بەهۆی کارکردن لەسەر هەندێک گیروگرفتی تەکنیکیی لە رۆژی 11-06-2024 تا  20-06-2024 کوردستانپۆست هیچ بابەتێکی نوێ بڵاوناکاتەوە


مومتەلەكاتى حكومى و بازرگانى حزبى

Saturday, 17/07/2010, 12:00

1090 بینراوە



زۆرشتى عەجایب لەم هەرێمەى خۆمان بەدى دەكرێت بەڵام سەیرە كەس قسەى لەسەرناكات و هەموومان بێدەنگى بەرامبەر ئەو شتە عەجایب و ناوازانە دەنوێنین ، ئەگەر لەژیانى رۆژانەماندا كەمێك وردبینەوە لەدەوروەرمان بۆئەوەى بزانین كەژیان چۆن دەگوزەرێت ئەوا شتى زۆر قێزەون دەكەوێتە بەرچاو، ئەو نمونەى كەمن دەمەوێت هەلوەستەى لەسەر بكەم و بیخەمە بەرچاوى كاربەدەستە حكومیەكانى ئەم هەرێمە و ئەگەر ئارەزوویان كرد تا بەدواداچونى لەسەربكەن ، هەموو لایەكمان ئەوە دەزانین چەند ساڵێكە حكومەتى هەرێمى كوردستان لەسەر بودجەى حكومەت كەپارە و پاروى خەڵكە و لەوپارەیەیە كەلەبەغداوە بۆهەرێم دێت دەیان یاریگاى چیمەنى دەستكردى دروستكردووە لەناوگەرەكەكانى شار و لەقەزا و ناحیەكان كەجێگاى دەستخۆشیە و دیاردەیەكى شارستانى و پێشكەوتنى كوردستانە ، بەڵام سەیرە وێراى ئەوەى كەئەو یاریگایانە حكومەت دروستى دەكات بەڵام رێكخراوى حزبى سەرپەرشتى دەكات و داهاتەكەشى دەچێتە گیرفانى چەند كەسێك لەرێكخراوە حزبیەكان كەئەمەش دیاردەیەكە پێوستە بەدواداچونى لەسەربكرێت ، دواى ئەوەى یاریگاى چیمەن لەشوێنێك دروست دەكرێت و تەواو دەبێت راستەوخۆ دەكەوێتە سەرناوى یەكێتى لاوانى كوردستان كەرێكخراوێكى حزبیە و خۆیان سەرپەرشتى دەكەن و بەئارەزووى خۆیان داهاتەكەى تەخشان و پەخشان دەكەن و دەچێتە گیرفانى چەند كەسێك ، وەكو لاى هەمووان روونە لەكابینەى رابردوو وەزارەتێكمان هەبوو بەناوى وەزارەتى وەرزش و لاوان و لەكابینەى نوێش وەزارەتێكمان هەیە بەناوى وەزارەتى رۆشنبیرى و لاوان كەپێویستە ئەویاریگا چیمەنە دەستكردانەى حكومەت دروستى دەكات ئەو وەزارەتانە سەرپەرشتى بكەن و فەرمانبەرى بۆدابین بكەن و داهاتەكەشى بگەرێننەوە بۆحكومەت بەڵام كەنەكراوە و ناكرێت پێویستە هەلوەستەى لەسەر بكرێت ، ئەگەر سەیرى ئەو یاریگا چیمەنە دەستكردانە بكەین وێراى ئەوەى كەداهاتى مانگانەیان زیاتر لە3ملیۆن دینارە بەڵام 1دینار لەویاریگایانە سەرفناكرێت و دەچێتە گیرفانى چەند كەسێك و یاریگاكانیش بەرەو وێران بوون دەچن و دواى چەند ساڵێكیش داوا لەحكومەت دەكرێت ئەو یاریگایانە نۆژەن بكاتەوە !!!سەیرە ئەو هەرێمەى ئێمە بەم جۆرە بەرێوەدەچێت و كەسیش دەنگ ناكات ، پێویستە هەرچى زووە ئەو یاریگایانە بخرێنە سەرمیلاكى وەزارەتى رۆشنبیرى و لاوان و فەرمانبەرى بۆدابین بكرێت و داهاتەكەى بۆحكومەت بگەرێندرێتەوەو برێكیش لەوداهاتانە لەخودى ئەو یاریگایانە سەرف بكرێتەوە چونكە زۆرێك لەویاریگایانە بەهۆى ئەوەى تەنها بازرگانیان پێوەدەكرێت بەرەو وێران بون دەچن و بەشێكیشیان وێران بوونە و كەسیش ئاورى لێناداتەوە ، سەیرە لەهەرێمێك كەدوو دیوانى چاودێرى دارایى هەبێت و بەوجۆرەش حزب و رێكخراوى حزبى دەست بخاتە قاقاى داهاتى حكومەت و بەئارەزووى خۆیان چەند كەسانێك تەخشان و پەخشانى پێوەبكەن و بیخەنە گیرفانى خۆیان ، زۆرجار حكومەت داواى بەلگە دەكات لەسەر گەندەلى و دەستوەردانى حزب لەكاروبارى حكومەت من دەپرسم ئایا ئەوە بەلگەیەكى روون و ئاشكرا نیە ؟ ئەگەر حكومەتیش خۆى لێ بێدەنگ كردووە ئایا بۆپەرلەمان قسەى لەبارەوە ناكات ؟ بۆبەدواداچونى بۆناكرێت ؟ بۆدەبێت رێكخراوى حزبى وەكو مشەخۆر لاشەى حكومەت و داهاتى ئەم میللەتە بدۆشێت و كەسیش قسەنەكات ؟ ئایا كاتى ئەوە نەهاتووە دەستوەردانى حزبى لەكاروبارى حكومەت كۆتایى پێبهێندرێت ؟ بەدلنیاییەوە كاتى هاتووە و بەلكو بگرە درەنگیش بووە بۆیە دەبێت حكومەت و پەرلەمان و وەزارەتى رۆشنبیرى و لاوان بەزووترین كات بەدواداچونى جددى لوبارەیەوە بكات و كۆتایى بەودیاردە نەخوازراوە بهێنن ، نابێت میللەت لەمەودوا قبول بكات كە ئەو یاریگایانەى بەپارەى میللەت دروست دەكرێت داهاتەكەى بچێتە گیرفانى چەند كەسێك .


 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە