• Su
  • Mo
  • Tu
  • We
  • Th
  • Fr
  • Sa
  • 28
  • 29
  • 30
  •  
  •  
  •  
  •  

ڕیکلام

وشە: لە ڕۆژی: تا ڕۆژی:


نهێنیەکانی داگیرکردنی عێراق و ڕۆڵی سیخوڕی بارزانی و تاڵەبانی (بەشی2)

Thursday, 06/06/2013, 12:00

2544 بینراوە


بەپێویستی ئەزانم خوێنەری بەڕێز بگەڕێنمەوە بۆ بەشی یەکەمی ئەم وتارە.
کاتێک (CIA) سەرانی کورد بانگ ئەکەن چونکە کۆبونەوەکە نهێنیە ڕێگەی وێنەگرتنیان پێنادەن، ئەگینا هەمیشە سەرانی کورد پێیان خۆشە وێنە بگرن و بیهێننەوە، وەک دەستکەوت بە کوردی بفرۆشنەوە. ئەمەش ئەوە دەردەخات کە ئەوانەی نوێنەرایەتی گەلی کورد ئەکەن زۆر خۆیان بە بچوک ئەزانن بۆیە خەمی هیچیان لە کۆڵا نەبووە تا باسی بکەن، تەنها بانگێشتیان لەگەڵ (CIA) دڵخۆشی کردوون ئەگەر چی کاری سیخوڕیان پێسپێراوە.
لە یادمە چەند ساڵیک دوای داگیرکردنی عێڕاق و دەرکەوتنی ئەو ڕاستیەی عێراق خاوەنی چەکی ئەتۆم نەبووە، ڕۆژانە بە دەیان سەربازی ئەمەریکی لە خوێنا سور ئەکران، (جۆرج بۆش) ڕوو بەڕووی زۆر ڕەخنە ببۆوە و مەترسی لە دەستدانی کورسیەکەی لێدەکرا، ئا لەو کاتە دیسان سەرانی کوردی بەکارهێنایەوە و مەسعود بارزانی بانگکرد بە جلی کوردیەوە (جلی کار) بۆ کۆشکی سپی و لە بەردەم جیهاندا درۆیەکی گەورەی کردوو، وتی (ئەمانە کەمینەیەکن لە عیراق جاران بۆیان نەبوو جل و بەرگەکەشیان لەبەر بکەن و ئەکوژران و توشی هەڕەشە ئەبوونەوە، بەڵام لە عێراقی تازە بە ئازادی و ئەوە بە بەرچاوی ئیوەوە ئەیبینن، ئەتوانن بە ئازادیی جلەکانی خۆیان لە بەر بکەن). ئەو کاتەی ئەو قسانەی ئەکرد ئەیکێشا بە پشتی (مەسعود بارزانی) و ئەویش بێ ئەوەی لەهیچ وشەیەکی بگات پێدەکەنی! ئاخر هەموو باش ئەزانین سەدان هەزار جاش بە جلی کوردییەوە کوردستانی ئەنفال ئەکرد و کەس لە سەر لەبەر کردنی جلی کوردی نەکوژراوە، بەلام چونکە سەرانی کورد بە درێژایی مێژوو هەمیشە ئیشیان سیخوڕی بووە، بۆیە هەمیشە نەیارانی کورد لە چاوی ئەمانەوە سەیری میللەتی کوردیان کردووە و بە ئاسانی ئێمەیان هەمیشە بەکار هێناوە بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆیان.

هەر لە بەشی یەکەمدا ئەوەم باس کرد، کە دەزگا سیخوڕییەکانی (فەرەنسا) مونیر موغابیان بە (CIA) ناساند وەک کەسێکی باوەڕ پێکراوی خۆیان. کەچی کاتێک ئەمەریکا بڕوای بە (موغابی) ئەکەن و ئەیانەوێت لە عێراق بدەن ، (فەرەنسا) هەڕەشەی (ڤیتۆ) ئەکات لە نەتەوە یەکگرتووەکان و دژی ئەو شەڕەن و گومانیان لەو سەرچاوەیە هەیە ! دوێنێ (4-06-2013) لە دەمی وەزیری دەرەوەی (فەرەنسا) ئەوەی ڕاگەیاند کە دەزگا سیخوڕیەکانیان لە سوریا بەڵگەیان هەیە ڕژێمەکەی (بەشار ئەسەد) گازی ژەهراوی بەکار هێناوە. ئەمەش هەمان ئەو بەهانەیەیە ئەمەریکا بە دوایەوەیەتی چەند وەختە بۆ لیدانی (ئەسەد) و داگیرکردنی سوریا بە ناوی ئازادییەوە. پرسیار ئەوەیە ئایا (فەرەنسا) سەر لە نوێ دژی ئەمەریکا دەوەستێتەوە کە خۆیان ئاسانکاری ئەکەن بۆ ئەو داگیرکردنانە ؟ ئا لێڕە بۆمان دەردەکەوێت کە (ئەمەریکا) هەمیشە خەونی داگیرکردنی هەیە، بەریتانیا نەخشەی بۆ ئەکێشیت، فەرەنساش ئاسان کاری ئەکات و هۆکار ئەدۆزێتەوە بۆ داگیرکردنەکان.

کاتێک ئەمەیکا هێزەکانیان داخڵی عێراق بوو خەڵکی عێراق بە گشتی خۆشحاڵ بوون بە ڕزگار بوون لە دەستی دیکتاتۆر سەدام حسێن و بە گوڵ پێشوازیان لە سەربازەکانی ئەمەریکا ئەکرد. ئەمەریکا خوازیار بوو بە زوترین کات دەسەلات تەسلیمی عێراقیەکان بکاتەوە تا خۆیان ووڵات بەڕیوەبەرن. بۆ ئەمەش (جەی گانە) هاتە عێراق تا بتوانێت هاریکاری عێراقیەکان بکات بە زوترین کات حوکمەت پێک بێنن، (گانە) پێی وابوو دەتوانێت ئەم کارە لە ماوەی (3) مانگدا بکات. بەگەیشتنی بۆ عێراق دوای یەک هەفتە گەیشتە کوردستان. (جەی گانە) یەکێک بوو لەو جەنەڕاڵانەی کە لە ساڵی (1991) هاریکاری گەلی کوردی کرد ئۆتۆنۆمی بە دەست بخەن. بۆیە کاتێک هات بۆ کوردستان پێشوازیەکی گەرمی لێکرا و وەک دۆستێکی کورد ڕێزی لێگیرا. بەلام سەرانی کورد (تاڵەبانی و بارزانی) تا ئەوکاتەش نەیان ئەزانی ئەمەریکا بەتەمای چیە و چی پێیە بۆ کورد!
وەک لە بەشەکەی تر باسم کرد سەرانی کورد خەمی میللەتیان لە شاندا نەبووە و هیچ داوایەکیان نەبووە و داوای هیچیان نەکردووە، تەنها زۆر خۆشحاڵ بوون لە شاشەی تیڤیەکان لەگەل بەرپرسێکی بیانی ببینرێن و دەست بە پشتیاندا بێنن ، ئەگەر بە زیانیش بشکێتەوە بە سەر کورددا کێشە نییە. ئەو کاتی (گانە) دێتە کوردستان (تالەبانی و بارزانی) لێی ئەپرسن ئێوە بەتەمای چین و چیتان پێیە بۆ ئێمە ؟ لە وەڵام پێیان ئەڵیت ئێمە نەهاتووین (سەدام) بروخینین ئیوە دەولەت دروست بکەن، بەڵکو خۆتان کۆبکەنەوە و وەرن بۆ بەغداد و لەگەڵ ئەو عێراقیانە کۆببنەوە کە ئێمە هێناوماننەتەوە بۆ عێراق. ئیدی ئەوان بێ ئەوەی هیچ بڵین و ئەرکی دووەمیان پێ ئەسپێرن، کە دروستکردنەوەی سەرلەنوێی عێراقە. کەسایەتی (بەرهەم ساڵح) کەسایەتیەکی زۆر سوک و بچوکە، کاتێک (گانە) لە کۆبونەوەکە دیتە دەرێ خێرا ئەچیت بۆ لای و ئەیەوێت موجامەلەی بکات، ئەویش پێی ئەڵیت وەختی ئەوە نییە عێراق بۆ ئێمە گرنگە نامانەوێت لە دەستمان بچێت، کاتێک (بەرهەم) ئەو ڕۆژەی ئەگێڕایەوە من لە بەر خۆم تەریق ئەبومەوە چەند بە دڵخۆشی و دەم بە پێکەنینەوە باسی ئەوەی ئەکرد! ئیدی خێرا بازرگانەکانی کورد بێ یەک و دوو خۆیان ئەگەیەننە بەغداد. ئەمەریکیەکان (عەدنان پاچەچی و ئەحمەد چەلەبی و مۆفەق روباعی و ئەیاد عەلاوی) ئەهێننەوە لە ناو عێراقیش چەندین نوێنەری (سوننە و شیعە) کە دژی سەدام بوون دێنە کایەی سیاسیەوە.
ئەرکەکانی (گانا) باش بەڕێوە ناچێت بۆیە (بۆش) بڕیار ئەداد خوانێکی نیوەڕۆ بۆ (جێری بریمەر) ساز بکات و ئەرکی عێراقی پیبسپێرێت، لەو کۆبونەوە دوو قۆڵیە (بریمەر) بە (بۆش) ئەڵیت: رادەست کردنی دەسەڵات بۆ عێراقیەکان کاتی ئەوێت و بە پەلە ناکرێت. پاشان کۆبونەوەیەک ئەکرێت لە کۆشکی سپی (کۆڵێن پاوڵ) هەمان رای (بریمەر)ی دەبێت، بەڵام (دیک چەینی) دژیانە و پێی وایە پیویستە زوو دەسەلات تەسلیمی عێڕاقیەکان بکرێتەوە و لە عێراق بێنە دەرەوە. سەیرە بۆ لێدانی عێڕاق (کۆڵن پاوڵ) دژە لە سەرەتا و (دیک چەینی) داڕێژەری داگیرکردنەکەیە، کەچی بۆ هاتنە دەرەوە لە عێڕاق (چەینی) پەلەیەتی و (پاوڵ) لەگەڵ مانەوەیە ! دیسان (بۆش) بەقسەی (کۆڵن پاوڵ) ئەکات و هەموو دەسەڵاتێک بە (بریمەر) ئەدات کە خۆی بچێتە مەیدانەکە و چ بڕیارێک بە باش ئەزانێت ئەوە بکات و (بۆش) قبوڵیەتی. کاتێک (بریمەر) تەلەفۆن بۆ (گانە) ئەکات پێی ئەڵیت تۆ ناتوانیت ئەو کارە بکەیت من دێمە عێراق، (گانە) سەری ئەسوڕمێت، چونکە کارەکانی بە باشی ئەڕوات و لەو ماوەیە بچوکترین شەڕ لە عێراقدا نییە. لێرەوە تێدەگەین کە پلانی ڕزگاری (عێراق) ئەگۆڕێت بۆ پلانی داگیرکردنی (عێراق) داڕێژەری ئەمەش (جێری بریمەر و کۆڵن پاوڵە).

کاتێک (جێری بریمەر) دێتە عێڕاق لە یەکێک لە کۆشکەکانی (سەدام) جێگیر ئەبێت ، هەموو سەرکردە عێڕاقیەکان کۆئەکاتەوە و پێیان ئەلیت: لە ئێستادا ئیوە ئامادەنین حوکمەت دروست بکەن. بەمەش بە ئاشکرا پێیان ئەڵیت ئێمە هاتووین عێراق داگیربکەین . (مۆفەق ڕوباعی) لەوێ بەرەو ڕووی ڕائەوەستێت، بەڵام هیچیان پیناکرێت کاتێک دیتە دەرەوە ئەڵیت ئەمە داگیرکردنە، نەک ڕزگار کردنی عێراق. چەند ئەفسەرێک پەیوەندی بە ئەمەریکیەکانەوە ئەکەن، کە پێویستە ئەمەریکا پابەندی بەڵینەکەی بێت، کە لە دەمی (بۆش)وە بە سەربازە عێراقیەکان درا پێش شەڕەکە کە هەر سەبازێک شەڕ نەکات هەموو ڕێزێکی لیدەگیرێت و چاویان لێیان ئەبێت. لیستێک ئەهێنن هی سەربازە عێراقیەکان، کە زیاتر لە (100.00) هەزار سەربازە و لە مانگی (2-2003) موچەیان وەرنەگرتووە و ئاما‌دەشن هاریکاری ئەمەریکیەکان بکەن. بەلام بریمەر لە ڕێگای ڤیدێوە قسە لەگەڵ کۆشکی سپی ئەکات و ئەڵیت بڕیارمداوە سوپای عێراقی هەلوەشێنمەوە و سوپای نوی دروست بکەم، (بۆش) بۆ (10) سانییە بێ دەنگ ئەبێت و لە وەلامدا ئەلیت چی تۆ بڕیاری لە سەر ئەدەیت من ڕازیم. لەگەڵ ڕاگەیاندنی ئەم هەواڵە سەدان هەزار سەربازی عێڕاقی لە (18-06-2003) دەڕژێنە سەر شەقامەکانی بەغداد. لە فەلوجە بۆ یەکەم جار (4) ئەمەریکی ئەکوژن و ئەیان سوتێنن دەیان گروپ و ڕێکخراو دروست ئەبن، هێزەکانی مەرینی ئەمەریکی بەرەو ڕوویان ئەبنەوە بەس ناچنە ناو شارەکە. (23-06-2003) بڕیار ئەدەن موچە بدەن بە سەربازە عێراقیەکان، بەلام زۆر درەنگە  (سیستانی) داوای هەڵبژاردن ئەکات لە عێراق و پێی وایە دەبێت عێڕاقیەکان نوێنەری خۆیان هەڵبژێرن و ئەوان دەستور بۆ عێراق بنوسنەوە و نابێت هیچ یاسایەکی بیانی لە ناو دەستوردا بێت. چونکە سیستانی ئەزانێت لە ڕێگای هەڵبژاردنەوە شیعەکان زۆرینە ئەبن و ئەتوانن مافی شیعەکان مسۆگەر بکەن. (بریمەر) پێی وایە پێویستە لیژنەیەک دروست بکرێت و دەستور بنوسرێتەوە، چونکە هیچ شانسێکی هەڵبژاردن لەو کاتە نییە، ئەم بڕیارەشی دیسان بەبێ گەڕانەوە بۆ کۆشکی سپیە و لە ڕێگای ڕۆژنامە ئەمەریکیەکانەوە کۆشکی سپی پێی ئەزانن، بەلام وەک باسمان کرد (بریمەر) هەموو دەسەڵاتێکی هەیە. بەمەش کێشەی گەرە لە نێوان (سیستانی) و (بریمەر) دروست ئەبێت.
(موقدەتا سەدر) لە عێراق تازە پێدەگات ئەو دژی ئەمەریکیەکانە و پێی وایە ئەمەریکا دەبێت عیراق بەجێ بێڵێت بۆیە جەیشی مەهدی دروست ئەکات. (UN) ‌‌نوێنەری خۆی ئەنێرێت (سێرجۆ دی مارۆ) بۆ عێڕاق تا دەسەڵاتەکان ڕادەستی عێڕاقیەکان بکرێتەوە ، سیستانی ئامادە نییە لەگەڵ (بریمەر) کۆبێتەوە، بەڵام ئامادەیە لەگەڵ نوێنەری نەتەوەیەکگرتووەکان کۆبێتەوە، بەڵام (مارۆ) زۆر ڕقی لە پیاوانی ئاینی هەیە و نایەوێت لەگەڵ ئەوان کۆبێتەوە، هەرچۆنێک بێت ڕازی ئەکەن و لە (27-08-2003) ئەچیت بۆ نەجەف لەگەل سیستانی کۆدەبێتەوە، لەوێ ڕێک ئەکەون هەڵبژاردن بکرێت و نوێنەرەکان دەستور بنووسنەوە، پاش ئەوە سیستانی فتوایەک بۆ ئەو مەبەستە دەرئەکات. لە پاش ئەوە (مارۆ و بریمەر) کۆئەبنەوە و ناوەڕۆکی کۆبونەوەکە لەگەڵ (بریمەر) باس ئەکات. دوای سێ ڕۆژ واتا (30-8) یەکێک لە ڕاویژکارەکانی (بریمەر) سەردانی بارەگای نەتەوەیەکگرتوەکان ئەکات لە بەغداد لەگەڵ جێهێشتنی بارەگاکە تەقینەوەیەکی گەورە ئەکرێت و لە ئەنجامدا (سێرجۆ دی مارۆ) و (21) کەس ئەکوژرێن و (UN) لە عێڕاق ئەکشێنەوە. پاش ماوەیەک (ئەلقاعیدە) بەرپرسیاری خۆی لەم کردەوەیە ڕادەگەیەنێت.

خوێنەری ئازیز لێرە زۆر ڕوونە کۆبونەوەکەی (مارۆ و بریمەر) بە دڵی (بریمەر) نەبووەو ئەوەی لە نێوان (مارۆ و سیستانی) لە سەری ڕێکەوتوون پێچەوانەی ئەوەیە (بریمەر) ئەیەوێت. بۆیە ئەمەریکیەکان پیلانی کوشتنی (مارۆ) دائەڕێژن، سەیر بکەن نوێنەر ئەنێرن بۆ بارەگای نەتەوەیەکگرتووەکان تا (مارۆ) لە بیناکە بێننە دەرێ و لەگەڵ جێهێشتنی ڕاوێژکارەکەی (بریمەر) لە بارەگای نەتەوە یەکگرتوەکان تەقینەوەکە ئەبێت!
لێرەشدا ئێوە دەتوانن ئەوە بە ڕوونی بزانن کە (ئەلقاعیدە) دروستکراوی ئەمەریکایە، چونکە ئەرکی بەرپرسیارێتی رادەگەیەنن. ئەمەیە ئەڵین سیاسەت یاریەکی مەترسیدارە.
پاشان (بریمەر) ئەیەوێت (ئەیاد عەلاوی) بکات بە وەزیری دیفاع، کاتێک (عەلاوی) داوای دیارکردنی دەسەڵاتەکانی ئەکات، کە هیچی کەمتر نابێت لە دەسەلاتی (سەرۆک وەزیرێک) بۆیە (بریمەر) بڕیار ئەدات بیکات بە سەرۆک وەزیر.
دواجار (سیستانی) ڕازی ئەبێت چاوی بە (بریمەر) بکەوێت و ڕێک دەکەون، کە هەڵبژاردن بکرێت ئەوسا دەستور بنوسرێتەوە، بەڵام لە (14-11-2003) (بریمەر) پەشیمان ئەبێتەوە و بڕیار ئەدات ئەنجومەنێک دروست بکات (کۆکەس پلان) تا دەستور بنووسنەوە .
سیستانی نەخۆش ئەکەوێت و ڕوو ئەکاتە وولاتی بەریتانیا . (موقەدا سەدر) بڕیاری شەڕ ئەدات، هێزە سەربازیە تازە دروستکراوەکانی عێراق لە ژێر فەرمانی (عەلاوی) و بە هاوکاری ئەمەریکا بەرەو ڕوویان ئەبنەوە لە مزگەوتی پیرۆزی شیعەکان (مزگەوتی ئاڵتونی) تەوقیان ئەکەن، فرۆکەکانی ئەمەریکا ئەو ناوچانە بۆردومان ئەکات و هەواڵی کوشتنی (موقدەتا) ڕادەگەیەنن بۆ ڕۆژی دوایی (موقتەدا) دەرئەکەوێت دەستی بریندارە و قسە بۆ چەکدارەکانی ئەکات و سوپاسی چەکدارە سونەکان ئەکات، کە هەمووشتێکیان بەلاوە ناوە و بۆ دیفاعی خاکەکەیان هاتوون بۆ نەجەف. (عەلاوی و ئەمەریکیەکان) دەیانەوێت مزگەوتەکە تەخت بکەن و کۆتایی بە چەکدارەکان و (موقتەدا) بێنن و بیانکوژن، (مۆفەق روباعی) ئەڵیت ئەتوانین ئەوە بکەین، بەڵام شەڕەکە هێندەی تر گەورە ئەکەین باشتر نییە، ئەگەر ڕێگایەکی ئاشتیانە هەبێت کۆتایی بەمە بێنین؟ عەلاوی رازی ئەبێت و (ڕوباعی) ئەچیتە نەجەف بۆ گفتووگۆ، بەلام (موقتەدا) ئامادە نییە  کۆبێتەوە، (ڕوباعی) لەگەڵ نوێنەرەکەی (موقتەدا) کۆدەبێتەوە و ڕێک ئەکەون لە سەر ئەوەی چەکدارەکان چەکەکانیان دابنێن، بەڵام بە مەرجێک هێزە عێڕاقی و ئەمەریکیەکان لە نەجەف بکشینەوە، نوێنەرەکەی موقتەدا ڕێکەوتنەکە ئەبات بۆ لای (موقدا) و ئیمزای ئەکات . (روباعی) پێش ئەوەی بگەڕیتەوە بەغداد و (عەلاوی) ببینێت، تاقمەکەی (موقتەدا) خاڵێکی تر بۆ ڕێکەوتنەکە زیاد ئەکەن و ئەڵین ئەبێت (عەلاوی) دەست لە کار بکشێنێتەوە. (عەلاوی)، کە هێشتا نازانێت لە سەر چی ڕێکەوتوون سەیری تیڤی ئەکات و لە (ئەلعەرەبیە) گوێبیستی ئەو خالانە ئەبێت لە دەمی تاقمەکەی (موقتەدا)وە زۆر تورە ئەبێت، پەیوەندی بە (ڕوباعیەوە) ئەکات ئەڵێتت چیت کردووە هەر ئێستا بگەڕێرەوە بەغداد و ئیشێک بۆ خۆت بدۆزەرەوە. عەلاوی و ئەمریکیەکان) بڕیار ئەدەن کۆتایی بە (موقتەدا) بێنن شەڕ دەست پێداکاتەوە. پاش ماوەیەکی کەم (سیستانی) ئەگەڕێتەوە (بەسرە) و داوا ئەکات ڕێگای بۆ بکەنەوە بچێتەوە بۆ (نەجەف) ئەو کۆتایی بەو کێشە ناوخۆییە بێنێت، عەلاوی نوێنەری خۆی ئەنێرێت بۆ بەسرە تا سیستانی ببینێت، سیاستانی داوای ئاسان کاری ئەکات و داوا ئەکات (24) کاتژمێری پێبدرێت و تا ئەو کێشەیە چارەسەر ئەکات، نوێنەرەکەی (عەلاوی) ئەیەوێت پەیوەندی بە (عەلاوی) بکات تا بزانێت بەو داوایە رازیە، بەلام هەرچەند ئەکات ناتوانێت پەیوەندیەکە وەربگرێت ، کابرای نوێنەر زۆر ئەترسێت چونکە ئەگەر مزگەوتەکە تەخت بکرێت ئەوا بە دڵنیاییەوە (سیستانی) سەری پان ئەکاتەوە ، دواجار پەیوەندیەکە وەر ئەگرێت و (عەلاوی) رازی ئەبێت (سیستانی) بگەڕیتەوە نەجەف بە بەرچاوی ئەمەریکیەکانەوە (سیاستانی) ئەگاتەوە نەجەف و کۆتایی بە شەڕەکە دێنن و (موقتەدا) رازی ئەبێت حیزبێکی سیاسی دروست بکات و بەشداری پرۆسەی سیاسیی بکات.

تێبینی:
(جێری بریمەر = پۆڵ بریمەر)

بەشی یەکەم:
http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=b4d0ae7e


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر


(دەنگدراوە: 0)