• Su
  • Mo
  • Tu
  • We
  • Th
  • Fr
  • Sa
  • 28
  • 29
  • 30
  •  
  •  
  •  
  •  

ڕیکلام

وشە: لە ڕۆژی: تا ڕۆژی:


كۆمیته‌ی به‌رگری له‌ رۆژنامه‌نووسان

Wednesday, 06/05/2009, 12:00

1624 بینراوە


بۆ زانیاری زیاتر په‌یوه‌ندی بكه‌ن به‌:

موحه‌مه‌د عه‌بدول دایم، رێكخه‌ری به‌رنامه‌ی رۆژهه‌ڵاتی نا‌وه‌ڕاست و باشووری ئه‌فه‌ریقیا

ته‌له‌فۆن: ٠٠١٢١٢٤٦٥١٠٠٤

ئیمه‌یل: [email protected]
مه‌ریوان حه‌مه‌سه‌عید، توێژه‌ری به‌رنامه‌ی رۆژهه‌ڵاتی نا‌وه‌ڕاست و باشووری ئه‌فه‌ریقیا

ته‌له‌فۆن: ٠٠١٢١٢٣٠٠٩٠١٧

ئیمه‌یل: [email protected]
٥ی ئایاری ٢٠٠٩

به‌رێز نێچیرڤان بارزانی ‏، سه‌رۆك وه‌زیرانی حكومه‌تی هه‌رێمی كورردستان ‏

نوسینگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كورردستان ‏

‏١٦٣٤ ئای ستریت، شوقه‌ی ٢١٠‏

واشنتۆن دی سی

له‌رێر فاكسه‌وه‌: ٢٠٢٦٣٧٢٧٢٣‏
به‌رێز سه‌رۆك وه‌زیران بارزانی، ‏
كۆمیته‌ی به‌رگری له‌ رۆژنامه‌نووسان ده‌یه‌وێت سه‌رنجی ئێوه‌ بۆ خراپبوونی بارودۆخی ‏ئازادی رۆژنامه‌گه‌ری له‌ كوردستاندا رابكێشێت. ژماره‌یه‌كی ترسناك له‌ ده‌عوای سزایی ‏‏(جنائی) كه‌ هانده‌ری سیاسیان له‌پشته‌ دژی رۆژنامه‌نووسان،كه‌ زۆرینه‌یان سه‌ربه‌خۆن، تۆماركراون و ‏هه‌روه‌ها چه‌ندین پێشێلكاریش له‌ یاسای كاری رۆژنامه‌نووسی هه‌رێمدا ئه‌نجامدراون. ئه‌و ‏یاسایه‌ نوێیه‌هیچ برگه‌یه‌كی تێدانییه‌ كه‌ ئاماژه‌ به‌ رێگه‌دان به‌ زیندانیكردنی رۆژنامه‌نووسان بدات، ‏به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا هێشتا رۆژنامه‌نووسان زیندانیده‌كرێن. ‏
‏ كۆمیته‌ی به‌رگری له‌ رۆژنامه‌نووسان دڵخۆشه‌ به‌ هه‌ندێ هه‌نگاو كه‌ حكومه‌ته‌كه‌ی ئێوه‌ ‏ناویه‌تی بۆ باشكردنی ئازادی رۆژنامه‌گه‌ری له‌ كوردستاندا، له‌وانه‌ ده‌ركردنی یاسای ‏رۆژنامه‌گه‌ری له‌ ئه‌یلولی ٢٠٠٨دا. رۆژی ٢٧ی نیسان رۆژنامه‌كانی كوردستان بڕیارێكی ‏قادر حه‌مه‌ جان، به‌رێوه‌به‌ری ئاسایشی هه‌رێم له‌ سلێمانی، یان بڵاوكرده‌وه‌ بۆ كێشانه‌وه‌ی ‏سه‌رجه‌م ئه‌و ده‌عوایانه‌ی كه‌ له‌لایه‌ن ئاسایشه‌وه‌ دژی رۆژنامه‌نووسان تۆماركراون له‌ ‏پارزگای سلێمانیدا. كۆمیته‌ی به‌رگری له‌ رۆژنامه‌نووسان پێشوازی له‌و بڕیاره‌ده‌كات و ‏هه‌موو دامه‌زراوه‌ حكومییه‌كان هانده‌دات كه‌ هه‌مان كار بكه‌ن. ‏
رۆژی ٢٩ی نیسان، یه‌كه‌مین دانیشتنی دادگا بۆ دادگاییكردنی، به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه‌، دوو كه‌س، ‏كه‌ تۆمه‌تباركراون به‌ پلاندانان بۆ‌ كوشتنی ئه‌حمه‌د میره‌، سه‌رنوسه‌ری گۆڤاری لڤین، له‌ ‏سلێمانی به‌ڕێوه‌چوو. ئه‌حمه‌د میره‌ به‌ كۆمیته‌ی به‌رگری له‌ رۆژنامه‌نووسانی راگه‌یاند كه‌ له‌ ‏كاتی بڵاوبوونه‌وه‌ی هه‌واڵی ده‌ستگیركردنی تۆمه‌تباره‌كاندا، له‌ میدیاكانی كوردستانه‌وه له‌ ‏مانگی تشرینی یه‌كه‌می ٢٠٠٨دا‌، ئێوه‌ په‌یوه‌ندیتان پێوه‌كردبوو بۆ‌ ده‌ربڕینی پشتیوانی بۆ ‏مه‌سه‌له‌كه‌ی. ‏‎ ‎ئێمه‌ پشتگیری جه‌نابتان به‌رزده‌‌نرخێنین. كۆمیته‌ی به‌رگری له‌ رۆژنامه‌نووسان ‏له‌ نزیكه‌وه‌ موتابه‌عه‌ی دادگاییكردنه‌كه‌ ده‌كات و داواشی له‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان كردووه‌ كه‌ ‏دڵنیایی بكه‌نه‌وه‌ له‌وه‌ی كه‌ دادگاییكردناكه به‌‌ دادپه‌روه‌رانه‌ و ئاشكرایی ئه‌نجامده‌درێت. ‏
سه‌ره‌ڕای ئه‌م هه‌نگاوه‌ ئیجابیانه‌، زیره‌ك كه‌مال له‌ سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی ‏كوردستان به‌ كۆمیته‌ی به‌رگری له‌ رۆژنامه‌نووسانی راگه‌یاند كه‌ له‌ سه‌ره‌تای مانگی كانوونی ‏دوومی ئه‌مساڵه‌وه‌ رێكخراوه‌كه‌یان ٣١ حاڵه‌تی ده‌عوا تۆما‌ركردنی له‌ دژی رۆژنامه‌نووسان ‏تۆماركردووه‌. هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شی وت كه‌ ٢٦ له‌و ده‌عوایانه‌ به‌پێی بڕگه‌ له‌كارخراوه‌كانی ‏یاسای سزادانی عێراقی ساڵی ١٩٦٩ تۆماركراون. به‌ڵام توێژینه‌وه‌كانی كۆمیته‌ی به‌رگری له‌ ‏رۆژنامه‌نووسان ئاماژه ‌به‌وه‌ده‌كه‌ن كه‌ له‌ سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه‌ زیاتر له‌ ٥٠ ده‌عوا دژی ‏رۆژنامه‌نووسان تۆما‌ركراون. ‏
كۆمیته‌ی به‌رگری له‌ رۆژنامه‌نووسان به‌تایبه‌تی نیگه‌رانه‌ له‌و ده‌عوایه‌ی كه‌ رۆژی ٢٣ی ‏نیسان له‌لایه‌ن چنار سه‌عد، وه‌زیری شه‌هیدان و كاروباری ئه‌نفال، دژی نه‌به‌ز گۆران، ‏سه‌رنوسه‌ری گۆڤاری جیهان، به‌تۆمه‌تی ناوزراندن تۆماركراوه‌و تیایدا داوای یه‌ك ملیار ‏دینار(٨٥٩،٠٠٠ دۆلار) قه‌ره‌بوو ده‌كات. ده‌عواكه‌ پاش بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵێكی ‏گۆڤاره‌كه‌ تۆماركرا كه‌ تیایدا هاتبوو كه‌ وه‌زیر سه‌فه‌رێكی دوو مانگه‌ی بۆ‌ له‌نده‌ن كردووه‌. ‏نوسینگه‌ی وه‌زیر هه‌واڵه‌كه‌ی بۆ گۆڤاره‌كه‌ پشتڕاستردبووه‌یه‌وه‌.
جگه‌ له‌و ده‌عوایه‌ نه‌به‌ز گۆران به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ ١٧ ده‌عوای تر له‌ دژی هه‌ن له‌به‌ر ‏نووسینه‌كانی. چوار له‌و ده‌عوایانه‌ له‌ ساڵی ٢٠٠٩دا تۆمه‌ركراون. زۆرینه‌ی ده‌عواكانیش ‏له‌لایه‌ن به‌رپرسانی حزبی و حكومییه‌وه‌ له‌دژی به‌رزكراونه‌ته‌وه‌. ‏
داوا له‌ جه‌نابتان ده‌كه‌ین كه‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی حكومه‌ت هانبده‌ن كه‌ هه‌موو ئه‌م ده‌عوایانه‌ ‏بكێشننه‌وه‌ كه‌ هانده‌ری سیاسیان له‌ پشته‌و له‌سه‌ر رۆژنامه‌نووسان تۆماركراون. ‏
له‌لایه‌كی تره‌وه‌ جێبه‌جیكردنی یاسا نوێیه‌كه‌ی كاری رۆژنامه‌نووسی بێ كێشه‌نه‌بووه‌. یه‌كێك له‌ خاڵه‌گه‌شه‌كانی ‏یاساكه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ باس له‌ سزای زیندانیكردن ناكات بۆ ئه‌و رۆژنامه‌نووسانه‌ی كه‌ رووبه‌رووی دادگاییكردن ده‌بنه‌وه‌ له‌سه‌ر كاری رۆژنامه‌گه‌ری. به‌ڵام توێژینه‌وه‌كانی كۆمیته‌ی به‌رگری له‌ ‏رۆژنامه‌نووسان چه‌ند حاڵه‌تێكیان ده‌رخستووه‌ كه‌ تیایدا دادوه‌ران یاساكه‌یان پشتگوێخستوه‌و ‏رۆژنامه‌نووسانیان به‌ یاسای سزادانی عێراقی ساڵی ١٩٦٩ تۆمه‌تباركردوه‌ و حوكمداوه‌. ‏
له‌ ٢٠ی تشرینی یه‌كه‌مه‌وه‌، ئه‌و رۆژه‌ی یاساكه‌ به‌فه‌رمی خرایه‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌، ‏كۆمیته‌ی به‌رگری له‌ رۆژنامه‌نووسان ئه‌م پێشێلكارییانه‌ له‌ دژی یاسای كاری رۆژنامه‌ی هه‌رێمی ‏كوردستانی تۆماركردووه‌: ‏
شوان داوودی، سه‌رنووسه‌ری رۆژنامه‌ی هه‌واڵ كه‌ له‌ كه‌ركوك ده‌رده‌چێت، رۆژی ‏‏٤ی تشرینی دووه‌م ی ٢٠٠٨ له‌لایه‌ن دادگایه‌كی شاری سلێمانیه‌وه‌ له‌سه‌ر سێ تۆمه‌تی ‏ناوزڕاندن حوكمدرا، له‌به‌ر بڵاوكردنه‌وه‌ی بابه‌تێك له‌ساڵی ٢٠٠٤دا له‌سه‌ر كێشه‌كانی ‏ناو دادگای سلێمانی، به‌ زیندانیكردن بۆ ماوه‌ی یه‌ك مانگ به‌پێی ‏یاسای سزادانی ساڵی ١٩٦٩. هه‌ر هه‌مان رۆژ دوای حوكمدانی، شوان ره‌وانه‌ی گرتووخانه‌كرا. پاش به‌سه‌ربردنی ‏هه‌شت رۆژ له‌ گرتووخانه‌، دادگای ته‌میز بڕیاره‌كه‌ی دادگای هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌. ‏
دادگایه‌كی شاری هه‌ولێر رۆژی ٢٤ی تشرینی دووه‌م، دكتۆرو رۆژنامه‌نووسی ‏سه‌ربه‌ست، عادل حوسه‌ین، به‌ شه‌ش مانگ زیندانیكردن سزادا به‌هۆی پێشیلكردنی ‏بڕگه‌ی داب و نه‌ریتی گشتی له‌ یاسای سزادانی ساڵی ١٩٦٩ له‌ نووسینێدا له‌باره‌ی ‏سێكسی كۆم و ته‌ندروستی كه‌ له‌ نیسانی ٢٠٠٧دا له‌ رۆژنامه‌ی هاوڵاتیدا بڵاوكرابوویه‌وه‌. پاش ‏به‌سه‌ربردنی نزیكه‌ی دوو هه‌فته‌ له‌ زینداندا دكتۆرعادل به‌ بڕیارێكی لێبوردنی ‏سه‌رۆكی هه‌رێم مه‌سعود بارزانی رۆژی ٩ی كانوونی یه‌كه‌م ئازادكرا. ‏
