• Su
  • Mo
  • Tu
  • We
  • Th
  • Fr
  • Sa
  • 28
  • 29
  • 30
  •  
  •  
  •  
  •  

ڕیکلام

وشە: لە ڕۆژی: تا ڕۆژی:


ئەگەر سالار عەزیز وازی لە گۆڕان نەهێنایە، یەکێتیی زەوییەکانی لێدەسەندەوە

Saturday, 26/04/2014, 12:00

1956 بینراوە


دوو سەرچاوەی جیاواز لە یەکتر، کە هیچ کام نەیانویست شوێن و ناویان ئاشکرا بکرێت، یەکەمیان کەسایەتییەکی نێو بزووتنەوەی گۆڕان، دووەمیان ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی، لەسەر وازهێنانی سالار عەزیز چەند زانیارییەکیان بۆ کوردستانپۆست ئاشکراکرد:


سالار عەزیز یەکێک بووە لە ئەندامانی سەرکردایەتیی ئاڵای شۆڕش (ئاش)، لەگەڵ مەلا بەختیاردا لە یەکێتیی و جەلال تالەبانی جیابوونەوە و بانگەشەی عێراقبوونی خۆیان لە ناو ئاشدا راگەیاندن، ئەوان بەخت یاوەریان بوو، دەنا زوو دەبوونە پیاوی رژێمی بەعس و هاریکاریی رژێمیان دەکرد دژی شۆڕش. سالار عەزیز تا ماوەیەک لە دەرەوە لە نەوشیروان مستەفاوە نزیک بوو، بە حوکمی ئەوەی هەردووکیان لە ناو کۆمەڵەدا بوون، لێ بۆ خۆی کەسێکی راڕایە، زوو بڕیار و بیرکردنەوەی چەوت و پێشنیاری سەقەت دەدات، بۆ نمونە چەند جارێک پێشنیاری بۆ نەوشیروان کردووە، کە جەلال تالەبانی لە ناوبەرن، کەچی لەولاشەوە بە دزییەوە پەیوەندیی بە تالەبانییەوە هەبوو، خۆشی ئەمەی نەشاردۆتەوە، چەندین جار رەخنەی گرتووە، گوایە نەوشیروان نەیهێشتووە دەنا هەر زوو لە شاخ مام جەلالمان لە ناودەبرد! جەلال تالەبانییش ئاگاداری ئەو قسە و پێشنیارانەی سالار بوو، بۆیە متمانەی تەواوی پێی نەبوو، بەڵام نەیدەویست سالار هەست بکات، دەستی بۆی نەدەبرد و هێشتبوویەوە، سالار عەزیز لە قۆناغی ئاشەوە پەیوەندیی بە تالەبانییەوە هەبووە وەکو جاسوس کاری بۆی کردووە،  شایانی باسە لە ساڵی ١٩٩٢ بە بڕیاری تالەبانی بۆ سیخوڕیکردن چووە ناو زەحمەتکێشانەوە، دوایی لەسەر داوای تالەبانیش وازی لێهێنان.

لە دوای راپەڕینیش، تالەبانی پۆستی پاریزگای سلێمانی دا بە سالار عەزیز بۆ ئەوەی لای خەڵکی سلێمانی ناشرین و قێزەوندی بکات، ئەوەبوو لە ماوەی دەسەڵاتیی لە سلێمانی بەکر عەلی شاعیری تیرۆر کرد، دەچووە دەرەوە لە پڕدا زرمەی لە سواڵکەر، کرێکار و دوکاندارێک هەڵدەساند و لێی دەدان، بە شێوەیەک وای لێهات چارەی خۆی لای خەڵکی سلێمانی رەشکرد. جەلال تالەبانی توانی بەمە  تۆڵەی خۆی لە سالار عەزیز بکاتەوە و سوکی کرد.
نەوشیروان مستەفا، خۆشی بە سالار عەزیز نەهاتووە، متمانەی تەواویی پێ نەبووە، هاتنی سالار بۆ ناو بزووتنەوەی گۆڕان چەند مەبەستێکی تێدا بوو، یەکەمیان ئەوەبوو، کە هەروەکو ئێستا لە تالەبانی بێزار بوو، چونکە فەرامۆشی کردبوو، لە دوای پاریزگاری سلێمانی هیچ پۆستێکی باڵای تری پێی نەدا، پێی وابوو، ئەگەر بچێتە  ناو گۆڕانەوە ئیتر لەوێدا هەروەک ئاڵای شۆڕش (ئاش) رۆڵی دەبێت و دەبێتە سەرکردەیەک، کە لەگەڵ قادری حاجی عەلی و عوسمانی حاجی مەحموددا وازیان هێنا، ئەم لە لێواری نێوەند گۆڕان و یەکێتیی خۆی هێشتبوویەوە، لەم دواییەدا سالار لەگەڵ هێرۆ و قوباددا پەیوەندیی هەبوو، ئەو پەیوەندییەی تەنها بۆ ئەوە بوو، ئەو چەند زەوییەی یەکێتیی لەسەری تاپۆ کراوە لێی نەسەندرێتەوە.

