٥: هۆمۆ ساپیەنس (Homo sapiens)، واتە مرۆڤ، مرۆڤی هاوچەرخ، یاخۆ مرۆڤی هۆشدار (ژیر)، ئۆمۆ١ و ئۆمۆ٢ کۆنترین دوو دۆزەوەن لە ‌ئیتیۆپیا کە بە‌ڵگە‌ی ‌بوونی مرۆڤی هۆشدارن لە‌و سە‌ردە‌مە‌دا.
١٦٠: مرۆڤی هۆشدار مردووە‌کانی دەنێژێت، هەروەها چە‌ند هەڵسوکەوتێکی مرۆیی گرینگی دیکە ئەنجام دەدات،‌ لەڕێی هە‌ڵکۆڵدراوە‌کان و شوێنە‌واری بە‌جێماویان، سە‌رە‌تای خۆڕازاندنە‌وە‌ و بیروبڕوای بە‌پیرۆز زانین دەبینرێن.
١٥٠: دە‌رکە‌وتنی حە‌وای مایتۆکۆندریایی لە‌ ئە‌فریکا، ئە‌مە‌ ناوی ژنێکی گریمانە‌کییە،‌ بە‌ نوێترین پێشینە‌ی هاوبە‌شی لە‌ (دایکە‌وە)ی‌ گشت مرۆڤە‌کانی ئە‌مڕۆ دادە‌نرێت،‌ مایتۆکۆندریا (خانە‌وزە)‌ پێکهاتە‌یە‌کی خانە‌یییە‌، تە‌نیا لەڕێی دایکە‌وە دەگواسترێتە‌وە.‌
٧٠: پە‌رە‌سە‌ندنی یەکە بۆماوەیییەکانی ئاخاوتن و هەندێ یەکەی دیکە‌ کە تایبە‌تن بە‌ هە‌ڵسوکە‌وت و ڕە‌فتارەکانی‌ مرۆڤ. لە‌ مێژووی پە‌رە‌سە‌ندنی مرۆڤ ئاخاوتن (زمان)، وەک هۆیە‌کی بە‌یە‌کگە‌یشتن و گوزارشتکردن لە پێداویستە‌کان، وە‌رچە‌رخانێکی مە‌زنی هێنا کایە‌وە‌ و گو‌ڕوتینێکی بەهێزی دا بە‌ ڕە‌وتی پێشکە‌وتنی کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری.
٦٠: دە‌رکە‌وتنی ئادە‌می کڕۆمۆسۆمی Y لە‌ ئە‌فریکا، ئە‌مەش زاراوەیەکی دیکەیە و بەرانبەرە بە حەوای مایتۆکۆندریایی، بە نوێترین پێشینە‌ی هاوبە‌شی لە‌ (باوکە‌وە)ی‌ گشت مرۆڤەکانی ئەمڕۆ دادەنرێت.
٥٠: دە‌ست پێ کردنی کۆچڕە‌وی مرۆڤ بە‌رە‌و باشووری ئاسیا و ئوسترالیا (ئە‌و بە‌یە‌کە‌وە‌ لکانە‌ی وشکانی لە نێوان ئیندۆنیسیا و ئوسترالیا کە لە‌و دەمەدا هە‌بوو، ئێستە نە‌ماوە)، کۆچڕە‌وی کۆمە‌ڵە‌یە‌کی دیکەی مرۆڤ بە‌رە‌و ئە‌وروپا.‌
٤٠: مرۆڤی کرۆماگنۆن (Cro-Magnon)، لە نێوەندە زانستییەکاندا پتر بە یەکەمین مرۆڤی ئەوروپایی هاوچەرخ دەناسرێت، ئەمانە ڕاوی ئاژەڵی مامووسیان دە‌کرد، هەر لە‌و کاتە‌وە‌ هە‌تا ئە‌مڕۆ، بنە‌بڕکردنی ئاژەڵە‌ مە‌زنە‌کان بە‌دە‌ستی مرۆڤەوە بە‌ردە‌وامە!
٣٠: بنە‌بڕی مرۆڤی نیاندە‌رتاڵ.
١٨: مرۆڤی فلۆریس (Homo floresiensis)، دە‌رکە‌وتنی مرۆڤی کورتە‌باڵا لە‌ دوورگە‌یە‌کی فلۆریسی ئیندۆنیسیا.
١٢: بنە‌بڕی مرۆڤی فلۆریس، بە‌مە‌ش مرۆڤی هۆشدار (هۆمۆ ساپیەنس) بە‌تە‌نیا دە‌مێنێتە‌وە‌ لە‌ سەرتاپای کۆمە‌ڵە‌ مرۆیییە‌کان.
١٠: مرۆڤ فێرە‌ کشتوکاڵ دە‌بێت.
٣: مرۆڤ لە‌ ئاسیا و ئە‌وروپا ئاسن بە‌کار دەهێنێ بۆ چەندان مە‌بە‌ستی جیاواز.
پاش هە‌موو ئە‌مانە‌ش مرۆڤ بە‌ چەندان قۆناغی جیاجیای دیکە تێ پە‌ڕیووە،‌ لەڕێی شۆڕشە‌ یە‌ک لە‌دوای یە‌کە‌کانی وەکوو پیشە‌سازی و تە‌کنە‌لۆژیا، کۆمە‌ڵگە‌ی مرۆڤایە‌تی هە‌میشە‌ بە‌رە‌و پێشە‌وە‌ دە‌چێت.
-------------------------------------------------------------------
ئەوەی سەرەوە خشتەیەکە لە کتێبێکی ئامادەکراو کە لە ئایندەدا بڵاو دەکرێتەوە.
سەرچاوەی وێنەکان:
سەرچاوەکان:

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە