• Su
  • Mo
  • Tu
  • We
  • Th
  • Fr
  • Sa
  • 28
  • 29
  • 30
  •  
  •  
  •  
  •  

ڕیکلام

وشە: لە ڕۆژی: تا ڕۆژی:


با نەکەوینە هەڵەوە (بەشی دووەم)

Sunday, 28/09/2014, 12:00

1796 بینراوە


ڕەنگە گەورەترین و زەقترین هەڵەی شۆڕشگێڕان و پلاندانەرانی خەبات و ڕۆشنبیرانی ڕێگای گۆڕین و ڕزگاری میلەتانی ژێر دەستەی دەستی دەسەڵاتە خۆسەپێن و کلك گرێدراو دیکتاتۆرەکان ئەوەبێ، کاتێ ببینن میلەتەکەیان خۆئامادەباشی نەکردوە بۆ گۆڕینی ئەو دەسەڵاتە خۆسەپێنەو ، ئەمان بێن تایتڵ و ناونیشانی میلەتی ناهۆشیارو مردووی بەیەخەدا بکەن. بەبڕوای من کوشندەترین هەڵبژاردە ئەوەیە کە ئێمە و مانان بەئاشکرا بکەوینە ئەو هەڵەیەوە کە میلەتەکەمان بە نەخۆێنەوار و ناهۆشیار و نازیندوو بئافرێنێنین. ئەگەر هات و لەکاتێکدا میلەتەکەمان لەو ئاستە بەرزەی هۆشیاری و تێگەیشتندا نەبێ و نەگیشتبێتە ئاستی ووشیاری تەواو، ئێشتا ناکرێ و ناڕەوایە لەیبڵی ناهەمواری لەناوچەوان هەڵواسین.
ئاخۆ کاتێ ئێمە دێنین و ئا بەو شێوەیە وەسفی میللەتەکەمان ئەکەین و ناوزەندی ئەکەین بە ناووشیار و مردوو! ئایا بەڕاست ئێمە لە زانینەوە بێ وەیان لەنەزانین، خزمەتێکی تەواوی ئەو دەسەڵاتەمان کردوە کەچەندین ساڵە و لەڕێگای دوژمنانی گەلەکەمانەوە کەخۆیان مەڵاس داوە لەهەموو کات و ساتێکدا،نەکردوە؟ بەڕاست ئێمە بەم کارەمان چەند توانیومانە دەلاقەی گەورە لەنیوان گەل و خۆماندا دروست بکەین و ڕاددەی متمانەی نێوانمان چەندە تەسك بۆتەوە؟؟ ئاخۆ شوبهاندنی گەل و شەقام بەو شێوەیە چەندە گورزی کاریگەر لەو خەباتە ئەدا کە ئێمە لەهەمان کاتدا داوا لەگەلەکەمان ئەکەین کە بەرانبەر ئەم دەسەڵاتە بێدەنگ نەبێ و لێیان ڕاپەڕن و شار بەدەریان بکەن؟
گشت کات ،ڕۆڵی گرنگ و سەرەکی شۆڕشگێڕان،ڕەخنەگران،گۆڕانکاران،ڕۆشنبیران و خەمخۆرانی گەل ، پشتگیری کردنە لەجەماوەر و ڕۆڵەی گەل و دەنگی شەقام. ئەوەی کاری ئێمە گران و قورستر ئەکا چۆنێتی داڕشتنی پلانێکە کەوا چۆن زیاتر گەلەکەمان ووشیارتر بکەینەوەو هەوڵی بەردەوام بدەین بۆ گەیاندنیان بەئاستە بەرز و پڕ وورەکان. ئەوەی کاری ئێمە ئاڵۆزتر ئەکا کە زوو کۆڵبدەین لەو هەوڵانەی کەداومانەو بڵێین ئەوا ئەوەندە ساڵە خەریکی نووسین و چیرۆك هۆنینەوەیەن بۆ خەڵكی و بەهەزارەها ووتار وپەرتووك و زانیاریمان لەسەر ئەم دەسەڵاتە گەندەڵ و پیسخۆر