سالار عەزیز ناسراوە بەو کەسەی، وەک زۆربەی بەرپرسانی دیکە ماڵ و موڵکی هاوڵاتیی و دەوڵەتی داگیرکردووە، گەڕانەوەی بۆ ناو یەکێتیی پەیوەندی بەمەوە هەیە، کە لەم راپۆرتە هەواڵەدا قسەی لەسەر دەکەین.

لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٠ ٢٠٠١دا یەکێتیی لە باشترین شوێنی هاوینەهەوار و گەشتوگوزاری سەرچنار نزیکەی ١٢ دۆنم زەوی دەدات بە سالار عەزیز، نرخی ئەو زەویانە ئەمڕۆ زیاتر لە ١٥ ملیۆن دۆلارە، لەو رۆژەوە، کە سالار عەزیز چۆتە گردەکە، هەڕەشەی تالەبانیی و یەکێتی لەسەر بووە، ئەمیش بۆ ئەوەی لێی نەسەندنەوە، بەردەوام پەیوەندیی پیوەکردوون، وتوویەتی من هەر یەکێتییەکەی جارانم، دەتوانم لەناو گۆڕاندا خزمەتی ئێوە بکەم، سالار عەزیز هەروەک فەرهاد سەنگاوی وابوو، فەرهاد لەبەر ئەوەی هێرۆ هەڕەشەی لێکرد، ئەگەر وازی نەهێنایە، ئەو ریزە دوکانەی، کە لە سلێمانی پێیان دابوو لێی دەسەندرایەوە، ئیستاش سالار بەهەمان دەرد چووە، یەکێتیی پەیمانی ئەوەی بە سالار داوە، کە چیدی لەسەر وەرگرتنەوەی ئەو ١٢ دۆنم زەوییە فشاری ناخەنە سەر، بە مەرجێک لەم کاتەدا وازهێنانی خۆی لە گۆڕان رابگەیەنێت. پێش ئەم راگەیاندنەی دوایی سالار عەزیز، لە چەند هەفتەی رابردوودا، کۆمەڵێک چالاکیی و خزمەتی دیکەی بە یەکێتیی کردووە، بۆ نمونە وازهێنانی عوسمان بانیمارانی لە رێگای سالار عەزیزەوە بووە، پێش ئەوەی عوسمان بانیمارانی واز بهێنێت، سالار لە ماڵی خۆی لەگەڵی دانیشتووە و ئەو پەیوەندییەی بۆ دروست کردووە، نەک تەنها ئەمە، بەڵکو کەسانی دیکەی نێو گۆڕان، کە سالار زانیوێتی نیازی وازهێنانیان هەیە، ئەم هەر لەو ماوەیەدا پەیوەندیی پێوەکردوون و رەوانەی یەکێتیی کردوونەتەوە.

سالار عەزیز ئیستاش پەیوەندییەکی تۆکمەی لەگەڵ قوباد تالەبانییدا هەیە، قوباد پەیمانی ئەوەی پێداوە، کە هەوڵ دەدات دایکی رازی بکات، تا سالار لە پاشەڕۆژدا بیکات بە جێگری سکرتێری یەکێتیی، سالار خەون بەوەوە دەبینێت، کە مێژووەیەک بۆ خۆی تۆمار بکات بەوەی بەچوونەوەی، یەکێتییەکی بەهێز و ریزەکانی یەکێتیی دروست دەکاتەوە، کۆسرەت و د. بەرهەم لەناو یەکێتیی دەردەپەڕێنێت.

سەرنجی کوردستانپۆست: لە سەر داخوازی سەرچاوەکان، ئێمە قسە و باسی هەر یەکەیانمان تێکەڵ بەیەکتر کرد، ئاماژەمان بە هیچ لایەکیان نەدا، ئەوەی کە سالار عەزیز قسەی لەسەر کردووە ئێمە لەگەڵ چەند بڕگەیەکییداین بەتایبەتیی تاکڕەوی نەوشیروان مستەفا، ئەمەش دیاردە و خەسلەتی بەرپرس و سەرکردە سیاسییەکانی کوردە، کە هەموویان لەگەڵ نەمانیاندا کۆتایی بە بزوتنەوە و حیزبەکانیان هاتووە، مۆڵەتیان نەداوە کەسانی لێهاتوو، بەتوانا بێنە بواری کار و تێکۆشانی سیاسییەوە، ئێمە لێرەدا وەکو بێلایەنێک ئەم زانیاریی و هەواڵەمان بڵاوکردەوە، نامانەوێت لەوە زیاتر بەم هەواڵ و زانیارییانە گیرفانی هیچ لایەنێک بە دەستکەوتی سیاسیی پڕ بکەین. ئێمە دیسان هەموو  لایەنە سیاسییە کوردەکان وەک یەک دەڕوانین، بۆیە بەم چەند دێڕە ئەو راپۆرتە هەواڵە پێشکەش بە خوێنەر و نووسەرانی کوردستانپۆست دەکەین

چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر


(دەنگدراوە: 0)