رۆژی ٧ی كانوونی دووه‌م، جاسم موحه‌مه‌د، رۆژنامه‌نووس و به‌رپرسی راگه‌یاندنی ‏یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان له‌ زاخۆ، له‌لایه‌ن هێزه‌كانی ئاسایشه‌وه‌ ده‌ستگیركرا ‏له‌سه‌ر "په‌خشكردن به‌ بێ مۆڵه‌ت" و داوی به‌سه‌ربردنی شه‌ش رۆژ له‌ گرتووخانه‌ به‌ ‏كه‌فاله‌تی ١٠ ملیۆن دینار (٨،٦٥٠ دۆلار) ئازادكرا. جاسم به‌ كۆمیته‌ی به‌رگری له‌ ‏رۆژنامه‌نووسانی وت كه‌ وێستگه‌ ته‌له‌ڤزیۆنیه‌ تازه‌ ده‌مه‌زرێرنراوه‌كه‌ی یه‌كگرتوو ‏سه‌رگه‌رمی تاقیكردنه‌وه‌ی ئامێره‌كانی په‌خشكردن بوون كاتێ هێزه‌كانی ئاسایش ‏هاتبوون و ده‌ستگیریان كردبوو. جاسم به‌پێی ماده‌ی ٢٤٠ی یاسای سزادانی ساڵی ‏‏١٩٦٩ له‌به‌ر "موخاله‌فه‌كردنی رێنمایی فه‌رمی" دادگایی ده‌كرێت. ‏
كاوه‌ گه‌رمیانی، رۆژنامه‌نووس له‌ گۆڤاری خه‌ون، به‌ كۆمیته‌ی به‌رگری له‌ ‏رۆژنامه‌نووسانی وت كه‌ رۆژی ٢٨ی كانوونی دووه‌م له‌سه‌ر دوو ده‌عوای ناوزڕاندن ‏كه‌ هه‌ردووكیان به‌پێی ماده‌ی ٤٣٣ی یاسای سزادانی ١٩٦٩ تۆماركراون، ‏ده‌ستگیركراوه‌. ده‌عواكان له‌لایه‌ن ده‌زگا حكومییه‌كانی ‌شاری كه‌لار تۆماركراون. پاش ‏به‌سه‌ربردنی پێنج رۆژ له‌ گرتووخانه‌، كاوه‌ به‌ كه‌فاله‌تی ٥٠٠،٠٠٠ دینار (٤٣٠ ‏دۆلار) ئازادكرا. هێشتا رۆژی دادگاییكردنی دیارینه‌كراوه‌.‏
رۆژنامه‌نووسی سه‌ربه‌ست، ناسیح عبدالرحیم به‌ كۆمیته‌ی به‌رگری له‌ ‏رۆژنامه‌نووسانی راگه‌یاند كه‌ رۆژی ١٨ی كانوونی دووه‌م به‌ تۆمه‌تی ناوزڕاندن ‏زیندانیكرا. ئه‌و وتی كه‌ ده‌عواكان له‌لایه‌ن لقی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ ‏و چه‌ندین ئه‌ندامی ئه‌و لقه‌وه‌ تۆماركراون له‌به‌رامبه‌ر ووتارێكی رۆژنامه‌نووسه‌كه‌دا له‌ ‏كه‌ له‌ سایتی كوردستان پۆسته‌وه‌ بڵاوكرابوه‌یه‌وه‌و ره‌خنه‌ی له‌ لقی هه‌ڵه‌بجه‌ی پارتی ‏دیموكراتی كوردستان گرتبوو. هه‌روه‌ها وتی كه‌ دوای به‌سه‌ربردنی رۆژێك له‌ زیندانی ‏به‌ كه‌فاله‌تی ١،٥ ملیۆن دینار (١،٢٩٤ دۆلار) ئازادكرا. ناسیح وتی كه‌ له‌لایه‌ن ‏ئه‌ندامانی پارتی دیموكراتی كوردستان ٢٧ ده‌عوا له‌سه‌ر هه‌مان بابه‌ت دژی ‏تۆاركراوه‌. ٢٥ی ئایار رۆژی دادگاییكردنی ناسیحه‌.‏
سۆران عومه‌ر، سه‌رنوسه‌ری گۆڤاری رێگا،به‌ كۆمیته‌ی به‌رگری له‌ رۆژنامه‌نووسانی ‏وت كه‌ رۆژی ١٨ی ئازار له‌ سلێمانی ده‌سگیركرا له‌سه‌ر ده‌عوایه‌كی ناوزڕاندن كه‌ ‏له‌لایه‌ن ئافره‌تێكه‌وه‌ (ناوی نه‌هێنرابوو) له‌ دژی تۆماركرابوو. رۆژی دواتر به‌ ‏كه‌فاله‌تی دوو ملیۆن دینار (١،٧١٥ دۆلار) ئازادكرا. هێشتا رۆژی دادگاییكردن ‏دیارینه‌كراوه‌. له‌ساڵی ٢٠٠٩دا حه‌وت ده‌عوا له‌ دژی گۆڤاره‌كه- هه‌رموویان له‌لایه‌ن ‏كه‌سوكاری به‌رپرسان و ده‌زگا حكومییه‌كانه‌وه‌-‌ له‌به‌ر بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌تی جیاوا ‏تۆماركراون.‏
رۆژی ٣١ی ئازار، له‌زگین چوقی، رۆژنامه‌نووس ‌له‌ ئاژانسی هه‌واڵی ئاكانیوز، و ‏سه‌باح ئه‌تروشی، به‌ڕێوه‌به‌ری نوسینگه‌ی ئاژانسه‌كه‌ له‌ دهۆك له‌به‌رده‌م دادوه‌ردا ‏ئاماده‌بوون بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی تۆمه‌تی ناوزڕاندن كه‌له‌لایه‌ن ئه‌فسه‌رێكی پۆلیسه‌وه‌ له‌ ‏دژیان تۆماركرابوو گوایه‌ له‌زگین له‌ هه‌واڵیكدا به‌ ناوی پۆلیسه‌كه‌وه‌ ‏لێداونی بڵاوكردوه‌ته‌وه‌. هه‌مان رۆژ له‌زگین زیندانیكراو رۆژی دواتر به‌ كه‌فاله‌تی ‏كه‌سێك ئازادكرا. سه‌باح به‌ كۆمیته‌ی به‌رگری له‌ رۆژنامه‌نووسانی وت كه‌ له‌كاتی ‏ئاماده‌بوونیان له‌ دادگا رۆژی ٣١ی ئازار دادوه‌ره‌كه‌ ره‌تیكرده‌وه‌ كه‌ به‌ یاسای نوێی ‏كاری رۆژنامه‌نووسی تۆمه‌تیان ئاراسته‌بكات و له‌جیاتی ئه‌وه‌ بڕگه‌كانی یاسای سزادانی ‏ساڵی ١٩٦٩ی به‌كارهێنا. به‌وته‌ی سه‌باح له‌ ناوه‌ڕاستی مانگی نیساندا ئه‌فسه‌ره‌كه‌ ‏داعواكه‌ی له‌ دژی رۆژنامه‌نووسه‌كان كشانده‌وه‌. ‏
ئێمه‌ داوا له‌ جه‌نابتان ئه‌كه‌ین كه‌ ته‌ئكیدبكه‌نه‌وه‌ له‌وه‌ی كه‌ به‌رپرس ولایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان ‏ئاگادارن كه‌ نابێت رۆژنامه‌نووس زیندانیبكرێت له‌به‌ر تاوانی په‌یوه‌ندیدار به‌ كاری ‏رۆژنامه‌نووسییه‌وه‌ و هه‌روه‌ها ده‌بێت به‌پێی یاسای كاری رۆژنامه‌نووسی دادگاییبكرێن، نه‌ك ‏یاسای سزادانی ساڵی ١٩٦٩. ئه‌ركی حكومه‌ته‌كه‌ی ئێوه‌یه‌ كه‌ ته‌ئكید له‌وه‌ بكه‌ته‌وه‌ كه‌ یاسای ‏كاری رۆژنامه‌نووسی به‌ته‌واوه‌تی جێبه‌جێده‌كرێت.
نابێت به‌رپرس و سیاسه‌تمه‌داره‌كان په‌نابه‌رنه‌به‌ر ‏تۆماركردنی ده‌عوای سزایی (جنائی) له‌به‌رامبه‌ر بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ هه‌واڵ و بابه‌تگه‌لێك كه‌ به‌دڵیان نییه‌. ئه‌م ‏شه‌پۆلی ده‌عوا تۆماركردنه‌ دواجار ئامانجه‌كه‌ی ته‌نها بریتی ده‌بێت له‌باربردنی هه‌وڵه‌كانی ‏كوردستان له‌پێناو بوونه‌ نموونه‌یه‌كی چالاكی دیموكراسی. داوا له‌ ئێوه‌ ده‌كه‌ین ها‌نی به‌رپرس ‏ولا‌یه‌نه‌ حكومییه‌كان بده‌ن كه‌ هه‌موو ئه‌و ده‌عوا جنائیانه‌ی كه‌ هانده‌ری سیاسیان له‌ پشته‌و دژی ‏رۆژنامه‌نووسان تۆماركراون بكشێننه‌وه‌و چیتر ده‌ستبه‌رداری ئه‌و كارانه‌ببن. ‏
زۆر سوپاس بۆ بایه‌خدانت به‌م مه‌سه‌له‌ گرنگانه‌. جاوه‌ڕێی وه‌ڵامی به‌رێزتانین.
دڵسۆزتان
جۆڵ سایمه‌ن
به‌ڕێوه‌به‌ری جێبه‌جێكار
وێنه‌یه‌كی بۆ:‏
سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ‏ ‏