و دژە کوردە کردوەو هیچ ئاکامێکی وای لێ نەکەوتۆتەوە. ئەوەی ئێمەی نائۆمێدو توڕەو بێزار کردوە ، گەر ئەوەبێ کەوا تا ئێستا گەلەکەمان بە قەبارەیەکی گەورە ناڕەزایی و توڕەیی نیشانی ئەم دەەسەڵاتە نەداوە ،ئەوا هەڵەین و نابێ هەرگیز و هەرگیز لەگەلی خۆمان نائومێد بین و پشتێنی هیوامانی لێ داماڵین. نابێ و ناشێ بۆ تەنها ساتێکیش بێ گەلەکەمان بەبێ هێز و لاواز و ناڕێك و پێك نیشان بدەین. ئەوەی کاری لەم شێوەیە بکا تەنها بزانێ وەیان نەزانێ ،خزمەتێکی گەورەی بێ بەرانبەری بەدەسەڵات و دوژمنان کردوە.
کارو پیشەی ئێمە دروست کردنی شتە لە هیچ. واتە بۆ ئەوەی شتێك دروست بکەین ئەبێ هەزار و یەك ڕێگەو سەرچاوە بدۆزینەوە تا بەردێك بخەینە سەر یەکێکی تر. مایەی شانازیە کاتێك ئێمە بتوانین چەند (سەردەشتێک،سۆرانێک،کاوە گەرمیانیەك)دروست بکەین. ئەمە کاری ئێمەیە و پێوستە لەسەر ئەو ڕێچکەیە بەردەوام بین. گەر بمانەوێ سبەینێکی باشتر بۆ نەوەکانمان دروست بکەین، ئەبێ هەوڵی بۆ بدەین وکۆڵ نەدەین. کار و خەباتی درێژخایەن تاکە هەڵبژاردەیەکە بۆ ئێمە کەوا ڕۆژێ زووتر و هەنگاوێ خێراتر کۆشش بکەین بۆ زیاتر ووشیار کردن و ڕۆشنبیرکردنی کۆمەڵگاکەمان.
هەموان باش ئەزانین ئەم دەسەڵاتە خۆسەپێنە لەڕێگای هەڵبژاردنی ڕاستەقینەوە ناتوانێ دەنگ کۆبکاتەوە،هەموان ئەزانین کەوا جگە لە کەمینەیەکی کەمی بەرژەوەنخواز و هەلپەرست کەس نیە ڕێز لەم دەسەڵاتە بگرێ، هەموان باش ئەزانین ئەو سەرکردانەی ئێستا بە دەسەڵات و نەیارانەوە دەستکردی دوژمنان و ئەلقە لەگوێییانن. کەواتە ، گەل دەنگ بدا وەیان نا، ئەوا ئەوان درێژە بەدەسەڵاتی خۆیان ئەدەن. ئەوان نە لەدزی سامان و پارەی کوردستانی باشوور ئەکەون، وە نە واز لەدژایەتی کوردانی پارچەکانی تر دێنن، وە داوای ڕزگارکردنی کوردستانێکی گەورە ئەکەن، وە نە ئەتوانن دەوڵەوتی کوردی دامەزرێنن. مانەوەی ئەم دەسەڵاتە فەوتانی میلەتی بەدوادا دێ و چارەنووسی گەلەکەمان بەرەو هەڵدرێر ئەبەن.
میلەتی ئێمە بەدەر لەو هەموو فشارە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیانەی لەسەرێتی، کەچی ئێشتا دەنگی ناڕەزایی و لێرەو لەوێ خۆپیشاندان ومانگرتن و لەهەندێ کاتدا ڕاپەڕینی کردوە. میلەتی ئێمە هەموو کات لەگەڵ پارچەکانی تر هاوخەبات و هاوڕاو هاوخەمی بوە لەکاتی تەنگانەداو بەدەم هاوکاری یەکترییەوە چوون. میلەتی ئێمە لەباکوور وەیان لەباشوور هەردەم دەنگی نایەکسانی و گەندەڵی دەسەڵاتی گەیاندۆتە پەنا گوێیان و هۆشیاریان داوە. کەواتە ، ناڕەوایە چیتر بیەڵین متمانەمان بەگەلەکەمان لەق ببێ و شك و گومان دروست بێ.
ئێمە ناتوانین داوا لەکەسێ بکەین ١٥٠ کیلۆ قورسایی بەرز بکاتەوە و نەیەڵێن هەردوو دەستی بەکاربێنێ. ناتوانین چاوەڕێی وەڵام بین لەکەسێک و نەیەڵین دەم بکاتەوە.ناتوانین مەلەوانێك بنرینە ژێر دەریاوەو ئۆکسجینی نەدەینێ. بۆیە وا چاکترە لەتەك هەوڵی تاکە کەسی ، ئێمەش هەوڵی زیاتر و زانیاری زۆرتر بخەینە بەر دەستی و ببینە قەڵغان و پشت و پەنا بۆیان. ئەمە کاری ئێمە بوە لەسەرەتادا و پێوستە بەردەوام بین لەسەری بەبێ هیچ دوو دڵیەك.
هەر لەسەرەتاکانی نەوەدەکانەوە چەندین کەسایەتی و ڕێکخراوی جیاواز لەگۆڕەپانی کوردستانی باشووردا ناڕێك و ناڕەزابوون دژ بەم دەسەڵاتە خۆسەپێن و خێڵەکیە. چەندین جار خۆپیشاندان و ناڕەزایی و ڕاپەڕین دژیان کراوەو چەندین قوربانی دراوە.کەواتە ئەمە بەڵگەیەکی گەورەیە بۆ زیندوویی و هۆشیاری گەلەکەمان،بۆیە ئەشێ ئێمەش بتوانین ئەو خەرمانە دەوڵەمەند بکەین و بەچاوێکی بەزرەوە بیان نرخێنین.
ئەوە کاری ئێمەیە کەوا ڕۆڵی بەناو ڕۆشنبیرێکی دەسەڵات سووك و ڕیسوا بکەین لەو هەوڵەی ئەیەوێ گەل بەرەو مێگەل بوون بەرێ. ئەوە کاری ئێمەیە نەیەڵین ڕۆڵی بەناو مەلا و پیاوانی ئایینی برەو بسەنێ لە هەڵخەڵەتاندنی لاوان وگەنجانمان و بەلا ڕێبردنیان. ئەوە کاری ئێمەیە کەوا نەیەڵین پیاوانی بەناو یاسایی و دادپەروەری لەبەر مشتی دۆلار تەنها کار بۆ دەسەڵات بکاو نەیەڵێ دەنگی هەق و ڕاستی دەربکەون. ئەوە کاری ئێمەیە میژوونووسێکی گیرفان کون ، ڕووداوەکان بۆ دەسەڵات بەئارەزووی خۆی ئاوەژوو پێبکا و نەیەڵین بۆی بچێتە سەر. ئەوە کاری ئێمەیە دەست خۆشی لەو گەنجانە بکەین کەوا پەرتووکی نووسەرانی سەر بەدەسەڵات ئەسووتێنن و فڕێی ئەدەنە ئاو و تەنەکەی خۆڵەوە.
لەکۆتاییدا ئەوەندەوە ماوە بڵێم کە ئەوەی دەسەڵات و دوژمنانی گەلەکەمان کردوونی ، پێوستە ئێمە پێچەوانەکەی بکەین و جارێکی تر مرۆڤی کورد دروست بکەینەوە وشکۆی بۆ بگەڕێنینەوە. بەو شێوەیە کاری ئێمە تەواو ئەبێ و ڕوو سوور و سەربەرز ئەبین لەبەردەم گەل و مێژوودا. جگە لەمە ، هەڵبژاردەی ترمان بەدەستەوە نیە.

چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر


(دەنگدراوە: 0)