عه‌دنان موفتی، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان‏

فه‌لاح موسته‌فا به‌كر، به‌رپرسی نوسینگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی ‏كوردستان

كه‌ریم سنجاری، وه‌زیری ناوخۆ له‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان‏

فاروق جه‌میل سادق، وه‌زیری داد له‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان‏

كریستۆفه‌ر هیڵ، باڵوێزی وولایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق‏

كریستۆفه‌ر پرێنتیس، باڵوێزی به‌ریتانیا له‌ عێراق

لینكن ده‌یڤس، گروپی كۆنگرێسی كوردی-ئه‌مه‌ریكی

جۆ ویڵسن، گروپی كۆنگرێسی كوردی-ئه‌مه‌ریكی

یونامی

به‌شی ئازادی راده‌ربڕین و دیموكراسی له‌ یونسكۆ‏

‏‌سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی كوردستان ‏

مه‌رسه‌دی ئازادیه‌كانی رۆژنامه‌نووسان

كۆمیته‌ی جیهانی ئازادییه‌كانی راگه‌یاندن

خانه‌ی ئازادی

رێكخراوی جاودێری مافه‌كانی مرۆڤ

سه‌نته‌ری نێوده‌وڵه‌تی بۆ رۆژنامه‌نووسان

فیدراسیۆنی نێوده‌وڵه‌تی رۆژنامه‌نووسان

په‌یمانگای نێوده‌وڵه‌تی راگه‌یاندن

رێكخراوی لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی

رێكخراوی مادده‌ی ١٩‏

رێكخراوی رۆژنامه‌نووسانی كه‌نه‌دی بۆ ئازادی راده‌ربڕین

مونته‌دای ئازادی

ئندێكس بۆ سانسۆر

ئنته‌رنه‌شناڵ پێن

یانه‌ی راگه‌یاندنه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا

كۆمه‌ڵه‌ی رۆژنامه‌نووسانی پیشه‌یی ئه‌مه‌ریكا

دامه‌زراوه‌ی رۆژنامه‌كانی جیهان

چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر


(دەنگدراوە: 0)